ئەگەر ئەو هێلکانەی لە بارزانی گیران رومانە بوان

کەمال چۆمانی

بەیانییەکی نیسانی ساڵی ١٨٨١ دامەزرێنەری خەڵاتەکانی نۆبێڵ ئەلفرێد نۆبێڵ، هەواڵی مردنی خۆی لەڕێی یادەوەرییەکەوە بە ناوونیشانی <<بازرگانی مردن مرد،>> لە رۆژنامەیەکی فەڕەنسی خوێندەوە. ئەلفرێد نۆبێڵ تا خوێندنەوەی ئەو یادەوەرییە نەیدەزانی دونیا چۆن دەیبینێت. ئایا ئەو سەدان داهێنانی ئەو وایان کردوە دوای مردنی وەک زانایەک هەمیشە مەرحەمەتی بۆ بنێردرێت یان وەک رۆژنامە فەڕەنسییەکە بەر نەفرەتی خستبو، هەر رۆژ بەر نەفرەت دەخرێت. ئەو روداوە بۆ هەمیشە ژیانی ئەلفرێدی گۆڕی.

روداوێک بەسە ژیانی کەسێک بۆ ئەبەد بگۆڕێت، بێگومان کەسێکی خاوەن ویژدان و ژیریی.

روداوی هێلکەبارانکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چاتهام هاوس لە لەندەن، یەکێکە لەو روداوانەی لە مێژوی یادەوەریی خەڵکی کوردستان و بەڕیتانیاشدا دەمێنێتەوە. ئایا ئەو روداوە وا دەکات مەسرور بارزانی کەمێک بەخۆیدابچێتەوە بەڵکو کەمێک ژیانی بگۆڕێ؟ ئایا مەسرور بارزانی بیری لەوە کردۆتەوە ئەگەر ئەو هێلکانە رومانە یان بەرد بونایە چی رودەدا؟

هەوڵدەدەم ئەو روداوە لە هەندێک رەهەندی جیاوازەوە تەماشابکەم.

ئەلفرێد نۆبێڵ چۆن مردنی خۆی بینی؟

هەمو ساڵێک لە ١٠ی دیسێمبەر خەڵاتەکانی نۆبێڵ دەبەخشرێنە چەند داهێنەرێکی دونیا و ئەو کەسەی گەورەترین کاریگەری هەبوە لەسەر دونیا لە بواری ئاشتی و پێکەوەژیان و کاری ئینسانییدا. ئەو خەڵاتانە گەورەترین خەڵاتێکن لە چەند بوارێکی جیاوازدا چەند کەسانێک لە بەرانبەر داهێنان و خزمەتیان بۆ ئینسانییەت وەریدەگرن. بەڵام لەوانەیە ئەو خەڵاتانە نەبونایە ئەگەر ئەو رۆژنامە فەڕەنسییە ئەو یادەوەرییەی نەنوسیبوایە.

ئەلفرێد نۆبێل داهێنەری دینامیتە، یەکێک لە کاولکارترین تەکنەلۆژییەکانی رۆژگاری خۆی. ئەو جارێک گوتی: <<شەڕ باشترین جۆری تاوانەکانە.>> بەر لەوەی بمرێ، یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی دونیا و خاوەنی سەد کۆمپانیا بو. رۆژنامە فەڕەنسییەکە لەبارەی نۆبێڵەوە نوسیبوی: <<دەوڵەمەند بو لەڕێی دۆزینەوەی رێگاکانی کوشتنی خەڵک خێراتر لە هەرکاتێک.>>

کاتێل نۆبێڵ ئەو بابەتەی لە بارەی خۆیەوە خوێندەوە، تێگەییشت داهێنانەکانی دەکرێ زۆر خراپ بەکاربهێنرێن و ئەو بێموبالاتییەی ئەویش لە بەرانبەر ژیانی ئەوانیتر زۆر خراپ کاریگەریی تێکرد؛ هەرچەندە پێشتریش کەوتبوە ژێر کاریگەریی سکرتێرەکەی بێرتا کینسکی فۆن شوتنەر.

لەو رۆژگارەوە بەهێمنی بڕیاریدا ژیانی بگۆڕێ چونکە زۆر کاریگەر بو بەوەی ئەگەر لە راستییدا بمرێ دەبێ چۆن ببینرێ. ئەو خۆشبەخت بو بەرلەوەی بمرێ بینی دونیا چۆن دەیبینێ، هەربۆیە بڕیاریدا ژیانی خۆی بگۆڕێ.

نۆبێڵ بەر لە مردنی وەسیەتنامەیەکی نوسی کە کەمتر بو لە ١٠٠٠ وشە و ئێستا لە مۆزەخانەی خەڵاتەکانی نۆبێڵ لە ستۆکهۆڵم پارێزراوە. لەو وەسیەتنامەیەدا سەدا نەوەدی سامانی خۆی بەخشی -لەو کاتدا سامانەکەی بە بە ٢٦٥ ملیۆن دۆلاری ئەمڕۆ دەخەمڵێنرێ-. لەپاڵ خەڵاتەکان بۆ پزیشکی، کیمیا، فیزیا، بیرکاری، و ئەدەبیات، خەڵاتێکی تایبەتیش تەرخانکرد بۆ کاری هەرە ناوازەی ئەو کەسەی باشترین کاری کردوە بۆ برایەتی لەنێوان گەلان و لەناوبردنی و کەمکردنەوەی شەڕ و سوپا و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی. ئەمە لە کاتێکدا ئەو رۆژگارێک دەیگوت <<دینامیتی من پێش پارلەمانەکانی ئێوە شەڕەکان رادەگرێ>> بەو پێیەی ئەگەر دو وڵات بزانن بە شەڕ یەکتر وێران دەکەن شەڕ ناکەن و ئاشتی دەکەن.

ئەو روداوە بۆچی باسدەکەم؟

زۆر کەس دەبینی و دەیان کتێب نوسراون لەبارەی پەشیمانیی. زۆر کەس بەشانازییەکی گەمژانەوە دەڵێن لە هیچ شتێک پەشیمان نین کە کردویانە. لە راستیدا، پەشیمانی بەشێکی دانەبڕاوی ئینسانە. هیچ کەسێک نییە لە ژیانیدا پەشیمانیی نەنوێنێت و لە شتێک یان لە دەیان شت پەشیمان نەبێ. هەمومان زو زو دەڵێین <<خۆزگە ئەوە وا بوایە، ئەگەر ئەوەم نەکردبوایە، ئەگەر ئەوەم بکردبوایە، ئەگەر ئەو روداوە وا رۆییشتبوایە.>>

پەندێکی پێشینان دەڵێ: <<پەشیمانی دادت نادات.>> بەڵام لە راستیدا ئەمە وانییە. پەشیمانی دادی زۆر شت دەدات. پەشیمانی تەنها دادی ئەوانە نادات کە ناتوانن کۆنترۆڵی دیوە شەڕانی و ئارەزوە لەبن نەهاتوەکانی ئینسان بکەن. پەشیمانی دەکرێ خاڵی وەرچەرخانی ژیانی هەرکەسێک بێ.

لە سایکۆلۆژیادا، تێرمێک هەیە بە ناوی counter factual scenarios/thinking/، واتا دژە سیناریۆ راستەکان. هەرچەندە خۆزگە بخوازیت هەرگیز ناتوانیت هیچ شتێک لەوە بگۆڕی کە لە رابردوماندا رویداوە، بەڵام بەدڵنیایی دەتوانین ئەوە بکەینە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕینی ئەو ژیانەی کە لەپێشمانە.

دانیێڵ پینک لە کتێبەکەیدا <<هێزی پەشیمانی>> باسی ئەمریکییەک دەکات بە ناوی بروس کە لە سێرڤی جیهانیی پەشمانیی یادەوەرییەکی نوسیوە. بروس لە پاریسەوە بەرەو سوید دەڕوا و سواری قیتار دەبێت. لەناو قیتار بە ژنێک ئاشنادەبێت بە ناوی ساندرا. لەو چەند سەعاتەی بەیەکەوە دەبن، خۆشترین ساتەکانی ژیانی بە پێکەنین و خۆشییەوە لەگەڵ ساندرا بەسەردەبات. ئەو پێیوایە ئەوە خۆشەویستی ژیانیەتی. کاتێک قیتاڕەکە بە بەلجیکادا رەتدەبێت، لە یەکێک لە وێستگەکانی قیتاردا ساندرا دادەبەزێ. ئەوە ئەو ساتەیە بروس دەبێ بڕیاربدات داببەزێ و خۆشەویستی ژیانی بونیادبنێ یان بڕوا. بروس دەڕوات. دوای چل ساڵ دەنوسێ: <<هەرگیز نەمبینیەوە، هەمیشەش خۆزگەم خواستوە لەو وێستگەیەدا منیش دابەزیبوام.>>

سایکۆلۆجیستەکان دەڵێن کە خۆزگەکان دەکرێ بەرهەمهێن بن و ببنە خاڵی وەرچەرخان و لێ فێربون. ژیانی ئینسانەکان بەرەو باشی بگۆڕن. پەشیمانی هەرگیز خراپ نییە. تەنانەت دینیش گرنگییەکی زۆری بە پەشیمانیی داوە و گوناح و تاوان سەرەڕای ئەو هەمو دژایەتیکردنەی، بەڵام دەشکرێ تەنها پلیکانەی گەییشتن بە خوا بن.

ئەگەر هێلکەکان رومانە بونایە؟

روداوی هێلکەبارانکردنی مەسرور بارزانی یەکێکە لەو روداوە راچڵەکێنەرانەی کە زۆربەمان پێشبینیمان کردوە، بە مەسرور بارزانیی و بارزانییەکانی تریشەوە. هەر ئەو پێشبینیکردنەشە هیچ بارزانییەک لە پۆستی باڵادا تا ئێستا جورئەتی نەکردوە لە چایخانەیەکی هەولێر چایەکی رەشی تاڵ یان شیرین لەگەڵ هاووڵاتییان بخواتەوە. هیچ لە سێ بارزانییەکە جورئەت ناکەن لە سەری رەشەوە بەرەو هەولێر بڕۆن بەبێ ئەوەی ئەوبەر و ئەمبەری رێگای هامڵتۆن لەڕێی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاساییشەوە تۆق نەکەن.

بەهاری عەڕەبی بۆی رونکردینەوە کاتێک گەل دەنگهەڵدەبڕێ یان کاتێک گەنجان توانای ناڕەزایەتی دەربڕینیان دەبێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە هۆکاری نەهامەتییەکانی ژیانیانن.

مەسرور بارزانی خۆی نابینێ، یان نایەوێت خۆی ببینێ، بەڵام دڵنیام لەناو سەیارەکەی بەو هەمو ئیگۆ و خۆپێزۆرییەوە هەرگیز چاوەڕێی نەدەکرد لەبەردەم چاتهام هاوس هێلکەباران بکرێ. ئەو ئەگەر رێیبدابوایە ئەو گەنجانە بە ئازادی لە هەولێر و دهۆک ناڕەزایەتییەکانیان دەرببڕن و نەخرێنە کونجی زیندانەوە و نەکوژرێن، بەدڵنیایی ئەو هێلکانە گوڵ دەبون. ئەو هێلکەبارانکردنە ئەنجامی ئەو هەمو ساڵە لە وێرانکاری و دڵڕەقی و ستەمکاری و گەندەڵی بارزانییە. ئەو هێلکەبارانکردنە ئەنجامی ئەو نایەکسانی و ناعەدالەتییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەیە کە مەسرور بارزانی لە ئێستادا سەرۆکایەتیی دەکات.

ئایا مەسرور بارزانی بیری لەوە کردۆتەوە کە ئەگەر ئەو هێلکانە رومانە بوان ئێستا خێزان و منداڵەکانی بێ هاوژین و بێ باوک دەبون و باوکیشی جەرگی دەسوتا وەک چۆن سیستەمەکەی مەسرور بارزانی دەیان و سەدان کەسی بێ هاوژین و بێ باوک و جەرگسوتاو کردوە؟

مەسرور بارزانی دەتوانێت بەردەوامیی بەو سیستەمە ستەمکارییەی بدات تا ئەو رۆژەی گەنجانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک گەنجانی لیبیا هێلکەکان دەکەنە رومانە، دەشتوانێ پەشیمانییەکی راستەقینە لەو کردەوانەی رابردوی دەرببڕێ و ئەو روداوی هێلکەبارانکردنە ببێتە خاڵی وەرچەرخان. من رەشبینم کە مەسرور بارزانی ئەو هێلکەبارانە بکاتە خاڵی وەرچەرخان، بەڵام ئەو دەتوانێت بۆ یەکجاریش بێ رەخنەی رەخنەگرانی لەبارەی خۆیەوە بەدرۆبخاتەوە و بیسەلمێنێت کە رەشبینییەکەی رەخنەگرانی لەجێی خۆی نییە.

بەشکردن: