ئەختەپووسی میدیایی ئەردۆغان و خەونی عوسمانیگەریی نوێ

عارف سەلیمی

ئەم ڕۆژانە چیتر سیاستە دەسەڵاتخوازانەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە بە “عوسمانیگەریی نوێ” ناسراوە، لە کەس شاراوە نییە. دەستتێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا لە وڵاتانی عەرەبی، لە لیبیا، عێراق، سووریا و تەنانەت قەتەر و یەمەن، ستراتیژیی نیشتمانی شین لە دەریای ناوەڕاست، سەرمایەگوزاریی درێژخایەن لەسەر ڕەوتە نەتەوەگەراکانی تورکی ئازەری لە ئێران و هەروەها هەڕەشەی بەردەوامی لەسەر وڵاتانی ئەرمەنستان و یۆنان هەمووی دەرخەری نییەتی ئەردۆغان بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانین.

بەڵام مەسەلەکە تەنیا بەم ساڵانەی دوایی و هەروەها دەستتێوەردانی سەربازی و سیاسی لە کاروباری وڵاتانی دیکە نەبەستراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەردۆغان زۆر لەمێژە و بگرە لە هەمان سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، زۆربەی ئیمکانیات و چالاکییە کولتووری، دیپلۆماتیک و میدیایییەکانی حکوومەتەکەی خستووەتە خزمەتە ئەو ئامانجەیەوە. ئەمەش لە هەوڵدان بۆ دزەکردن لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکاوە تا درووستکردنی تۆڕەکانی سیخووڕی لە ئەورووپا، لە بەرهەمهێنانی زنجیرەدرامای تەلەفزیۆنییەوە کە پڕۆپاگەندەی عوسمانیگەری دەکەن تا دزەکردن لە ڕاگەیاندنە جیهانی و ناوچەیییەکان لەخۆدەگرێت.

مایکل ڕۆبن توێژەر لە ئەنستیتۆی “ئەمریکەن ئینترپڕایز” و یەکێ لە بەرپرسانی پێشووی پەنتاگۆن بەمدواییە لە دوو وتاری جیاوازدا ( ئێرە و ئێرە) لە ماڵپەڕی “واشینگتۆن ئێگزەماینەر” باسی لەوە کردووە کە تورکیا بە شێوەیەکی هاوتەریب هەوڵ دەدات دزە بکاتە ناو کەمپەینەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا. ڕۆبن نووسیویەتی کە دەستوپێوەندییەکانی ئەردۆغان لە هەردوو کەمپەینی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ئەمساڵ و ساڵی ٢٠١٦ بە ملیۆنان دۆلاری لە هەردوو کەمپەینی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەرف کردووە، تا لە ئەگەری سەرکەوتنی هەرکام لە دوو بەربژێرە سەرەکییەکە بتوانێ پێگە و نفووزی خۆی لە کۆشکی سپیی گەرەنتی بکات. ڕۆبن بە ڕاشکاوی هۆشداریی داوە کە ئەگەرچی پەیوەندییەکی شەخسیی باشی لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ هەیە، بەڵام هاوکات سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەگەری بردنەوەی جۆ بایدنیش کردووە.

تورکیا تۆڕێکی گەورەی سیخوڕی لەژێر پەردەی “ناوەندە ئیسلامییەکان” لە وڵاتانی ئەڵمانیا ( یەکێتیی کاروباری دینیی تورک-ئیسلام دیدیت)، نەمسا و هەروەها سوید پێکهێناوە و لەو رێگەیەوە سیخوڕی بەسەر ئەو وڵاتییە تورکییانەی نیشتەجێێ ئەورووپا دەکات کە بەرهەڵستکاری ئەردۆغانن. زۆربەی ئەو وڵاتییانەی لە ئەورووپا ڕەخنەیان لە ئەردۆغان گرتووە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و زیندانی درێژخایەن بوونەتەوە.

هەروەها بە دەیان ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری ئەردۆغان ڕووبەڕووی هێرشی ڕێکخراوی گرووپەکانی فشاری ژێر ڕکێفی حکوومەتی تورکیا بوونەتەوە. هایکۆ باغدات یەکێ لەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە دوای ئەوەی چەند جارێک هێرش کراوەتە سەری و هەڕەشەی لێ کراوە، کەوتۆتە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیاوە.

ماوەیەک لەمەوبەر وڵاتییەکی تورکیایی نەمساوی مکوڕ هاتبوو کە زانیاریی لەسەر بەرهەڵستکارانی ئەردۆغان لە نەمسا کۆکردووەتەوە و بۆ دەزگای سیخوڕیی “میت”ی ناردووە. لە دواترین نموونەشدا، سیخوڕێکی میت بە پۆلیسی نەمسای گوتووە کە میت ئەوی بۆ کوشتنی “بێریڤان ئەسڵان” سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی نەمسا ئەرکدار کردبوو.

حکوومەتی تورکیا هاوکات لە دوو دەیەی ڕابردوو و لە ئاستێکی گەورەدا بە درووستکردنی دەیان زنجیرە درامای تەلەفزیۆنیی دەستی بە پڕۆپاگەندەکردن بۆ عوسمانیگەری کردووە. زنجیرە دراماکانی تورکیا لەم ساڵانەدا لە تەلەفزیۆنە پڕبینەرە عەرەبی، فارسی، کورد و پاکستانییەکان و تەنانەت کەناڵە ئابوونەییە جیهانییەکانی وەک نێت فلیکس نیشان دراون. لە زۆربەی ئەو زنجیرە درامایانەدا ڕێکلام بۆ بەهاکانی ڕژیمی ئەردۆغان و هەروەها “مێژووی تەژی لە شکۆ و شانازیی سەردەمانی سەلجووقییەکان و عوسمانییەکان” کراوە. سەرەتای مانگی سێپتەمبری ڕابردوو “فاتمە بوتۆ” نووسەری پاکستانی لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی “فارێن پۆڵیسی” باسی ئەوەی کردووە کە تورکیا لەڕێگەی ئەو زنجیرە درامایانەوە نفووزی کردووەتە ناو کۆمەڵگەی پاکستانییەوە. ناونیشانی وتارەکە (تورکیا چۆن بە هێزی نەرم پاکستانی فەتح کرد) خۆی لە خۆیدا دەربری ئەو مەسەلەیە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەردۆغان بە باشترین شێوە تۆڕی جیهانیی ئیخوانولموسلمینی خستووەتە خزمەتی ئامانجە فراوانخوازەکانی. ڕۆژنامەنووسان، وێبلاگنووسان و شڕۆڤەکارانی سەر بە ئیخوان لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە، بە کردەوە بوونەتە باسکی میدیایی ئەردۆغان. ئەگەر سەرنجی چالاکیی ئیخوانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت، دەبیندرێت کە بە شێوەیەکی هەماهەنگ و بەردەوام پاساو بۆ سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی ئەردۆغان دەهێننەوە. (بۆ نموونە لەکاتی گۆڕینی مووزەی ئەیاسۆفیا بۆ مزگەوت). ئیخوانەکان هەروەها لە بەرنامە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا پەیتا پەیتا پاکانە بۆ سیاسەتی هەرێمی دەوڵەتی تورکیا دەکەن. شوێنپێی هەندێ لەو ڕۆژنامەنووسە ئیخوانییانە لە کەناڵە جیهانییەکانی وەک بی.بی.سی، سی.ئێن.ئێن، واشینگتۆن پۆست و ئاژانسە هەواڵدێرییە نێودەوڵەتییەکان دیارە.

ئەمە سەبارەت بە دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئیخوانیش ڕاستە. بۆ نموونە “یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان” کە ڕێکخراوێکی سەر بە ئیخوانە، ئەمدواییە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە شەڕی قەرەباغ بەئاشکرا لایەنی ئازەربایجان و تورکیای گرتووە. لە بەیاننامەکەدا ئەرمەنستان وەک داگیرکەر وەسف کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو یەکێتییە لە ڕووداوی هاوشێوەی دیکەدا کە تورکیا بە داگیرکردنی خاکی وڵاتێکی دیکە تۆمەتبارە (بۆ نموونە سووریا یان باکووری قوبرس)، دیسان لایەنی تورکیای گرتووە. یان عەلی قەرەداغی سکرتێری ئەو یەکێتییە، هاوشێوەی ئەردۆغان، ڕەخنەی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل گرتووە. بەڵام سەبارەت بەوەی کە تورکیا یەکەم یان دووەم وڵاتی موسڵمان بووە ئیسرائیلی بە فەرمی ناسیوە یان ئەوەی کە قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی ساڵانە لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل، تەنانەت لە سەردەمی دەستەڵاتداریی ئەردۆغانیشدا، زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە، لام تا کام قسەی نەکردووە.

بابەتەکە هەر بە مانەوە نەبەستراوەتەوە. تۆڕی پڕۆپاگەندای بەرفراوانی دەوڵەتی تورکیا، هاوتەریب لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆ، هەوڵی زۆری داوە دزە بکاتە ناو میدیا جیهانییەکان یان ڕۆژنامەنووسانی بیانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

وەک نموونەیەک دەکرێ ئاماژە بە شێوەی ڕووماڵی شەڕی قەرەباغ لە تەلەفزیۆنە فارسییەکانی دەرەوەی ئێران بکرێت. لە هەندێ لەو تەلەفزیۆنانە وەک “ئیران ئینترنەشناڵ و “یۆرۆنیوز فارسی”، هەم لە بواری ناوەڕۆکەوە و هەم لە بواری کاتی تەرخانکراو بۆ دوو لایەنی شەڕەکە بێلایەنی ڕەچاو نەکراوە. بۆ نموونە هەواڵنێری تەلەفزیۆنی “ئیران ئینترنەشناڵ” لە شاری ئەستەمبووڵ کە زیاتر ڕوانگەی نزیک لە دەوڵەتی تورکیا دەگوازێتەوە، ڕۆژانە لە دوو بۆ سێ بۆڵتەنی هەواڵدا بەشداریی دەکرد. بەڵام هەواڵنێری ئەو تەلەفزیۆنە لە شاری یەریڤان پایتەختی ئەرمەنستان کە ئەویش زیاتر ڕوانگەی دەوڵەتی ئەرمەنستانی دەگواستەوە، دوو بۆ سێ ڕۆژ جارێک لە بوڵتەنەکانی هەواڵدا دەردەکەوت.

حکوومەتی ئەردۆغان هەروەها بە کۆمەڵێ بیانووی وەک “پشتگیریی لە تیرۆریزم”، یان “پڕۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” بە سەدان ڕۆژنامەنووسی ئەو وڵاتەی خستووەتە زیندانەوە. تورکیا لەسەر ئاستی جیهان بەگوێرەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری جیهانییەوە دووەم گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانە. هەروەها چەندین ڕۆژنامەنووسی بیانیش، تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانەیان لەسەر تورکیا بڵاو کردۆتەوە، لەو وڵاتە دەرکردووە.

یورگ براسه” ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتێکی لەبارەی باکووری سووریا بڵاو کردبووەوە، لە تورکیا دیپۆرت کرا. ئەو ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی جارێکی تر ڕێگەی پێدرایەوە لە تورکیا کار بکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕەخنەی توندی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، گرت.

رۆژنامەنووسانی ئێرانیش لەو شەپۆلی تەتمیع و تۆقاندنەی حکوومەتی ئەردۆگان بێبەش نەبوون. ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانیی دانیشتووی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێ تەواوی چالاکییەکانی ئەوان لەلایەن دەزگایەکەوە بەناوی “ناوەندی ئێرانناسیی ئەنکەرە”وە چاودێری دەکرێت. هەرکات لە لێدوان و بابەتەکانیاندا بچووکترین ڕەخنە لە ئەردۆغان بەرچاو بکەوێت، یەکسەر ئەو ناوەندە ئاگاداریان دەکاتەوە و تەنانەت هەڕەشەی دیپۆرتکردنیان لێ دەکات. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێ خۆی تا ئێستا چەند جارێک لەلایەن ئەو ناوەندەوە هۆشداریی پێدراوە.

هەروەها زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەم ساڵانەدا سەردانی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کردووە، ئەگەر سەردانی تورکیایان کردبێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، دەرکراون یان تەنانەت ڕووبەڕووی هەڕەشەی گرتن بوونەتەوە.

ژیار گوڵ پەیامنێری بی.بی.سی فارسی یەکێ لەو کەسانەیە کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبوولەوە دیپۆرتی بەریتانیا کراوە. بەوە تۆمەتبار کرابوو کە لە ڕابردوودا لە قەندیل لەگەڵ بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، وتووێژی کردبوو. هەروەها چەند جارێکیش لە چوارچێوەی کاری ڕۆژنامەگەریدا سەردانی ڕۆژئاڤای کردبوو. ژیار گوڵ ئێستا ئیتر چەند ساڵێکە لەڕێی تورکیاوە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت هەرێمە کوردییەکان لە عێراق و سووریا نەکردووە.

حکوومەتی ئەردۆغان هەروەها هەوڵدەدات ڕێگەی لە کاری ئەو ڕۆژنامەنووسانە بیانییانە لە هەرێمی کوردستان بگرێت کە لەلایەن ئەو حکوومەتەوە وەک کەسانی نەخوازراو پێناسە کراون. دەوڵەتی ئەردۆغان زۆرتر لەڕێگەی هاوپەیمانە هەرێمییەکانییەوە ئەو کارە دەکات.

بەتایبەت بەهۆی ئەو پەیوەندییە نزیکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان(پارتی) بە سەرکردایەتیی مەسعوود بارزانی، هەیەتی، میدیاکانی زۆنی زەردی تا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵ کردووە.

زۆربەی کوردەکان کەناڵەکانی “ڕووداو” و “کوردستان ٢٤” کە سەر بە نێچیروان بارزانی و مەسروور بارزانین، وەک دوو کەناڵی لایەنگری ئەردۆغان پێناسە دەکەن. کەناڵی ڕووداو تاکە کەناڵی کوردی بوو کە لەکاتی داگیکردنی کانتۆنی عەفریندا، ڕێگەی پێدرابوو هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ئەو کانتۆنە لە دیوی تورکیاوە ڕووماڵ بکات.

ژمارەیەک لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە “ڕووداو” جیابوونەتەوە، باسی باڵادەستیی لایەنگرانی ئەردۆغان لەو کەناڵەیان کردووە. کەناڵی ڕووداو هەتا ئەمدواییەش زۆربەی وتارەکانی ئەردۆغان لە ناوخۆی تورکیای بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگواستەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە چالاکیی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگری ئەردۆغان سنووردار بکات.

دوای کودەتاکە شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ی تورکیا، ژمارەیەک لە کارمەندانی میدیاکانی سەر بە پارتی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرا لە ڕەوتی فەتحولڵا گولەن نزیک بن، دەرکران و هەندێکیان تەنانەت ناچاربوون هەرێم بەجێبهێڵن.

ڕێبوار کەریم وەلی، یەکێ لە بەڕێوەبەرانی کەناڵی “ڕووداو” یەکێ لەو کەسانەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ناچار بووە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت. ئەو تا ئیستا چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرچووە.

ساڵی ڕابردووش، سۆران قوربانی پەیامنێری کەناڵی تەلەفزیۆنیی “ئیران ئینترنەشناڵ” کاتێ بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەردانی هەولێری کردبوو، لەلایەن دەزگای پاراستنەوە قۆڵبەست کرابوو. دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، هەڕەشەی ئەشکەنجە، بەتاڵکردنەوەی زانیارییەکانی ناو تەلەفۆنەکەی و تەنانەت پشکنینی ژوورەکەی لە هوتێلەکەی، ئازاد کرابوو. سۆران قوربانی چەند هەفتە دواتر گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستانی لێ قەدەغە کرا. ئەو دەڵێ پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی ئەو قەدەغەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا چەند جارێک وەک ڕۆژنامەنووس سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.

خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە چەند مانگ دوای ئەو ڕووداوە، ژمارەیەک کارمەندی ڕۆژهەڵاتیی میدیاکانی پارتی، لە کەناڵی ئیران ئینترنەشناڵدا دامەزران. ئەو ڕۆژنامەنووسانە بەهۆی نزیکیی لە پارتی، ڕاپۆرتی ڕەخنەیی لەسەر حکوومەتی هەرێم یا حکومەتی تورکیا بڵاو ناکەنەوە و تەنانەت ئەگەر ناچار بن سەربارەت بە هەندێ مژاری هەستیار لە ڕوانگەی پارتی یان تورکیاوە کار بکەن، “ئیحتیاتی” خۆیان وەردەگرن. لەم بابەتەدا پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەمەیە کە گەلۆ دەستی تورکیاش لەو هەوڵەی پارتیدا بۆ نفووزکردن لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە فارسییەکان هەیە یان نا؟

بەشکردن: