پۆڵەسی بریف: ڕەوشی ئابووریی ژنان لە هەرێمی کوردستان

پەیڕەو ئەنوەر

بۆ خوێندنەوەی پۆڵەسی بریفەکە بە شێوازی PDF کرتە لێرە بکە.

پوختەی جێبەجێکاری

ژنان ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ١٠ ساڵی ڕابردووی سیستمی ئابووریی هەرێمی کوردستانن، کرۆکی ئەم سیستمە ئابوورییەش کە لەڕووی تیۆرییەوە لەسەر بنەمای نیولیبڕالیزم و بازاڕی ئازاد و کەرتی نیمچە تایبەت بنیاتنراوە، کە تاڕادەیەک دەبێتە بنەمای گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتوری و ژنان دێنەدەرەوە بۆ کار و دەبن بە هێزی کار و لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا و لەڕووی ژمارەوە زیاددەبن. بەڵام ئەم زیادبوونە مەرج نییە مانای بەرەوپێشچوونی دۆخ و ئابووریی ژنان بێت. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕێژەی ژنان وەک هێزی کار ١٤٪یە و تاڕادەیەک لە کەرتی کشتوکاڵ گونجاوە، بەڵام لە کەرتەکانی تری وەک پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەئاستی پێویستدا نییە و ناهاوسەنگە و ناکارایە بە بەراورد بەڕێژەی پیاوان، بەتایبەتیش لە کەرتی تایبەتدا و لەدوای پڕۆسەی بەتایبەتکردن و بەنیولیبڕاڵکردنەوە و ئەمەش سیما و ئاماژەیەکی دیاری نایەکسانی سیاسەتی ئابووری، سیستم و هێزی کارە بەهۆی نەبوونی یاسایەکی کاری سەردەمی و نەبوونی دەستەبەری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چەند بەربەستێکی کۆمەڵایەتی و کولتوری و دەزگایی و پرسی نایەکسانی و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

ئەم پوختەی سیاسەتی کارە کۆمەڵێک پێشنیار ڕاسپاردە وەک هەوڵێک بۆ زیاکردنی بەشداریی ئابووریی ژنان لەهەرێمی کوردستاندا دەخاتەڕوو بۆ جێگرتنی لەنێو ئەو مۆدێلە نیولیبڕالییەی کە لەماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان باڵادەستە و کار دەکات. لەسەرووی هەموویانەوە:

-لاوازیی یاساکان ڕێگرن لەبەردەم ڕەخساندنی دەرفەتی کار بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا و ئەمەش جارێکی تر بنیادی پەیکەری پیاوسالاری لەنێو مۆدێلی نیولیبڕالیزمی ئابووری دنیای ئێمە تۆخ کردۆتەوە و جیاوازییە جێندەرییەکانی پێ بەرهەم دەهێنرێتەوە. بۆیە دەرچوونی یاسایەکی تایبەت بەکار و کارکردن بەڕەچاوکردنی هاوسەنگی لە دەرفەتی کار و ڕەخساندنی کار بۆ ڕەگەزی مێینە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ سڕینەوەی کاریگەریی سیستمی پیاوسالاری لەنێو کایەی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا.

-بەهۆی بیرنەکردنەوە لە پێگەی ژن و ڕۆڵە ئابووریی-کۆمەڵایەتییەکەی لەنێو بودجەدا، پێویستە لەکاتی داڕشتنی بودجە، بەشێکی تایبەت بەنێوی بودجەی وەڵامدانەوەی جێندەری Gender Responsive Budget دابنرێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان بۆ گەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان، دەرفەتی کار و بازاڕ و سەرمایە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

-نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشكرا گرفتێکی گەورەی بەردەم بەشداریی ئابووریی ژنانە و ئامادەکردنی سیاسەتێکی دادپەروەرانە لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و دروستکردنی ناوەندێکی تایبەت بە ڕاهێنان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ژنان لەلایەن حکومەتەوە و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەلایەن میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ بەرزکردنەوەی هێزی کاری ژنان ئاڕاستەی ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار و لایەنی پەیوەندیداری وەک پەرلەمان و حکومەت و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێگەچارەیەکی باش دەبێت بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەریی ئابووری بۆ ژنان.

-لەهەرێمی کوردستاندا مۆدێلی نیولیبڕاڵیزم و کەرتی تایبەت هیچ شوێن، پێناسە و پێگەیەکی بۆ ژنان دانەناوە وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی-ئابووری و ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە کار و کارسازی. بەمەش ڕەخساندنی زیاتری هەلی کار بۆ ژنان بەتایبەت لە کەرتەکانی وەک پیشەسازی، خزمەتگوزاری و بازرگانی و کەرتەکانی تر هەنگاوێکی گرنگە بۆ شوێنکردنەوەی ژنان و دداننان بە ناسنامەی ئابووری و توانای کارکردنیان چونکە بەشداریییەکەیان تاوەکوو ئێستا زۆر سنوردارە و زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵدا چڕبۆتەوە و بەکرێیەکی ڕۆژانەی کەمیش بەبێ هیچ جۆرە دڵنیایی و ئاسایش و داهاتوویەکیش.

-سەرەڕای کەمیی دەرفەتی کار، ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانی سێکسی دەبنەوە لە بازاڕ و مۆدێلی ئابووریی نیولیبڕاڵیزم لە هەرێمی کوردستاندا لەهەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا، پڕۆسەکە بەرەو بەپیشەسازیکردنی سێکس و کڕینی سێکس لەبەرامبەر پێدانی کاردا دەردەکەوێت و دەبینرێت. ئەمەش جۆرێکی ترە لە نادادپەروەری لەبەردەم ژنان و بەکاڵاکردنی جەستە و کەسایەتی ژنان لەژێرناوی کارەوە؛ بەتایبەتیش دژ بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامە SDGs کە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی هەژاری و برسێتی و دادپەروەری و یەکسانی جۆری کۆمەڵایەتی داڕێژراوە و کاردەکات.

ناساندن

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی سیستمی سیاسی کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتخوازی بنیاتنرابوو بۆ دەسەڵاتێکی نیمچە دیموکراسی، سیستمی ئابووریش گۆڕانی بەسەردا هات و لە ئابوورییەکی دەوڵەتی و ناوەندی و تاک ڕەهەندەوە بەرەو ئابوورییەکی کراوەی نیولیبڕاڵی بەرخۆر هەنگاوی نا و پایەکانی داڕێژرایەوە. ئابووریی نیولیبڕاڵ واتە دەستوەردانی کەمتری دەوڵەت-حکومەت و فراوانبوونی بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت و ڕۆڵگێڕانی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەم سیستم و بازاڕەدا. جگە لەو وەرچەرخانە سیاسی و ئابوورییەی کە لەدوای ٢٠٠٣ ەوە لە عێراق ڕووی دا، هاوکات گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش هاتە کایەوە ئەویش هاتنەدەرەوەی ژنان بوو بەشێوەیەکی ێێژەیی وەک هێزی کار بۆ نێو مەیدانی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە کەرتی ئابووریدا ڕووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەکی ڕاستەوخۆی مامناوەند و درێژمەودا بۆتەوە، بەتایبەتیش لە ئاستی دامەزراوە ئابوورییە سەرەکییەکانیدا، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبوو لەسەر ڕەوشی ئابووریی ژنان لە هەرێمەکەدا.[1] بەتایبەت دوای هاتنی داعش و پەتای کۆڕۆنا و نەناردنی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی بەغدا و قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی دارایی.

دیارە ئەوەی کە ئاماژەی پێکرا هۆکارە یارمەتیدەرەکانن و زیاتر پەینی کیمیایی کێڵگەکەن؛ واتە هۆکارە ڕیشەییەکان نین و دەکرێت هۆکارە ڕیشەییەکان لە نەبوونی دید، ستراتیژ و سیاسەتێکی ڕوونی حکومەتی هەرێم کورت بکەینەوە لەدوای ١٩٩٢ بۆ پرسی بەشداریی ئابووریی ژنان لە بازاڕ و پێناسەکردنیان وەک هێزی کار و ڕەخساندنی دەرفەت بۆیان. دید و پەیامی دەسەڵات بۆ بەگەڕخستنی هێزی ژنان و گواستنەوەی تواناکانیان بۆ بازاڕی کار یەکجار گرنگە و بایەخی خۆی هەیە، بەڵام لەوە گرنگتر لایەنی کرداریی سیاسەت و ستراتیژەکانی تایبەت بەم پرسەیە بۆ دانان و داڕشتنی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ کۆتایی هێنان بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و جیاکاریکردن بەرامبەر ژن کە سیستمی پیاوسالاری و مۆدێلی نیولیبڕاڵیزم بەیەکەوە بەرهەمی دەهێننەوە و جارێکی تر دەیسەپێنن لەناو کۆمەڵگەدا و ژنان لەبری چەق دەکاتەوە بە پەراوێز و لە دامێنی سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەدا جێگیری دەکات. یاسا، سیاسەت، ستراتیژ، دەزگا و دیدی سیاسیی هەموو ئەکتەرەکان لە پارتی سیاسییەوە بۆ پەرلەمان و حکومەت دەبوو لەماوەی ڕابردوودا کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنابایە نەک بەردەوامی و درێژەپێدان. بەدیاریکراویش بەپێی دوا سەرژمێری لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی ڕەگەزی نێر و مێ زۆر لەیەکتر نزیکە، بەڵام ژنان وەک هێزی کار ڕێژەیان کەم و سنوردارە، ناکارا و بێ ڕۆڵن.

رەوشی ئابووریی ژنان لە کەرتە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان

پرسی ئابووریی سەربەخۆ و خوێندەواری دوو پایەی سەرەکیی پڕۆسەی تواناسازی ژنانە Women Empowerment و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهاتە، ناسنامە و گەشەپێدانی ژنان هەیە لە کۆمەڵگەدا. سەربەخۆیی و بەشداریی ئابووریی ژنان سەرچاوەیەکی گرنگی هێز و گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت سەربەخۆیی تری وەک سیاسی و هزریش بەدوایخۆیدا بهێنێت.

نایەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا، کۆسپ و ئالنگارییەکی گەورەی ئابوورییە ئەگەر توانا و ماتەوزەی ژنان کە لە تەمەنی کارکردندان بەگەڕنەخرێت، هاوکات ئەو پڕۆسەی تواناسازی و بەهێزکردنی یەکسانییەی ژنان کاریگەری دیار و گەورەی دەبێت لە ڕاکێشانی ژنان لە ماڵەوە بۆ نێو بازاڕی کار و بەپێچەوانەوەش لەدەستدانی وزەی ئابووریی ژنان دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فرانبوونی بازنەی ناوهەسەنگییەکە بەتایبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری ژنان.[2] ئەگەرچی لەم چەند ساڵەی دوایدا ئاڕاستەیەک لە جیهاندا هەیە بۆ باشکردنی ڕەوشی ئابووریی ژنان لە کۆمەڵگە و بازاڕدا، بەڵام پەتای کۆڕۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە دروستکرد و بووەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێو خێزان و کەمبوونەوەی کاتژمێری کارکردن لەنێوان ژنان و ناچاربوونیان بە چاودێریکردنی منداڵەکانیان بەهۆی داخستنی باخچە و ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت لە سیستمی ئابووری نیولیبڕاڵدا. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە هۆکارەکانی بەردەم نایەکسانی و نادادپەروەری ئابووریی ژنان و پیاوان چین؟ چی وایکردووە ئەم جۆرە نەیەکسانییە بەمشێوەیە فروان و بەردەوام بێت!

لەلایەکی ترەوە، بەبێ کەمکردنەوەی هەژاری، باشترکردنی بارودۆخی ئابووریی ژنان ئەستەمە و ناتوانرێت پێگە و ستاتۆی ژنان بەهێز و پتەوبکرێت، بەپێی ڕاپۆرتێک و بۆ کۆی بوارەکان (خوێندن، ئابووریی، سیاسەت … هتد) بەم خێراییەی ئەمڕۆ، نزیکەی ١٣٠ ساڵ لە دوایڵی ٢٠٣٠ەوە پێویستە بۆ ئەوەی ژن هەمان دەرفەت و ئاستی ژیانی ئەمڕۆی پیاوی هەبێت[3]. بێگومان ئەم دۆخ و وێنەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە و ئەمەش جارێکی تر ئەوەمان بیردەهێنێتەوە کە ژنان لە هەرێمی کوردستاندا، هاوشێوەی زۆر شوێنی تری دنیا، دەستی بە خوێندن و ئابووری و سیاسەت ناگات وەک ڕێگە و کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە داهات و دەرفەتی کار و دادپەروەری و گۆڕینی ستاتۆی کۆمەڵایەتییان لەڕێگەی پەروەردەوەیەکی کواڵیتی بەرزەوە. هێشتا ژنان ڕێگەیەکی درێژی گەشەپێدانیان لەبەردەمە بۆ گەیشتن بە ئاستی پیاوان لە بازاڕی کار و ئابووری، بەشێکی زۆری ئەم دواکەوتنەی ژنان پەیوەستە بە مۆدێلی ئابووریی نیولیبڕاڵ و سیستمی باوکسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. چونکە پرسی پەراوێزخستنی ژنان بەتەنها کێشەی نوێنەرایەتی و کۆتای سیاسی نییە! لەبنەڕەتدا کێشەیەکی کۆمەڵگەیی، جڤاکی و دەزگاییە و پەیوەستە بە بنەماکانی حکومڕانی باش و گەیشتن بە بازاڕی کار و ئابووری سەربەخۆ کە دوو دەرگای گەورەن بۆ هەڵوەشاندنەوە و هەڵتەکاندنی سیستمی باوکسالاری و دانانی ژنان وەک چەق لە پرسە کۆمەڵگەییەکان و پەیکەری حکومڕانیدا.

هاوکات ژنانی عێراقی نزیکەی شەش کاتژمێر زیاتر لە پیاوان لە ماڵدا کار دەکەن. لە بازاڕیشدا ڕێژەی بەشداری ژنان لە هێزی کار نزیک لە ١٤٪ دەبێت. واتە بەشی زۆری ژنێک لە تەمەنی کارکردندا بێت، لە ماڵەوەیە. دوا ئامارەکانی چەند ساڵی ڕابردوو ئاماژە بە هەمان ڕێژە لە هەرێمدا دەکەن، ئەگەرچی ڕەنگە کەمێک بەرزتربووبێتەوە.[4] دیارە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لەو نایەکسانییە ئابوورییەی بەردەکەوێت و ئەمجۆرە سیستمە ئابوورییە کاریگەری لەسەر ڕەوشی ژن و ناسنامە و پێگەیدا هەبووە، بەتایبەت لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی خزمەتگوزاریدا. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشداریی ئابووریی ژنان وەک هێزی کار ١٤٪ لە هەرێمی کوردستاندا.[5] ئەگەرچی گۆڕانکارییەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەهەندێک حاڵەت باش و دەرفەت بووە بۆ ژنان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کرانەوەی بازاڕەکە و هاتنەدەرەوەی زیاتری ژنان بۆ بازاڕی کار و پانتایی گشتی، بەڵام هەڕەشە و خراپ بەکارهێنان و بەربەست و نایەکسانی و پەراوێزخستنی ژنانیش هەبووە لەبەردەم پڕۆسەکەدا.

هاوکات پرسیار و گریمانەی سەرەکی ئێمە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەوشی ئابووریی ژنان و بەشداریی ئابوورییان لەدوای ٢٠١٠ و پڕۆسەی بەتایبەتکردنەوە لە هەرێمی کوردستان چەندە بەرەوپێش چووە و هەڕەشە و دەرفەتەکانی بەردەمیان چین؟ چۆن لەو گۆڕانکارییە دینامیکییانەی نێوان ژن وەک کاراکتەرێکی و کۆمەڵایەتی و هێزی کار و ئەم سیستمە تازەیە ئابوورییە تێبگەین و مانا و ڕەهەند و کارلێک و پەیوەندییەکانی نێوانیان دیاریبکەین!

بەشێک لە کێشەی سیستمی ئابووری لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان نافەرمیبوونە کە ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی لەنێو ئیکۆسیستم و ژینگەی کار و بازاڕدا هەیە. بەپێی داتاکان لە ٧٪ خەڵک کارێکی نافەرمیان هەیە! واتە بەشێک نین لە سیستمی ئابووری و باج و بەفەرمی تۆمارنەکراون. سەرەڕای ئەوەش، کەرتی گشتی زۆرترین خواستی لەسەرە بەهۆی پشتبەستنی وڵات بە ئابووریی نەوت و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمەش وایکردووە کەرتی تایبەت وەک خۆی و بەباشی گەشە نەکات و دەرەنجامیش ژنان بەشێوەیەکی ڕێژەیی تیایدا زیانمەند دەبن. جگە لەمانەش، یاسا و ڕێسا نیشتیمانییەکان بەربەستی ئاڵۆز و گەورە بۆ بەفەرمیکردنی کار و بزنس و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان و گرێبەستەکانی دامەزراندن دروست دەکەن، هیچ دەستەبەری و پاراستنێکی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کار بۆ کرێکار دەستەبەر ناکەن.[6]

بۆ پاڵپشتیکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەم دید و ئارگیۆمێنتانەی خرانەڕوو، داتاکانی تایبەت بە بەشداریی ئابووریی ژنان وەردەگرین بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕەوشی ئابووریی ژنان لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ١٠ ساڵدا. بەپێی داتاکان و دۆزینەوە سەرەکییەکان لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢١ ڕەوشی ئابووریی ژنان لە ئاستێکی خراپ و ناهاوسەنگ و نایەکساندا بووە، بەتایبەت لە هەردوو ڕوانگەی هێزی کاری ژنان و ڕێژەی بێکاریی ژنان. بۆ ئەم مەبەستە چەند داتایەک دەخەینەڕوو ە گوزارشت لە دۆخ و بەشداریی ئابووریی ژنان دەکەن و داتا و گرافیکەکانیش فەرمین و لە ماڵپەڕی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان وەرگیراون.[7]

گرافی ژمارە (١) رێژەی بەشداریکردن لە هێزی کار و ڕێژەی بێکاری هەردوو ڕەگەز دەردەخات

گرافی ژمارە (١) گوزارشتە لە ڕێژەی بەشداریکردنی هێزی کار و ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢١ لەسەر بنەمای ڕووپێوی هێزی کاری ساڵی ٢٠٢١ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان.

داتاکان بەشداریکردنی ڕەگەزی نێر بە بەراورد لەگەڵ ڕەگەزی مێ لە هێزی ئابووری کوردستان پیشان دەدەن و ڕێژەی بێکاری ژنان بەردەوام لەرێژەی بێکاری پیاوان بەرزترە و ڕێژەی هێزی کاری ژنان ١٤٪. کەلێنی نێوان ڕێژەی بێکاری ژنان و پیاوان ەدرێژایی ئەو ماوەیە نزیکەی لە ٢٠٪ بووە. ئەمەش ئاماژە و دەرخەری بەشداری لاواز و ناکارای ژنانە لە سیستمی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا.

بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم ناهاوسەنگییەش بەنیولیبڕاڵکردنی سیستمی ئابووری، لاوازی کەرتی تایبەت، گەشەنەکردن و بەدەزگایینەکردن و بەیاسایینەکردنە چونکە نیولیبڕاڵیزم لەسەر قازانج کار دەکات بەبێ بایەخدان بە بەهاکانی وەک یەکسانی، گەشەپێدان و دادی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی بەشداریی ئابوورییانەی ژنان و لەگەڵ عەقڵیەتی باوکسالاری کە زیاتر پیاو دەخاتە نێو کەرتی گشتی و سیستمی ئابوورییەوە یەکدەگرن و ئەمەش هێندەی تر بازنەی نایەکسانی و نادادییەکەی فراوانتر کردووە. جگە لە کەمی دەرفەتی کاری یەکسان بۆ ژنان و نەگەیشتنی ژنان بەهەموو کارێکی وەک کەرتی خانووبەر و نەوت و بازرگانییەوە بەهۆی باڵادەستی ناسنامە و پێگەی پیاوەوە، سەرەڕای بەربەستی کولتوری و کۆمەڵایەتی و هەندێکجاریش خراپ بەکارهێنانیانی ژنان بەناوی کار و بازاڕەوە.

گرافی ژمارە (٢) گوزارشتە لە هێزی کار لەنێوان هەردوو ڕەگەز بەپێی گرووپی تەمەن

وەک لە وێنەکەدا دیارە، ڕێژەی بەشداریکردن لە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان شێوەی پیتی U ی هەڵگەڕاوەی هەیە. هێڵی چەماوەی نێرینە لەسەرووی هێلی چەماوەی مێینەیە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەشداریکردنی زیاتری پیاوانە لە هێزی کار بە بەراورد بە ژنان لەهەموو گرووپەکانی تەمەندا. لەلایەکی ترەوە، ڕێژەی بەشداری ژنان لە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان دوو لوتکەی هەیە، یەکێکیان لە گرووپی تەمەنی ٣٥-٣٩ ساڵە و ئەویتریان لە گرووپی تەمەنی ٤٥-٤٩ ساڵە و ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کەمبوونەوەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کار لەنێوان ئەم دوو گرووپەی تەمەندا ڕەنگە پەیوەست بێت بە خواستی ژنان بۆ بەجێهێشتنی بازاڕی کار دوای منداڵبوون و گەڕانەوە بۆ بازاڕی کار کاتێک منداڵەکە دەگاتە تەمەنی قوتابخانە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە یاساکان لەکەرتی تایبەت ناتوانن ماف و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ژنان بپارێزن. بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیش کەمتر دەرفەتی کار بە ژن دەدەن بەپاساوی دابڕانیان لەکارەوە بەهۆی هاوسەرگیری، منداڵبوون و دایکیاتییەوە چونکە لەبنەڕەتدا سیستمەکە تەنها لەسەر قازانج، جیاکاری و کەڵەکەکردنی سەرمایە کاردەکات نەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی دەروونیی ژنەکە، بەتایبەت لە پڕۆسەی بە تایبەتکردن و پیادەکردنی نیولیبڕاڵیزم لە هەرێمی کوردستاندا. جگە لەچەند هۆکارێکی تری خودی وەک ئاستی خوێندن و بوونی منداڵی بچووک و تەمەنی هاوسەرگیری و دابونەریتی کۆمەڵایەتی.

گرافی ژمارە (٣)  بەشداری هەردوو ڕەگەز لە هێزی کار بەپێی بڕوانامە بۆ ساڵی ٢٠٢١

لەم گرافەدا تێبینی دەکرێت زۆرترین بەشداری هێزی کار بۆ پیاوان و ژنان لەنێو دەرچوانی پەیمانگە و زانکۆکانە. لەلایەکی ترەوە، تێبینی ئەوەش دەکرێت کە جیاوازی نێوان ڕێژەی بەشداریکردن لە هێزی کار بۆ ژنان و پیاوان لەنێو دەرچوانی پەیمانگە و زانکۆ زۆر زیاترە لە ئاساتەکانی تری بڕوانامەی خوێندن و ئەمەش پێمان دەڵێت ژنانی بێ بڕوانامە و خاوەن بڕوانامەی نزم دەرفەتی کار و ئابوورییان یەکجار کەم و سنوردارە.

گرافی ژمارە (٤) بەشداری هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەردەخات لە هەرسێ کەرتی خزمەتگوزاری، پیشەسازی و کشتوکاڵ

تێبینی: مەبەست لە ناوەڕۆکی ئەم سێ کەرتە سەرەکییە بەمشێوەیە:

-کەرتی کشتوکاڵ: کشتوکاڵ، دارستان، بەخێوکردن و ڕاوکردنی ماسی و ئاژەڵداری.

-کەرتی پیشەسازی: کانزاکردن و دەرهێنانی بەرد، بەرهەمهێنان، دابینکردنی کارەبا، گاز، هەڵم و هەواگۆڕکێ، دابینکردنی ئاو، ئاوەڕۆ و بەڕێوەبردنی پاشماوە و بیناسازی.

-کەرتی خزمەتگوزاری: بازرگانی تاک و کۆ، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێڵ و ماتۆڕسکیڵ، گواستنەوە و کۆگاکردن، چالاکییەکانی مانەوە و خزمەتگوزارییەکانی خۆراک، زانیاری و گەیاندن، چالاکییە دارایی و بیمەییەکان، چالاکییەکانی خانووبەرە و زەوی و زار، چالاکی پیشەگەری و زانستی و تەکنیکییەکان، چالاکییە کارگێڕی و خزمەتگوزارییە پشتیوانییەکان، کارگێڕیی گشتی و بەرگری، پەروەردە و تەندروستی مرۆڤ و کاری کۆمەڵایەتی و چالاکی کاتبەسەربردن و خۆشگوزەرانی.

گرافی ژمارە (٤) بەشداریی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە چالاکییە ئابوورییەکانی هەرسێ کەرتی خزمەتگوزاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی دەردەخات و بەپێی داتاکان هێزی کاری ژنان زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ چڕبۆتەوە ١٢.٦٪ لەکاتێکدا بەشداری پیاوان ٧.١٪ لەبەرامبەردا هێزی کاری پیاوان لە کەرتی پیشەسازیدا چڕبۆتەوە کە دەگاتە ١٩.٠٪ و ژنان دەگاتە ١٥.٨٪ لە کەرتی خزمەتگوزاریشدا تاڕادەیەک بەشدارییەکە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا یەکسان بووە. بەشێوەیەکی گشتی بەشداریی ژنان لەهێزی کار بەراورد لە پیاوان کەمترە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕەوشی ئابووریی ژنان لە هەرێمی کوردستان لەئاستی پێویستدا نییە و لەبارودۆخێکی لاوازدایە. ئەو دەرفەت و دادپەروەری و زەمینەیەی بۆ پیاو ڕەخساوە هێشتا بۆ ژنان نەڕەخسێنراوە بەتایبەت لە کەرتی تایبەت.

ئەگەرچی بەشداریی ژنان لە کەرتی کشتوکاڵ بەرزە، بەڵام لە کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لاوازە و ئەمەش ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە پڕۆسەی بەنیولیبڕاڵکردن لەهەردوو کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان لە بەرژەوەندی ژناندا نەبووە و لەڕووی ئابوورییەوە پەراوێزی خستوون و دەرفەتی بەشداریی پێ نەداون.

گرافی ژمارە (٥) جیاوازیی بەشداری هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ وەک کرێکاری سەربەخۆ و خاوەنکار و کارمەند

ژنان لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە کارە ناسەربەخۆکاندا وەک کارمەند کاریان کردووە کە دەکاتە ٧٤.٩٪ و دواتریش کرێکاری خێزانی بەشداربوو [واتە کارکەرە یارمەتیدەرەکانی نێو خێزان، واتە وەک ئەندامێکی خێزان کاریکردووە بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی] کە دەکاتە ١٠.١٪  لەبەرامبەردا پیاوان لە کرێکاری سەربەخۆ و وەک خاوەنکار بەشدارییان زیاترە بەجۆرێک وەک کرێکاری سەربەخۆ ٢٣.٣٪ و خاوەنکاریش ٥.٥٪ و ئەمەش جارێکی تر لاوازی بەشداری ژنان لە بازاڕی کار و بەدیاریکراویش وەک خاوەن کار و کرێکاری سەربەخۆ دەردەخات.

گرافی ژمارە (٦)  بەشداریی هەردوو ڕەگەز لە کەرتی گشتی و تایبەت و کەرتەکانی تر لە ساڵی ٢٠٢١

بەپێی گرافەکە ژنان بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ لەکەرتی گشتیدان و ڕێژەیان بەرزترە کە دەکاتە ٦٤.٨٪ و  پیاوان دەگاتە ٣٣.٥٪، بەڵام لە کەرتی تایبەت ڕێژەکەیان کەمترە و ٣٣.٥٪ و لەبەرامبەردا پیاوان دەگاتە ٦٥.٦٪ ئەمەش دووبارە نادادپەروەری و نایەکسانی لە کەرتی تایبەت دەردەخات و نزمی بەشداری ژنانیش لە کەرتی تایبەت ئاماژەیە بۆ کاریگەری نەرێنی بەتایبەتکردنی سیستمی ئابووری و ئابووری نیولیبڕاڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر ژنان بەتایبەت کاتێک لەو جۆرە سیستمە قەبارەی حکومەت و ڕۆڵ و پێگەی بچووکدەکرێتەوە و لەبەرامبەردا بازاڕ گەورە و فراوان دەکرێت، بەڵام بەبێ بەشدارییەکی کارای ژنان لەم کەرتەدا.

گرافی ژمارە (٧)  رێژەی بێکاریی لەنێوان هەردوو ڕەگەز بەپێی گرووپی تەمەن و ئاستی خوێندەواری بۆ ساڵی ٢٠٢١

بەپێی ڕێژەکە ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا ١٦.٥٪ کە لەبنەڕەتیشدا هەمان ڕێژەی بێکارییە لە عێڕاق، ڕێژەی بێکاری پیاوان لە هەرێمی کوردستان ١٣.٦٪ و لەبەرامبەردا ڕێژەی بێکاری ژنان ٢٩.٦٪ و ەپێی گرووپی تەمەن و بڕوانامەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری ژن لە ڕێژەی بێکاری پیاو بە نزیکەیی لەسەرجەم گرووپەکانی تەمەن و ئاستەکانی خوێندن بەرزتربووە. مەبەست لە ئاستی خوێندن لە نەخوێندەوارەوە دەستپێدەکات تاوەکوو دەرچووی زانکۆ، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی ناوەندین بەرزترین ڕێژەی بێکارییان هەیە بەتایبەت لەنێو ژناندا. ئەمەش ئاماژەیەکی تری خراپی ڕەوشی ئابووریی ژنانە لە هەرێمی کوردستان بەدیاریکراویش لە کەرتی تایبەتدا بەهۆی نزمی ئاستی بڕوانامە وەک هۆکارێکی خودی و نەبوونی دەرفەتی کاری یەکسان و ڕێسا و یاسای هاوچەرخ لە کەرتی تایبەت و گشتی وەک هۆکارێکی بابەتی و دەزگایی.

دەرەنجام

بەپێی ئاماژە و داتاکان ڕەوشی ئابووریی ژنان لەدۆخێکی خراپ و لاوازدایە و ژنان وەک هێزێکی کارای کار لە بازاڕی کار، لەڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە ناکارا و پەراوێزخراون و لەبری لە چەقی پڕۆسەکەدابن، خراونەتە ڕۆخ و دامێنەوە، ئەمەش پەیوەندیی بە کۆمەڵێک فاکتەری جیاوازەوە هەیە. ڕاستە لەدوای ٢٠٠٣ ەوە سیستمی سیاسی و ئابووری لە عێڕاق گۆڕانی بەسەردادێت و لە هەرێمی کوردستانیش بازاڕی ئازاد بە ڕواڵەت و شێوە دێتەکایەوە و جۆرێک لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش دروست دەبێت و ژنان لە ماڵ وەک پانتاییەکی تایبەت دێنەدەرەوە بۆ بازاڕی کار وەک پانتاییەکی گشتی، بەڵام لەناوەڕۆکدا زیاتر بەشدارییەکی ڕووکەشییە و لەئاستی پێویست و هاوسەنگ و هاوشان نییە بە بەراورد بەهێزی کاری پیاوان.

لەدوای هاتنی داعش و خراپبوونی دۆخی ئابووری و دارایی خەڵک ئەم هاتنەدەرەوەی ژنان زیاتر دەبێت بەهۆی هەردوو فاکتەری پاڵپێوەنەر و ڕاکێشەرەوە. بۆ نموونە فاکتەری پاڵپێوەنەر؛ خراپبوونی دۆخی ئابووریی خێزان و کەمبوونەوەی داهاتە. فاکتەری ڕاکێشەریش بریتییە لە کەرتی تایبەت و بەدیاریکراویش زۆربوونی ژمارەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگە و نەخۆشخانەی تایبەت و تاقیگە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمپانیاکان و شوێنەکانی تر، بەڵام ئەم بەشدارییە لەڕووی چەندێتی سنوردارە و لەڕووی وەبەرهێنانیشەوە بەتەنها لە کەرتە خزمەتگوزارییەکانە و لەکەرتی وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازیدانییە. لەلایەکی ترەوە، نەبوونی یاسای تایبەت، ناوەندی کار دۆزینەوەی تایبەت بە ژنان، ماف و جیاوکەکانی وەک مۆڵەتی سکپڕی، منداڵبوون، دایکایەتی و شیرپێدان و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هیچ مافێک وایکردووە بەشداریی ئابووریی ژنان لە کەرتی تایبەت لاواز بێت و لە کەرتی گشتیش لەڕووی ژمارە و چەندێتییەوە بەرزە، بەڵام لەڕووی چۆنێتی و ناوەندی بڕیار و بەرهەم و کارایی، کاریگەری کەمە و لەدامێنی بازاڕی کار و بەشدارییە ئابوورییەکەدان.

ڕاسپاردەکان

چەند ڕاسپاردەیەک بۆ داڕێژەرانی سیاسەت سەبارەت بە پرسی ئابووریی ژنان لە هەرێمی کوردستان:

  • لەسەر ئاستی سیاسەتی کار و یاساکان، داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بە کار و بەشداریی ژنان لە بازاڕی کار لەخولی ئەمجارەی پەرلەماندا، بەجۆرێک هاندان و پاراستنی سەرجەم مافەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت. بەدیاریکراویش ئەو مافانەی کە لەکەرتی گشتی دانراون وەک خانەنشینی و مۆڵەتی منداڵبوون و دایکایەتی و پاراستنیان لە توندوتیژی سێکسی لەکار و مەیدانی کاردا. دەکرێت لەهەموو کەرتە ئابوورییەکان و پڕۆژەکان بەڕێژەی لای کەم ٣٠٪ بۆ ژنان دابنرێت وەک میکانیزمێک بۆ نیمچە هاوسەنگکردنێکی ڕێژەی ژنان بە پیاوان لە بازاڕی کار و گەیشتن بە دادپەروەری جێندەری. هەرچەندە ٣٠٪ ڕێژەیەکی باش نییە، بەڵام دەکرێ وەک سەرەتا وەک چۆن لە پارلەمان ژنان سەدا سییان هەیە وەک کۆتا، بە هەمان شێوەش لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییشدا ئەو ڕێژەیە بچەسپێ لە ماوەی ٤ ساڵی داهاتودا، بە هەمان شێوەش ئەوە ڕەنگدانەوەی هەبێ لەناو کابینەی نوێی حکومەتیشدا.
  • پێویستە لەکاتی داڕشتنی بودجە، بەشێکی تایبەت بەنێوی بودجەی وەڵامدانەوەی جێندەری دابنرێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان بۆ گەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان، دەرفەتی کار و بازاڕی کار و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دەزانین حکومەتی هەرێم نزیکەی دە ساڵ زیاترە هیچ کاتێک بودجەی لە پارلەمان تێنەپەڕاندوە، ئەمەش وا دەکات سیاسەتداڕشتن شێوەیەکی هەرەمەکی وەربگرێ نەک لەسەر بنەما زانستیی و ئابوورییەکان بۆ وەڵامدانەوەی پرس و خەمە جڤاکییەکان.
  • حکومەت لەڕێگەی ئامادەکردنی سیاسەتێکی تایبەتەوە دەرفەتی زیاتری هەلی کار بۆ ژنان لە کەرتی تایبەت بڕەخسێنێت، بەتایبەت لە کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری و وەبەرهێناندا بەئامانجی بەرزکردنەوەی بەشداریی ئابووریی ژنان لە بازاڕی کار و کەمکردنەوەی بێکاری و هەژاری و جیاوازی و نادادپەروەرییەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، بەشێوەیەک ژنان لەکاتی بوونی جیاکاریی جێندەری لەسەر کار و بەهۆی کارەکەیانەوە و وەرنەگیرانی لەکار، میکانیزمی تایبەت بە سکاڵاکردن و ڕێوشوێنی یاسایی و دادوەری بگیرێتەبەر. لەلایەکی ترەوە، دوورکەوتنەوە لە ئابووریی نیولیبڕاڵ بەو مۆدێلەی کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و هەمەڕەنگکردنی هێزی کار و پێگەیاندن و بەشداری ژنان وەک مەرجێکی پێشوەختەی هەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی ئابووری.
  • بنیاتنانی ناوەند یان پەیمانگەی پیشەیی تایبەت بە ئامادەکردنی ژنان بۆ بازاڕی کار لەلایەن حکومەتەوە بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ەڕێگەی خولی بنیاتنانی تواناکان و هۆشیارکردنەوەی ژنان، بەشداربن لە ئامادەکردنی ژنان بۆ بازاڕی کار وەک هەنگاوی دەستپێک و سەرەتایی تاوەکوو ئەو ژنانەی کە خوێندەوارییان سنوردارە، تواناداربکرێن و کارامەییان بۆ بنیاتبنرێت، بەتایبەت لە پیشەکانی وەک کاری دەستی و ئارایشت و پڕۆژەی بچووک و کارسازی.
  • ناوەندەکانی میدیا هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەدان بە پرسی ژن و ئابووری و تیشکخستنەسەر کڕۆک و قوڵایی نادادپەروەری و نایەکسانییەکان و بازاڕسازی بۆ کار و بەرهەمی ئەو ژنانەی کە لەبازاڕی کاردان.
  • لەسەر ئاستی پارتە سیاسییەکان، پارتە سیاسییەکان لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و داڕشتنی بەرنامە و کارنامەی کابینەی نوێ، پرسی ژن و ئابووری بکەن بە بەشێکی سەرەکی و زیندوو لە حکومڕانی و بەڕێوەبردن و بیبەستنەوە بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام SDGs بەتایبەت کۆڵەکەی یەکەم و دووەم و پێنجەم (نەهێشتنی هەژاری، کەمکردنەوەی برسیەتی و یەکسانی جۆری کۆمەڵایەتی) کە تیشک دەخاتەسەر کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری و یەکسانی جۆری کۆمەڵایەتی. هاوکات پارتە سیاسییەکان لەکاتی کۆنگرە و سیاسەتی حزبایەتییان ئابووریی ژن بە پرسێکی ڕژد و بنەڕەتی و ستراتیژی دابنێن و بەشێوەیەکی کرداری کاری لەسەربکەن.
  • دروستکردنی سندوقێکی تایبەت بە پێدانی قەرزی بچووک و بەگەڕخستنی توانای ژنان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ژنان لەلایەن حکومەتەوە بەجۆرێک سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت، بەمەبەستی نزیککردنەوەی هێزی کاری ژنان و خاوەن کاران و کەرتی تایبەت بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی ئابووریی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا.
  • بەهێزکردنی یاسا و سیاسەت و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان و بەکارهێنانی سێکسی، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژنان لە توندوتیژی سێکسی و گێچەڵپێکردنیان لەسەر کار و بەکارهێنانیان بەناوی کار و دۆزینەوەی هەلی کارەوە. ئەم یاسا و سیاسەتانەش بەشێوەیەک بن لەگەڵ پێودانگ و بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگونجێن.

سەرچاوەکان

[1] The Kurdistan region of Iraq – Reforming the economy for shared prosperity and protecting the vulnerable (Vol. 2 of 2), World Bank, May 30, 2016.

[2] نەتەوە یەکگرتوەکان: یەکسانی کار لە نێو ژن و پیاودا ئابووری جیھان بەھێز دەکات، کوردسات نیوز، ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢

[3] Global Gender Gap Report 2024, Kusum Kali Pal, Kim Piaget, Saadia Zahidi, and Silja Baller, World Economic Forum, 2024.

[4] رەخنەی فێمینیزمی کورد لە گۆشەی ئابوورییەوە، د. نیاز نەجمەدین، ڕێکخراوی ئازادبوون، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥.

[5] The Kurdistan region of Iraq – Reforming the economy for shared prosperity and protecting the vulnerable (Vol. 2 of 2), World Bank, May 30, 2016.

[6] The Kurdistan region of Iraq – Reforming the economy for shared prosperity and protecting the vulnerable (Vol. 2 of 2), World Bank, May 30, 2016.

[7] Labour Force Survy, Kurdistan Region Statistics Office, 2021.

بەشکردن: