بۆچی قەیرانی سەرکردایەتیمان هەیە؟

محەمەد ئەلوائیلی*

دیمەنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەی عێراقدا بە دەست قەیرانی سەرکردایەتییەوە دەناڵێنێت. ئەمەش شتێکی نوێ نییە. عێراق وڵاتێکە بە مێژووە پڕگێژاوەکەی و وەرچەرخانە بەکێشمەکێشمەکەی ناسراوە، کە لە ڕێگەی تەنگوچەڵەمەکانی سەرکردایەتیی وڵاتەکەوە بەرجەستە بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت پاش ڕووخانی دیکتاتۆرییەت لە ساڵی ٢٠٠٣ و توانای خەڵکی بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەکانیان، قەیرانی سەرکردایەتی بەردەوامە. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە عێراقییەکان بەها بۆ پڕۆسەی دیموکراسی دادەنێن، بەڵام متمانەیان بە سەرکردەکان و دامەزراوەکانیان نییە.

ڕیشەکانی قەیرانی سەرکردایەتیمان ئاڵۆزن. سەرباری ئەوەش، خاڵێکی باشی دەستپێک بریتییە لە تێڕوانینی خەڵکی گشتی دەربارەی سەرکردایەتی. ئەوە تێگەیشتنی خەڵکییە بۆ سروشتی سەرکردایەتی و ئەوەی چی لەو کەسانەی سەرکردایەتی کۆمەڵگەکەمان دەکەن چاوەڕێ دەکرێت و قبووڵ دەکرێت کە جۆری ئەو سەرکردایەتییە ڕەنگڕێژ دەکات کە لە داهاتوودا دەردەکەوێت.

عێراقییەکان چۆن لە سەرکردایەتی دەڕوانن؟

خاڵێکی دەستپێکی سوودبەخش تا کەمێک بەرچاومان ڕوون بکاتەوە سەبارەت بە مژاری ئاڵۆزی سەرکردایەتی و ئەوەی کە عێراقییەکان چۆن لێی دەڕوانن بریتییە لەو پۆلێنزانییەی کە پسپۆڕ و توێژەر کیس گرینت پێشنیاری دەکات. کیس بە شێوەیەکی بەرفراوان پێنج ڕێگەی تێگەیشتن لە سەرکرایەتی پۆلێنبەند دەکات، کە لێرەدا بەکار دێت تا کەمێک تیشک بخەینە سەر ئەوەی چۆن عێراقییەکان لە سەرکرایەتی و پیادەکرنەکانی دەڕوانن.

سەرکردایەتی وەک کەس: ئەوانەی سەرکردایەتی لە ڕێگەی کەسەکەوە پێناسە دەکەن تیشک دەخەنە سەر شوناسی کۆمەڵایتی و تایبەتمەندێتیی کەسی، کە باوەڕیان وایە گەورەترین کارکردە بۆ سەر سەرکردایەتیی کەسێک. تەنها ئەوانەی کە خاوەنی خەسڵەت یان ڕایەڵی دیاریکراون دەتوانن ببنە سەرکردە. لە عێراقدا، ئەمە دەچێتەوە سەر ئەوەی کە کەسەکە سەر بە چ خێزان، خێڵ، یان پارتێکی سیاسییە کە ڕێگەی دەدەت پێگەیەکی ڕابەرایەتی بگرێتە دەست. لە کاتێکدا سەرکردایەتی لە عێراقدا هێندەی سەردەمی حوکمڕانیی سەدام بەناوەندیکراو نییە، ئەوە تەنها بۆ نوخبەیەکی دیاریکراو ماوەتەوە کە بەردەوام کردەکانی سەرکردایەتی دووپات دەکەنەوە.

سەرکردایەتی وەک بەرهەم: کاتێک لەو دەرئەنجامانەوە کە سەرکردەکان بەدەستیان دەهێنن لە سەرکردایەتی دەڕوانین، خاڵی سەرنج لەسەر دەرئەنجامەکانی ماوەی سەرکردایەتیی کەسەکە دەبێت. ئەمە بەدیاریکراوی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت کاتێک ئەو کەسەی خۆی بۆ پێگەیەک بەربژێر دەکات باسی دەستکەوتەکانی پێشتر دەکات تا ئاماژەی ئەوە بۆ دەنگدەرەکانی بنێرێت کە ئەو توانای بەرهەمهێنانەوەی ئەنجامی هاوشێوەی لە داهاتوودا هەیە. لە عێراقدا، تەناتە ئەگەر سەرکردەیەک ڕابردوویەکی نابووتیشی هەبێت، خەڵکی بەلای ئەوەدا دەچن کە ئاماژە بە دەستکەوتێکی دیارکراو بدەن کە ئەو سەرکردەیە بەدەستی هێناوە. بۆ نموونە، سەربارەی ئەوەی سەدام حسێن سەرکردەیەکی ناحەز بوو، هێشتا کەسانێک ستایشی دەکەن بۆ ئەو سیستمی ڕێگاوبانەی لە سەردەمی ئەودا بونیاد نراوە، تەنانەت ئەگەر ئەمە بچووکترین دەستکەوتیش بێت کە سەرۆکی دەوڵەتێک دەبێت بۆ خەڵکەکەی دابینی بکات.

سەرکردایەتی وەک پڕۆسەیەک: زۆرێک لە گۆشەنیگای پڕۆسەوە لە سەرکردایەتی دەڕوانن و باوەڕیان وایە کە ئەوەی وا دەکات کەسانێک بکەنە شایشتەی سەرکردایەتی ئەوەیە کە لە ماوەی سەرکردایەتییەکەیاندا چۆن کاریان کردووە و چ ڕێبازێکیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان هەڵبژاردووە. لە عێراقدا، ئەمە دەچێتە سەر شێوەی ئەو چیرۆکەی دەربارەی سەرکردەیەکی دیاریکراو دەگێڕدێتەوە، بۆ نموونە ئەوەی کە چۆن قەیرانێکیان نەهێشتووە، یان لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا چۆن هەڵسوکەوتیان کردووە. زۆرێک هێشتا ستایشی سووربوون و پێداگیربوونی سەدام حسێن دەکەن و دەیانەوێت لە سیستمەکەی ئێستاشدا دروست ببێتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوە لە ڕێگەی کردە دیموکراسییەکانەوە پیادە دەکرێت یان نا.

سەرکردایەتی وەک پێگە: زۆرێک سەرکردایەتی وەک دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی پێگەیەک دەبینن لە کۆمەڵگە، دەوڵەت، یان جیهانی بازرگانیدا و باوەڕیان وایە کە ئەو دەسەڵاتە فەرمی یان نافەرمییەی کە پلەوپایەکەیان پێیان دەدات دەیانکاتە شایستەی بوون بە سەرکردە. لە ڕاستیدا، ئەو پێگەیەی کە دەسەڵاتێکی فەرمی یان نافەرمی دەداتە کەسێک دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی کەسەکە و دەستخستنی ئامانجی کەسی. لە عێراقدا، ئەمە دەچێتە شێوەی دابینکردنی هەلی کاری حکومی هەر لەو ساتەوە کەسێک پێگەیەکی ڕابەرایەتی دەگرێتە دەست. لە دەرئەنجامیشدا، عێراق بەدەست سێکتەرێکی گشتیی زەبەلاحەوە دەناڵێنێت کە بۆتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان بۆ دەوڵەتی عێراق کە چارەسەرکردنی ئاسان نییە.

سەرکردایەتی وەک ئامانج: خەڵکی بەگشتی شوێن ئەوانە دەکەون کە لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانیاندا دێنەوە. ئەوان دڵسۆزی ئەوانە دەبن کە دەتوانن بیانناسن و لێیان تێ بگەن، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە ئەو بەرپرسان خزمەت بە ئامانجەکانی ئەمان دەکەن. کێشەی بەڵێندان لە عێراقدا ئەوەیە کە دەچنە شێوەی بەڵێنی ناڕاستەوە و سەرکردەکان هەست بە پابەندی ناکەن بۆ بەجێهێنانیان هەر کە وەرزی هەڵبژرادنەکان کۆتایی هات. بۆ نموونە، عێراقیەکان هیوایەکی زۆریان بە سەرۆک وەزیران کازمی هەبوو تا برەو بە مافەکانی مرۆڤ بدات، بەتایبەت چونکە ئەو پاڵپشتیکارێکی مافەکانی مرۆڤ بوو کاتێک لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە زۆرێک لە پاڵپشتیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی کورتی سەرکردایەتیی ئەودا بێدەنگ کراون.

چی  دەبێت بگۆرێت؟

شوێنێکی باش بۆ دەستکردن بە گۆڕانکاری ئەمانەی خوارەوەن:

تێڕوانینێکی جیاوازتر بۆ سەرکردایەتی: ئەندامانی کۆمەڵگە پێویستە پێکەوە پەرە بە تێڕوانینێکی جیاوازتر بۆ سەرکردایەتی بدەن، بەجۆرێک دوو پرس لەبەرچاو بگرێت: یەکەم، دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی تێهەڵکێشتر لە سەرکردایەتی بڕوانین. ئەمەش واتە کە سەرکردایەتی تەنها لە ڕێگەی ئەو پێنج کارکردەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ دار بەدەست نایەت، بۆ نموونە ئەوەی کەسەکە سەر بە خێزانێکی دیاریکراو بێت یان لە پێگەیەکی دیاریکراوی حکومیدا بێت. لەکاتێکدا دەکرێت ئەم کارکردانە کەسێک بخەنە پێگەیەکی سەرکردایەتییەوە، بەڵام ئەوە دیاری ناکەن کە ئایا کەسێک ئەو ڕۆڵە بە شیاوی دەگێڕێت یان نا. پرسی دووەم ئەوەیە کە سەرکردایەتی دەکرێت فێری کەسێک بکرێت و پەرەی پێ بدرێت. لەمەشەوە، سەرکردایەتی دەبێت ببێتە پرس و خولیای هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە و تایبەت نەکرێت بە گرووپێکی دیاریکراو. ئەوەی پێویستە کەسێکە بە مەبەست و کردەی گونجاوەوە تا بتوانێت گۆڕانکارییەک لە ژیانی ئەوانی دیکەدا ئەنجام بدات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەسەکە کێیە و چی دەکات.

سەرنجدانێکی زیاتر بە جێدەست: لەکاتێکدا تاکەکان دەتوانن بە ڕێگەی جیاواز ببنە سەرکردە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا ئەوان گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ ژیانی ئەوانی دیکە دەهێنن. ڕەنگە بەهێزترین تاکە ڕێگا بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکردایتی بریتی بێت لە جێدەستی سەرکردەکان. نابێت سەرنج تەنها لەسەر ئاستی کارکردنی ئێستا بێت، بەڵکو دەبێت تیشکیش بخرێتە سەر دەرئەنجامەکانی کردەکانی سەرکردەیەک لە داهاتوودا. ئەوەی هاوکارمان دەبێت لە داڕشتنی ڕوانگەیەکی باشتری داهاتوو بریتییە لە تەماشاکردنی ئاستی کارکردنی سەرکردەکانی پێشوو و دەرئەنجامەکانی کردەکانیان لە ئێستادا.

جەختکردنەوە لە شوێنکەوتوویی باش: پەیوەندییەکی وابەسیەتی لە نێوان سەرکردایەتیی باش و شوێنکەوتوویی باشدا هەیە. سەرکردایەتیی باش تەنها ئەو کاتە دەتوانێت هەبێت کە شوێنکەوتوویی باش ئامادەیی هەبێت کە پاڵپشتیی سەرکردەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە، هەروەها دەیانخاتە بەردەم لێپرسراوێتییەوە ئەگەر هاتوو شکستیان هێنا یان خراپ ڕەفتاریان کرد. کۆمەڵگەکەمان پێویسی بەوەیە کە باوەڕی بە گۆڕانکاریی ڕوولەهەڵکشان هەبێت کە دەکرێت بێتە دی لە ڕێگەی تیشکخستنەسەر پەرەدان بە سەرکردانی باشی داهاتوو، هەروەها هەڵبژاردنی ئەو سەرکردە بەردەستانەی خراپییان کەمترینە، لەبری پشتگوێخستن یان بەهێزکردنی خراپەکان. بەمەش لە کۆتاییدا وڵاتەکە دەبێتە خاوەنی سەرکردەی باشتر لەوانەی ئەمڕۆ.

*محەمەد ئەلوائیلی نووسەر و شرۆڤەکاری عێراقی لە بوارەکانی پەرەپێدان، چاکسازی و قۆناغی وەرچەرخان دەنووسێت، ئەم بابەتەی تایبەت بۆ کوردستان تایمز نوسیوە.

بەشکردن: