میدیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و گەشەپێدانی پوچی

بێساران ئاڵا
دوای ٢٠٠٣، لەگەڵ ئازادبون\داگیرکردنی عێراق، دەرفەتێک دروست بوو میدیا و ئازادیی قسەکردن و چاپەمەنی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا گەشانەوەیەکی گەورە بە خۆیانەوە ببینن. هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا هەر لە سەرەتای ٢٠٠٠وە میدیای ئەهلی بە دەرچونی هاووڵاتی لە سلێمانی دەستیپێکردبو، بەڵام روخانی رژێمی بەعس دەرفەتی دایە میدیا و میدیاکاران میدیای حیزبی و سنوردارکردنی رەخنە بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەمریکییەکان هاتبون <<دیموکراسی>> بۆ عێراق بێنن. بە بیانوی دیموکراتیزەکردنی عێراق شەرعییەتیان دایە داگیرکردنی عێراق. ئەمە وای دەخواست کە ئازادیی قسەکردن و بڵاوکردنەوە و چامەپەنی گەشەبکا چونکە ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە کۆڵەکانی دیموکراسی. سەڕەڕای ئەوەی میدیای ئازاد گەشەیەکی بەرچاوی کرد و لەگەڵیشیدا میدیای حیزبییش کەمێک کرایەوە، بەڵام هەرزو حیزبە دەستەڵاتدار و دەستەڵاتخوازەکان فۆرمێکی دیکەی میدیایان پێشخست بۆ لەکەدارکردن و لەشەرعییەتخستن و بێبەهاکردنی میدیا، ئەویش میدیای سێبەر بو. میدیای سێبەر لە دو لاوە بوە کۆسپ لەبەردەم پرسی کرانەوەی زیاتری میدیا؛ لە لایەکەوە بەشێکیان بەکارهاتن بۆ ناشیرینکردن و شەڕکردن و بێبەهاکردنی سیاسەت و دیموکراسی و ئازادی، لەلایەکی تریشەوە هەندێکیان بەکارهاتن بۆ کڕینی رۆژنامەنوسان و میدیاکاران کە میدیای ئازاد توانای دارایی ئەوتۆی نەبو ململانێی ئەوە بکا.
بازاڕی ئازاد، تا کاتی نوسینی ئەم دێڕانە تەنها رووکەشییە، نەیتوانی میدیا پێشبخا چونکە بازاڕ خۆی کۆنترۆڵکراوی حیزبە. هەر بۆیە میدیا بو بە ئامرازێک بۆ پەردەپۆشکردن و دەرفەتی بە دروستبوونی ئاژاوەی میدیایی و ململانێی ژێربەژێری سیاسیی قوڵ بەخشیوە. ئێمە لە میدیای بەعسەوە کە میدیایەک بو بە بەرگی دەستەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتار دروا بو، گواستمانەوە بۆ میدیای حیزبیی لەدوای ١٩٩١ کە دیسان میدیایەکی نادیموکرات بو و گرنگی بە ئازادیی و دیدی رەخنەیی نەدەدا. کاتێکیش شەڕی ناوخۆ دروستبو، ئەو روبەرە ئازادییەی لە ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤ دروستبوبو، بەتەواوی کوژرا. لە میدیای حیزبیی نادیموکراتیکەوە گواستمانەوە بۆ میدیای ئازاد لەدوای ٢٠٠٣، بەڵام ئەوەش زو روبەڕوی تەنگژە بویەوە چ لە ڕوی دارایییەوە چ لەڕوی پێشێلکاریی بەرامبەر ژیان و کاری رۆژنامەنوسان، تا رادەی تیرۆرکردنیان. هەروەها، میدیای سێبەر گەشەیکرد، لە زۆر ئاستدا هیچی تر نەبوو جگە لە سەرلێشێوان و یەکتر شکاندن و خۆڵکردنە چاوی رای گشتییەوە. ئەگەر میدیای کۆن (میدیای سەردەمی بەعس) بۆ یەک کەس و حزبێک تەرخان کرا بوو، ئەوا میدیای نوێ بە پلەی یەکەم کەرەستەی گروپە سیاسییە ناکۆکەکانە، میدیایەکە لە هەندێک ئاستدا بۆ مەرامی شەڕی بنەماڵەیی و هەژمونی گروپ بەکاردەهێندرێت. دۆزینەوەی میدیایەکی ڕاستگۆ و خاوەن زانیاریی ڕاست بۆ بینەر لەم هەلومەرجەدا وای لێ هاتووە ماندووکەر بێت، کە رەنگە هەڵە نەبم بڵێم لە پەنجەی دەستێک زیاتر نابن و بە کەمترین سەرچاوەی داهات و کارمەندەوە بە هەزار حاڵ خۆیان دەژێنن. گەشەی لیبڕالیزم بەبێ سەرپەرشتیی و بەبێ ئامادەکردنی دامەزراوەی گونجاو، لە پشت ئەم ئاژاوە میدیاییەوەیە چونکە لیبرالیزم لای ئێمە تەنها روکەشە بۆ خزمەتکردنی حیزب نەک بەهێزکردنی بەها جێگیرەکانی لیبرالیزم وەک مافی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین و یەکسانی.
دوای ساڵی 2009 میدیای ئۆپۆزسیۆن پەیدا بوو، کە کارەکانی میدیای ئەهلیی (وەک ئاوێنە و هاوڵاتیی و لڤین و چەندانی تر) سەختتر کرد بەو هۆیەوە گوتارە سیاسییەکەیان لە یەکتر نزیک بوون، سەرباری ئەوەی ئەم میدیا ئەهلییانە کەم دەرامەت بوون. دوای کۆتاییهاتنی داگیرکاریی ئەمریکاش لە ٢٠١١، فەندی میدیاکان لەلایەن رێکخراوە ئەمیرکیی و جیهانییەکانەوە بڕدرا. پاشان قەیرانی دارایی و بازاڕی رکابەریی جیهانیی و گەشەی تەکنۆلۆجیی بوونە هۆکاری سەرەکی نەمانی میدیای کاغەز و پرێنت. ئەوەی مایەوە پتر میدیای حزبییە کە وەک وتمان بەناوی میدیای کەرتی تایبەتەوە خۆی ناساندووە. هاوشان بەم گۆڕانکارییەش، میدیای دیجیتاڵیی بوو بە رکابەری میدیای تەقلیدیی.
بە کورتیی، لە قۆناغی نوێدا بە تەنیشت سۆشیەل میدیاوە، میدیای حزبییش تا رادەیەکی زۆر گۆڕا بۆ میدیای تەکەتولی حزبیی. هەر گروپێکی سیاسیی، یان سەرکردەی گروپێکی سیاسیی بۆ خۆی میدیای خۆی دامەزراند. رێ دەکەوێت دوو سەرکردەی سیاسیی لە هەمان حزب دوو کەناڵی سەتەلایتیان هەبێت جیا لە یەکتر. دەشێت هەردوولا کەناڵەکە بۆ حزبەکەیان بەکاربهێنن، بەڵام روون و رەوان دیارە کە دەیخەنە خزمەتی ئەجێندای سیاسیی خاوەن ئیمتیازی کەناڵەکە. ئەم کەناڵیان بانگەشەیەکی راستەوخۆ بۆ کارەکانی سەرۆکی تەکەتولەکە دەکات، ئەویتریشیان بۆ سەرۆکی تەکەتولەکەی تر کە کەناڵەکەی دامەزراندووە.
لە رووی تەکنیکییەوە (وەک پەخش و وێنە گواستنەوە)، هەندێک لە تەلەڤزیۆن و کەناڵەکانی سەتەلایت نزیکبوونەتەوە لە ستانداردی جیهانیی. بەڵام کێشەکە ئەوەیە تەکنۆلۆجیاکە بە دەست کێوەیە؟ بێگومان بە دەست سەرۆکی حزب و سەرۆکی تەکەتولەکانی ناو حزبەوەیە. لێرەوە میدیا یەکەم ئازادیی خۆی لە دەست دەدات ئەگەرچی بانگەشەی ئەوەش بکات کە دەیەوێت رووبەری ئازادیی فراوان بکات و زانیاریی بگوازێتەوە بۆ هاوڵاتیان. ئەگەر سەرۆکی حزب لەگەڵ پرۆژەی جیابوونەوە بوو، یان پێویستی بەوە بوو بانگەشە بۆ پرۆژەی سەربەخۆیی نەوت بکرێت، ئیدی کەناڵەکە بە پلەی یەکەم بەو ئاراستەیەدا دەروات. پێچەوانەکەیشی راستە. جگە لەمەش، دارایی کەناڵەکە تا رادەیەکی زۆر بە دەستی خاوەنەکەیەتی کە سەرۆکی حزبێک یان تەکەتولێکە. کەناڵە میدیاییەکە رەنگە لە کاتی گەشەی ئابووریی و بوژانەوەدا هەندێک پارەی بە ریکلام دەست کەوێت، بەڵام لە رۆژانی سەخت و بێ پارەییدا هیچی پێ ناکرێت جگە لەوەی پەنا بباتەوە بۆ سەرۆکی کەناڵەکە کە سەرۆکی تەکەتولێک یان حزبێکە. بۆیە سەرۆکی تەکەتول یان حزب دەبێت بە پشتوپەنا، بە پایە و کۆڵەکەی ماڵی میدیاکە، ئەمەش وادەکات هەمیشە ئیشت پێیان بێت و هەوڵبدەیت لە کەناڵەکەت رازی بن. بەرێوەبەراێتیی کەناڵەکان تا رادەیەکی زۆر دەستیان بەستراوە لە رووی پاڵپشتی حزبیی و داراییەوە کە کاری لەپێشینەیان بەرگرییە لە هەنگاوەکانی لایەنی پاڵپشتیکار بە باش و خراپەوە. ئەم هۆکارانە و زۆری تریش وایان کردووە میدیا رۆلی کۆمەڵایەتیی خۆی خراپ بگێڕێت. بۆ نمونە هانی توندوتیژیی دەدەن لە دژی ئەم تەکەتول یان ئەو حزب.
بە تەنیشت ئەم میدیایەوە، سۆشیاڵ میدیاش لە رووبەری گشتییدا هەیە. سۆشیەڵ میدیا ناناوەندێتیی لە میدیا دروستکرد و دەرفەتی دا ئەوانەی کە ناتوانن لەناو دەزگا حیزبییەکاندا جێبگرن، دەنگیان هەبێ. سۆشیەڵ میدیا بۆیە لە دەسەڵاتی حزب تا رادەیەک دەشێت ئازاد بێ، بەڵام وای لێهات بۆ گالتە و گەپ و سوکایەتیپێکردن و خۆهەزەلیکردن و ناوزراندن و لایک و کۆمێنت و ڤیو تەرخان بکرێ نەک بۆ پێشخستنی دیدی رەخنەیی و شەڕکردن بۆ ئازادی و وەکیەکی. زۆر کەس پێیان خۆشە بەس کۆمێنتێک بدەن تا هەزەلیی دەرکەون و کۆمێنتەکەیان بڵاوبێتەوە. هەندێکی تر دەزانن ئەگەر ڤیویان زۆر بێ، ئەوا بە راستەوخۆ پارەیان دەست ئەکەوێ لە فەیسبوک و یوتیوب و یان دەتوانن ببنە سەرنجی میدیا سێبەرەکان و حیزبییەکان.
میدیای سەرکەوتوو لە هەر جۆرێکی میدیادا پێویستە خاوەنی پەیام و ئامانجی ئایندەیی بێت لەسەر بنەمای شیکاربەندیی ئێستا، بەڵام بە تێکڕا میدیای کوردیی لە ئێستادا نەبووەتە خاوەنی ئەم دوو بنەمایە، بەڵکو ئەگەر هەیبوبێت لەدەستی داوە و هەموو کارەکانیان لە چوارچێوەی دروستکردنی کەشێکدا چڕکردووەتەوە کە هەمیشە تاک دەبێت خۆی بگونجێنێت. میدیا کورتکراوەتەوە لە هەواڵی موچە و هەندێک گفتوگۆی ناجدی یا بێزەلەت. هەروەها جۆرێک میدیا دروستبوە کە رونوراشکاو سێکسیستە، یان دەرفەت دەداتە کۆمەڵێک کەس کە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی مەترسین. هەواڵی بەپەلەی ساختە، وروژاندنی کەیسی هەستیاری بواری پۆلیسیی و هەتا دوایی چەند نمونەیەکن. مەراقی گەورەی میدیایی شتی ستراتیژیی نییە، شتی درێژخایەن نییە، بەشداریی جدیی نییە لە بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئارام، بەڵکو ئەوەیە ببێت بە بەشێک لە شەڕە جوێنی سۆشیەل میدیا. سەردەمەکەی وای لێ هاتووە وەک ئەوەیە بڵێن: “تۆ بەس باسی من بکە، ئیدی گرنگ نییە سوکم ئەکەیت یان سەنگین دەمبینیت”. ئەمە دۆڕاندنی یەکەم پرەنسیپی ئەخلاقیی میدیایە.
لە ژینگەیەکی لەم چەشنەدا، دەبێت میدیاکار چی بکات؟ هەندێک لە میدیاکاران دەچن بەرنامەیەک دروست دەکەن کە بازاڕی هەبێت، بەڵام باسی سیاسەت نەکات. واتە نە مەدحی سیاسییەکە دەکەن و نە زەمیشی دەکەن. بۆ ئەوەی بژین و ناوبانگێکیان هەبێت، ستایل و پەیامی میدیاکە دەگۆڕن. لەگەڵ ئەمانەشدا، کاری میدیایی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و نابێت میدیاکار خۆی بفرۆشێت. هەرچەند پرۆفیشناڵتربن، هەرچەند لە خۆفرۆشتن دوور بکەونەوە، هێندە خزمەتەکەیان گەورە دەبێت. سەری دنیاش بە پوش نەگیراوە. خۆدۆڕاندن کارێکی ترسناکە، ئیدی بۆ پارە بێت یان هەر شتێکی تر. میدیاکار پێویستیشە تواناکانی خۆی بەهێز بکات (وەک فێربوونی زمانی بیانیی)، ئەو کاتە پێگەی لەناو میدیای ناوخۆ و بیانیی پتەوتر دەبێت و لە بازاڕی کاردا ئیشی باشتر و ئازادانەتری دەست دەکەوێت. میدیاکار دەبێت خوێندەوار بێت و بە پرسە و شیوەنی خەڵک بۆ لەدەستدانی کەسوکاری لە رووداوێکدا، ناوبانگ بۆ بەرنامەکانی خۆی دروست نەکات.
زانینی ڕۆڵ و پێگەی ئەخلاقی میدیایی بەشێکی زۆری ئەم گرفتانە چارەسەر دەکات. ئەخلاقی میدیایی پێویستی بە قوربانیدانە و ناکرێت لە رکابەریی سەردەمیی نوێدا کە بازاڕی ئازاد لەگەڵ خۆی هێناوە، تەواوی پرەنسیپەکان تێپەڕێنرێت و گوێ بە هیچ شتێک نەدرێت. کێشەی ئازادیی بازاڕ لە هەرێمدا ئەوەیە بووە بە ئایدیۆلۆجیایەکی نوێ و بە ناوی ئازادیی و لیبڕالیزمەوە هەرچی هەڵدەستێت کەناڵێک دروست دەکات (کە رەنگە بەشێکی پارەسپیکردنەوەش بێت!)، لە پێناوی مانەوە و بەردەوامییدا ئەوەی نەشیت دەیڵێت و بە دەمیدا دێت. میدیایەک ئەمیان بە کردنەوەی دەرگای درۆ دڵخۆشت دەکات و ئەویان بە کردنەوەی دەرگای غەمگینیی خەمبارت دەکات، هەمووشی شەڕی مانەوەی میدیاکەیە نەک گۆڕینی کۆمەڵگە و بیناکردنی کەسایەتیی تەندروست.
میدیاکانیش پێویستە هەستی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر کۆمەڵگە جدی بکەن و لە پێناو ململانێی خۆیان و راکێشانی دوو ملیۆن دیناری تر بۆ کەنالەکەیان، کۆمەڵگە نەخەنە بارێکی خراپەوە. ئێمەی بیسەر و خوێنەر و بینەری میدیاکانیش بەرپرسیارێتییمان لەسەر شانە و لەم سەردەمەدا ناکرێ لە هیچ بوارێکدا لەسەر حکومەت و حزب بوەستین تا شتەکان بگۆڕن. دەبێت زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەیان هەزار داتایەی رۆژانە لە رێی میدیاکانەوە دێتە مێشکمانەوە و ژیانیان لێ تاڵ کردوین، بکەین، لەناویشیاندا هەرچەند بتوانین بایکۆتی کەناڵ و میدیا و میدیاکاری خراپ بکەین.