ئەو کاتەی پێویست ناکات سەرباز بنێرن نزیکە

3762
0
بەشکردن:

پێشەکی

ژیریی دەستکرد (Artificial Intelligence-AI) بە پێناسەیەکی یەکجار سادە بریتییە لە ئەنجامدانی کردارێک لەسەر چەندین نمونەی پێشوو. کەمێ سەختە لەم بابەتە لەسەری بدوێم، باشترە بەوەی وەرگریت کە، لە بری ئەوەی تۆ پێناسەی شتێک بکەیت، داتاکەت پێناسەت بۆ دەکات. بۆ نمونە، لەبری ئەوەی پرۆگرامکارەکە بڕیار بدات دوای کڕینی کتێبی “شەرەفنامە”، کتێبە وەرگێڕدراوەکانی تری هەژاری موکریانیی نیشانی کڕیار بدە، تەماشای کڕیارەکانی تری شەرەفنامە بکرێت و بزانیت چیان کڕیوە، پرۆگرامەکەش هەمان شت نیشانبداتەوە. ئەمە مۆدێلی ئەمازۆنە تا ئێستاش. وردە وەردە، ژیریی دەستکرد بەم شێوەیە ئەتوانێت مەکینە فێری زۆر شت بکات، بۆ نمونە لێخوڕینی خۆکرد.

بابەتێکی تریش کە خوێنەری کوردیی ئەبێ شارەزای بێت، وشەی ئالگۆریتمە. کە وشەکە بەڵێ لە نازناوی موحەممەد خەواریزمی بیرکاریزانی سەردەمی عەبباسییەکان و بەتایبەتیی سەردەمی خەلیفە مەئموندا ژیاوە، بەڵام ئێستا واتاکەی یەکجار گۆڕاوە و بریتییە لە شێوازی کارکردنی پرۆگرامێکی کۆمپیوتەر. بۆ نمونە، بۆ کڕینی شەرەفنامە و نیشاندانی کتێبە “پەیوەندیدارەکان” بریتی نییە لە کردارێکی دیاریکراو پرۆگرامکارەکە دیاریکردبێت، تا رادەیەک کۆمپیوتەرەکە بڕیاردەدات کە چ پەرتوکێکی دی نیشان بدات. واتا پرۆگرامکارەکە لە کاتی نوسینی بەرنامەکەیدا نازانێ یەکەم کەس یاخود هەزارەمین کەس چەند کتێبی نیشاندەدرێت، ئەم تەنها دەتوانێ بڵێت، نەبا ژمارەکە زۆر بێ لە یەک کاتدا تەنها سێ بژاردە نیشانی کڕیار بدە.

ئەم دو چەمکە بە بڕوای پرۆفیسۆر یوڤاڵ حەراری سێیەمین مەترسی گەورەی دنیا پێکدەهێنن.

حەراری کێیە؟

پرۆفیسۆر حەراری مێژونوس و فەیلەسوفی ئیسرائیلییە لە زانکۆی عیبریی قودس لە ئیسرائیل و نوسەری سێ کتێبی دیارە. ساپیەنەکان (ناوە زانستییەکەی مرۆڤ): کورتەیەکی مێژوی مرۆڤ، هۆمۆدیوس (مرۆڤەخودا): کورتەیەکی مێژوی سبەینێ، سێیەمیش بیستویەک وانە بۆ سەدەی بیستویەک. لە هۆمۆدیوسدا، حەراری دێتە سەر ئەوەی کە مرۆڤ چیتر مەترسی شەڕ و تاعونی تێپەڕاندوە و کاتی ئەوەیە خۆی ببێت بە خودا. ئەمەش لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە نەک نەمرێت و دڵخۆش بێت، بەڵکو دەستەڵاتی وەک خودای هەبێت.

بابەتی هەرسێ بڵاوکراوەکەی بۆ کاتێکی تر، لەم نوسینەدا بە کورتی هەوڵدەدەم چەند دێڕێک بنوسم لەسەر قسەکانی حەراری دەربارەی وڵاتە دواکەوتوەکانی وەک وڵاتانی ئێمە، هەرچەند ئەو ناوی یەکجار گەورەتری هێنا وەک: ڤەنزوێلا، بەرازیل، هیندستان و ئەندۆنوسیا. قسەکانی لە میانەی سیمینارێکدا بو لە داڤۆس کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا مارک غیتە (یان ڕوتە) دەرکەوتن. دیارە پێشکەشکاریش کەسێکی شارەزا بو بەڵام چونکە نایناسم پێویست ناکات ناوی بهێنم.

لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە سەردەمێک نزیکە کە تیایدا دەوڵەتانی پێشکەوتو، جا بە بڕوای ئەو چین و ئەمریکا پێشەنگن تێیدا، کە چیتر پێویست ناکات سەرباز بنێردرێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی شوێنێک بکەن چونکە خۆیان تەواوی زانیاریی سیاسییەکانی شوێنی مەبەستیان لایە و پێویست ناکات بە سەرباز داگیرکاری یان هەر شتێکی تریان بوێت ئەنجامی بدەن. ئەم ترسە لە ژیریی دەستکرد، ئەو دەیخاتە پۆلێنێکەوە کە بریتین لە چەکی ئەتۆمیی، وێرانبونی ژینگە و پێشێیویی تەکنۆلۆجیی. وەک خۆی دەڵێت و منیش باوەڕم وایە بۆ خوێنەری کورد، چ سادەکەی و چ کەسانی پسپۆڕ و بنەماڵە دەستەڵاتدارەکانیش، ئاگاداریی توانا تەکنۆلۆجییەکە نین.

حەراری ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ئەمجارەیان پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بریتی نییە لە ئیستیغلالکردن و خراپ-بەکارهێنانی مرۆڤە بێتواناکان، ئەمجارەیان بریتییە لە پشتگوێخستن، چونکە وەک خۆی گوتی، بیر لەوە بکەرەوە کاتێ دروستکردنی جلوبەرگ لە کالیفۆرنیا بە کۆمپیوتەر هەرزانتر بێ لە مەکسیک، چیتر پێویست ناکا کرێکاری مەکسیکیی بە یەک سەنتی دۆلارێکیش ئیشیان پێ بکرێت. ئا ئەو کاتەیە کە دەوڵەتێکی وەک مەکسیک چیتر نەک ناتوانێ قسەی هەبێت لە هەڵسوکەوتی زەبەلاحەکاندا، بەڵکو دەبێت هیواخواز بێت ئەوان بیانەوتێ ئەمان بەکار بهێنن. ئیتر پەراوێزخستن دەبێتە گەورەترین کێشەی وڵاتە دواکەوتوەکان.

ئایا دەوڵەمەندی دادی کەسێک دەدات لەم هاوکێشەیەدا؟

بە بڕوای من و ئەویش نەخێر. وەک خۆی نمونەی جێف بۆزۆی خاوەنی ئەمازۆنی هێنایەوە کە بە یەک رەسمی ناو وەتسئاپەکەی هاککرا لەلایەن شازادە موحەمەد کوڕی شا سەلمانی سعودیەوە دوای کوژرانی جەمال قاشقچیی رۆژنامەنوس کە بۆزۆ خاوەنی رۆژنامەکەیەتی. چیتر مرۆڤ، ئەمەش کرۆکی بابەتەکەیە، شتێکی ئەفسوناوی نییە کەس سەری لێ دەرنەکات، چونکە بەپێی هاوکێشەکەی ئەو، مرۆڤ ئیتر بونەوەرێکە کە دەکرێ هاک بکرێت:

بایۆلۆجیا * کۆمپیوتەر * داتا = توانای هاککردنی مرۆڤ.

هەڵبەت بە بڕوای مارک غیتەی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و زۆرێکی تر وێنەکە ئاوا ترسناک نییە. دو ڕۆژ دوای کۆڕبەندی داڤۆس بەشدار بوم لە کۆنفرانسێکی “فێرکردنی مەکینە” واتە ژیریی دەستکرد لە شاری لۆزان لە سویسرا و قسەکانی ئەمانی تێدا باسکرا. بە تایبەتی پرۆفیسۆرێک کە چەندین ساڵە لە بوارەکەدا خەریکە، ئەویش لای وابو کە هیوای باشتر هەیە لەوەی کە مرۆڤ یەکتر لەناوببات بەم تەکنۆلۆجیا نوێیە. بە بڕوای ئەو، یەکێتیی ئەوروپا لانکەی داهێنانە گرنگەکانی 2000 ساڵی رابردون و کەسانێکی زۆر هاتون و رۆشتون کە تەواوی مرۆڤایەتییان لا گرنگتر بوە و هەیە تا تەنها خۆیان. هەڵبەت پرۆفیسۆر حەراری باسی ئەوەشی کرد کە چیتر فەلاسیفە ناتوانن لە روداوەکان تێ گەن، ئەوە هیچ سیاسییەکان تەنها ئەنجامدەری کردارەکانن، بەڵکو ئەمجارەیان وەک نمونە، تەنها یەک کەسیش نابێ لە سیستمی ئابوریی جیهان تێبگات. چونکە بریتیە لە ملیۆنەها تۆماری ناو هەزاران جۆر سیستەمی کۆمپیوتەریی جیاواز کە مرۆڤ توانای تێگەیشتنی نابێت.

ئێمەی دواکەوتو چی بکەین؟

دەتوانی زیاتر لەسەر 17 ساڵی رابردووی من لە بەریتانیا بپرسی، کەمێ سەختە نەک تۆی خوێنەر بەتایبەتی کەسانی دەستەڵاتدار گوێ لە کەسێکی وەک من بگرن. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە من ڕای خۆم نەڵێم. لە چاوپێکەوتنێکی تردا، وابزانم لە دەنگی ئەمریکا بەشی کوردیی لەسەر زمانی کوردیی یان لە پۆدکاستەکانی چاوگ بو گوتم: چیتر خوێندەواری بریتی نییە لەوەی بتوانی بنوسیت و بخوێنیتەوە. خوێندەواری ئەمڕۆ بریتییە لەوەی ئایا دەزانی پرۆگرام بنوسیت بۆ کۆمپیوتەرێک بە زمانێک لە زمانەکان؟

بۆیە ئەگەر تەنها ئامۆژگارییەکی من وەرگیرێت: تەواوی مزگەوت، چاخانە، نێرگەلە و کافتریاکان دەبێ یەک شت باسبکەن. چۆن مامۆستای کۆمپیوتەر زیادبکەین، چۆن تەواوی قوتابخانەکانمان لە بچوکترین تەمەنەوە فێری نوسینی کۆدی کۆمپیوتەریان بکەین. هەمو شتێکی تر بخرێتە لاوە و ئەمە بکرێتە خواردن و خەوتنی مرۆڤی کورد. کە دەزانم تەنها خەو و خەیاڵە، دیسان ناچار نیم بێدەنگ بم. دەبێ تەواوی پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەندازیاری شارستانیی، جوتیار، خاوێنکەرەوەی شەقامەکان و بەتایبەتی مەلای مزگەوتەکان هەمو بزاننن ئەلگۆریتمی k-nn چییە.

ئەی واقع چۆن دەبێت؟ وڵاتانی ئێمە، جیاواز لەو ترسە گەورەیەی حەراری باسیدەکات، چونکە منیش وەک مارک غیتە بەڕاستی هیوائەستورم بە بەشەریەت سەرباری ئەو هەمو نەهامەتییەی بینیومە، وەک فیلمی دایڤێرجنت دێتە پێش چاوم. ئێمەمانان، واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینە بەشی “وازهێنراوەکان” بەڵام نەک بە ویستی خۆمان، بەڵکو لەبەر بێتوانایی خۆمان و خەمساردیی خۆمان وەک ئێستا بەردەوام شەڕ لەسەر بابەتی بچوک، کەسانی بچوک و دەستکەوتی بچوک دەکەین.

ڤیدیۆی سیمینارەکە:

بەشکردن: