ئاڵنگارییەکانی پرۆسەی دیموکراسی لە ناوچەی (مینا)

849
0

د. یوسف محەمەد سادق

گومانی تێدا نییە کە پاشەکشەیەکی ڕوون و بەرچاو لە پرۆسەی دیموکراسی لە بەشێکی زۆری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA)دا هەیە. پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە دژە شۆڕشەکان توانیان دەستکەوتەکانی (بەهاری عەرەبی) لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا هەڵبوەشێننەوە کە گەلانی ناوچەکە لەو کاتەدا توانییان بەسەرکەوتن بەسەر ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان دا بەدەستی بهێنن.

لەسەرەتادا پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە باس لە ئاڵنگارییەکانی دیموکراسی لەم ناوچەیە ئەکەین، ئێمە پەیوەندیدارین بە دو گۆڕاوی سەربەخۆە کە ئەوانیش پرۆسەی دیموکراسی و،  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وەک ناوچەیەکی جوگرافیی ئاڵۆز و خاوەن تایبەتمەندیی هاوبەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری.

یەکەم: خەبات لە پێناوی دیموکراسی

سەبارەت بە خەبات لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی  دیموکراسی دەتوانین ئاماژەیەکی خێرا بەم تێبینیانە بدەین:

  1. 1. دیموکراسی وەک پرۆسەیەکی دینامیکی:

دیموکراسی پرۆسەیەکی دینامیکییە نەک ئیستاتیکی. تەنانەت لە دیموکراسیترین وڵاتانیشدا، ناتوانرێت گەرەنتی ئەوە بکرێت کە هیچ مەترسییەک لەسەر دامەزراوە دیموکراسیەکان دروست نابێت، وەک ئەوەی لە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا ڕوویدا. لەم روەوە کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە (نۆڤەمبەری ٢٠٢٠) وتی: (جۆن لویس ئەندامی کۆنگرێسی پێشو پێش کۆچی دوایی نووسیبووی: “دیموکراسی جێگیر نییە بەڵکو کردارە” مەبەستی ئەوە بو کە دیموکراسیی ئەمریکا گەرەنتی نییە. تەنها بەو رادەیە بەهێزە کە ئێمە ئامادەین شەڕی بۆ بکەین و، بیپارێزین و هەرگیز وا بیر نەکەینەوە کە گەرەنتیکراوە، بەڵکو پاراستنی دیموکراسیمان خەباتی دەوێت، قوربانیدانی دەوێت.)[1] بۆیە ململانێ لەپێناو سەقامگیرکردنی بنەماکانی دیموکراسی ململانێیەکی بەردەوامی بێ وەستانە.

  1. 2. پێشکەوتنی دیموکراسی و گەشەپێدانی هەمەلایەن:

رێگای بەرەپێشچونی دیموکراسی پەیوەستە بە پێشکەوتن و گەشەسەندن لە هەموو ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکان. بۆ نمونە ناتوانرێت گریمانەی هەبونی دیموکراسیی ڕاستەقینە بکرێت بەبێ هەبونی سیستمی ئابووری بازاڕ، یان لەژێر سێبەری سیستەمی ئابووریی کرێخۆردا. بۆیە پەڕینەوە بۆ دیموکراسیی راستەقینە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لە هەموو ئەم ئاستانەدا.

  1. 3. خەباتی ناوخۆیی و پشتیوانی نێودەوڵەتی:

خەبات بۆ دیموکراسی دەبێت بە پلەی یەکەم وەک خەباتێکی ناوخۆیی سەیر بکرێت. هەر بۆیەش توانا و هێز و رادەی پشتیوانیی دەرەکی هەرچەندێک بن، چارەنووسی ئێمە و چارەنووسی گەلانی ناوچەکە لە ناوخۆ و، رێز و سەربەخۆیی لە دەرەوەش بەندن بە بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراسیی راستەقینەی سەقامگیر. لە هەمان کاتدا، پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت پاڵپشت و یارمەتیدەر بێت بۆ خێراکردنی گواستنەوەی دیموکراسی، بەڵام وادەرئەکەوێت کە ئێستا ئەمە لە ئەولەویەتەکانی وڵاتانی دیموکراسیدا نەبێت، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دووەم: ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شاراوە نییە لەلای کەس کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ناوچەیەکی ئاڵۆز و گرنگە بۆ هەموو جیهان و، چەندین گۆڕاو و کارەکتەری ناچەیی و جیهانی لە کارلێکی بەردەوام دان  تیایدا جگە لە گۆڕاوە ناوخۆییەکان. سەبارەت بە دۆخی دیموکراسی و ماف و ئازادییەکان لە بەشێکی زۆری دەوڵەتانی ناوچەکە ئەتوانین ئەم سەرنجانە تۆمار بکەین:

  • گەڕانەوەی دژەشۆڕشەکان بۆ حوکم:

باڵادەستیی ئاڕاستەیەکی ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو بەسەر دەرئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی بە هۆی دابەش بون و لاوازیی بزووتنەوە لیبراڵ و مەدەنییەکان، تێکەڵبوونی ململانێی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەگەڵ یەکتربڕینە جیۆستراتیژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، سەرهەڵدانی ململانێی خوێناوی و بڵاوبوونەوەی پشێوی جگە لە بەهێز بونی تیرۆر کە داعش نوێنەرایەتی دەکرد، لەگەڵ لاوازیی پشتیوانیی وڵاتانی دیموکراسی بۆ سیستمە نوێیەکان، بونە هۆی سەرکەوتنی دژە شۆڕشەکان بۆ گەڕانەوە بۆ حوکم و، خنکاندنی ئازادی و مافەکان بە شێوەیەکی توندتر و ترسناکتر لە ڕابردوو بە بیانووی سەپاندنی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە ئاژاوە و تیرۆر.

  • کاریگەریی جەنگ و ململانێ خوێناوییەکان:

هەنوکە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە کەشێکی پڕ لە ململانێ و شەڕ دا تێئەپەڕن. ناتوانرێت کاریگەریی ئەم ململانێیانە لەسەر پرۆسەی گواستنەوە بۆ دیموکراسی لە ناوچەکەدا پشتگوێ بخرێت. ڕژێمە دەسەڵاتگەرەکان ئەو ململانێیانە ئەقۆزنەوە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بە بیانووی مەترسیی دەرەکی. لە هەمان کاتدا ترسناکیی کارەسات و جینۆسایدی مرۆیی لە غەززە ئەبێتە هاندەری هەستی ڕق و کینە و توندڕەوی و، بێزراندنی ڕۆژئاوا و، هاوتاکردنی بەها دیموکراسیەکان لەگەڵ دیاردە بێزراوەکانی ڕۆژئاوا بەیایبەت بە سەرنجدان لە هەڵوێستی نەرێنیی بەشێک لە دەوڵەتانی رۆژاوا سەبارەت بە شەڕی غەززە و، بەهێز بونی راسیسزم و بزاوتە پۆپۆلیستی و راستڕەوە پەڕگیرەکان تیایاندا. هەندێک لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانیش هەوڵدەدەن ئەم وێنەیە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر بچەسپێنن بە ئامانجی فراوانکردنی کاریگەرییان و پێشخستنی مۆدێلی حوکمڕانی خۆیان و چەسپاندنی پڕۆژە جیۆستراتیژییەکانیان لە ئاسیا و ئەفریقا.

  • ئاڵنگاری و هیوا:

خەبات بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، بەڵام بە سەرنجدان لە خەباتی گەلان لەپێناوی چەسپاندنی مافەکانیان، ئەوەمان بۆ رون ئەبێتەوە کە ئمە شتێکی ئاساییە و، خەباتی گەلان لەم روەوە هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و، بەردەوام دەستکەوتەکان کەڵەکە بون سەرباری بونی نشوستیی کاتی. لە هەمان کاتدا هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لەوەی هەمو هێزە دیموکراسیخوازەکانی ناوچەکە لەدەوری یەک کۆببنەوە و پشتگیری یەکتر بکەن. گۆڕاوە هاندەر و هیوابەخشەکان زۆرن، وەک زیادبوونی ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە خوێندەوارن و بەهۆی فراوان بونی ئامرازەکانی بەدەستهێنانی زانیاری ئاگاداری گۆڕانکارییە جیهانییەکانن. ئەمە جگە لە شکستی بەردەوامی رژێمە دەسەڵئتگەرەکان ج لە حوکمڕانیدا، چ لە کپ کردنی دەنگە ناڕازی و جیاوازەکان.

لە هەمان کاتدا هێنانە کایەی سیسستمی دیموکراسیی سەقامگیر لەم ناوچەیەدا بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکەیە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە چەندین بواردا، وەک کۆنترۆڵکردنی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و توندوتیژی. پێویستە سیستەمە دیموکراتییەکان پشتیوانیی بزاوتە مەدەنییەکان بکەن نەک هاوپەیمانی لەگەڵ لەگەڵ رژێمە دەسەڵاتگەرە نادیموکرات و ناوەندگەراییەکاندا بکەن.

بەشێکی ئەمانەی لەسەرەوە باس کران بە چڕی لە دیدار و زنجیرە وۆرکشۆپێکدا باس کران کە لە کۆتایی مانگی رابردو و سەرەتای ئەم مانگەدا، ھەر دو رێکخراوی زاستۆ نێ [2](Zašto Ne) و بزاوتی جیھانی لەپێناو دیموکراسی [3](World Movement for Democracy) بە ھاوکاریی رێکخراوی ئەمریکیی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی [4](National Endowment for Democracy) لە سەرایێڤۆی پایتەختی بۆسنە و ھێرزۆگۆڤینا، سازیان کرد و، تیایدا ١١٠ سەرکردەی  مەدەنی و چالکوانانی دیموکراسی لە سەر ئاستی دەوڵەتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و، ٤٠ پسپۆڕی بواری دیموکراسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی دنیا بەشدارییان کرد. پێمخۆشە لەم بابەتەدا بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریی گشتی ئاماژە بە هەندێک لایەنی پەیوەندیداری دیدارەکە بدەم.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا پرۆسەی دیموکراسی لەم ساڵانەی دواییدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا روبەڕوی ئاڵنگاریی گەورە بوەتەوە، لەلایەکەوە شۆڕشی پێچەوانە لە ھەمو ئەو وڵاتانەی بەھاری عەرەبی گرتنیەوە، سەرلەنوێ فۆرمێکی تری رژێمە دەسەڵاتگەرەکانیان لەناوچەکە بەرھەم ھێناوەتەوە و بە شێوازێکی توند ئازادییە گشتییەکان و مافەکانی ھاوڵاتیان کۆتوبەند دەکەن. لە ھەمان کاتدا توند بونەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و سەرھەڵدانی جەنگە خوێناوییەکانی وەک جەنگی ئۆکرانیا و غەزە، دەرفەتی بۆ رژێمە دەسەڵاتگەرەکان رەخساندوە بۆ ئەوەی یاری لەنێوان زلھێزەکانی جیھان بکەن و خۆیان قوتار بکەن لە لێپرسینەوە. ھەر بۆیەش سازدانی ئەم کۆبونەوە نێودەوڵەتیە لەم کاتە ھەستیارەی مێژوی ناوچەکە و جیھان گرنگ بو بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر کێشە و ئاڵنگاریەکان و چۆنییەتیی روبەڕوبونەوەیان و، پلان دانان بۆ رێکخستنەوە و نێتوۆرک کردنی کاری بزاوتە مەدەنی و دیموکراسیخوازەکانی ناوچەکە.

وۆرکشۆپ و کۆبونەوەکان بە بیرھێنانەوە و رێز گرتنی ژمارەیەک لە گیانبەختکردوانی بواری ئازادی و قەڵەم و، زیندانیانی بواری ماف و ئازادییەکان دەستی پێکرد کە لەسەر داوای ئێمە ناوی ھەر یەکە لە شەھیدانی قەڵەم (سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی) و، ئازادیخوازی زیندانیکراوی بادینان (شێروان شێروانی) خرابونە ناو لیستی ناوەکانەوە.

لەماوەی سێ رۆژی گفتوگۆی وۆرکشۆپەکان، گفتوگۆیەکی گەرم کرا لەسەر: چۆنییەتیی دەستەبەر کردنی دەستکەوت سەرباری نشوستییەکان، گەڕانەوە بۆ سیاسەت لە ھەناوی ململانێی بەردەوام لەگەڵ رژێمە ستەمگەرەکان، ستراتیژییەکانی بەرگری لە ئازادییە گشتییەکان لەسەردەمی چاودێری و تەگپێھەڵچنین و زیندانی کردن، چۆنییەتیی جێکردنەوەی رێکخراوە مەدەییەکان لە سەرمێزی دروست کردنی بڕیار «کە لە لایەن بەندە و دو کەسایەتیی تری یەمەن و ئەفغانستان بەڕێوە برا»، سەرکەوتن لە جەنگی گێڕانەوەکان  (Narratives)، بەھێز کردنی ھاوکاریی نێوان میدیای سەربەخۆ و رێکخراوە مەدەییەکان، رۆڵی ژنان و گەنجان لە کۆی ئەم پرسانە و چۆنییەتیی پێگەیاندنی نەوەی نوێ، سودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ لە کاری مەدەنی، پەیوەندیی نێوان ئابوریی و سیاسەت و گرنگیی چاکسازیی ئابوری و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و، چەندین بابەتی تر.

وەک پێشتریش باسمان کرد ئەم دیدارە لە شاری سەرایێڤۆی پایتەختی دەوڵەتی بۆسنە و ھێرزۆگۆڤینا ئەنجام درا، دیاریشە بە مەبەست ئەوێ ھەڵبژێردرا بو. بۆسنە جگە لە شوێنگە گرنگەکەی لەناو دڵی وڵاتانی بەڵتیک، وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و مەزھەبە، بەتایبەت بوشتاکی موسوڵمان و کرواتی کاسۆلیک و سربی ئۆرسۆدۆکس. بۆسنە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٥ دوچاری شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی بویەوە کە لە ئەنجامی ئەوە جگە لە وێرانکاریی گەورە، موسوڵمانە بۆشتاکییەکان روبەڕوی جێنۆساید بونەوە. بەڵام دواتر بەھۆی رێکەوتننامەی دایتۆن لە ساڵی ١٩٩٥ کۆتایی بە جەنگی ناوخۆ ھێنرا و سیستمێکی فیدڕاڵی ھێنرایە کایەوە کە تیایدا ھەر سێ پێکھاتەکە بە سازان و ھاوبەشی وڵاتەکە بەڕێوە ئەبەن.

بەداخەوە لەوێش سیستمی فیدڕاڵی و سازان گۆڕاوە بۆ بەشبەشێنە و، لە ئەنجامی ئەمەش گەندەڵی بەشێکی سامانەکانی بۆسنە بەھەدەر ئەدات. بەڵام سەرباری ئەوەش بۆسنە ئاوەدان کراوەتەوە و ھەرچەندە ھێشتا شوێنەواری فیشەک بە بەشێکی باڵەخانەکانەوە دیارە، بەڵام شاری دێرێنی سەرایێڤۆ کە بەشە دێرین و ئابورییەکەیەتی بە جوانترین شێوە دروست کراوەتەوە. بۆسنەییەکان ئێستا هەوڵی تپەڕاندنی ئازارەکانی رابردو ئەدەن و هەوڵی قوڵ کردنەوەی پێکەوەژیانی نێوانییان ئەدەن و، بە هۆی ئەمەشەوە سەرکەوتو بون لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و، وا ئێستاش لەسەر رێگای بەئەندام بونن لە یەکێتیی ئەوروپا. لەگەڵ ئەوەش دا ھەوڵی دێکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جەنگیان داوە. یەکێک لە ئەجێنداکانی دیدارەکە سەردان کردنی بەشێک لە رێکخراو و مۆزەخانەکانی سەرایێڤۆ بو بە خواستی بەشدار بوان، بەندە مۆزەخانەی منداڵان بۆ جەنگم[5] ھەڵبژارد کە سەرباری سادەیی بیرۆکەکەی بەڵام زۆر پڕ مانا و کاریگەر بو. بۆ نمونە منداڵێک ئامێرەکانی ئێسکیی باوکی پێشکەش بە مۆزەخانەکە کرد بو و نوسی بوی: (پێش فڕاندن و کوشتنی باوکم، ھەمیشە ئەیبردمە خلیسکێنەی سەر بەفر چونکە ھەر دوکمان زۆر حەزمان لێی بو..)

لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە رێکخراوی زاستۆ نێ (واتە: بۆچی نا!؟)  کە رێکخراوێکی ناوخۆیی بۆسنەیە، بە ھاوکاریی بزاوتی جیھانی لەپێناو دیموکراسی  و رێکخراوی ئەمریکیی سندوقی نیشتیمانی بۆ دموکراسی  (N. E. D.) ئاستێکی ئێجگار بەرزی شێوازی رێکخستنییان نیشان دا کە لە ھیچ شوێنێک نەمبینوە و، بە دڵنییاییەوە سودی لێوەرئەگرین بۆ ھەر کارێک کەلە داھاتو دا ئەنجامی بدەین.

 

سەرچاوەکان:

[1] . بڕوانە دەقی وتارەکەی لەم بەستەرە:

https://www.washingtonpost.com/politics/2020/11/07/kamala-harris-victory-speech-transcript/

[2] . https://zastone.ba

[3] . https://www.movedemocracy.org

[4] . https://www.ned.org

[5] . https://warchildhood.org

بەشکردن: