بەرهەم ساڵح لە بەغدادەوە تۆڵەی لەدەستدانی سەرۆکایەتیی یەکێتیی دەکاتەوە

کوردستان تایمز

هاوكات لەگەڵ بێبەشبونی لە چانسی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی و جێگرتنەوەی تاڵەبانی، دەنگۆی هاوكاری سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو محەمەد عەلاوی بڵاودەبێتەوە بۆ دانانی وەزیرەكانی پشكی كورد لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەرهەم ساڵح هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێڕاق وەک پشتیوانیان دەرکەوت و داوایکرد داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێببن.

لەدوای هاوكێشە نوێیەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان،  ئایندەی بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتی وەک ئەکتەرێکی کاریگەری ناو حیزبەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە بەوپێیەی هەردو هاوسەرۆک و مەکتەبی سیاسیی و زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتیی لە دۆستانی بەرهەم ساڵح نین، هەرچەندە سیاسەتی ناوخۆی یەکێتیی گەمەیەکی بێکۆتایییە و یاریزانە بەرامبەرەکانی یەکتریش هێند دەگۆڕێن تیمەکان تێکەڵ بونە..

رێككەوتن و هاوكێشە نوێیەكانی ناو یەكێتی لەپاش كۆنگرەی چوارەم، بەرهەم ساڵحیان لە دەرفەتی سەرۆكایەتیی یەكێتیی یان كۆنسەی سەرۆكایەتیی پێشنیاركراو بێبەش كرد. جگە لە توڕەیی زۆرێك لە ئەندامانی سەركردایەتیی لە كارنامەی بەرهەم ساڵح بەوپێیەی کەمترینی لایەنگرانی لە سەرکردایەتیین، ئێرانییەكانیش توڕەن لە پێگەی وەستانی ئەو لەناو هاوكێشەكانی ئێستای عێراق و رۆڵیان بینی لە بێهیواكردنی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی. ئەگەر بەرهەم ساڵح زیرەکانە توانیبێتی لە بەغداد لەسەر کورسییەکەی تاڵەبانیی دابنیشێت، لەوە شکستیخوارد لە سلێمانیی شوێنی تاڵەبانیی بگرێتەوە، بەڵام ئەوە ناکاتە کۆتایی رۆڵی بەرهەم ساڵح بە هۆی پۆستی ئێستای و بێئەزمونیی هاوسەرۆکانی یەکێتیی لە ئیدارەدانی یەکێتیی. 

بەدوای ئەم پاشەكشەی پێگەی بەرهەمدا لەناو یەكێتی پاش كۆنگرە، ئاماژەكان دەریدەخەن تەنانەت هەندێ لە هاورێ و هاوسۆزەكانی لەناو سەركردایەتی ئێستای یەكێتی لێی سارد بونەتەوە و وەك جاران پشتیوانی لێ ناكەن، لەم میانەیەشدا هەندێك لەوانەی بایكۆتی كۆبونەوەكانی سەركردایەتییان كردبو وەك پاڵپشتیی بۆ ئەو گەڕاونەتەوە، هەندێك لەوانەشی لەسەر باڵەكەی ئەو ئەژمار دەكران، لە هەمو كات زیاتر باسی ئاشتبونەوە و نزیكبونەوەیان لەگەڵ دەباشان دەكرێت. لەبارەی هۆكاری ئەمەشەوە جگە لە هاوكێشە نوێیەكانی ناو یەكێتی و لاسەنگبونی باڵانسی هێز بەلای ماڵی تاڵەبانی و شێخ جەنگیدا، توڕەیی لە هەڵسوكەوت و رەفتارەكانی بەرهەم ساڵحیش هۆكارە و هاوڕێكانی باس لەوە دەكەن لە رێككەوتنەكاندا فەرامۆشیان دەكات و لە تەنگانەدا رویان تێدەكات، بەتایبەت پاش ئەوەی لە بەغداد و لە سەرۆكایەتیی كۆمار خواستی بەشی زۆری هاوڕێكانی بەدینەهێناوە لە دامەزراندن و بەشداریكردن لە ئیمتیازاتەكانی كۆشكی كۆماریی.

كوردستان تایمز زانیویەتی لە ئێستادا بەرهەم ساڵح، بە دۆخێكی دژواردا لەناو یەكێتیی تێپەڕدەبێت، پاش ئەوەی ماوەیەك بەر لە ئێستا باسوخواسی ئەوە گەرم بو كەسی یەكەم و روكاری ئەم حیزبە بێت، لەپاش ئەم پێشهاتە تازەیەشەوە گومان و پرسیاری زۆر دروستبون كە ئاخۆ سەرۆك كۆماری عێراق و جێگری پێشوی سكرتێری گشتیی یەكێتیی ئامادەیە وەك ئەندامێكی سەركردایەتیی لە سایەی سەرۆكایەتیی ئامۆزاكان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییدا كاربكات، وەك ئەوەی هەندێ ناوەندی نزیك لە بافڵ تاڵەبانیی بڵاویان كردبویەوە كە گوایە بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لێ كردوە و بەم نزیكانەش وەك ئەندامی سەركردایەتیی بەشداری كۆبونەوەكان دەکات. 

هاوكات لەگەڵ تەنگەژە حزبییەی بەرهەم ساڵحدا، گومان و دەنگۆی زۆر لەناوەندی سیاسی كوردییدا بڵاون كە ناوبراو لە بەغداد لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی ئەو پشكە وەزارییانەی تا ئێستا بڕیارە نەدرێن بە پارتی و یەكێتی، ئەو خۆی کاندیدەکان هەڵبژێرێت. بەوپێیەش بێت، بەرهەم ساڵح خۆی کاندیدەکان لە کەسانی نزیک خۆی هەڵدەبژێرێت و دەتوانێت تۆڵەی فەرامۆشکردنی خۆی لە یەکێتیی بکاتەوە و پارتییش بخاتە ناو دۆخێکەوە کە رەوشی نوێی بەغداد قبوڵبکات. لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەشدا، کوردستان تایمز هەندێک ناوی بەر دەست کەوتون کە بەرهەم ساڵح بەتەمایە بۆ پۆستەکان کاندیدیان بکات.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ كوردستان تایمز كرد، ئەو شاندە كوردییەی چونەتە بەغدا گومان و دڕدۆنگیی خۆیان لە هەنگاوەكانی ساڵح بە هاوکاریی عەلاویی نەشاردۆتەوە، ئەویش لای خۆیەوە پاكانەی تەواوی كردوە، بەڵام ئەوان رازینەبون بە تایبەت هوشیار زێباری كە نوێنەرایەتیی پارتی كردوە لەو گەڕە دانوستانەی تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نییە لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی. ئەم قسەو باسانەی هەوڵی بەرهەم ساڵح بۆ دانانی خەڵكی نزیك لە خۆی لە كاتێكدایە هەندێ زانیاریتر ئاماژە بەوە دەكەن دەستبەرداریی هەندێك لەو كەسانە بوە كە لە بەغداد لەگەڵیدا كاردەكەن لە چوارچێوەی پەرچەكردار و توڕەیییەكانی لە گۆڕانكارییەكانی ئەمدوایییەی ناو یەكێتیی. 

ئەو پرسیار و گومانانەی بەم دواییانە لەسەر بەرهەم ساڵح دروستبون لە كاتێكدایە چ خۆی و چ كەسانی هەر نزیك لە ئەو، بەم دواییانە بە قۆناغی بێدەنگیدا تیپەڕ دەكەن و تەنانەت لەبارەی هەندێك قسەو اس و دەنگۆی رۆڵی ئەو لەپێكهێنانی حكومەتی عەلاوی، یەكێك لەماڵپەڕە نزیكەكانی ناوبراو لە بەغداد لە رێگەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەرۆكایەتیی كۆمارەوە رەتكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە بەبێ ئەوەی سیفەتی فەرمیی پێ بدات. 

لەگەڵ دەستبەكاربونی هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی و وادەی پێشكەشكردنی كابینەكەی محەمەد عەلاویشدا، رۆژ لەدوای رۆژ پرسیارەکان لەبارەی پێگە و هەڵوێستی بەرهەم ساڵحەوە لەناو یەكێتی زیاتر و جۆراوجۆرتر دەبن و بەپێی هەمو ئاماژەیەك چیتر یەكێتی بە جێگە هیوای ناوبراو نەماوەتەوە بۆ تاودانی ئەسپی خەونە سیاسییەكانی وەك چۆن لە كایەی سەرۆكایەتیی كۆماردا توانی سەرکەوتو بێت لە بەدەستهێنانی ئەو پێگەیەدا. هەرچەندە بەرهەم ساڵح کەسایەتییەکی یەکێتییە لە بەغداد، بەڵام نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەکات، هەربۆیە فەرامۆشکردنی لەلایەن هاوسەرۆکانی نوێی یەکێتییەوە دەکرێت پەرچەکرداری ئەوی لە بەغداد لێ بکەوێتەوە، بەتایبەتییش کە سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغداد رون نییە و هەر هێز و کەسایەتییەک دەتوانێت پێگەی کورد لە بەغداد لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە، هەروەک چۆن یەکێتیی و پارتیی لەدوای ٢٠٠٣ەوە ئەنجامیان داوە. محەمەد عەلاوی بەنەرێنیی وەڵامی داواکارییەکانی وەفدی یەکێتیی و پارتیی و گۆڕان و ئیسلامییەکانی داوەتەوە، ئەو دەتوانێت لەگەڵ بەرهەم ساڵح رێکبکەوێت لەسەر دانانی کاندیدانی کورد بۆ کابینەکەیی و داوا حیزبییەکانی یەکێتیی و پارتیی پشتگوێبخات. 

بەشکردن: