زانكۆكانی كوردستان ئاگرخۆشكەری قەیرانە پەروەردەیییەكانن

بەشکردن:

مایکل رۆبن

ئەوە چەندین ساڵە، سەركردە یەك بەدوا یەكەكانی عێراق هەوڵیانداوە و رێگریدەكەن لەوەی كوردەكانی عێراق لە خوێندن باڵا وەربگیرێن. هەندێ لەو كوردانە بەخت یاوەریان بووە و توانیوویانە رەزامەندی هەندێ لە زانكۆ باشەكانی عێراق وەربگرن، نمونەش وەك زانكۆكانی بەغدا و بەسرە، بەڵام سەركردە نەتەوەییە عەرەبەكانی عێراق زیاتر حەزدەكەن و بایەخ بەوە دەدەن یارمەتی عەرەبە فەڵەستینیی و سودانییەكان بدەن بۆ وەرگیران لە خوێندنی باڵا نەوەك كوردەكانی عێراق كە پێویستیان پێیەتی و شیاوی ئەو كورسی و زەمالانەن.

لەگەڵ دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لەساڵی 1968دا، ئەو ئابلووقە پەروەردەییە خەریكە لەناودەچێ. دیسانەوە باكگراوندی رووداوەكان بەتایبەتی ناسەقامگیریی كورد و شەڕی نێوان عێراق و ئێران، وایكرد سەرۆكی ئەوكاتەی عێراق سەددام حوسێن فەرمان دەربكات بە گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆ هەولێر بەوپێەی هەڵكەوتەی جوگرافی و تۆبۆگرافیای هەولێر وایكردبوو بەئاسانی لەلایەن رژێمەوە كۆنترۆڵ بكرێت، ناوی زانكۆكەشی گۆڕی بۆ زانكۆی سەڵاحەدین. لە ساڵی 1992دا، حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جارێكی دیكە زانكۆی سلێمانییان دامەزراندەوە. جێگەی باوەڕ نەبوو كەوا چۆن ئەنجامەكانی شەڕی نێوخۆی كوردستان دەبنە هۆی دابەشبوونی كوردستان بۆ دوو هەرێم كە لایەن دوو بنەماڵەی كێبركێكاری یەكتری قەڵەمڕەوی بكرێت، هەردوو لایەن هەوڵیشیانداوە ئەو ژیانە ئازادەی هەیە بیخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە. 

و ادیارە هەبوونی دوو زانكۆ جێگەی قەبوڵی پێنج ملیۆن كەس بووە لەو هەرێمەدا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی كۆلێژ و زانكۆكان روو لە زیاد بوونە. عیسمەت خالید، ئەو بزنسمانەی كە چەندان ساڵ بوو بانگەشەی دەكرد بەوەی خاوەن بڕوانامەی بەرزە، ئەوە بوو لەساڵی 1992دا زانكۆی دهۆكی دامەزراند. بە شێوەیەكی كرداریی، زانكۆی دهۆك زیاتر وەك شكۆمەندییەك بۆ عیسمەت خالید دەگەڕێتەوە و لەژێر چاودێری پارتیی دیموكراتیی كوردستان دایە، پەروەردە و فێركردن لایەنی دووەم یان تەنانەت سێیەمی ئەو زانكۆیەیە. هەر لەم بوارەدا، عیسمەت وەك كەسێكی پێشەنگ، لەساڵانی دواتردا پەیوەندی لەگەڵ چەندان بزنسمان و سیاسەتمەدار هەبووە بۆ دامەزراندنی چەند زانكۆی دیكە. زانكۆی (كۆیە)ش لەساڵی 2003دا دامەزرا. لەساڵی 2009دا حكومەتی هەرێمی كوردستان زانكۆی سۆرانی دامەزراند، ماوەیەكی كەم دوای ئەمە هەریەك لە زانكۆكانی زاخۆ، راپەڕین و گەرمیان دەرگایان واڵا كرد. ماوەیەكی كەم دوای ئەمە بەرلەوەی هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، حكومەتی هەرێمی كوردستان زانكۆیەكی لەوێدا كردەوە. چەمچەماڵیش ئێستا زانكۆی چەرمۆی هەیە. هاوكات، هەندێ زانكۆی تایبەتمەندی دیكەش هەن، لەوانەش وەك: زانكۆی هەولێری پزیشكی، پۆڵەتەكنیكی سلێمانی، پۆڵەتەكنیكی هەولێر و پۆڵەتەكنیكی دهۆك.

زۆربوونی ئەم هەموو زانكۆ حكومییانە كێشەی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە. زۆربەیان هەمان كۆرسی خوێندن دەخوێنن و دووبارەی دەكەنەوە: پزیشكی، یاسا، زمانی ئینگلیزی، كشتوكاڵ، ئەندازیاری و پەروەردە. لەبڕی ئەوەی جەخت بكەنەسەر یەك تایبەتمەندیی لە زانكۆیەكی دیاریكراودا یان هەر زانكۆیەك تەرخان بكرێت بۆ پسپۆرییەك، ژمارەی پرۆفیسۆرەكانیش لەم هەرێمەدا لە هەڵكشان دایە و بە هەموو لایەكدا بڵاوبوونەتەوە. چونكە هیچ دەستەیەكی رەخنەگران كە خەڵكی تایبەتمەندی لەخۆگرتبێ لەم زانكۆیانەدا نییە، هەموو زانكۆكانیش بەهۆی خراپی كوالیتیەوە دەناڵێنن. دەبێ ئەم زانكۆیانە هەریەكەیان چەندان بەشی كارگێڕی هەبێ تا وابكات دەرفەتی كار لەئاستی سكرتێرییدا دروستبكات، بەڵام جگە لە بارگرانی بۆ سەر حكومەت رۆڵێكی دیكەیان نییە.

زیادبوونی ژمارەی زانكۆكان بەجددی چەندان كاریگەریی كۆمەڵایەتیی لەسەر كوردستان هەیە. ئەم زیادبوونە كاریگەریی لەسەر یەكڕیزیی گشتیی كوردستان هەیە، كوردستانی عێراق هێشتا لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە یەكگرتوو نییە و دابەشكراوە. بە شێوەیەكی فراوان، لەوانەیە نەوەی رابردوو لەمە بەرپرسیار بێت، بەڵام ئەمە راستەقینەیەكە و هەیە. ئەگەر زانكۆیە حكومییەكان تێكەڵ بكرێن و بكرێنە یەك زانكۆ بەڵام لە چەند كەمپێكی شارە سەرەكییەكانی كوردستان بێ، هاوكات قوتابییەكانیش ناچاربكرێن بەیەكەوە لە تەواوی شارەكانی كوردستان بخوێنن، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێموانییە بتوانێ گەرەنتی بدات كە هەر كۆلێژێك كوالیتیەكی باشی دەبێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە دەرچووەكان تێكەڵ بە یەكتری بن و یەكتری بناسن، جا لە هەر شارێكی كوردستان بن، لەوانەش لە زاخۆ، هەڵەبجە، بارزان یان چەمچەماڵ. ئەم جۆرە تێكەڵكردنە بۆ داهاتووی كوردستان سوودی دەبێ، هەروەك رەنگە لەوانەیە بتوانێ ئەم دابەشبوونە دەستكردە هۆزگەرایی و كولتوورییەی كوردستان بتوێنێتەوە. 

زیادبوونی زانكۆ تایبەتەكان تەنیا رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات. بە شێوەیەكی تیۆریی، زانكۆ تایبەتەكان دەتوانن رۆڵێكی گرنگ بگێڕن. كاتێ دوو دەیە پێش ئێستا هاتمە كوردستانی عێراق بۆ وانەبێژی لە زانكۆكانی سلێمانی، سەڵاحەدین و دهۆك، شێوازی وانەگووتنەوە تەواو كۆن و سواو بوو. فێركردنیش بە شێوەیەكی زۆر رۆتینی ئەنجامدەدرا. قوتابیەكان هەموو ئەو شتانەیان ئەزبەر دەكرد كە پرۆفیسۆرەكان دەیانگووت جا راست بووایە یان هەڵە- ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی بیركردنەوەی رەخنەیی بوونی نەمێنێ. مەنهەجی خوێندن كۆن و تەمەنی بەسەرچووبوو،  قوتابییەکان وانەی سەرەتایی كۆمپیوتەریان لەلایەن پرۆفیسۆرگەلێكەوە پێ دەگووترا كە ئاستی مەعریفەیان زۆر كۆن و ئیكسپایەر بوو، بۆ كارەكانی دیكە و پێویستییەكانیان دەچوون بۆ كافتریاكانی دەرەوەی كۆلێژ تا ئینتەرنێت بەكاربێنن و مامۆستاكانیان زۆركات لێیان تێنەدەگەیشتن. حكومەت برێكی یەكجار كەم لە سەرچاوەكانی دابیندەكرد، هەروەك چۆن وەزارەتی خوێندنی باڵاش زیاتر چاوی لەوە بوو بەرگێكی شێتانە بخاتەبەر زانكۆكان لەبڕی ئەوەی چاكسازییان تێدابكات. شەڕ و ئابلووقە ئابوورییەكان بۆ ماوەی نزیكەی 20 ساڵ عێراقیان دووچاری پاشاگەردانی كردبوو بەرلەوەی رژێمەكەی سەددام لەناوبچێت. لە كاتێكدا زۆرێك لە ئەندامەكانی بەشەكان و كەسانی كارگێری كۆلێژەكان هەستیان بەو راستییە كردبوو، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان هەستیان بەوەكرد كەوا چۆن جیهان لە بەرەوپێشچوون دایە و بواری خوێندنەكەیان لە هەمانكاتدا فراوانتر دەبێت. ئەوانە تێنەدەگەیشتن لەوەی چ دواكەوتوویییەك بەرۆكی زانكۆكانی گرتوون.

ئەوە دكتۆر بەرهەم ساڵح بوو كە بایەخی بە دامەزراندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی دا، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا ئەو زانكۆیە لەنێو چەندان كێشە دەژیا نمونەش وەك: فێڵكردن و سكانداڵ، گرژییەكانی نێوان كورد و عەرەب، زیادبوونی ئێش و ئازار- هەروەها لە ئاستی بەرێوەبردنیشدا- سەرەڕای نەبوونی سیستەمێكی ستاندارد لە دابینكردنی پارە بۆ پرۆژەكان، لە سەرەتا ساڵەكانیشی كەسانی سیاسیی دەستوەردانیان دەكرد، بەڵام لە ئێستادا رێرەوی خۆی وەگرتووە و ستانداردێكی نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ عێراقیش دروستكردووە. لە كاتێكدا من هەرگیز سەردانی ئەو زانكۆیەم نەكردووە، بەڵام شوێنێكە كە خاوەن ناوبانگێكی جوانە و قوتابییان فێری شت دەبن، رەخنەگرانە بیردەكەنەوە، كاتێكیش بەردەوام دەبن لە خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی دەرەوە، ئەوا سەركەوتوو دەبن. ئەو كۆنفراسەی لەو زانكۆیە ئەنجامدرا، وایكرد ئەو زانكۆیە وەك شوێنێك دەربكەوێت كە دەكرێ دیبەیتی راستەقینەی تێدا ئەنجامبدرێ. حەیف، وادیارە هەندێ لە سەركردە كوردەكان بەئیرەیییەوە سەیری ئەو زانكۆیە دەكەن و بەبێ ئەنجامدانی هیچ وەبەرهێنانێك دەیانەوێ هەمان پایەی ئەو زانكۆیەیان هەبێ.

 لە ئێستادا، بە لایەنی كەم دەرزەنێك زانكۆی تایبەتی دیكە هەن، زۆربەشیان وادیارە بۆ قازانجن نەوەك بۆ پەروەردە و فێركردن. سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك لە ساڵی 2014ەدا دامەزراند. نازناوی (ئەمریكی) زیاتر لە دەستەواژەیەكی ساویلكە و سادە دەچێت، نە حكومەتی ئەمریكا، نە هیچ دامەزراوەیەكی تایبەت رێككارییەكی ئەوتۆی نەگرتۆتەبەر لە بەرانبەر بەكارهێنانی ئەم زاراوەیە، خودی زانکۆکەش رێز لە سەربەستیی ئەكادیمی ناگرێ. ئەمەیان تەنیا پرۆژەیەكی لەخۆبایییانەی بارزانییە، ئەمە مۆدێلی بارزانیی خۆیەتی کە لەڕێی بەخشینی گەورەوە دەتوانیت بڕوانامە بکڕیت کە خۆی لە سەردەمی خوێنکارییەکەی فێربوە. خراپتریش دەبێت: خەزنەداری زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، سەروەر پێداوی، لە ساڵی 2015دا واژووی لەسەر تۆمارێكی كۆمپانیای ئەپێكسی ویلایەتی ڤێرجینیا كردووە كە لە ساڵی 2010دا مەسرور بارزانی ڤێللایەكی بە 10 ملیۆن دۆلار كڕیووە لە ناوچەی ماكلینی ڤێرجینیا. لەو كاتەدا بارزانی رەتیكردەوە هیچ پەیوەندییەكی بەمەوە هەبێ، بەڵام خۆی بەردەوام لەو كۆشكە ماوەتەوە و دواتریش ئاهەنگی رۆژی لەدایكبوونی تێدا گێڕاوە. ئێستا، ئەم دەڵاڵی بزنسە كار بۆ زانكۆ دەستەمۆكەی دەكات، هەر بۆیە زانكۆكە بەهۆی نەبوونی پرۆفیشنالیەت و دڵسۆزییەوە دەناڵێنێ.  

دامەزراوە پەروەردەیییەكانی دیكە- نمونەش وەك زانكۆی نۆڵیچ و زانكۆی ئەربیلی ئینتەرناشناڵ- تۆزێك باشترن. ئەمانە تەنیا خەریكی رووتاندنەوەی سەرچاوە دارایییەكانی خێزانەكانن بەبێ ئەوەی بگەنە ئاستی زانستی زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا، تەنانەت ناگەنە ئاستی زانكۆكانی هیندستان و ئێرانیش. هەبوونی ئەم زانكۆیانە زیاتر بۆ ئەوەیە بزنسمان و وەزیرەكانی پێشووتری حكومەت خواستی ئەوەیان هەیە بە (سەرۆك) زانكۆ بانگبكرێن، نەوەك هیچ خواستێكی دیكەیان هەبێ بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشایییانەی لە بواری پەروەردە و فێركردندا هەیە.

زیادبوونی ئەم هەموو زانكۆیانە- جا گشتیی بێت یان تایبەت- بەدڵنیایییەوە زیانی بۆ كوردستان دەبێت. سەرچاوەیەكی مرۆیی یەكجار گەورە لە كوردستان هەیە، پەروەردە و فێركردنیش پێویستە دەستەڵاتی پێبدرێت و كاریگەری هەبێ. سەرەڕای ئەوەی كوردستانی عێراق لەمێژە پەراوێزخراوە، بەڵام هیچ هۆكارێك نییە ئامانجی گەورەمان نەبێ. بەداخەوە، هەروەك چۆن دیكتاتۆرەكانی رابردوو كە ژمارە زۆریی زانكۆكانیان قۆستبۆوە بۆ كەمكردنەوەی دەرفەتەكانی خوێندن بۆ كوردەكان، لە ئەمڕۆشدا مەیلی سەركردە كوردەكان لە زیادكردنی ژمارەی زانكۆكان بەزیادەوە هەمان كاردەكات و بۆ هەمان مەبەستە.

بەشکردن: