بەڵگەنامەکانی سیاسەتی پەروەردەیی چیمان پێ دەڵێن؟

بەشکردن:

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب

لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکاری لە گوتار و دەربڕینی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەی ڕەسمیدا ڕووی داوە. گۆڕانەکانیش کەمتازۆر ڕەنگدانەوەی گۆڕانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کەمترین گۆڕین لە وردەکاری و پڕۆسەکانی دەرکردنی یاسا و سیاسەتەکاندا کراون. لە کۆی پێکهاتە و ڕێکارەکانی بەڕێوەبردن و پڕۆسەکانی پەروەردە و خوێندندا زۆرترین جەخت لە توندوتۆڵکردنی هەنگاوە بیرۆکراسییەکان کراوە. یاسا لەدوای یاسا و کۆنفرانس لەدوای کۆنفرانس ئاستەکانی چەقبوونەوەی بڕیاردان قووڵتر بوونەتەوە و هەڕەمی کارگێریی پەروەردەیی تۆکمەتر بووە. لە بەرانبەر گۆڕانکاری لە زمانی دەربڕین و چەمک و دەستەواژە نووسراوەکانی سەر کاغەزی بەڵگەنامەکانی سیاسەتی پەروەردەییدا، مامەڵە ئیداری و پەروەردەیییەکان وەک تۆکمەترین بەشی سیستەمی پەروەردەیی ماونەتەوە و، بگرە ڕۆژ دوای ڕۆژ توندتر دەکرێنەوە و توێژاڵە بیرۆکراسییەکان ئەستوورتر دەبن. تۆ بڕوانە، تەنانەت لە هەوڵە زۆر جیددی و کاریگەرەکانی گۆڕینی ئەم سیستەمە هەڕەمییەدا کە بە تایبەتی هەردوو وەزیری پێشتری پەروەردە و خوێندنی باڵا، دڵشاد عەبدولڕەحمان و دلاوەر عەلائەددین، لە سەردەمی خۆیاندا بانگەشە و کاریان بۆ کرد، پڕۆسەی ڕیفۆرم زۆرترین کاری بۆ توندوتۆڵکردنی خودی هەڕەمەکە کرد. چونکە هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوون و زۆرترین هێزی سیاسی و ئیدارییان لە پشتەوە بوو. ئەم ئاڵۆزییە ئیدارییەی پەروەردەی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک کە ئەو دەرمانەی سیاسەتوان و سەرکردەکانی پەروەردە پێشکەشی دەکەن هەر هەمان دەردەکەیە، بەڵام لە ڕەنگ و سیمایەکی دیکەدا. داخۆ ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟

لە باسی ئەوەی کە حکومەتی هەرێم سیاسەتی پەروەردەییی هەیە و، لە پەروەردەی ڕەسمیدا فەلسەفەیەکی دیاریکراو پەیڕەو دەکات، وردبوونەوە لە بەڵگەنامەکان ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە سیاسەتەکە تۆکمەکردنی ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنە لەسەر بنەما بیرۆکراسییە مۆدێرنەکان، دیارترینیان بەڕێوەبردنی مەرکەزی و پلەبەندیی هەڕەمی و گشتاندنن. ئەمانەش لە کڕۆکدا تەفسیری فەلسەفەی هاوئاهەنگی و لێکچوونی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەکەن کە بنەمای ناسیۆنالیزمن. ڕاستییەکەی، لە بەڵگەنامەکاندا گۆڕانکاری بەسەر گوتاری ناسیۆنالیستیدا هاتووە، بەڵام مامەڵە کارگێڕی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کە تەفسیری ناسیۆنالیزم لە پەروەردەی ڕەسمیدا دەکەن هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. هەروەها ئامانجی جوان و پرشنگداری وەک دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پێشڤەچوونی کۆمەڵایەتی و زانستی و ئەمانەش لە بەڵگەنامەکاندا هەن. بەڵام هەڵوێستی ڕەسمی و مامەڵەی ئیداریی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕەسمی لە کوردستان ئەوە دەردەخەن کە بەڕێوەبردن و نیشاندانی تۆکمەییی ڕێکارە کارگێڕییەکان لەپێش هەر ئامانجێکی دیکەوەن. سیاسەتوان و کارگێڕ و کارمەندانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان زۆر بە پەرۆشەوە باوەشیان بە سیستەمی چەقبەستووی کوردستاندا کردووە و لەگەڵیدا گیرۆدەی خۆشەویستییەکی تاکلایەنە بوون. لە پڕۆسەی پەروەردەی ڕەسمیدا هەموو شتێک کراوەتە قوربانی بەڕێوەبردن.

بە نموونە، لە کۆی دوازدە ساڵی خوێندنی پێش زانکۆدا تاکە ڕووداو کە زۆرترین جەختی لێ دەکرێتەوە و نیشاندەری سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندنە تاقیکردنەوە گشتییەکانن، بە تایبەتی تاقیکردنەوەی ویزاری لە کۆتاییی پۆلی دوازدەدا. هیچ ڕووداوێک، هیچ کارێک، هیچ سەرکەوتنێک یان دۆڕانێک، هیچ ئەنجامێکی پەروەردەیی هێندەی بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان نابێتە جێی باس و دڵخۆشی یان دڵتەنگیی کۆمەڵگە، نابێتە نیشاندەری سەرکەوتن یان کێشەداربوونی پڕۆسەی خوێندن و کاری وەزارەتی پەروەردە. لە بەڕێوەچوونی وەرگرتن لە بەرنامەی تواناسازیی وەزارەتی خوێندنی باڵادا، کارگێڕە گەورە و بچووکەکانی حکومەت و وەزارەت هەر لە سەرەتاوە جاڕی سەرکەوتنی بەرنامەکەیان دا، پێش ئەوەی بەری ئەو ڕەنجە بدروون، چونکە خۆ دیار نەبوو تواناکان چەند ساز کراون تا بزانین سەرکەوتوو بوون یان نا. لە ڕاستیدا مەبەستەکە سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی وەرگرتن و ناردنەکە بوو نەک کۆی پڕۆسەی تواناسازی. لەم دوایییانەشدا لە جاڕدانی سەرکەوتنی پڕۆسەی وەرگرتن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆراش لە ناوخۆدا هەر وا بوو. مانای وایە، سیستەمی پەروەردەی ڕەسمی هێندەی ڕێکارە بیرۆکراسییەکانی پڕۆسەی پەروەردەی لا گرنگە، خودی پەروەردەبوون و ئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خوێندنی لا گرنگ نییە. پەروەردە و فێربوون نەبۆتە پێوەر بۆ پڕۆسەی پەروەردە، بەڵکە بەڕێوەبردنی پەروەردەیی بۆتە ئەم پێوەرە.

زۆر لەوانەی سەروکاریان لەگەڵ پەروەردە دایە، لە سیاسەتوان و کارگێڕ و توێژەر و ڕەخنەگر و مامۆستا و خوێندکار و دایکوباوکی خوێندکار، ئەگەر لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنی حکومەتی هەرێمدا بە بەردەوامی ئاماژە بۆ هەمان کۆمەڵە کێشە و گرفتی پەروەردەیی بکەن، مانای وایە سەرچاوەی کێشە و گرفتەکان لەو ماوەیەدا هەمان شتە و نەگۆڕاوە. گرنگیی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی بەڵگەنامەکانی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی هەرێم لەوە دایە کە تیشک دەخاتە سەر خەسڵەتە نەگۆڕاوەکانی پڕۆسەی پەروەردەیی. کە وایە، ئێمە دەگەینە چەند خاڵێکی گرنگ:

  • گۆڕانکاری لە زمان و چەمک و داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەییدا گرنگە، بەڵام لە خۆیدا نابێتە هۆی گۆڕانی هەڵوێست و کردارە پەروەردەیییەکان. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەوە دایە کە گۆڕینی گوتار و دەربڕین ڕەنگدانەوە و پشتگری گۆڕینی هەڵوێست و ڕوانگە و کار و مامەڵە پەروەردەیییەکان بێت.
  • پەیوەندییەکی خولاو لەنێوان سیاسەتی پەروەردەیی وەک بەڵگەنامە و پڕۆسەی دەرکردنی بەڵگەنامەکە هەیە. بە نموونە، ناکرێت یاسایەک یان هەر بەڵگەنامەیەکی ستراتیجی بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی و ڕێزگرتن لە گفتوگۆ و جیاوازییەکان لە پڕۆسەی پەروەردەدا خۆی لە پڕۆسەیەکی چەقبەستوو و نادیمۆکراتی و داخراودا دەربکرێت. بوونی بەڵگەنامەیەکی لەم جۆرە مەرج نییە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لە جێبەجێکردنیدا بهێنێتە گۆڕێ.
  • ئەگەر بەڵگەنامەی سیاسەتێکی تۆکمە و ڕێکوپێکی سیستەمێکی پەروەردەییی وڵاتێکی دیمۆکراتی بهێنینە کوردستان، واقیعی توند و چەقبەستووی سیستەمی بەڕێوەبردن و مامەڵەی پەروەردەیی لە کوردستان دەبێتە لەمپەڕ لەپێش جێبەجێکردنی سیاسەتە هێنراوەکەدا.
  • کە وایە، بازنەی سیاسەتی پەروەردەیی نابێت تەنها بەڵگەنامە و هەڵوێستە ڕەسمییەکانی دەستەڵاتی پەروەردەیی بگرێتەوە. تەفسیری بەڵگەنامەکانی سیاسەتی پەروەردەیی بەشێکی گرنگی خودی سیاسەتەکەیە. واقیعی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەموو ئەوانەی سیاسەتەکە تەفسیر و جێبەجێ دەکەن (بەڕێوەبەر، مامۆستا، خوێندکار، دایکوباوک، کۆی کۆمەڵگە) دەبێت بەشێکی دانەبڕاو بێت لە پڕۆسەی سیاسەتی پەروەردەیی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەییی هەیە. ئەمانە لە بەڵگەنامە ڕەسمییەکاندا دیار و ئاشکران. بەڵام فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی لە مامەڵە و کاری ڕۆژانە و هەڵوێستی نەنووسراویشدا هەن. لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنی حکومەتی هەرێمدا دەستگا پەروەردەیییەکان هێندە ئەزموونیان هەیە تا لەوە دڵنیا ببینەوە کە مامەڵە ڕەسمی و ناڕەسمییەکانی نێو سیستەم و دەستگاکان، هەڵوێستە سیاسی و ئیدارییەکان، ڕوانگە زانستی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو وەزارەت، قوتابخانە، زانکۆ یان پۆلی خوێندن دەرخەر و ڕەنگدانەوەی فەلسەفە و سیاسەتە نووسراوەکانن. گوتنی ئەمە ئاسانە، ئەوەی سەختە شکاندنی ئەو ڕێچکە نەگۆڕەی پڕۆسەی پەروەردەیە کە بە بەردەوامی کێشەکان بەرهەم دێنێتەوە. ئەمەش کارێکی سەختە، بەڵام ئەستەم نییە.

بەشکردن: