دەربارەی کەیسی مستەفا سەلیمی

بەشکردن:

ئیحسان وەڵزی

بەراوردکردنی ئەم کەیسە بە کەیسی کۆنی وەک ئەوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەری سولەیمانی موعینی هەڵەیە. هەڵەیە، چونکە لە دوو قۆناغی مێژویی جیاواز، دوو هەلومەرجی سیاسیی جیاواز، لەلایەن دوو ئەکتەری سیاسی جیاوازەوە، رادەستکردنەوە بە دوو سیستەمی سیاسی جیاواز هەروەها، وەک باس دەکرێت، لەسەر دوو کەیسی جیاوازیش بوون. ئەمەش لە ئەنجامدا بێبایەخکردنی ئەسڵی پرسەکانی لێدەکەوێتەوە، کە یەکێکیان سەرپێچی بنەمایەکی گوتاری کوردایەتییە، کە گوایە تێکڕای کێشمەکێشەکە لەسەر ئەوەیە، ئەوەی دیکەشیان سەرپێچی بنەمایەکی حوکمڕانییەکی دروستە، ئەویش سەروەریی یاسایە، کە بەداخەوە کەمتر لای لێ کراوەتەوە.

نازانم مستەفا سەلیمی، کە چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارەدرا، لە بنەرەتدا بە چ تۆمەتێک دەستگیر و زیندانی کرابوو. هێشتا سەد لە سەد لەوەش دڵنیانیم، ئاخۆ دوای راکردنی لە زیندان، توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە ناو خاکی هەرێم و رادەستکراوەتەوە یان نا، لێ بەداخەوە زۆربەی زانیارییەکان ئاماژەن بەوەی کە رادەستکرابێتەوە.
ئەوەی کە لە میدیا و بەتایبەتیش سۆشیال میدیای کوردی لەو بارەیەوە نووسرا و گوترا، زۆربەی دەچێتەوە چواچێوەی ململانێی نێوان هەردوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەی هەرێم. وەک هەمیشەش بە ریتۆریکێکی یەکدی تۆمەتبارکردنی بێ هیچ بەڵگەهێنانەوەیەکی لۆژیکی.
ئەو تۆمەتبارکردنە بە رادەستکردنەوە و لە بەرامبەریشیدا هەڵدانەوەی کەیسی دیکەی نیو سەدە لەمەوبەر ئەگەر شتێکمان پێ بڵێن، ئەوەیە کە بەداخەوە لۆژیکی قەل هێشتا زاڵە بەسەر مێنتالیتی باوی نێو کایەی سیاسی و رووبەری گشتیی هەرێم. لە کەمتر پرسێکی سیاسی و رەخنەگرتن لە رەفتار یان گوفتارێکی سیاسی و هێزە سیاسییەکان، گفتوگۆ و دیبەتێکی عەقڵانی و لۆژیکی لەسەر ناوەڕۆکەکان دەکرێت، بەڵکو زیاتر هێنانەوەی ئەو بەهانەیەیە، کە هێزە نەیارەکەی بەرامبەریش کار و رەفتاری هاوشێوەی ئەنجام داون و دەدات. ئەوەش ئەگەر شتێکمان پێ بڵێت ئەوەیە، کە هێزە سیاسییەکانی هەرێم لە گوتار و کرداریشدا هاوشێوە یان لانیکەم لە یەکەوە نزیکن، هەرچەندەش خۆیان بە جیاواز بزانن.
سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەراوردکردنی ئەم کەیسە بە کەیسی کۆنی وەک ئەوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەری سولەیمانی موعینی هەڵەیە. هەڵەیە، چونکە لە دوو قۆناغی مێژویی جیاواز، دوو هەلومەرجی سیاسیی جیاواز، لەلایەن دوو ئەکتەری سیاسی جیاوازەوە، رادەستکردنەوە بە دوو سیستەمی سیاسی جیاواز هەروەها، وەک باس دەکرێت، لەسەر دوو کەیسی جیاوازیش بوون. ئەمەش لە ئەنجامدا بێبایەخکردنی ئەسڵی پرسەکانی لێدەکەوێتەوە، کە یەکێکیان سەرپێچی بنەمایەکی گوتاری کوردایەتییە، کە گوایە تێکڕای کێشمەکێشەکە لەسەر ئەوەیە، ئەوەی دیکەشیان سەرپێچی بنەمایەکی حوکمڕانییەکی دروستە، ئەویش سەروەریی یاسایە، کە بەداخەوە کەمتر لای لێ کراوەتەوە.

ئەگەر رۆژنامەنووس بوایەم، کاری لە پێشینەم ئێستا ئەوە دەبوو، دەری خەم، ئایا راستە سەلیمی خۆی گەیاندۆتە ناو خاکی هەرێم و لێرەوە رادەست کراوەتەوە یان نا. کە هەو نیم، ناچارم پشت بەو زانیارییانە ببەستم کە تا ئێستا لە میدیاکانادا بڵاو کراونەتەوە، بەتایبەتیش بەیاننامەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات. ئەوانیش ئەگەری رادەستکردنەوە بەهێزتر دەکەن.

ئەگەر وابێت، ئەوا رادەستکردنەوەکە چۆن و بە فەرمانی کێ بووە، پرسێکە نابی بە کەم بگیرێت. بەڵام لە هەر بارێکدا بووبێت؛ ئەگەر کارمەندێکی ئاسایش لە خۆیەوە و بێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆی ئەو کارەی کردبێت، ئەگەر بەرپرسێکی ئاسایش بڕیارەکەی دابێت، یان بڕیاری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانییش بووبێت بێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆی، ئەوا ئەوەی دەکرێ لەم رەفتارە بخوێنرێتەوە، بێسەروبەری و نەبوونی مەرکەزییەتە لە کاری ئاسایشپارێزیدا، کە لەم بوارەشدا مەرکەزییەت بنەمایەکی گرنگە. ئەگەریش بڕیارەکە لە دەزگای ئاسایشی زۆنی سەوز و بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم دەرچووبێت، ئەوا دیسان دوولەتیی بواری ئاسایش و ئاسایشپارێزیی لە هەرێمدا زەق دەکاتەوە، کە ئەویش لەسەر زمانی هەرێم، وەک کیانێک، حەقیقەتێکی تاڵە. دوا ئەگەر کە رێی تێ ناچێت ئەوەیە کە سەلیمی بە بڕیاری لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێم رادەستکرابێتەوە. بۆیەش رێی تێناچێت، چونکە ئەودەم ئەو لایەنەی ئێستا بە رادەستکردنەوە و خیانەت تۆمەتبار دەکرێت کە یەکێتیی نیشتمانییە، لایەنەکەی دیکەی کە پارتییە تۆمەتبار دەکرد.

لێرەشدا:
یەکەم: وا باشە پێش هەموو شتێک کێشەکە لە چوارچێوەی خیانەت و خیانەتکاری دەرکەین و بیخەینەوە نێو چوارچێوە یاسایییەکەی. ئەگەر سەلیمی لەسەر کێشەیەکی تاوانکاری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا درابێت، ئەوا دواجار دەبوایە لەلایەن حکومەتی هەرێم و لە رێی حکومەتی بەغدادەوە، بێگومان دوای داواکردنەوەی لەلایەن ئێرانەوە، رادەستکرابوایەوە. ساڵی 2012 رێککەوتنێک لەنێوان عێڕاق و ئێران لەسەر پرسی رادەستکردنەوەی تاوانباران و سزادراوان پەسندکراوە و لەوێدا ئەم بابەتە رێکخراوە. ئەودەم حکومەتی هەرێمیش نەیدەتوانی خۆی لە رادەستکردنەوەی سەلیمی ببوێرێت. لێ پرسەکە بە جۆرێکی دیکە دەبوو، ئەگەر کەیسەکەی سەلیمی سیاسی یان سەربازی بووبێت. لە ماددە 3، بڕگەی یەکەم، بێی رێککەوتننامەکەدا هاتووە کە، تۆمەتبار و سزادراوانی سیاسی و سەربازی رادەستناکرێنەوە. ئەودەم ئێران چەندە فشاری سیاسی بۆ رادەستکردنەوەی سەلیمی لەسەر هەرێم یاخود عێراق دەکرد، ئەوەیان شتێکی دیکە دەبوو، هەرچەندە لە بڕوایەدا نیم، سەلیمی کەسایەتییەکی هێندە گرنگ بووبێت، ئێران لە پێناویدا پەنای بۆ فشاری سیاسی یان جۆری دیکەی فشار بردبا.

دووەم: کەیسی سەلیمی دیسان دەرخەری نەبوونی دەستەڵاتێکی نەوەک هەر مەدەنی بەڵکو سیاسی یەکپارچەشە لە هەرێم، کە بتوانێت هەمووان بە بڕیارەکانی خۆی پابەند بکات. ئەوەی کەیسی سەلیمی پێی گوتین ئەوەیە کە لە هەرێمدا لە بری سەروەری یاسا سەروەری حیزب حاکمە. حیزبیش کە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سەرووی هەموو پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکان دانا، ئیدی جێگایەکی ئەوتۆ نە بۆ گوتارگەلێکی نەتەوایەتی، وەک ئەوەی کوردایەتی، دەمێنێت، نە بۆ بنەماکانی مافی مرۆڤ، کە جەختێکی زۆر لەسەر پرسی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان دەکەنەوە، نە بۆ بنەما یاسایییەکانی نێو وڵات و نێوان وڵاتانیش.

ئەگەر رادەستکردنەوەکەش بە هەڵە و بڕیاری تاکەکەسێکیش بووبێت، دەبوایە لەلایەن بەرپرسان لە ئیدارە و ئاسایشی ناوچەکە، داوای لێبووردن هەم لە کەسوکاری سەلیمی بکرابوایە و هەمیش لە تەواوی خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی بڕیارەکەش بگرتبوایە ئەستۆ.

ئەوەی لە کۆتاییدا ماوە بگوترێت ئەوەیە، کە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ کەیسەکەی مستەفا سەلیمی هەرچەندە بڕیارێکی دروستیش بێت، لێ ئیدی نە بە هانای سەلیمییەوە دەگات و نە دەتوانێت شتێکی ئەوتۆش لە واقیعی دوولەتبووی سیاسی و ئیداری، (بگرە کۆمەڵایەتی) هەرێم بگۆڕێت. لە سەردەمێکیدا کە قەیرانی کۆڕۆنادا نەیارانی لەسەر ئاستی جیهان هێناوەتە هاریکاریی یەکتری، کەچی هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام تیغ لە یەکتری دەسوون.

بەشکردن: