یەکێتیی نەتەوەیی لە دونیابینیی کەجەکەدا

بەشکردن:

سیڤان سەعید 

نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە مژاری یەکێتیی نەتەوەیی بەو جۆرەی کە پێویستە زۆر واتادار دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا بە رووکەش و چەند پەیڤێکی رەونەقدار و فریودەر گوزارشی لێکراوە. چەندین رەهەندی گرنگی هەیە کە زۆر کەم و سنووردار دەستی بۆ براوە. پێویستە کەجەکە بەڕوونی خەڵک تێبگەیەنێ مەبەستیان لە یەکێتیی نەتەوەیی چییە، یاخود چیتر ئەو بانگەشەیە نەکەن. لەجیاتی ئەوە، باشترە هەوڵبدرێت بۆ  بەهێزترکردنی دژایەتیکردنی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان و دۆزینەوەی ساحەیەکی جیا لەو ساحەیەی کە سیستەم دەستنیشانیدەکات، کە ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ بونیادنانەوەی نەتەوە و سەفەربەرکردنی تاک و گروپە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە چەمکی نەتەوە و یەکێتیی نەتەوەیی بە مانا فراوانەکەی.

یەکێک لەو کارانەی کە ئۆجالان و هاوڕێکانی کردوویانە، دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ بنکەنکردنی پایەکان و بەتاڵکردنەوەی سیحری دەوڵەت و دەستەڵاتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە. ئەگەرچی ئەم کارە زۆر بە شێوەیەکی کەم دەبینرێت و کاریگەریی لەسەر کەمینەیەکی خەڵکی ناوچەکەو تەنانەت کوردانیش دروستکردووە؛ بەڵام لانیکەم، لە چل ساڵی رابردوودا و هەتا ئەمڕۆ؛ هەنگاوە سەرەتایییەکانی رووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی دەستەمۆبوون و رازیبوون بە مەکر و سیحرەکانی سیستم هەڵنراون. وتەیەکی زۆر پڕمانا هەیە دەڵێ “هەرگیز سەرت نەوی مەکە، چونکە رەنگە ئیدی هەرگیز دەرفەتی سەربەرزکردنەوەت نەمێنێ.” شەڕکردنی راستیی و بەرهەمدار لەگەڵ سیستمی ناڕەوا و بێدادیدا، بریتیە لە دۆزینەوەی رێگا و ساحەیەکی جیاواز لەو ساحەیەی کە دوژمن بۆت دیاریدەکات.

کاتێک لە سەر خاکی فەلەستینییەکان دەوڵەتێکی ناڕەوا دروستدەکرێ بە ناوی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر ناوی خەباتی رزگارییخوازی گەلی فەلەستین شێوە خەباتێک پێشدەخرێت کە راستەوڕاست دڵخوازی دەوڵەتی ئیسرائیل و سیستەم بە خۆیەتی. هەرکاتێک فەلەستیینییەک بەردێک بگرێتە عەسکەرێکی ئیسرائیلی و سەری بشکێنێ، دەوڵەت بە شێوەیەکی دیموکراتییانە و شارستانییانە دێت چەند منداڵ و ژنێکی فەلەستینی دەکوژێت و دەیانیشیان دەستگیردەکات، دوای ئەوە گەلی فەلەستین دەڕژێنە سەرجادە و داوای ئازادکردنی گیراوانی ئەو بوویەرە دەکەن. دواتر لەسەر ناوی دیموکراسیەت و دەوڵەت و یاسا، دادگایییەکی دادپەروەرانەی ئەو خەڵکە دەکەن کە بەناهەق بەردیان وەشاندووە و سەری عەسکەرێکی دەوڵەتیان شکاندووە. ئیدی ئەم گەمەیە درێژەدەکێشێ و چەندبارە دەبێتەوە. ئەوە کتومت بریتیە لە تەسلیمبوون بەو ساحەیەی خەباتکردن، کە دوژمن بۆ فەلەستینییەکانی دەستنیشاندەکات.

رەوشی کوردانیش بە هەمان شێوە، لە سەد ساڵی رابردوودا کتومت گەمەکردن بووە لەناو ئەو ساحەیەدا کە سیستەم دایناوە. بۆ تاقە یەک سەعاتیش نەیتوانیوە لە ئەمر و بازنە و ئیرادە و پلانی سیستەم دەربچێ. سیستەمیش هەمیشە ئەو یاخیبوونانەی کە کورد تاکلایەنە ناوی ناون شۆڕش، خستۆتە سەر ئەو بارەی کە ویستوویەتی. هیچکام لە جوڵانەوەکانی شێخ سەعید و سەید رەزا و ئیحسان نووری پاشا و سمکۆ و پێشەوا قازیی و دواتر پارتە تەقلیدییەکانی لە وێنەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو موشتەقاتەکانی لە پارچەکانی کوردستان و دواتر یەکێتی و لەم دوایییانەدا گۆڕان و پارتە کۆمۆنیستیی و ئیسلامییەکانیش، هیچیان بۆتاقە رۆژێکیش نە ویستوویانە و نەتوانیویشیانە یەک هەنگاو لەو بازنەیەی کە سیستەم کێشاویەتی بچنەدەرەوە.

کەجەکە، کە بەرهەمی هەوڵ و کارەکانی ئۆجالان و هاوڕێکانیەتی، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ساحەیەکی دیکە بۆ خەباتکردن. بۆ دەرچوون لە ئەمری سیستەم و هەوڵدان بۆ روخاندنی سیستەم. لەم رێگەیەشدا باج و بەدەلی زۆر دراوە و رۆژانەیش رووبەڕووبوونەوەی بێئامان لەلایەن هەموو پارچە و بەش و لقەکانی سیستەمەوە بۆ بەدیلگرتن و دەستەمۆکردنی ئەو بزاوتە، بەدیدەکرێت. لە هەمووی بێبەختتر، لە ژێرناوی کوردایەتیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورددا هەوڵی ئەم تەسلیمبوونەی بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان دەدرێت و هێز و گرووپە تەقلیدییە کوردییەکان دەبنە ئەکتەری چالاکی ئەم هەوڵانەی سیستەم بۆ تەسلیمگرتنی ئەو بزاوتە کوردستانییە.

لەم هەلومەرجە زۆر دەگمەنەی رەوشی کوردستاندا، کەجەکە وەک هێزێک کە تەسلیمبوون قەبوڵناکات لە بەرامبەر سیستەمدا؛ دەکەوێتە رەوشێکی یەکجار دەگمەنەوە. لەلایەک بەئاشکرا دەبینێ کە زۆرینەی هەرەزۆری گرووپ و هێزە کوردییەکان نەک تەنیا تەسلیم بە سیستەمە داگیرکەرەکان بوون، بەڵکو بە شێوازی جیاواز و هەرکەس بە نۆرە و بە رادەی توانای خۆی لە خزمەتی سیستەمدایە. لەلایەکی دیکەیشەوە رۆژانە کەجەکە بانگەشە و داوای بەدیهێنانی خەونێک دەکا کە ئەگەر بە چاوی ئاسایی و بە ئەقڵی باو تەماشای بکەین، نزیکە لە مەحاڵەوە. ئەوەی کەجەکە و پەکەکە ناویانناوە {یەکێتی نەتەوەیی} و لانیکەم  سی ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن؛ ئەو شتە مەحاڵەیە کە ئێستا خەڵکانێکی حەیرانکردووە و پرسیاری ئەوەی دروستکردووە کە ئەو یەکێتیی نەتەوەیییە چییە کە چەندین ساڵە کەجەکە داوایدەکا؟

ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی بریتیبێت لە کۆکردنەوەی هێز و توانای پارت و گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان لەژێر چەترێکدا کە تەمسیلی ئیرادەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی هەموو یان زۆرینەی خەڵکانی کوردستان بکات؛ ئەوە یەکەم لە مەحاڵ مەحاڵترە و دووەمیش خۆکوشتنی سیاسییە بۆ هەندێک لەو پارت و گرووپانە. مەحاڵە لەبەرئەوەی زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پارتانەی کە لەلایەن کەجەکەوە داوای یەکێتیی نەتەوەییان لێدەکرێت، خۆیان دەستەمۆ و دەست لەسەر سنگی سیستەمێکن کە بزاوتی ئازادیخوازیی کوردستان بە تیرۆریست و دژە مەدەنیی و دژە سیستەم دەزانێت. ئایا مەحاڵ نییە داوا لە پارتیی دیموکراتیی کوردستانی عێراق بکرێت کە دەست لە گوێڕایەڵی و هەماهەنگی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەڵبگرێت و لەپێناوی پاراستنی  لانیکەم گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستان (نەک کەمپی پەنابەرانی مەخمووریش) لەژێر تۆپباران و فرۆکەی تورکییدا؛ تەنیا نارەزاییەک دەرببڕێت؟ لەو سۆنگەیەوە کە پارتی دەستەمۆیەکی سیستەمە و لەدوای ساڵانێکی درێژ لە نەویکردنی سەرییدا، تازە دەرفەتی سەربەرزکردنەوەی لە بەرامبەر سیستەمدا نەماوە؛ سادەیی و نەزانییە ئەگەر کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی وەهای لێبکات.

 کەواتە ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی بریتیبێت لە هەماهەنگیی و هاوکاریی نێوان کەجەکە و پارتی، بۆ نموونە، وەک دوو هێزی جیاواز لە کوردستاندا، ئەوە یەکێکە لە مەحاڵی مەحاڵەکان. تەنیا کاتێک ئەوە روودەدات، ئەگەر یەکێکیان تەسلیم ببێ بە ئیرادەی ئەویتریان. ئەزموونی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات (پە کە دە وە) و (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و هەوڵەکانی خودی ئۆجالان لە سی ساڵی رابردوودا، ئەم راستییە پشتڕاست دەکاتەوە. بە بروای من ئەم جۆرە هەوڵە بۆ بەدیهێنانی ئەو شتەی پێیدەڵێن یەکێتیی نەتەوەیی وەک جووتکردن وایە لە ئاودا. مومکین نییە لەگەڵ هێزگەلێکی دەستەمۆی سیستەمی داگیرکاردا هیچ یەکێتییەک بێتە ئاراوە. بێگومان دەشێ وەک تاکتیکی سیاسی و لەسەر بنەمای دانوستاندنی رۆژانەی ژیانی پراکتیکی، لەنێوان ئەو دوو جۆرە دونیابینییەدا، هەماهەنگی تاکتیکی بکرێت. وەک ئەوەی کە لەکاتی هێرشی داعشدا سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی بەناچاری دەچێتە لای فەرماندەیەکی هێزەکانی پاراستنی گەل (شەهید تێکۆشەر) لە مەخموور و داوای هاوکاریی دەکات. بەڵام هەمان بارزانی دوای شەش مانگ لەسەر چیایەکی دوور لە شەنگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئیعلانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەریلاکان بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوون لە رزگارکردنی گەلی ئێزدیدا.

بەڵام ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی بریتیبێت لە دروستکردنەوەی نەتەوەیەکی هۆشیار و زانا، کە قەبوڵکردن و رێزگرتنی رەنگاورەنگییی و جیاوازییە ئایینی و مەزهەبیی و جڤاکیی و زمانیی و زاراوەیی و پاشانیش سیاسییەکانی هەر چوار پارچە لێکدابڕاوەکەی کوردستان بەهەندبگرێت و روو بە سەربەخۆیی و ئازادیی خەڵک و دواتر خاک و بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیک و فرە رەنگ بۆ خەڵکە جیاوازەکانی کوردستان بە ئامانج بگرێت؛ ئەوە بە دڵنیایی کەجەکە لەسەر رێگەیەکی هەرچەندە دوور و دژواریش بێ، بەلام شایانی بەردەوامیی و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستەنگێکە کە بێتەڕێی. حەتمەن ئاستەنگی یەکەم و کۆتایی بریتییە لە سیستەمە داگیرکارەکانی کوردستان بە هەموو لق و بەشەکانییەوە و لە ناویشیاندا هێزە دەستەمۆ و خزمەتکارەکانی سیستەم. چەمکی نەتەوەی دیموکرات لە فەرهەنگی کەجەکەدا گوزارشە لەو خەیاڵەی کە بە زمانێکی سادە دەکرێ پێی بڵێین یەکێتی نەتەوەیی. ئەم  چوارچێوەیە فراوانتر و فرە-رەهەندترە لەو چوارچێوە  تەقلیدییەی کە کورد وەک یەکەیەکی ئەتنیکی (قەوم) ببینێت. ئەو نەتەوەیەی کە لە فەرهەنگی کەجەکەدا هەیە، خەڵکی جیاواز و فرە رەنگی کوردستان دەگرێتەوە نەک تەنیا کوردەکان.

ئەوەی کە لەم نێوەندەدا جێگەی رەخنەیە لە هاواری کەجەکە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی، ئەو ناڕوونییەیە لە گوتارەکەیدا دەرهەق بەم باسە. ئەگەری مەبەستی جۆری یەکەمە و دەخوازێ هێزە دەستەمۆکان لە چنگی سیستەم دەربازبکات و لەگەڵیاندا لەژێر چەترێکدا کۆببێتەوە؛ ئەوە هەڵەیەکی ستراتیژیی و نەزانییەکی ئاشکرایە. ئەگەر مەبەستیشی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە و دەربازکردنیانە لەو بازنەیەی کە سیستەم تێیدا بە دیلیگرتوون و لەخۆبێگانەی کردوون؛ ئەوە جێگەی مشتومڕی ورد و هەروەهایش جێگەی ئومێدێکە بۆ پاشەرۆژ. ئەوەندەی من تێدەگەم لەو رەوشە، لە حاڵی هزریی و خەیاڵدا کەجەکە باسی جۆری دووەم دەکات. لە پراکتیکیشدا؛ بە شێوەیەکی سنوردار و بەپێی دەرفەت و ئیمکانی خۆی، سەرگەرمی دروستکردنی جۆری دووەمە لەو یەکێتیی نەتەوەیییەی کە لەسەرەوە باسمکرد. خەریکی پێکەوە لکاندنەوەی لانیکەم هزری و مۆراڵی ئەو پارچە لەیەکتر دابڕاوانەی کوردستانە کە سیستەمە داگیرکارەکان بە هەزاران شێوە لە یەکترییان دابڕییون و کردوونیان بە نەیار و تەنانەت دوژمنی یەکتریش. کەم نین ئەو گوتار و دەنگە نەشازانەی کە کار لەسەر سووکایەتیکردن و بەنەیارناساندنی بەش و پارچە و گروپە ئیتنیکیی و ئایینی و زمانیی و زاراوەیییەکانی کوردستان دەکەن. دڵنیام کاتێ دەنووسم کەجەکە خەریکی ئەم کارەیە ئەو هەموو لەمپەر و سنووردارییەی ئیرادە، هێز، توانا و ئاگایی مێژوویی و سیاسیی و ئەخلاقیی و تەنانەت ویستی خەڵک و کادرانی کەجەکەیش دێتە بەرچاوم کە چەند کارێکی دژوار و نارەحەت و سەختە. بونیادنانەوەی کەسایەتیی تاک و دەستەجەمعیی نەتەوەیەکی تا ئەوراددەیە بریندار و لەخۆبێگانەکراو (ئاسیمیلەکراو) شتێکە لە مەحاڵەوە زۆر نزیکە

نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە مژاری یەکێتیی نەتەوەیی بەو جۆرەی کە پێویستە زۆر واتادار دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا بە رووکەش و چەند پەیڤێکی رەونەقدار و فریودەر گوزارشی لێکراوە. چەندین رەهەندی گرنگی هەیە کە زۆر کەم و سنووردار دەستی بۆ براوە. پێویستە کەجەکە بەڕوونی خەڵک تێبگەیەنێ مەبەستیان لە یەکێتیی نەتەوەیی چییە، یاخود چیتر ئەو بانگەشەیە نەکەن. لەجیاتی ئەوە، باشترە هەوڵبدرێت بۆ  بەهێزترکردنی دژایەتیکردنی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان و دۆزینەوەی ساحەیەکی جیا لەو ساحەیەی کە سیستەم دەستنیشانیدەکات، کە ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ بونیادنانەوەی نەتەوە و سەفەربەرکردنی تاک و گروپە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە چەمکی نەتەوە و یەکێتیی نەتەوەیی بە مانا فراوانەکەی.

بەشکردن: