تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکانی کورد لە تاوانی ‘ئەنفال’

بەشکردن:

نەوشیروان حوسێن سەعید

ڕەنگە کەسێک بڵێت هێزە کوردییەکان چۆن بیانزانیایە ڕژێمی بەعس بەو جۆرە تۆڵە دەکاتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، جگە لەو هەموو هەڕەشەوگوڕەشەیە، نمونەی پێشتر هەبوو. بۆ نموونە، ڕژێمی بەعس هێنانی سوپای پاسداری بۆ حاجی ئۆمەران کردە بیانوو بۆ ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣. لە موفاوەزاتی نێوان یەکێتی و بەغدادیش، بەعسییەکان بەڕوونی بە سەرکردایەتیی یەکێتییان گوتبوو کە دەکرێت دەیان ساڵ پێکەوە لە شەڕدا ببن، بەڵام هاوکاریکردن و هێنانی پاسدار بۆ ناو قوڵایی عێراق هێڵی سورە.

لە کەیسەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید، زیاتر تەرکیز لەسەر دەوڵەتە کە بە ئەنقەست گروپێکی ئیثنی یان نەتەوەیی و مەزهەبی و دینی…هتد، دەکاتە ئامانج.  کەمتر باس لەوە دەکرێت کە چۆن هەندێکجار حیزبە سیاسیی و گروپە چەکدارەکانی ئەو گروپانە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیشیان هۆکارن بۆ ڕودانی ئەو جینۆسایدە. ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دەمەوێت لەسەر بوەستم ئەوەیە کە ئەو ئاماژانە چین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکانی کورد دەردەخەن لە تاوانی ئەنفالدا؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە یارمەتیدەرە بۆ ڕوناککردنەوەی گۆشەیەکی تاریک و کەمباسکراوی کەیسی ئەنفال.

ڕەنگە هەندێک کەس لایان سەیر بێت و بپرسن چۆن دەکرێت سەرکردەکانی خەباتێکی ڕزگاریخوازی گەلێک، خۆیان ببنە هۆی جینۆسایدکردنی بەشێک لە گەلەکەیان؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، سەرەتا کەیسی ‘بۆسنە’ و کەیسی ‘ڕواندا’ دەخەمەڕوو. پاشان دێمە سەر کەیسی ئەنفال.

چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی بۆسنە هۆکار بوون بۆ کۆمەڵکوژی بۆسنەیییەکان؟

لە نێوان هاوینی ١٩٩١ و بەهاری ١٩٩٢دا، سەرکردە موسوڵمانەکانی بۆسنە ڕوبەڕوی بڕیارێکی چارەنوسساز بونەوە، ئەویش ئەوە بوو کە ئایا لە یوگسلاڤیا جیاببنەوە یان نا. سەرەتا ئەوەیان بەلاوە پەسەندبوو کە لەناو دەوڵەتی فیدراڵی یوگسلاڤیادا بمێننەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە هەردوو کۆماری صربیا و کرواتیاش بمێننەوە، تا ئەمان لەو نێوەندەدا بالانسەکە ڕاگرن و یەکپارچەیی خاکی بۆسنەش بپارێزن.

بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩١دا، هەریەکە لە سلۆڤینیا و کرواتیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیییان ڕاگەیاند. صربەکانیش بە هێز ڕوبەڕوی سلۆڤینییەکان و کرواتەکان بونەوە. بەڵام شەڕی سلۆڤینیا ماوەیەکی کورتی خایاند، چونکە لەلایەکەوە سلۆڤینییەکان پێشتر خۆیان پڕ چەک کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی کەم هاووڵاتی صربی لە سلۆڤینیا دەژیان.

بە پێچەوانەی سلۆڤینیاوە، ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی صربی (لە سەدا ١٣) لە کرواتیا دەژیان. جگە لەوەش، کرواتیا وەکو سلۆڤینیا خۆی پڕ چەک نەکردبوو. بۆیە بۆ بەلگراد و صربەکان، هێرشکردنە سەر کرواتیا پەسەندتر و بەسودتر بوو تا سلۆڤینیا. بۆیە، سوپای یوگسلاڤیا بە هاوکاریی صربەکانی کرواتیا هێرشی کردە سەر ناوچە صربنشینەکان و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەرجەم ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵ کرد کە یەک لەسەر سێی ڕوبەری کرواتیای پێکدەهێنا. سەرەنجام هەزاران هاووڵاتیی کرواتیی کوژران و دەیان هەزاری دیکەش ئاوارە بوون.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی سەرەوە، سەرکردە موسوڵمانەکانی بۆسنە گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی رابگەیەنن، ئەوا چارەنوسێکی خراپتر لە چارەنوسی کرواتەکان چاوەڕێیان دەکات. چونکە لەلایەکەوە، صربەکان لە سەدا ٣١ی سەرجەمی دانیشتوانی بۆسنەیان پێکدەهێنا (نزیکەی سێ ئەوەندەی ژمارەی صرب لە کرواتیا). لە لایەکی تریشەوە، حکومەتی بۆسنە وەکو حکومەتی کرواتیا خۆی پڕ چەک نەکردبوو، چ جای وەکو سلۆڤینیا. کەواتە، لە حاڵەتی جاڕدانی سەربەخۆییدا، دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ سوپای یوگسلاڤیا و صربەکان.

لە پایزی ١٩٩١، یەکیەتی ئەوروپا ئاماژەیەکی دا کە ئەگەر خەڵکی بۆسنە لە ڕیفراندۆمێکدا داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی بکەن، ئەوا دانیانپێدادەهێنرێ. سەرەڕای ناڕەزایی توندی صربەکان، ئەو ئاماژەیە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە موسوڵمانەکان و کرواتەکانی بۆسنە پێکەوە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن و لە مانگی ئاداری ١٩٩٢دا سەربەخۆیی ڕابگەیەنن.

بەڵام زۆری نەخایاند، صربەکانی بۆسنە بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای صربیا، هێرشێکی سەربازی خوێناوییان کردە سەر بۆسنە. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنییان قەتڵوعام کرد و سەدان هەزاریان ئاوارە کرد. سەرەنجام لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا، نزیکەی 150,000 هاوڵاتی مەدەنی بۆسنە بونە قوربانی.

دیارە پێش جیابوونەوەی بۆسنە، صربەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان دەکرد ئەگەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێ، سەرکردەکانی بۆسنەش دەیانزانی هەڕەشەکە جدییە. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو ڕیسکەیان کرد لەکاتێکدا دەیانزانی توانای ڕوبەڕوبونەوەی صربیەکانیان نییە؟ بۆچی پێشتر ڕازینەبوون کە بۆسنە بکرێتە سێ کانتۆن بۆ دورکەوتنەوە لەو کۆمەڵکوژییە؟

هۆکارەکە ئەوە بوو کە سەرکردەکانی بۆسنە لەو باوەڕەدا بوون کە لە حاڵەتی بەدەستهێنانی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیتر ئەمریکا و ئەوروپا دەستێوەردان دەکەن و دەیانپارێزن. ئەوان دەیانزانی کە حەتمەن صرب هێرش دەکات و تۆڵە دەکاتەوە و کۆمەڵێک هاووڵاتیی بوسنەش دەبنە قوربانی، بەڵام ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زوو ئەو تۆڵەکردنەوەیە دەوەستێنێت. پێیانوابوو ئەوەش باجێکە دەبێت بدرێت بۆ بەدیهێنان و چەسپاندنی سەربەخۆیی.

سەرکردەکانی بۆسنە ئامادەبوون بو دۆڕان لە سەرەتای شەڕ بەو ئومێدەی دواتر بەخێرایی دەستتێوەردانی دەرەکی بکرێت بۆ ڕاگرتنی شاڵاوی صربەکان، بەڵام ئەوە ئەو هەڵە کوشندە بوو کە بووە هۆی کۆمەڵکوژیی گەلەکەیان.

بە مانایەکی دیکە، حساباتی هەڵەی سەرکردەکانی بۆسنە و زێدە چاوەڕوانی و ئومێدی زۆر هەڵواسین لەسەر کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەو جینۆسایدەی کە بەسەر بۆسنەدا هات. دەرەنجامێک کە دەکرا خۆیانی لێلادەن.

چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی ‘بەرەی نیشتمانی ڕواندا’ بونە هۆی جینۆسایدی گەلەکەیان؟

لە ڕواندا دوو گروپی سەرەکی دەژیان. گروپی ‘هوتو’ کە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی دانیشتوانیان پێکدەهێنا لەگەڵ گروپی ‘توتسی’ کە نزیکەی لە سەدا ١٧ی دانیشتوان بوون. بە پاڵپشتی بەلجیکا، کەمینەی توتسی وڵاتیان بەڕێوەدەبرد و ستەمی زۆریان لە هوتووەکان دەکرد. ساڵی ١٩٥٩ ڕواندا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. ئەمجارە هوتووەکان هاتنە سەر حوکم  و زۆرێک لە ئەفسەرە توتسییەکانیان کردە ئامانج. بۆیە بەشێک لە توتسییەکان ناچار بوون وەکو پەنابەر ڕوبکەنە ئۆگەندا و بوروندی.

توتسییەکانی ئۆگەندا دواجار توانیان بە یارمەتی سەرۆکی ئۆگەندا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گروپێکی چەکداری دروستبکەن بە ناوی ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە، ئەو گروپە لە خاکی ئۆگەنداوە هێرشیان دەکردە سەر ڕواندا و لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا، توانیان دەست بەسەر بەشێکی بەرچاوی خاکی ڕواندا بگرن.

ئەو گروپە چەکدارە لە ئۆگەنداوە پڕچەک دەکران و مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرا. ئەوان دەیانزانی کە پەلامارەکانیان لە خاکی ئۆگەنداوە بۆ سەر ڕواندا، دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندوتیژی حکومەت دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی توتسی لە ڕواندا.

حکومەت بەردەوام ئاگاداری و هۆشداری دەدا و هەڕەشەی دەکرد کە لە حاڵەتی بەردەوامبون لە سەر هێرش و پێشڕەوییەکانی ئەو گروپە، ئەوا خەڵکی مەدەنی توتسی دەکاتە ئامانج و تۆڵەیان لێدەکاتەوە. زۆرێک لە توتسییەکانیش دژی هێرش و پەلامارەکانی ئەو گروپە چەکدارە بوون، چونکە دەترسان حکومەتی زۆرینە هوتو، کە دەستی بەو گروپە ناگات، لەجیاتی ئەوان تۆڵە لەمان بکاتەوە.

بەڵام ئەو گروپە چەکدارە بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان. باوەڕیان وابوو کە پێش ئەوەی کۆمەڵکوژی گەورە ڕوبدات، ئەوان دەتوانن هێزەکانی حکومەت تێکبشکێنن، بەوەش ژمارەی قوربانییەکان لە سنورێکی دیاریکراو و مەقبولدا دەبێت. بەڵام دواتر دەرکەوت، هێرشی ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ خاوتر و جینۆسایدی حکومەت خێراترە، بەوەش ژمارەی قوربانیان چەندین هێندە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەوان زیاتر بوو.

شایانی باسە ئەو گروپە بەئاگایانەوە بڕیاریاندا کە توتسییە مەدەنییەکانی ڕواندا بکەنە قوربانی لەناو ڕواندا لە پێناوی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان. تەنانەت بەرپرسێکی باڵای ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ‘ناکرێت هێلکە و ڕۆن دروستکەیت بەبێ شکاندنی چەند هێلکەیەک’. ئەوان ئاگاداربون کە حکومەت وا خۆی پڕ چەک دەکات و میلیشیاکانیش مەشق و ڕاهێنان دەکەن و لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە خەڵک پڕدەکرێن لە ڕق و قین و تۆڵەسەندنەوە لە هاووڵاتییانی توتسی.

بەهۆی بە قوربانیبوونی هەزارن هاووڵاتیی بە ڕەگەز ‘توتسی’ لە جینۆسایدەکەی ساڵی ١٩٩٤ی ڕواندا، بەگشتی کەمتر تەرکیز لەسەر ئەوەیە کە لە ڕاستیدا یەکێک لە هۆکارەکانی جینۆسایدەکە بریتیبوو لە هێرش و پەلاماری گروپە توتسییەکان بۆ سەر حکومەت کە لەلایەن ‘هوتو’ەکان کۆنترۆڵکرابوو.

پێشتر ڕێککەوتنێک هەبوو لە نێوان حکومەت و ئەو گروپەدا، دەیانتوانی بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێککەوتنە، ڕێگە لە جینۆسایدکردنی توتسییەکانی هاونیشتمانیان بگرن، بەڵام لە جیاتی ڕێککەوتن، شەڕێکیان هەڵبژارد کە تێیدا بە ئامانجگرتنی توتسییە مەدەنییەکانی ڕواندا پێشبینیکراو بوو. بەوەش بونە هۆی جینۆسایدکردنی نزیکەی 800,000 توتسی لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا.

لەو ماوەیەدا، سێ لەسەر چواری هاووڵاتییانی توتسی لەناو ڕواندا کوژران. هەرچەندە دواجار ئەو گروپە دەستیان بەسەر وڵاتدا گرت و سەرکەوتن، بەڵام باجەکەی بریتی بوو لە لەناوچونی زۆرینەی توتسییەکان.

چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی کورد لە تاوانی ‘ئەنفال’ تێوەگلاون؟

بۆ ئەوەی بزانین تا چەند بەشێک لە سەرکردەکانی کورد و پێشمەرگە دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە. بۆ ئەوەی وێنەکە ڕونتر دەرکەوێ، دەبێت تیشکبخەینە سەر چۆنێتیی مامەڵەی ئەو سەرکردانەش لە دوای ڕاپەڕینەوە لەگەڵ ئەو کەیسە.

لە ساڵانی هەشتاکاندا، عێراق و ئێران لە درێژترین شەڕی سەدەی بیستەمدا بوون. لەو کاتەدا هێزە کوردییەکان، شان بە شانی ئێران دژی عێراق شەڕیان دەکرد. ڕاستە دۆزی کورد دۆزێکی ڕەوا بوو، ڕژێمی بەعسیش ڕژێمێکی تۆتالیتاری دڕندە و خوێنرێژ بوو، بەڵام ئەو هێزە کوردییانە، وەکو لە خوارەوە زیاتر ڕونی دەکەمەوە، لەو کاتەدا زیاتر وەکو دەسکەلای ئێران دەردەکەوتن نەک وەکو هێزگەلێکی شۆڕشگێڕی خاوەن قەزییەکی عادیل.

هەروەکو چۆن صربەکان لە بۆسنە و حکومەتی هوتو لە ڕواندا پێش ئەنجامدانی جینۆسایدەکە، چەندینجار هەڕەشەی جدیی تۆڵەسەندنەوەیان دەکرد، بە هەمان شێوە حکومەتی بەعسیش چەندینجار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردبوو ئەگەربێت و هێزە کوردییەکان ببنە پشتیوان و چاوساغی سوپای ئێران.

بەڵام سەرکردەکانی ئەوکاتەی پێشمەرگە گوێیان بەو هۆشداری و هەڕەشانە نەدەدا و پاسداری ئێرانیان دەهێنایە قوڵایی خاکی کوردستانی عێراقەوە. بونە چاوساغی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ گرتنی هەڵەبجە و لێدان لە بیرە نەوتەکانی کەرکوک کە یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابوریی عێراق.

ڕەنگە کەسێک بڵێت هێزە کوردییەکان چۆن بیزانیایە ڕژێمی بەعس بەو جۆرە تۆڵە دەکاتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، جگە لەو هەموو هەڕەشەوگوڕەشەیە، نمونەی پێشتر هەبوو. بۆ نموونە، ڕژێمی بەعس هێنانی سوپای پاسداری بۆ حاجی ئۆمەران کردە بیانوو بۆ ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣. لە موفاوەزاتی نێوان یەکێتی و بەغدادیش، بەعسییەکان بەڕوونی بە سەرکردایەتیی یەکێتییان گوتبوو کە دەکرێت دەیان ساڵ پێکەوە لە شەڕدا ببن، بەڵام هاوکاریکردن و هێنانی پاسدار بۆ ناو قوڵایی عێراق هێڵی سورە.

جگە لەوەش، لە پێش کیمیابارانی هەڵەبجە مەلا عوسمانی ڕابەری گشتی بزوتنەوە لە نامەیەکدا، مەلای عەلی برای ئاگادار دەکاتەوە کە پێشمەرگەکانی بزوتنەوە بەشداری هێرشکردنە سەر هەڵەبجە نەکەن، چونکە بەعس زاڵمە و تۆڵە دەکاتەوە. ناچیتە عەقڵەوە مەلا عوسمان هەستی بەو مەترسییە کردبێت، کەچی سەرکردایەتیی یەکێتی دەرکیان بەوە نەکردبێ کە کەوتنە پێش پاسدار چی ماڵوێرانییەک بەسەر کورددا دەهێنێ.

ئەگەر سەرکردەکانی کورد لەوکاتەدا چاوەڕوانی تۆڵەکردنەوە و کارەساتی وەکو ئەنفال و هەڵەبجەیان نەکردبێت، ئەوا ڕژێمی بەعسییان نەناسیووە. خۆ ئەگەر پێشبینی تۆڵەشیان کردبێت، مانای وایە بێباک بوون لە کردنە قۆچی قوربانی هەزاران هاووڵاتی سیڤیل و مەدەنی بێ چاوەڕوانی دەستکەوتێک کە لە ئاست گەورەیی ئەو قوربانیدانەدا بێت.

لەوکاتەدا، هێزە کوردییەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنران. هەروەکو چۆن ڕژێمی بەعسیش، موجاهیدینی خەلقی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنا. پەیوەندی نێوان پاسدار و پێشمەرگە لەو سەردەمەدا پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوتا نەبووە، بەڵکو زیاتر لە پەیوەندی نێوان ئاغا و خزمەتکار دەچێت. ئێران فەرمانی کردووە و سەرکردەکانی کوردیش جێبەجێیان کردووە، ئەوەش لەسەر حسابی ژیانی هەزاران کوردی سیڤیل.

کێشەکە لەوێدا کۆتایی نایەت کە بە زانین بێت یان نەزانی، هەزاران خەڵکی مەدەنی (بەتایبەتی لە گەرمیان و نزیک کەرکوک) خرانە بەر ڕەحمەتی چڕنوک و کەڵبەی سوپایەکی دڕندەی وەکو بەعس. لە سەروبەندی ئەنفالەکەشدا، بەشێک لە پێشمەرگە و فەرماندەکانیان بونە هۆی ئەنفالکردنی سەدان کەس.

گوندنشینەکان بە گشتی خەڵکێکی نەخوێندەوار بوون، سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بوون، وەکو پێویست ئاگاداری هەواڵەکانی دەرەوەی خۆیان نەبوون. لە بەرانبەردا، سەرکردایەتی پێشمەرگە خوێندەواربوون و بەوردی ئاگاداری جموجوڵەکانی ڕژێمی بەعس بوون. هیچ بەڵگەیەک نییە کە خەڵکەکە لە لایەن پێشمەرگەوە ئاگادارکرابنەوە کە ڕژێمی بەعس بە نیازی هێرشکردنە تا گیان و ماڵیان ڕزگاربکەن.

بەپێچەوانەوە، پێشمەرگەکان لە هەندێ شوێن بازگەیان دادەنا و لە هەندێ شوێنی تر تایەی مەکینەیان دەتەقاند و لە هەندێ شوێنی دیکە تەقەیان بەسەر خەڵکەکەدا دەکرد و خەڵکەکەیان دەکردە قەڵغانی خۆیان چونکە بونی پێشمەرگە پەیوەست بوو بەو گوندانەوە. بەوجۆرە بونە هۆی ئەنفالکردنی خەڵکێکی زۆر. بۆ ئەو قسانە، ئێستاش سەدان شایەتحاڵی زیندوو هەن، بەڵام ڕون نییە کە ئایا ئەو کارە بە فەرمانی سەرەوە کراوە یانی کارێکی خۆسەری هەندێ لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بووە، بەتایبەتی کە لە هەندێک شوێنی تر پیشمەرگەکان بەرگرییەکی سەختیان کردووە.

ئەوەی زیاتر پرسیار و گومانەکان تۆخدەکاتەوە، چۆنێتی مامەڵەی سەرکردەکانی کورد و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمە لە دوای ڕاپەڕین لەگەڵ کەیسی ئەنفالدا. هەندێک جار زانینی نەتیجە و ئەنجامی ڕوداو و تاوانێک، زۆر شت ئاشکرا دەکەن لە بارەی سەرەتای ئەو ڕوداو و تاوانە.

بۆ نموونە، کاتێک ساڵی ٢٠٠١ هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار نامەی پاکانەیان بۆ بەرپرسی باڵای بەعس ‘نزار خەزرەجی’ دەنوسی بۆ ئەوەی لە لایەن دادگای دانیمارکەوە ڕوبەڕوی دادگایکردن نەبێتەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید بەرانبەر کورد و پێشتریش هەر لە خاکی هەرێمەوە عێراقی جێهێشتبوو بەرەو ئەوروپا، ئیتر لەو کاتەدا دەبێت هەڵوەستەبکەین.

کاتێک وەفیق سامەڕائی، تۆمەتباری ژمارە یەکی کەیسی ئەنفال و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی گشتیی عێراق، لە جیاتی دادگاییکردن، دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمارێکی کورد لە بەغداد، ئیتر دەبێت بپرسین ئەوە چییە کە وا لە سەرکردەکانی جو دەکات دوای چەندین ساڵ ‘ئەدۆلف ئایخمان’ی نازیی لە ئەرجەنتین بدۆزنەوە و بیهێننەوە لە ئیسرائیل دادگایی بکەن و لە سێدارەشی بدەن، کەچی سەرکردەیەکی کورد، تاوانباری ژمارە یەکی ‘ئەنفال’ دەکاتە ڕاوێژکاری خۆی؟ ئایا ئەگەر سەرکردەکان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئەنفال بکەن، ئیتر چۆن ئەنفال لە ئاستی جییهاندا بە جینۆساید دەناسرێت؟

لە ساڵی ٢٠٠٧یشەوە، بڕیاری دەستگیرکردنی 258 تۆمەتباری ئەنفال هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام نەک هەر نەگیراون، بەڵکو بەشێکی زۆر لە جاش و مستەشارەکان داڵدەدراون. ئەوە جگە لە ئازادکردنی ‘تاریق ڕەمەزان عەزاوی’ فڕۆکەوان  و بەشداری کیمیابارنی هەڵەبجە لە یەکێک لە زیندانەکانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشێوەیەکی گوماناوی. ئەم نمونانەی دوای ئەنفال، گومان و پرسیاری جدی دروست دەکەن لەسەر ڕوداوەکانی سەروبەندی ئەنفال.

گرنگە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە بکەم کە ڕاستە بۆسنەییەکان قوربانییەکی زۆریاندا، بەڵام دواجار بونە خاوەنی دەوڵەت. ڕاستە توتسییەکان ڕوبەڕوی جینۆساید بونەوە، بەڵام دواجار دەستیان بەسەر ڕواندا گرت.

بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی کورد، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بونە هۆی کیمیابارنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی ‘ئەنفال’، بێ ئەوەی وەکو سەرکردەکانی بۆسنە بەڵێنی دانپێدانانیان پێدرابێ لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە. بەپێچەوانەوە، ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان لەو سەردەمەدا پشتیوانی عێراقیان دەکرد بە چەک و تەقەمەنی.

هێزە کوردییەکان، وەکو ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ش بەهێز و پڕ چەک نەبوون تا بتوانن بە تەنیا سوپای عێراق تێکبشکێنن. بە مانایەکی دیکە، نە هیچ بەڵێنێک هەبووە بۆ داننان بە قەزیەی کورد و نە هیچ ئومێدێک هەبووە کە پێشمەرگە بتوانێت خاکی کوردستان رزگار بکات. دیارە دروستبونی کیانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی ترە و پەیوەندی بە شەڕی کەنداوی یەکەم و کۆڕەوەکەوە هەیە نەک ‘ئەنفال’.

کەواتە، ئەگەر جینۆسادی ‘بۆسنە’ و ‘ڕواندا’ باجی هەڵەخوێندنەوەی سەرکردەکانیان بێت بۆ هاوکێشە سیاسییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوا ‘ئەنفال’ باجی خزمەتکردنی ئەجێنداکانی ئێرانە لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی کوردەوە. ئەگەر سەرکردەکانی کورد کەمێک ژیرانە و کوردپەروەرانە مامەڵەیان بکردایە، ئەگەر لەوکاتەدا بەرگەی فشاری ئێرانیان بگرتایە و پێش پاسدار نەکەوتنایە بۆ هەڵەبجە و بۆ لێدان لە بیرە نەوتەکانی کەرکوک، دەکرا تاوانەکانی بەعس بە رادەی کیمیابارانی ‘هەڵەبجە’ و ‘ئەنفال’ دڵڕەقانە نەبن.

 

وروژاندنی ئەم بابەتە بۆ؟

ئەم نووسینە بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکانی بەعس نییە. دڕندەیی حیزبی بەعس لای هەموان ئاشکرایە، پەرێزێکی هێندە پیس و بۆگەنە بە هیچ شتێ پاکنابێتەوە. کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیل هەرگیز پاساوی نییە. بۆ ئەوەش نییە کە خەباتی چەکداری دژی ڕژێمی بەعس ڕەدبکەمەوە. ئەم نوسینە وەستان و هەڵوەستەکردن بوو لەسەر قۆناغێکی خەباتی چەکداری کە بووە هۆی بە گورگان خواردکردنی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی.

بۆ ئەوەی لە ڕوداوەکانی ئەمڕۆ تێبگەین، دەبێت بەوردی خوێندنەوە بۆ ڕابردومان بکەین. ئەو میللەتەی بەوردی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوی نەکات، بەردەوام مەحکومە بە دوبارەکردنەوەی ئەو ڕابردووە لە فۆرمی جیاوازدا.

بۆ نمونە، ئەگەر پێشتر بەوردی و بەقوڵی لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەنفال بوەستاینایە، زەحمەت بوو ئەنفالێکی دیکە لە ‘شەنگال’ دوبارەبێتەوە. ئەگەر ئێستاش لەسەر ‘ئەنفال’ و ‘شەنگال’ نەوەستین، ڕەنگە لە داهاتودا دوبارە ببنەوە.

بۆ ئەوەی لە ئەنفال تێبگەین، دەبێت سەیری هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە بکەین. دەبێت شەڕی ئێران و عێراق لەبەرچاو بگرین، هەروەکو دەبێت لە ئایدیۆلۆژیای حیزبی بەعسیش تێبگەین. هێشتا ئەوانەش بەس نین، دەبێت بە وردی لەسەر ڕۆڵی جاش و مستەشارەکانیش بوەستین.

بەڵام هێشتا گۆشەیەکی تاریک هەیە کە بەبێ تیشکخستنە سەری، ناتوانین وێنە گشتییەکەی ‘ئەنفال’ ببینین. ئەو گۆشە تاریکەش، ڕۆڵی سەرکردەکانی کورد و پێشمەرگە و خەباتی چەکداری کوردە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلاون لە جینۆسایدکردنی کورددا. ئەم نوسینە هەوڵێکی سەرەتایی بوو بۆ تیشکخستنە سەر ئەو گۆشە تاریک و کەم باسکراوە.

تەرکیزی ئێمە بەزۆری لەسەر ئەویتر و بەرانبەرە، لە کاتێکدا ھەڵوەشان و لێکترازانی زۆرێک لە ئیمپراتۆر و دەوڵەت و کیانەکان لە مێژوودا زیاتر بەھۆی فاکتەری ناوخۆیییەوە بووە نەک فاکتەری دەرەکی. بۆ تێگەیشتن لە ‘ئەنفال’یش، دەبێت فاکتەری ناوخۆیی لەیادنەکەین.

بەشکردن: