دینداری لە سەردەمی مەلا هەڵۆ و بەهار مونزیرەکاندا

بەشکردن:

ئیحسان وەڵزی

کاتێک کۆلۆنیالیست روویان کردە ئەم ناوچەیە و وەک چەندین شوێنی دیکە، مەملەکەتی موسڵمانانیشیان داگیر کرد، لە بەروارد بەوان، موسڵمانان خۆیان بە دواکەتوو هاتەبەرچاو. راستییەکەیشی هەروا بوو. هەندێک لە ژیرانی موسڵمانان پێیان وابوو، ئاین یان لانی کەم ئەو جۆرە ئاینە دوور لە عەقڵ و پڕ لە خوڕافەیەی کە باو بوو، هۆکاری دواکەوتنەکەیانە. بۆیە کەوتنە بانگەوازکردن، هەندێکیان بۆ گەڕانەوە سەرخۆ و جۆرێک لە رابردوو، ئەوانی دیکەش بۆ وەشوێنپێکەوتنی ئەوی دیکەی رۆژئاوایی. بە قودرەتی قادر، زرنگیی دەستەی دووەم و پشتیوانی و دەست لەپشتدانی جڵەوبەدەستانی دونیای ئەودەم، لە زۆربەی وڵاتانی موسڵماناندا، تاقمی دووەم هاتنە سەر تەخت. لێ ئەوانیش بە مەقسەد نەگەیشتن. قەیرانەکان بەردەوام بوون، کە هەر عەقڵی و کولتووری نەبوون، بەڵکو ئابووری، سیاسی، زانستی و جۆری دیکەش. گرۆی یەکەم لەژێر قامچی گرۆی دووەمدا ئیسلامی پێ چارەسەر و هەتا دەهات توندتر و توندوتیژتر دەبوو. لە دوایین وێستگەشیدا، لە بەناو دەوڵەتی ئیسلامییەکەی داعشدا گیرسایەوە. قەیرانەکان بەردەوام و هەروا فرەجۆر بوون. یەکێک لەو قەیرانانەی چارکردنی زۆر سەخت و گران دەهاتە بەرچاو، قەیرانی عەقڵی دینی بوو. لەو هەرێمەی خۆشماندا، کەسانێک بۆچوونی ئەوەیان هەبوو، کە ئیسلامی کوردەوای چارەسەرە. ئەودەم گوتمان، کە ئەویش هەو نییە[1]. بەڵگەی سەرەکیشمان ئەوەبوو کە ئەم ئیسلامە هی دەوران و کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیا لەوەی ئێستای ئەم هەرێمەیە. ئاستی ئاڵۆزیی ئەم دووانەش بارتەقای یەک نییە و ئەویش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمڕۆماندا کورت دێنێت. 

مەرج نییە مرۆ هەمیشە بۆ پرسیارەکان بەدوای وەڵامدا بگەڕێت. لەوانەیە هەندێک جاران لەوە بەرهەمدارتر، پێچەوانەکەی بێت[2]. ئەودەم دەکرێ بپرسین، ئیسلامی کوردەواری وەڵامی چ پێویستییەک بوو؟ نەوەک هەر سەبارەت بە لایەنە روحی و باوەڕدارییەکەی، بەڵکو پێموایە دەکرێ سەبارەت بە رێکخستنی بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگەیش هاوڕا بین لەسەر ئەوەی، کە ئەمڕۆ زۆر لە دوێنێ ناچێت. هەر بۆیەش، بۆ پرس و کردنەوەی گرێیەکانی ئەمڕۆمان، پێویستمان بە وەڵامی دیکەیە.

هەڵبەتە لەو شوێنانەشدا کە پێیان وابوو، زەمانە وردە-وردە ئاین بەرەو ئاوابوون دەبا، لەوێش ئەستێرەی ئاین ئاوا نەبوو؛ هەر فۆڕمەکەی گۆڕا و یاخود مت بوو، تا ئەو رۆژەی دەرفەتی سەرهەڵدانەوەی بۆ مەیسەر بوو.

پێوەرەکانی دینداری فرە-جۆرن، یەکێک لەوانەی ماقووڵ دیارە و لای گەلێکان جێی پشت پێبەستنە، پێوەرە فرە-ڕەهەندییەکەی گلۆکە. گلۆک پێیوایە، دینداری دەکرێت لە رێی پێوانی رەهەندەکانی بڕواداری، مەعریفی، سرووتی، ئەزموونی و لێکەوتە دونیاییەکانی بپێورێت. بەو پێیە و بەو پێوەرە بێت، لە زۆربەی رەهەندەکاندا، کەم تا زۆر، دینداری لای زۆرینەی کوردیش دیار و هێشتا ماوە. ئەگەر وایە، هەقمانە بپرسین، ئەی ئەو هەموو هەرا و ناماقوڵی دەرهەق بە یەکدیکردن و شکاندنەوە و ملشکاندنەی یەکدی لەسەر پرسە ئاینییەکان لەکوێوە دێن؟

دەڵێن پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان زمان و فیکردا هەیە، هەرکامیان بگۆڕێ ئەوەی دیکەش دەهەژێنێ، یان لانیکەم دەیلەرزێنێ. کەچی لێرە دەبینین، بە قەولی ئەڵمانان، ئەوە هەر شەڕابە کۆنەکەیە لە لوولەیەکی نوێدا. عەقڵێک گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بونیادییەکان نابینێت و بە زمانێکی میدیایی باوی رۆژیش قسان دەکات، ئامرازەکانیشی هەر ئەوانەن کە خەڵکی دیکەش پەنا بۆ بەکارهێنانیان دەبات. زمانی شڕی نێو تۆڕ و تەڵە کۆمەڵایەتییەکان هاتۆتە ناو دەمی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و لەوبەریشدا ئەوانی دیش بە هەمان زمان ئەمانە دەدوێنن و بە زمانی رۆژ، دەیانشۆنەوە. ئەوەی کە مەلا و پیاوانی ئایینی کوردەواریش حەزیان لە نوکتە و سوعبەت بووە و هەیە، نە شتێکی نوێییە و نە شاراوە، لێ ئەوەی نوێیە، گەیشتنی ئەمەیە بە کوچە و کۆڵانەکانی میدیای نوێ. یانی سەرەڕای زمان و میدیای نوێ، باوەڕ و مەعریفەی زۆرێک لە پێشەوایانی ئایینی کوردەواری و شوێنکەوتەکانیان هێشتا لەسەر پێڕەوی باب و باپیرانیان و بە ئیستیڵاح، کۆنە شەڕابن. بۆیە دەکرێت، یەکێک لە هۆکارەکانی هەرایەکانی ئەم دواییە، چ لەسەر پرسی ژنان بێت یان پرسە تەندروستییەکان، لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، لە رابردوویەکی نەزۆر دووردا، چ دین خۆی بووبێت یان بە ناوی ئەوەوە، هەم سیاسەت، هەم ئابووری و هەم شتی دیکەش گوێڕایەڵی دین بوون، پرسە کەلتووری و زۆرێک لە کۆمەڵایەتییەکانیش خۆیان دینی بوون. ئێستاش ململانێی نێوان دینی و دونیایی لەم کۆمەڵگەیە و لە زۆر شوێنی دیکەی دونیاشدا هەر لەسەر ئەم پرسی دەستەڵاتە بەسەر ئەوەی دیکە دایە. سێکیولاربوونی کۆمەڵگە و پاشەکشەی ئاین بۆ جوغزێکی تایبەت، لای ئێمە هێشتا وای نەکردووە دین دەستبەرداری کایە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش کایەی سیاسی بێت، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتیشی بەسەر ئەمەی دواییاندا ناشکێت، ئەوا دەتوانێت لە سایەیدا بخشێت. سیاسەتیش بێڕەحمانە، دینی خستۆتە خزمەت خۆی و هەم دەکاری دەخات و هەم کارێکی پێدەکات، لەوە زیاتر چەکەرە نەکات. ئەمەش دواجار دینێک دەخوڵقێنێت، هێندەی سیاسەتە هێندە دینداری نییە. ئەمە دەکرێت لە زەقترین لێکەوتە دونیاییەکانی ئیسلامی کوردیی ئەمڕۆ بێت.

بەرتەسکبوونەوەی مەودای بڕکردنی ئاین لە ژیانی رۆژانە و کایە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی خۆیدا و بەئامرازکردنی سیاسییانەی ئایین، هێشتا مامۆستای ئاینی نەگەیاندۆتە ئەو قەناعەتەی، ئیدی رۆژگاری باڵادەستیی ئاین و کاریگەرییەکەی بەسەر تەواوی کایەکانی ژیاندا بەسەرچووە. ئەم خاڵە لاوازەی ئایین و پیاوانی ئایینی تەماحێکی داوەتە نەیارانیان، ئەوانیش، وەک بەیداخهەڵگری دەورانێکی نوێ، خۆیان لە سەنگەرگیریی لەگەڵ ئەم جۆرە لە ئایین و پیاوانییدا بدۆزنەوە و بەتەواوی حەماسەتییانەوە بێنە مەیدان. 

ساڵانێک لەمەوبەر باسم لە هەڵگەڕانەوەی پەیوەندیی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک لە رەوتی بە سرووتبوونی رەمز و سیمبۆلە ئاینییەکاندا کردووە و پێموایە، ئێرە جێی دووبارە تەواوی باسکردنەوەی نییە. لێ دەخوازم بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم، کە لە ئیسلامیشدا، ئەو یەکانگیرییەی لە نێوان فۆڕم و ناوەڕۆکی کردەوە سیمبۆلییەکان لە قۆناغی سەرهەڵدانی ئایین و دیاردە هاوشێوەکانی دیکەدا هەیە، دواتر دووچاری لێکدابڕان دەبێت و سیمبۆل دەبێت بە سرووت و فۆڕمیش ناوەڕۆک دەباتە ریزی لەبیرچوانەوە.

[1] ئیحسان وەڵزی: دەربارەی ئیسلام و داعش و ئیسلام دوای داعش. ئەندێشە 2017.

[2]Armin Nassehi: Theorie der digitalen Gesellschaft. München: C.H.Beck 2019.

بەشکردن: