زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سامان لە کاتی قەیرانی ئابوریی

بەشکردن:

یەعقوب مەهدی عارف بەرزنجی

کاتژمێر ٩ی شەوبوو، دەنگۆی داخستنی مەرزەکانی ئێران هاتە ئاراوە. لەپڕا هەموو ئۆتۆمبێلەکان ڕویان کردە بەنزینخانەکان، مارکێتەکان جمەیان دەهات لە کڕیاران. ئەو شەوە نزیکەی سێ کاتژمێر درەنگتر دەرگای مارکێتەکان داخران، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان ترسی ئەوەیان لێنیشت کە چیتر بەنزین، یا کەرەسەی خۆراکی نایەت بۆ کوردستان. ئەم حاڵەتانە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دوبارە دەبنەوە، لەوانە وڵاتانی پێشکەوتوش، وەک ئەڵمانیا، ئوسترالیا، ئیتالیا. ئەویش بەهۆی داخستنی سنورەکان، یا کەمکردنەوەی جموجۆڵی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەن وڵاتانەوە. هەرچەندە ئەم ڕێکارییە لەهەمان کاتدا واتا وەستان؛ یا کەمکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، کە بریتییە لە سەرجەم ئەو پەیوەندی و کارلێکە ئابوریانەی کە لە نێوان وڵاتانی سەربەخۆ، یان لەنێوان وڵاتانی سەربەخۆ و دامەزراوە و کۆمپانیاکاندا ڕووئەدەن.

ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەموو جموجۆڵە بازرگانییەکانی لەسەرانسەری جیهاندا کەمکردۆتەوە. لە جوڵەی کەشتییەکان و فڕینی فڕۆکەکان و هاتوچۆیی گەشتیاری و تەنانەت کاریگەری لە دەوامی خوێندکارانیش کردوە لە هەندێک وڵاتان. کەمکردنەوەی چالاکییە ئابورییەکان لەجیهاندا زیانی بنەڕەتی بەبڕی ١٦٠ ملیار دۆلار گەیاندوە بە ئابوری جیهان لە ئێستادا. ئەمە سەرەڕای لەناوبردنی قازانجی مەزەندەکراو، کە بڕەکەی چەندەها جار لەوە زیاترە، بۆ نمونە تەنها بەهۆی لەدەست دانی متمانە بە بازاڕی پشکەکانی چین زیانەکان بە بڕی ٣٩٣ ملیار دۆلار خەمڵێنراون. دیارە زیانەکان زیاتر بەر وڵاتی چین کەوتون کە بەدووەم گەورە ئابوری جیهان دادەنرێ، هەروەها  یەکەمە لەڕوی بازاڕی ئۆتۆمبێل و سەرچاوەی خەرجی گەشتیاری نێودەوڵەتی. هەروەک یەکەمیشە لە هەناردەی شمەک وخزمەتگوزاری بۆ هەموو وڵاتانی جیهان.

زیانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆسەر تێکڕای ئابوری جیهان و باسکردن لەیەکە یەکەی کەرت و بوارەکان زۆر هەڵدەگرێ، لێرەدا دەرفەتی ئەوە نابێت باس لەهەمویان بکرێت، چونکە ئەگەر تەنها باس لەکەرتی نەوت بکەین ئەوە  ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار زیانی بەردەکەوێ. نرخی نەوت نزیکەی ٥%ی کۆی نرخەکەی لەدەست داوە. ئەمەش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە کە خواست لەسەری کەمبۆتەوە. بۆیە وڵاتانی ئۆپێک کە تێکڕای بەرهەمەکانیان ڕۆژانە نزیکەی ٢٨ملیۆن بەرمیلە، بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی ٣ دۆلار زیانیان بەردەکەوێت، کە دەکاتە ٨٤ ملیۆن دۆلار ڕۆژانە. وڵاتێکی وەک عێراق کە بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ٤,٦ ملیۆن بەرمیلە، ڕۆژانە بڕی ١٣,٦ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت. بۆیە ئێمە باس لە زیانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ناکەین، کە گەیاندویەتی بە ئابوری جیهان، بەڵکو تەنها باس لە بەرزبونەوەی نرخی زێڕ دەکەین بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە.

لەگەڵ بەرزبونەوەی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، وەبەرهێنەران لەجیهاندا دورئەکەونەوە لەو ئوسوڵە داراييانەی کە مەترسییان لەسەرە. هەوڵ ئەدەن بەئاراستەی ئەو ئوسوڵە داراییانە هەنگاو بنێن کە سەلامەتن و گرەنتیان زۆرە. کڕینی زێڕ وەک یەکێک لەباشترین بژاردەکانە لەلایەن وەبەرهێنەران و پارەدارانەوە، بۆئەوەی پارێزگاری بکات لە سامانەکانیان و هێشتنەوەی بەهاکانیان.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا زێڕ دەتوانێت یارمەتیدەر بێ، لە پاراستنی ئوسوڵی دارایی لەکاتی قەیران و شڵەژانی بازاڕەکاندا؟ خۆ زێڕ بەکارنایەت بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا! ئەی کەواتە چۆن یارمەتیدەرە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسادەیی بریتیە لەوەی کە زێڕ زیاترلە پشک و قەواڵە داراییەکان پارێزەری بەهای سامانە لەکاتی قەیران و تەنگژە ئابورییەکاندا. پەندێکی عەرەبی لەبارەی زێڕەوە زۆر بڵاوە، کە ئەڵێت (هم زينة هم خزينة) واتە زێڕ هەم جوانییە هەمیش پاشکەوتە.

هەرچەندە دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە بەم پێکهاتەیەی ئێستایەوە شتێکی نوێیە، بەڵام ترسی لەدەستدانی سامان و نەمانی بەهای ئوسوڵە داراییەکان شتێکی نوێ نییە. لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ٢٠١٤ هەمان شت ڕویدا، بەڵام بە قەبارەیەکی کەمتر نرخی زێڕ زیادی کرد و نرخی پشک و قەواڵە داراییەکان کەمی کرد. بەپێی ئەو داتایانەی کەلە كونسوڵیەتی زێڕی جیهانی(Goldhub) بڵاوکراونەتەوە تەنها لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا، بڕی زێڕی کڕدراو لەلایەن سندوقەکانی وەبەرهێنەرانەوە نزیکەی ٨٤,٥ تەن بوە. هەر بۆیە ڕێژەی بەرزبونەوەی نرخی زێڕ لەچاو مانگی ڕابردوەوە ٢% زیادی کردوە. هەر بەپێی ئەو داتایانە بەهای وەبەرهێنانی ئەو سندوقانە لە بواری کڕینی زێڕدا نزیکەی ٤,٩ ملیار دۆلار بوە، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ بەرزکردنەوەی موڵکداری بۆ ئەو کانزایە لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە لە هەموو جیهاندا.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵنیانەبوون لە ئەدای بازاڕەکان و لەدەست دانی متمانە بە پشک و قەواڵە داراییەکان. هەر بۆیە لە مانگی شوباتدا، پەنا بردن بۆ زێڕ بوە بە باشترین بژاردە بۆ سندوقەکانی وەبەرهێنان. بۆیە دەبینین ئەمریکا و کەنەدا یەکەم بون  لە کڕینی بڕی ٤٢ تەن زێڕ بەنرخی ٢,٣ ملیار دۆلار، ئەوروپییەکان بە پلەی دووەم دێن، کە بڕی ٣٣ تەنیان کڕیوە. لە کیشوەری ئاسیاش وەبەرهێنە چینییەکان یەکەم بون (کە شوێنی تیشکۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیە بەجیهاندا) لە کڕینی زێڕ بەبڕی ٨,٧ تەن کە نرخەکەی ٤٢٥ ملیۆن دۆلاربوە.

بەهۆی ئەو ترس و بیمەی، کە لەبازاڕەکانی جیهان بڵاوبۆتەوە لە دەرئەنجامی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، خواست لەسەر زێڕ زۆر زیادی کردوە. بۆیە نرخی زێڕ لەسەرەتای مانگی شوباتدا گەیشتە ١٦٧٢ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. لە ٢٤ی شوباتدا، بەرزترین نرخی تۆمارکرد و گەیشتە ١٦٩٠ دۆلار؛ کە ئەم نرخە  لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە نەگەیشتۆتە ئەو  ئاستە، بانکی (گۆڵدمان ساکس) پێشبینی گەیشتن بەنرخی ١٨٠٠ دۆلای بۆ ئۆنسەیک کرد، گەیشتن بەو نرخە و زیاتریش هیچ  دوور نییە گەر قەیرانی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەردەوامی زیاتر بە خۆیەوە ببینێنت وبەری لێنەگیرێت.

لەپێش دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ڕێژەی وەبەرهێنان لەو بوارانەی کە مەترسیان زۆرە، وەک پشک و قەواڵە داراییەکان بەرز بون، بەڵام پاش ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەرکەوت، هەموو وەبەرهێنەران پەنایان بۆ زێڕبرد وەک پەناگەیەکی سەلامەت (ملاذ آمن).

کونسوڵیەتی زێڕی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا، پێشبینی بەردەوامی تەوژمی خواست لەسەر زێڕ دەکا لە داهاتوێکی نزیکدا. ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، کە گرنگترینیان ئەوەیە زێڕ بەباشترین ئوسوڵی سەلامەت دائەنرێت لەجیاتی دانانی قەواڵە، کە لە پارچە کاغەزێک زیاتر هیچی تر نییە. هەر بۆیە ئەمریکا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دوچاری  کەمکردنەوەی وەبەرهێنان بۆتەوە، لە بانکەکانیدا نرخی سوی دابەزاند. کونسوڵیەتی زێڕی جیهانی،  پێی وایە کە دابەزینی نرخی سوو کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر نرخی زێڕ، جێگرتنەوەی قەواڵە داراییەکان بە زێڕ.

ئەوەی گرنگە باسی لێوە بکەین ئەوەیە، کە لەگەڵ ڕەوانەوەی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا متمانەی وەبەرهێنەران بە بازاڕی پشک و قەواڵە داراییەکان زیاد دەکاتەوە، بۆیە نرخی زێڕیش نزم دەبێتەوە، بەڵام پێناچێت بچێتەوە ئاستی یەکەم جاری، هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا ڕویدا. هەرچەندە ڤایرۆسی ئیبۆلا، نەبوە هۆی قەیرانێکی گەورەی جیهانی و زوو کۆنتڕۆڵکرا، چونکە قەیرانەکان هەرچەند زیانبەخشیش بن، بەڵام بەو مەرجەی جیهانی نەبن ئەوا مەترسیەکەیان بۆسەر ئەدای بازاڕی جیهانی کەم دەبێت. هەروەک چۆن زۆر جار لافاو و زریان لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، یا ئاگر کەوتنەوەکەی ئوسترالیا نەبونە قەیرانێکی جیهانی، هەرچەندە زیانەکانی ئەو کارەساتە سروشتیانە بەدەیەها ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن. کەواتە، ئەوەی وا دەکات کە ڤیرۆسی کۆڕۆنا ئەو کاریگەریەی هەبێت بریتیە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا و بونی بە قەیرانێکی جیهانی. لێرەوە کاریگەری خۆی دروست دەکات لەسەر ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی سەرجەم شمەک و خزمەتگوزارییەکان لە جیهاندا. لە حاڵەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە ماوەیەکی کەمدا، بازاڕەکان دوبارە بوژانەوە بە خۆیانەوە دەبینن.

 

سەرچاوەکان:

 

  • Mark Thompsonand John Defterios, (March 6, 2020), Oil just had its worst day in 11 years as OPEC and Russia fall out over the coronavirus crisis, CNN Business, Available at: https://edition.cnn.com/2020/03/06/business/oil-prices-opec-disarray/index.html
بەشکردن: