وێنەیەکی دروستکراو بە ژیری دەستکردی داڵ-ئی

~ د. لائق حەمە

ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووی دا و تەواوی زانکۆ و دەوڵەتانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، تەنها بریتی نیە لە “چات”ێک بەناوی “چات جی پی تی”. ئەم جۆرە لە ژیری دەستکرد، سەرەتاکەی بریتیە لە تێگەیشتن لە زمانی ئاسایی، کۆتاییەکەی بریتیە لەوەی کەوا خۆی خۆی زیرەکتر بکات بەخێراییەکی پێشبینی نەکراو بەرەو دروستکردنی “ژیری باڵا” بڕۆین. ژیری باڵاش بە سادەترین تێگەیشتن بریتیە لە مەکینەیەک یان کۆمەڵێک کەس کە خاوەنی مەکینەیەک بن کە توانای هەموو شتێکی هەبێت. وەک ئەوەی چ مەکینەکە، چ کۆمەڵێک کەس یان کۆمپانیایەکی وەک مایکرۆسۆفت بتوانێت ببێتە خاوەن دێوەکەی عەلادین. ئەمەش بەڕاستی ئەوەندە مەترسیدارە کە لە دوا کۆبوونەوەی ٧ زلهێزەکەی (گ٧) دنیادا یەکێک لە تەوەرەکانیان ژیری دەستکرد بوو.

پێشەکی

لە چەند شوێنی تر نووسیومە کە باسکردنی هەندێک بابەتی گرنگ بۆ کۆمەڵگایەک کە لە ٢٠٢٣دا هێشتا کارەبای موەلیدە و تەنکی سەربانیان هەبێت تەنها خۆماندووکردنە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە نەوەکانمان لە داهاتوودا نەڵێن خۆ دەکرا ئەوان دوو دێڕیان بنووسیایە، بۆیە هەرچەند نووسینی لەم شێوەیە جێگای خۆی ناگرێت بەڵام مانای ئەوە نیە کە نابێت بنووسین. من باش دەزانم دەسەڵاتدارانی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە لە خوێندنەوەی بابەتێکی وەهاشدا، یەکەم ماڵپەڕەکە و دوەمیش چەندە کەسەکە لە خۆیانەوە نزیکە لایان گرنگترە تا ناوەڕۆک و توانای نووسەر. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵم دا کەسێکی وەک پرۆفیسۆر ماکس تەگمارک قسەمان بۆ بکات بەڵام دیارە ئەوان بە شتی ترەوە سەرقاڵن یان داوەتنامەکەی ئێمە بە بچووک دەزانن.

پێشتر لە بابەتێکی تردا نووسیبووم کەوا چیتر پێویست ناکات سەرباز بنێرن. ڕاستیەکەی ئەوەیە وەک لە کتێبی هۆمۆ دیوس (مرۆڤەخودا) دا هاتوە کە چینی “بێکەڵک” لە دروستکردندان [١]، بەبڕوای من لەم دنیا نوێیەدا نەک سەرباز نانێرن، دەبێت خوازیار بیت دەوڵەتێکی گەورە داگیرت بکات یاخوود کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆجیا بنکەیەک لە وڵاتەکەتدا بکاتەوە وەک ئەو هەموو میوانداریەی لە کۆمپانیاکانی نەوت دەکرێت. چوونکە ئیتر کانزای بەنرخ تەنها لیسیۆم و پێداویستیەکانی تری دروستکردنی باتریە نەک کاربۆن (نەوت) بۆ دروستکردنی وزە. ئەمڕۆ، وڵاتە پێشکەوتووەکان، چ ڕۆژاوایی چ ئەوانی تر، ئیتر پێویستیان بەوە نەماوە لە وڵاتێک جەنگ دروست بکەن تا خەڵکەکەی ڕا بکات و لای ئەوان ببێت بە شۆفێری تەکسی. بەڵکوو تەنها و تەنها کۆمەڵێک خەڵکی تایبەتیان پێویستە کە داهێنانی گەورە بکەن چوونکە چیتر دەسەڵاتی کۆمپانیاکان گەورەترە لە دەسەڵاتی دەوڵەت. دیسان وەک پرۆفیسرۆ حەراری لە هۆمۆ دیوس’دا دەڵێت: چی دی کۆمەڵێک “سوپەر مرۆڤ” [٢] لایان گرنگ نیە کەوا دەوڵەت ملیۆنەها خەڵکی تر بەخێو بکات.

لەم پێشەکیەدا گرنگە بنووسم: ترساندن کارێکی ئاسانە، هیوادرووستکردن سەختە. بۆیە ناکرێت تەنها دەست لەسەر برینەکان دابنرێت و ئازارەکان بەسوێتر بکرێن. هەروەها لانی کەم هەر پرۆفیسۆر حەراری خۆی لە کتێبی “ساپیەنز”دا دەنووسێت بۆ یەکەمجارە کەسانی دیندار، خاوەنکار، و سیاسیەکانیش بەتەواوی بڕوایان بە ئاشتی هەیە. ئەگەر پێت خۆشە زیاتر لەم ڕووەوە زیاتر بخوێنیتەوە بڕوانە کتێبی “فریشتە باشترەکانی سروشتمان” کە ستیڤن پینکەر نووسیویەتی.

دوا گۆڕانکاریەکان

ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووی دا و تەواوی زانکۆ و دەوڵەتانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، تەنها بریتی نیە لە “چات”ێک بەناوی “چات جی پی تی”. ئەم جۆرە لە ژیری دەستکرد، سەرەتاکەی بریتیە لە تێگەیشتن لە زمانی ئاسایی، کۆتاییەکەی بریتیە لەوەی کەوا خۆی خۆی زیرەکتر بکات بەخێراییەکی پێشبینی نەکراو بەرەو دروستکردنی “ژیری باڵا” بڕۆین. ژیری باڵاش بە سادەترین تێگەیشتن بریتیە لە مەکینەیەک یان کۆمەڵێک کەس کە خاوەنی مەکینەیەک بن کە توانای هەموو شتێکی هەبێت. وەک ئەوەی چ مەکینەکە، چ کۆمەڵێک کەس یان کۆمپانیایەکی وەک مایکرۆسۆفت بتوانێت ببێتە خاوەن دێوەکەی عەلادین. ئەمەش بەڕاستی ئەوەندە مەترسیدارە کە لە دوا کۆبوونەوەی ٧ زلهێزەکەی (گ٧) دنیادا یەکێک لە تەوەرەکانیان ژیری دەستکرد بوو. هەڵبەت هەموو دەزانین کە دێوەکە توانای کاری باشیشی هەیە. کێشەکە لەوەدایە کە مرۆڤ لە ٣٠ هەزار ساڵی ڕابردوودا مێژوویەکی نیە بەناوی چاخی “خزمەت” یان چاخی “خێر و خۆشی”. بۆیە هەمووان لەوە دەترسین ئەم تەکنۆلۆجیایەش وەک زۆربەی تەکنۆلۆجیاکانی دیکە بۆ لەناوبردنی “ئەوان”ی تر بەکار بهێنن. هەروەها کەسانی پسپۆڕی بواری خراپ بەکارهێنانی داتا دەڵێن ئەم گۆڕانکاریانە بریتین لە درێژی سیستمی سەرمایەداری و چەمکی “سەرمایەداریی چاودێری” بۆ بەکار دەهێنن.

کە بەو شێوەیە مەترسیەکەمان ڕوون کردەوە دەکرێت بچینە ناو بابەتەکە و بڵێین، لە دۆخێکی وەهادا دەبێت دەوڵەتێکی وەک عێراق یان هەرێمێکی بێدەسەڵاتی وەک هەرێمی کوردستان چی بکات؟ یان بەشێوەیەکی تر، گریمان کەسێک لەو دوو دەسەڵاتە (بەغدا و هەولێر) ڕای سپاردووین خۆمان بۆ ئەو دۆخە حازر بکەین، چی بکەین باشە؟

وەڵامە خێراکە ئەوەیە کەوا چەندە لە بابەتی گۆڕانی ئاو و هەوادا ئەم جۆرە دەوڵەتانە قسەیان دەڕوات ئەوپەڕی ئەوەندەش لەم بابەتەدا قسەیان دەڕوات. بۆیە ئەگەر بڕیار بێت هەنگاوەکە ئەوە بێت کە با فڵان دەوڵەت لە ڕێگای فڵان ڕێکخراو یان پەیوەندیەوە هەوڵ بدات مەترسی ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیە کەمتر بکاتەوە، ئەوە بەڕای من هیچ‌ ئەنجامێکی نابێت. خوێنەری کورد هیوادارم ئاگاداری ئەوەبن کەوا لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەپێی ئەم کتێبە [٣] کە بە قوڵی مێژووی سەرمایەداری باس دەکات لە چوارچێوەی تێکدانی کەشوهەوای زەوی لەلایەن ڕۆژاواییەکانەوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەداخەوە پێشەنگ دەبێت لە دەرکەوتنی نیشانەکانی گەرمبوونی زەوی و لەگەڵ بەردەوام بوونی دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا، بە قسەی ئەو، بۆ هەمیشە وشکەساڵی تێدا دروست دەبێت. لەوانەیە خوێنەر بڵێت، ئەم دوو بابەتە چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟ سادەترین وەڵام ئەوەیە کە هەردووکیان دروستکراو یان لێکەوتەی سەرکێشیەکانی دەوڵەتانی ڕۆژاوایە و کاریگەریە خراپەشی بۆ خەڵکی دیکەیە بەتایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی بە “جهیانی باشوور” ناو دەبرێن.

با پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە، چەن شتێکی دیکە هەیە لەبەر چاوی بگرین. بۆ نموونە: ئایا ئەم جۆرە نوێیەی تەکنۆلۆجیا دەبێتە هۆی جیاوازی گەورە لەنێوان وڵاتەکاندا یان سنووری نابێت و جیاوازیەکە لە نێوان دوو لایەندا دەبێت کە لایەنێکیان خاوەن ئەم تەکنۆلۆجیایە بن و لاکەی تریش هیچ بێ گوێدانە هاوڵاتی بوونیان؟ بەڕای من بەڵێ ئەم سیناریۆیە دروستترە وەک لەوەی بووترێت نەخێر سۆسیالیزم یان هەر مەزهەب و پرەنسیپێکی تر بتوانێت وا لەوانە بکات کە خاوەنی ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیەن کەوا تەواوی دانیشتوانی دەوڵەتێک مافی ئەوەیان هەبێت کە لە سوودەکانی ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیەدا بەشدار بن. بۆچی؟ چوونکە خۆی ئەگەر دێوەکەی عەلادین بێت دەتوانێت هەموو سنوورێکی بیرکردنەوەی ئێمە ببڕێت.

ڕۆڵی دەوڵەتانی وەک عێراق چیە؟

ئەوی شارەزای مێژووی ڕۆیاڵ سۆسایەتی (کۆمەڵگای شاهانە)ی بەریتانی بێت دەبێت بزانێت پێش ئەوان زانست بەو شێوە ڕێکخراوە نەکراوە و ئەنجام نەدراوە. چەندە گرنگە بزانرێت بنەماکانی بیرکاری لە فڵان و فیسارەوە لە فڵان و فیسار شارستانیەتەوە هاتووە، ئەوەندەش گرنگە بزانرێت کە ڕۆیاڵ سۆسایەتی و نموونەکانی تری لە ئەوروپادا، بە مێژووی بنەماڵەی مەدیچیەکانی ئیتالیاوە هێندە گرنگە لە مێژووی پێشکەوتنی زانستدا. بۆچی؟ چوونکە، دیسانەوە پرۆفیسۆر حەراری دەڵێت، هاریکاری کردن گرنگە نەک تاکێکی بلیمەت یاخوود دروستکردنی ئامێر یان ئامرازێک.

هەر بۆیە ئەگەر خوانەخواستە ئەم نووسینە بگاتە دەسەڵاتداران، کە لە هەواڵێکدا وا دیارە سەرۆکوەزیرانی ئێراق لەگەڵ یەکێک لە پرۆفیسۆرەکانی بوارەکە قسەی کردوە و کارێکی مەحاڵ نیە، دەکرێت نەک لەگەڵ کەسێکی بەڕەگەز ئێراقی قسە بکرێت، دەکرێت ئەم هەوڵە زۆر جددیتر کاری لەسەر بکرێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە قسە بکرێت. هەموو دەزانین دەوڵەتێکی وەک ئێراق ئەگەر بە ژێردەستەییش بێت قسەی هەیە لە یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا کە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتە کە تا ئێستاش یەکەم سەرچاوەی وزەیە بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی ژیری دەستکردیش. دەکرێت دەوڵەتی ئێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بابەتی نەوت گرنگتر تەماشای ژیری دەستکرد بکەن و ئەگەر پسپۆڕانی بوارەکەش نەیانەوێت کار لەگەڵ ئەواندا بکەن، خەریکی پێگەیاندنی پسپۆڕ بن.

چۆن؟ وەک لەسەرەوە وتمان ئەم جۆرە لە باسکردن لە کاتێکدا کارەبای موەلیدە و تەنکی سەربان هەیە بەڕاستی مایەی گاڵتە جاڕیە بەڵام گریمان (دەزانم چەن گریمانەیەکی سەختە) ویستێک هەیە ئەو خزمەتگوزاریە بنچینەییانە چارەسەر بکات. گریمان ئەو پرۆسەیەش ١٠ ساڵی پێ دەچێت. لەم دە ساڵەدا:

١. گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەروەردەدا بەوەی تەکنۆلۆجیای زانیاری جێگای وەک بابەتە بنچینەیییەکانی تر نەک دیار بێت بەڵکوو بابەتەکانی تر هەموو لە چاوی زانستی کۆمپیوتەرەوە تەماشا بکرێن و بوترێنەوە.

٢. دەوڵەت چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ نەوتدا دەکات بەهامان شێوەش هەڵسەوکەوت لەگەڵ ژیری دەستکرد بکات و دەست بکات بە سەرمایەگوزاری لەو کۆمپانیایانەدا کە پێشەنگن یان خەریکی دەستپێکردنن.

٣. لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا بە گەرمی ئەگەر هاریکاریش نەکەن چاودێری ستراتیجەکانی ئەوان بکەن بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداو کە بڕوام وایە لە کاروانەکە دوا نەکەوتوون و هاوزمانی دەوڵەتی ئێراقن.

٤. لەگەڵ هەردوو زەبەلاحی دنیادا کە پێشەنگن لە بوارەکەدا (بەریتانیا و ئەمریکا) دۆستایەتی ستراتیجیان هەیە بۆیە ١ بۆ ٣ زۆر ئاسانە بۆیان. جگە لەوەش ڕاستەوخۆ چاودێری پێشکەوتنەکانیان بکەن و هەوڵ بدەن وەک بواری نەوت یان چەک گرنگی بەم بوارەش بدەن لەگەڵیاندا.

خۆ ئەگەر هاتوو (٢) کاری لەسەر کرا، ئەوکاتە دەکرێت هەم ستراتیجەکە ڕوونتر بکرێتەوە، هەم میکانیزمی خۆ ئامادەکردنەکە. چوونکە لە باشترین حاڵەتدا ڕۆڵەکەیان تەنها ڕۆڵێکی کەمکردنەوەی کاریگەریەکانە تا دۆخی کارەبا و تەنکی سەربان ئاوها بێت. هاوکات دەزانین کە گەندەڵی چۆن بە تەواوی دەمارەکانی دەوڵەتی ئێراق و هەرێمی کوردستانیشدا بڵاو بۆتەوە، بۆیە هەر هەوڵێکی دەسەڵاتدارنی ئێستای بەغدا و هەولێر بەدڵنیاییەوە بریتی دەبێت لە هەوڵێکی خزمخزمێنە و واستە و واستەکاری. بەڵام هەرچۆنێک هەبێت، لەوانەیە ئەگەر یەکێک لەو ‘سوپەر مرۆڤ”ـانەی حەراری باسی دەکات لە بەغدا، تاران یان ئەستانە (ئیستانبوڵ) بێت باشتر بێت وەک لەوەی لە کالیفۆرنیاوە پێی بووترێت دەبێت خەمی وشکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بخۆیت.

ئەو ستراتیج و میکانیزمانە چی دەبن؟ یەکجار سەختە قسەکردن لەسەری. کاتێک دەسەڵاتداران ویستیان ئەو کارە بکەن دەکرێت ئەو کەسانەی ڕادەسپێردرێن ئەو وردەکاریانە بنووسن و لەوانەشە پێویست بکات بە پارێزراویش بیهێڵنەوە نەک لە بابەتێکی میدیاییدا باس بکرێت.

لە کۆتاییدا، هیوادارم ئەم ترساندن و هیوادروستکردنە، ئەگەر هیچ نەکات هاندانێک بێت کە لە ٢٠٢٣دا ناکرێت دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی ئێراق باسی ژیری دەستکرد بکات ئەگەر پلانی لەناوبردنی موەلیدە و تەنکی سەربانی نەبێت. هەروەها دروستکردنی هێزێک، وەزارەتێک یان کۆمپانیایەکی گەورە کە وەک کۆمپانیای نیشتیمانی نەوت کارێکی مەحاڵ نیە کەوا کاری ئەوە بێت هەم مەترسیەکانی ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیە هەم ئەگەر پێی بکرێت سوود لە تواناکانی تەکنۆلۆجیا نوێیەکە وەربگرێت. لەڕاستیدا ئەگەر ویستی گۆڕانکاریەکە هەبێت و پشتیوانی تەواوی هەبێت، هەموان دەزانین کە  مەحاڵ نیە و چەندە توانا دەرەکیەکان دەکرێت پێشەنگ بن، توانا ناوخۆییەکان (لەناویشیاندا کەسانێک خەڵکی ناوچەکە بن بەڵام لە دەرەوە بژین) دەکرێت ڕۆڵی ئەو توانا دەرەکییانە ببینن. بەڵام ئاشکرایە نە مۆدێلی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی سەرکەوتوو بووە، نە مۆدێلی فەرمانڕەوایی هەردوو دەسەڵاتەکە، بۆیە لەناو دۆخێکی وەهادا وەک لە پێشەکیدا هاتوە، ڕۆڵ بینینی ئەم دەوڵەتانە نزیکە لە مەحاڵ لەبەر ئەوەی نایانەوێت (بڕوانە ئەم کتێبە) کاری لەم جۆرە بکەن کە بابەتێکی فراوانە و بابەتی ئەم نووسینە نیە.

پێڕست:

[١] مرۆڤە خودا: کورتەیەک لە مێژووی سبەینێ. یوڤاڵ حەراری (بە ئینگلیزی)، چاپی ٢٠١٦ لەندەن. پەڕەی ٣٧٩

[٢] هەمان سەرچاوەی [١] و لێرەش زیاتر ڕوونی دەکاتەوە.

[٣] کەم زۆرترە: چۆن بچووکبوونەوە جیهان ڕزگار دەکات. جەیسن هیکەل. بڕوانە پێشەکیەکەی.

بەشکردن: