کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک چییە؟

ئاراس گوڵزار

کۆنفدڕاڵیزمی دیموکراتیک یەکێکە لەپایە فکریەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان، کەخۆی لەسەر بنەما و پێوانەکانی ئازادی ڕەگەزی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ و کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن و نەتەوەی دیموکراتیک بیناکردووە، ئۆجەلان بۆ پێکهێنانی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابووری و ئەخلاقیە کە لەسەر ئەرزی واقع ئێستا ڕۆژئاڤای کوردستانە، سودی لە تێزەکانی مۆرای بۆکچین وەرگرتووە، تایبەت دانراوەکانی لەسەر (شارەوانی ئازاد) و ( ئیکۆلۆژیای ئازاد)، ئەوە جگە لەوەی سودی لە میراتی فکری خۆرئاوا وەرگرتوە، خوێندنەوەیەکی قوڵیشی بۆ مێژووی ژیار و شارستانیەت کردووە بۆ داڕشتنی ئەم سیستەمە، ئۆجەلان پێیوایە مێژووی ناوچەکە مێژووی مۆزایکی گەلان و پێکهاتە و باوەڕیە جیاوازەکانە هەروەها ئەم ناوچەیە جێگەی پێکەوەژیانی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بووە، بەڵام ئایدۆلۆژیای دەوڵەت نەتەوە و سەرمایەداری ئەم مۆزایکەی شێواندووە و لەڕێگەی زۆرداری و پاوانەوە دەیان گەل و پێکهاتەی لەناوبردووە یان لەنێوخۆدا سڕیوەتەوە. بەبڕوای ئۆجەلان بۆئەوەی دیموکراتیزەبوون بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و ئارامی و ئاسایش بەرقەراربێ، پێویستە  کورد ڕوو لەم سیستەمە بکەن و ببنە پێشەنگ بۆ گەل و پێکهاتە و باوەڕیە جیاوازەکان.

لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین باس لە ناوەڕۆک و بەشێک ڕەگەزەکانی پێکهێنانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک بکەین.

سیاسەت لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا

پێچەوانەی ئەو باوەڕییەی کە سیاسەت کاری شەیتانە یاخود سیاسەت بۆ فریو و سەپاندنی هەژموون و دەستوێژی داگیرکاری و دەستدرێژیە، لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا سیاسەت بە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە دەبەسرێتەوە کە بریتیە لە (هونەری دەستخستنی جوانی) هونەری بەدەستخستنی ئازادی و دەستوێژ بۆ بەڕێوەبردنێکی ئەخلاقی و ویژدانی کۆمەڵگا. سیاسەت لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا لە دەست نوخبە و دەسەڵات دەردەهێنرێت و دەبەخشرێتەوە بە کۆمەڵگا، کۆمەڵگاش بەڕێگەی دیموکراسیەکی ڕاستەوخۆوە تەعبیر لە ویست و ئاوات و ئامانجەکانیان دەکەن. هەروەها سروشتی بڕیارگرتنە سیاسییەکانیش ئاسۆییە و لەخوارەوە بۆسەرەوەیە، ئەوەش بەڕێگەی کۆمیناڵێتیەکان کە لە ئەنجومەنی گەڕەکەوە دەسپێدەکات بۆ گوند و باژێڕەکان تا دەگات بەئەنجومەنی گشتی. هەم داڕشتنی سیاسەتی ڕۆژانەیی – تاکتیکە سیاسیەکان هەم ستراتیژی سیاسی ماوەدرێژ لەنێو خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتیکدا بەتەنها لە دەستی پیاودا نیە، بەلکی ژنانیش هاوشێوەی پیاوان سیاسەت بەڕێوەدەبەن، دیسان ڕۆژئاڤا نمونەی باڵامانە کە لەو ستاتۆیەدا ئیدی سیاسەت پیاوێکی ورگنی عەینەک لە چاوی دەسەڵاتخوازی فریودەرو سیفات حەربا نیە بەلکی ئەو کیژەیە کە بەڕووی فاشیزمدا دەجەنگێ و بەڕووی ژیانیشدا پێدەکەنێ.

ئابووری لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا

ئابووری وەک هەموو چەمکەکانی دیکە لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا پێناسە و واتای جیاواز بەخۆوە دەگرێ، بە بڕوای ئۆجەلان چەواشەکاری مەزن لەم چەمکەدا کراوە و ئابووری کراوە بە ئامرازی چەوسانەوە، بۆئەوەی ئەم چەمکە لە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردن دەربازی بێت، پێویستە وەک ئەوەی هەیە پێناسەبکرێ نەک بەگوێرەی بەرژەوەندی سیستەمی دەوڵەت و سەرمایە.

ئۆجەلان دەڵێت: ئابووری واتە ئیکۆنۆمۆس، ئیکۆ بە واتای (ماڵ-خانە) دێت و نۆمۆس-یش بەواتای (یاسا)دێت، بەگشتیش بەواتای یاسای بەڕێوەبردنی ماڵ دێت. هەروەها ئۆجەلان ئاماژە بەوەدەکات کە لە قۆناخی ژنسالاریدا پێش زاڵبوونی پیاو، ژن خاوەنی ماڵ بووە و ئابووری لە دەستی ژندا بووە، ئەو بەرهەمانەشی لەدەستدابووە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشکردووە و ئەوەشی زیادبووبێ هەڵیگرتووە بۆ کاتی پێویستی، بەڵام هەرگیز بەرهەمی کەڵەکە نەکردووە بۆ قازانج و سەپاندنی هەژموون و داگیرکردنی پیاو.

ئۆجەلان لە گەڕانەوە بۆ ڕاستینەی ئەم چەمکە ئامانجدارانە هەڵسوکەوت دەکات، یەک لەو ئامانجانە دەرهێنانی ئابوورییە لە دەست سیستەمی دەوڵەت و سەرمایە کە پیاوی دەسەڵاتخواز ڕێبەرایەتی دەکات، دووەم دەیداتە دەست ژنی ئازاد و دیموکراتیک و دادپەروەر، سێیەم ئەو ئابووریەی کە سیستەمی دەوڵەت وسەرمایە بە ڕێگەی کەڵەکەکردنەوە چینێکی پێ دەکاتە خاوەن هەمووشت و زۆرینەی کۆمەڵگاش برسی و تەسلیم دەکات، دەیداتەوە دەست خودی کۆمەڵگە و ئابووریەکی کۆمیناڵی لێ بەرهەم دێنێت. ئابووری کۆمیناڵیش ئەڵتەرناتیڤی ئابووری سەرمایەدارییە، لە ئابووری کۆمیناڵدا بەگوێرەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا شت بەرهەم دێنێت، بەڵام لە ئابووری سەرمایەداریدا زیاد لە پێویستی کۆمەڵگا بەرهەم دێنێت و لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاکەیەوە کە نیولیبڕاڵیزمە مرۆڤ سازدەکا بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی، جگە لەوەش کلتووری مەسرەفگەری وەک ڤایرۆسێک دەخاتە نێو کۆمەڵگا، ئۆجەلان ئەم جۆرە نەک بە ئابووری نازانێ بگرە زۆر مەترسیداریش دەیبینێ لەسەر ئێستا و داهاتووی مرۆڤ و زیندەوەران و سروشتیش بەگشتی، چونکێ لە ئابووری سەرماداریدا مرۆڤ دەبێتە کاڵا و پارچە پارچە دەکرێ لەسەر هەر پارچەیەکیش نرخ دادەنرێ، بەتایبەتی ژن، هەرئەمەشە وا لە ئۆجەلان دەکات بڵێت: ئەوە پارە نییە کە شاژنی کاڵاکانە بەلکی ئەوە ژنە بووە بە شاژنی کاڵاکان. بەڵام لە ئابووری کۆمیناڵدا مرۆڤ بە سروشتی خۆیەوە دەژی و نابێتە کاڵا، خاڵێکی دیکە کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێ ئەوەیە، لەنێو ئابووری کۆمیناڵدا داهات بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆمەڵگادا دابەشدەکرێ، بەبێ جیاوازی ڕەگەز- ئاین – نەتەوە، و بە ڕێگەی ئابووریشەوە کۆمەڵگا خۆی پێش دەخات بەڵام بەپێچەوانەوە ئابووری سەرمایەداری لەپێناو چینێک دایە و جیاوازی ڕەگەزی – ئاینی- نەتەوەیی بەردەوام جێگەی باسە.

پرسی ئیکۆلۆژی (ژینگەپارێزی) لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا

لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا ئیکۆلۆژی وەک ئەڵتەرناتیڤی پیشەسازیگەرایی جێدەگرێت، ئەو پیشەسازیگەراییەی کە سیمایەکی دیار و وێرانکەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە. پێویستە ئێمە ئەوە بزانین کە سیستەمی سەرمایەداری سروشت و ژینگە وەک ئامرازی دەستخستنی قازانج چاولێدەکات، لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاکەشیەوە ئەو فکرە پێشدەخات کە مرۆڤ وەک بەشێک لە سروشت نەبینرێت بەلکی باڵادەستی بەسەر سروشتدا پێکبێنێ و خۆی لەسەر سروشت و زیندەوەرەکانی ناوی زاڵ و سەنتەر ببینێ. بۆئەم مەبەستەش کەڵک لە فەلسەفە و زانست وەردەگرێ، بەتایبەت فەلسەفەی نوێ و ڕەوتی هیومانیستی، یەک لەوانە فرانسس بیکۆنە کە دەڵێت: پێویستە مرۆڤ سەنتەربێ و باڵادەستی بەسەر کۆی دیاردەکاندا هەبێ” هەروەها زانستگەرای دەوڵەت و سەرمایە کە لە ئەخلاق و ویژدان داماڵراوە و لە ئەرکە سەرەکییەکەی دوورخراوەتەوە و کەوتۆتە خزمەتی کۆمپانیاکانی سیستەم.

زیاتر بخوێنەرەوە: ئیکۆلۆجی لە بیرکردنەوەی ئۆجەلاندا؛ کاریگەرییەکانی بوکچین لەسەر ئۆجەلان چین؟

گەر چاولێکەین سیستەمی سەرمایە و زانستەکەی دەستی بردووە بۆ جینات و خانەکانی ڕووەک و میووە و گیانەوەران و لە سروشتی خۆیانی دابڕیون و ڕێگەنادات بە ڕێگەی هەبوونی سروشتیانەی خۆیان گەشەبکەن و بژین، بە قەولی (یۆڤاڵ نوح هەراری) لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا، ڕووەک و گیانلەبەران بە میکانیکی کراون و وەک ئامێرێک بەکاردەهێنرێن و گۆڕاون بەکاڵا و نرخیان لەسەر دانراوە. وەک ئەوەی دۆڵۆز لە سەیرورە (بوون بە) ئاماژەی پێکردووە، ئەوەی لەبەرێدا بەشێکبوون لەئێمە و ئێمەش وەک بەشێکی دانەبڕاو لەوان خۆمان دەبینی نەماوە؛ بە مانایەکی دیکە ئیدی لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا ئێمە ئەوان بەزیندوو نابینین و هەست بە ئێش و ئازارەکانیان ناکەین، بەلکی بەخێرایی دەیانگۆڕێت بەکاڵا بۆ قازانجی زیاتر.

گەرچاو لە پیشەسازیگەرایی و دەرئەنجامەکانی بکەین گەلێ وەحشەتناکە، گۆڕینی جیناتی میوە و گیانلەبەران، پیسبوونی ئاوەکان، گەرمبوونی هەوا و توانەوەی شاخە سەهۆڵیەکان، وێرانکردنی ژینگە و کەمبوونەوەی سەوزایی، بەکارهێنانی بۆمبەکان و شەڕە یەک لەدوای یەکە بایۆلۆژیەکان… تاد بوون بە هۆکاری تێکچوونی هاوسەنگی سروشت و کەوتنەوەی جۆرەها نەخۆشی دەگمەن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەرەتان، لەدایکبوونی نامۆ وەک منداڵی یەک لاق و یەک چاو، پەیدابوونی دەیان جۆری نەخۆشی هەناوی، دروستبوونی سەدان ڤایروسی کوشندە و بەو دواییانەش کۆرۆنا ڤایرۆس کە جیهانی لەبەرابەر خۆیدا دەستەوەساند کرد.

کۆنفیداڵیزمی دیموکراتیک لە بەرامبەر ئەو قەیرانە مەترسیدارەی کە پیشەسازیگەرایی و زانستەکەی توشی کۆمەڵگاکانی کردووە، ژینگەپارێزی و کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی بەبنەما دەگرێت، فەلسەفەی ئەم سیستەمەش بۆ ڕێگەچارەیەکی تەندروست بەو ڕەنگەیە؛ پێویستە مرۆڤ خۆی وەک بەشێک لە سروشت ببینێت لە هەمان کاتیشدا ڕادیکاڵ بێ پەیوەست بەو باوەڕییەی سروشت زیندووە و بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی ئەو، ژیانکردنیشی لەنێو سروشت و ژینگەدا بە شێوەیەکی ئەقڵانی و ئەخلاقی و ویژدانی بێت و میهرەبان و وەفاداربێ لە بەرامبەریدا، لەو نامۆبوونەی توشی هاتووە خۆی دەربازکات و لەگەڵ سروشت و ژینگە ئاشتی پێکبێنێت و لەسەر بنەمای قازانج هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکات. وتەیەکی دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەمریکا هەیە دەڵێت: گەر باڵندە و ڕووەک و ئاوەکان لەناو ببەیت شتێک نامێنێتەوە بە ناوی ژیانەوە، بەڵام گەر ئەم بوونەوەرە دوو دەست و دوو لاقە خۆبەزلزانە لەناوبچێ، ژیان وەک خۆی بەردەوامی دەبێ”

ئەم جۆرە لە هۆشیاری ژینگەیی ئێستا خەریکە لە ڕۆژئاڤای کوردستان جێدەگرێ و کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی پێشدەخرێ، پێچەوانەی دەستەڵاتدارێتیی باشوری کوردستان کە چەتەگەری سیاسی هاوشان بە سەرمایەداران ژینگە وێران دەکەن کە دژە بە بنەڕەتی باوەڕییەکانی کۆمەڵگای باشور، هەروەها پێچەوانەی ئەو بزوتنەوە ژینگەیانەش کە خەریکی پینەکردنی قەیرانەکانی سیستەمن، کارا و ڕادیکاڵە.

ئازادی ژن لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا

لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا زانستی ژن (ژنۆلۆژی) وەک ئەڵتەرناتیڤی سیستەم و کلتووری پیاوسالاری ڕەگەزگەرا جێدەگرێت، ئەو هەڵاواردنە ڕەگەزیە-سێکیزمەی کەلەنێو پێکهاتەی خێڵ-دەوڵەت دایە و ئازادی ژن بن پێ دەخات، جێدەهێڵرێ و دەربازدەکرێ، ژنان لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا بەشێوەیەکی ئازاد و کارا بەژداری دەکەن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، جگە لەوەش چاندی خۆیان پێکدەهێنن و خۆیان بە سوپا دەکەن، وەک ئەوەی بینیمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان داستانی گەورەیان پێکهێنا بە ڕێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە (یەپەژە) لە شەڕی داعشدا، هەروەها لەهەموو یەکەیەکی سازی و ڕێکخستنی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگاوە سیستەمی هاوسەرۆکیان ئاواکردووە، ئەوەش بەواتای ئەوەدێت لە هەموو پرسەکاندا خاوەن بۆچوون و لێگەڕین و بڕیاردانن، پێچەوانەی ئەو باوەڕیەی کە ژنان وەک بوونەوەرێکی لاواز و پاشکۆی پیاو دەبینرێ، ژنان لە ڕۆژئاڤا پێشەنگی پیاوانیش دەکەن، واتە خۆیان پێشدەخەن.

 فرەیی لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا

پێویستە مرۆڤ جیاوازی لەنێوان دوو چەمکدا بکات، ئەوانیش (جیاوازی) لەگەڵ (دژ)، ئەوە ڕوونە جیاوازی بەواتای دژ نایەت، بەڵکو بەواتای تایبەتمەندی و هەبوونی خۆسەری دیاردە و کەسەکان دێت، دەتوانین بەنمونەیەک ئەمە ڕۆشن بکەینەوە” ئێمە باخچەیەکی گوڵمان هەیە، پڕ لەگوڵی جیاوازە هەریەکەشیان بەتایبەتمەندی ڕەنگ و بۆنی جیاوازەوە، هەریەک لەم گوڵانە بە سروشتی خۆیانەوە نەبوونەتە مەترسی بۆ سەر یەکتر بە پێچەوانەوە کەرنەڤاڵێکی جوانیان دروستکردووە” لێرەدا پرسیارێک زیت دەبێتەوە، ئایا ئەو باخچەیە یەک جۆر گوڵی تێدابوایە جوان و واتادار دەبوو یاخود پێچەوانەکەی کە ئاژەمان پێدا؟ بێگومان ئەو باخچە جوان و سەرنجڕاکێش و ئارامی بەخش و شفابەخشە کە گوڵی زۆری لەخۆگرتووە.

ڕۆڕهەڵاتی ناوین جێگەیەکە فرە گەل و پێکهاتە و فرە ئاین و کلتوورە، لەنێو کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا جیاوازی و فرەییەکان بەقوڵی بەبنەما دەگیرێ و هێشوو ئاسا بە پەنای یەکەوە ژیان دەکەن، تایبەتمەندی کلتووری و فەرهەنگی و هونەری و فکرییەکان لەنێو نەتەوەو پێکهاتەوە و ئاینەکان دەوڵەمەندییەکی مەزن دەبەخشن و ژیان جوان دەکەن. نمونەی ئەم واتاداریانە ئێستای ڕۆژئاڤای کوردستانە کە هەریەک لە کورد و عەرەب و سوریانی و ئیسلام و مەسیحی و ئێزیدی لەخۆدەگرێت و بە ناسنامەی خۆیانەوە ژیان دەکەن، هەڵبەت ئەمە بۆ پارچەکانی دیکە و دەوڵەتانی هەرێمیش ڕاستە.

ئەم پارادایمە کە تەڤگەری ئازادیخوازی کوردان ڕێبەرایەتی دەکات، پێچەوانەی زهنیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە کە جیاوازی و فرەییەکان لەخۆیدا دەتوێنێتەوە و بوار بە پێکەوەژیانی ئەو گەل و پێکهاتانە نادات و ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر بنەمای یەک ئاڵا یەک نەتەوە یەک زمان و کلتوور بیناکردووە. هەم لەهەوڵدان پیاوانیش ڕزگاربکەن لەو ڕەوشەی لەپێشوودا تێیدا ژیاون.

بەشکردن: