ئیکۆلۆجی لە بیرکردنەوەی ئۆجەلاندا؛ کاریگەرییەکانی بوکچین لەسەر ئۆجەلان چین؟

توێژینەوەی: جیهاد حامی، تایبەت بە کوردستان تایمز

وەرگێڕانی: زانا عوسمان

بەشی یەکەم:

“ئۆجەلان بەو چارەسەرە ڕیفۆڕمخوازانەی لەلایەن بزووتنەوەی سەوزەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ئیکۆلەژیەکەدا پێشنیار دەکرا قایل نەبوو. لەبری ئەوە، ئەو وای دەبینی کە “بۆ شیکارییەکی دروستی پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشتەوە، ناتوانین خۆمان لە ڕێبازە شۆڕشگێڕەکان لابدەین”. ئۆجەلان بە قووڵی باوەڕی وا بوو کە پێویستە هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە سنووردارییەکانی پارادایمی سەدەی نۆزدە تێپەڕێنێت –گەر وشەکانی ئیمانوێل واڵێستاین بەکار بهێنین- لەمەشەوە شیکارییەکەی فراوان کردووە تا لەخۆگرتنی “خەباتکردن دژی وێرانکردنی ناهەمواریی ژینگە و سەرشێتیی بەرخۆری. ئەو وای وێنا دەکرد کە پارادایمی نوێی سۆشیاڵیزم دەبێت ئیکۆلۆجی، یۆتۆپیانیزم، زانست و ئاکار لەخۆ بگرێت.”

لە ماوەی بەرخۆدانی مێژوویی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە شەڕی کۆبانێدا بوو کە شۆڕشی ڕۆژاڤا سەرنجی بەرەی چەپی لە ئاستی جیهانیدا ڕاکێشا. هەر لەو کاتەوە، هەرچەندە لە ئاستی پێویستیشدا نەبووە، مژاری شۆڕشی ڕۆژاڤا هەم لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا و هەم لە دەزگا میدیاییە ڕادیکاڵەکانی دەرەوەی ئەکادیمیادا شوێنێکی بۆ خۆی کردەوە.

لەم دەقانەدا، نووسەران بەگشتی بەلای ئەوەدا دەچن کە وەرچەرخانی ڕادیکاڵانەی بیریاری سیاسی و هاودامەزرێنەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان کەم تا زۆر کورت بکەنەوە لە دەرگیربوونی ئەو بە مێژووناس و فەیلەسووف مورای بوکچینەوە. ئارگۆمێنتی بنەڕەتی لەم توێژینەوانەی بوارەکەدا ئەوەیە کە ئۆجەلان شۆڕشگێڕێکی مارکسی-لینینی بوو کە دواتر، پاش ئەوەی لە زیندان خۆی بە کارەکانی بوکچین ئاشنا دەکات، دەبێتە سۆشیالیستێکی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ بە مەیلێکی بەهێزی ئانارشیستانە و کۆمیونیستانەوە. وەک وەڵامێک بۆ ئەمە، هەندێک لە ئەکادیمیست و چالاکوانە ناسیۆنالیستە بیرتەسکە کوردەکان کاریگەریی بوکچین لەسەر ئۆجەلان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، کەم دەنرخێنن یان ڕەت دەکەنەوە. هیچکام لەم ڕێبازانە لە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی فەلسەفی و سیاسیی ئۆجەلان و بوکچین سوودێک ناگەیەنن.

ئارگۆمێنتی من ئەوەیە کە ئۆجەلان بە سادەیی وەرگر بووە کاتێک ڕووبەڕووی کارەکانی بوکچین بۆتەوە. لەم بەشەدا، ئەوە دەخەمە ڕوو کە چۆن ئۆجەلان بەر لە خوێندنەوەی بوکچین بە گەشەکردنێکی وردەوردەی هزریدا دەڕوات لە مارکسیسم-لینینینزمەوە ڕووەو سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە. لە زینداندا، دەست دەکات بە “گەڕانەکەی بۆ حەقیقەت” (Öcalan 2012a). ئەو خۆی لەسەر ڕێگەی گەڕان بۆ جێگرەوەکاندا بوو کاتێک بوکچینی دۆزییەوە، ئەو کەسەی وەڵامەکانی دەخاتە بەردەست.

دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە زۆر فەیلەسووف و بیریار هەبوون کە کاریگەریی بەهێزیان لەسەر ئۆجەلان هەبووە. ئەمانە هەندێکیانن: ئیمانوێل واڵێستاین، فێرنارد برادڵ، ئەندرێ گەندەر فرانک، سەمیر ئەمین، فریدریک نیچە، میشێل فۆکۆ، ئیدوارد سەعید، هانا ئارنێت، فیمینستە مارکسییەکان، ڕۆزا لوکسمبێرگ، هەروەها قوتابخانەی فرانکفۆرت. لە ڕاستیدا، هەر یەک لەم ناو یان قوتابخانانە پێویستیان بە بەشی جیا هەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی چۆن بەشدار بوون لە گەشەکردنی بیرکردنەوەی ئۆجەلاندا. هەروەها هەرچەندە بوکچین و ئۆجەلان لەسەر هەندێک پرسی فەلسەفی و تیۆری هاوڕا نیین، من باوەڕم وایە ئەوان هەمان ئامانجی سیاسیی هاوبەشیان هەیە.

هەرچەندە پرسیاری تری بنەرەتی هەبوون – بۆ نموونە، ئازادیی ژنان – کە کاریگەرییان لەسەر وەرچەرخانی ئۆجەلان بەدرێژایی تێکۆشانەکەی هەبووە، من سەرەتا بە شێوەیەکی سەرەکی تیشک دەخەمە سەر ئەوەی چۆن ئۆجەلان لە ناوەڕاستی ١٩٨٠ کانەوە تا سەرەتای ٢٠٠٢، قۆناغی بەر لە بەرکەوتنی ئۆجەلان بە کارەکانی بوکچین، بە شێوەیەکی دیالێکتانە بیرکردنەوە سیاسی و فەلسەفییەکانی وەرچەرخاندووە بە چەشنێک کە دواتر دەچێتەوە سەر ئیکۆلۆجی. لە بەشی دوەمدا، ئەوە پیشان دەدەم کە چۆن ئۆجەلان ڕەهەندە فەلسەفی و سیاسییەکانی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی هەڵدەگرێتەوە.

هۆشیاریی ئیکۆلۆجی

لە پڕۆسەی خوێندنەوە ڕەخنەییە بەردەوامەکەیدا – لە ناوەڕاستی ١٩٨٠ کان و بەرەودواوە – بۆ بنەما فەلسەفییەکەی مارکسیزم-لینینیزمی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆجەلان پەیی بە سنوورداریی ئەو شیکرنەوە تەسکە بۆ چین\class برد کە ئەو دژیەکییە دوالیزمە پاڵپشتی دەکات کە مارکس پێی دەگووت “دوو کەمپە دوژمنە مەزنەکە”ی ناو سیستمی سەرمایەداری: بۆرژوازی و پڕۆلیتاریا. بە بڕوای ئۆجەلان، سەرمایەداری نەک تەنها بەشێوەیەکی خۆماکیانە لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری بێبەشکراو (پڕۆلیتاریا) لەلایەن چینی باڵادەستی خاوەن‌موڵک (بۆرژوازی)یەوە دژیەکی دروست دەکات، بەڵکو دژیەکیی کۆمەڵایەتی فراوانتریش دێنێتە ئاراوە کە درێژ دەبێتەوە بۆ وێرانکردنی سروشت:

ئەو دژیەکییەی نێوان چینەکان کە سەرمایەداری بەگەڕی خستووە چیتر تەنها دژی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو دژی سروشتیشە. ئەم دڕندەیە (سەرمایەداری) تەنها دابەشبوونی چینەکان و کۆڵۆنیالیزم بەهێز ناکات، بەڵکو سروشتیش وێران دەکات. سەرمایەداری چۆتە ناو ئاسمان و خاکەوە، لەوەشەوە هاوسەنگیی ئیکۆلۆجی سەرەوژێر کردۆتەوە و کۆمەڵگەی بردۆتە لێواری لەناوچوونەوە (Öcalan 2003, 29).

لە هەمان کتێبدا (١٩٩٨ بڵاو کراوەتەوە)، بە تێڕامان لەو مەترسییە گەورەیەی سەرمایەداری دەیخاتە سەر سروشت و ژیانی کۆمەڵایەتی، ئۆجەلان چەند کێشەیەکی زۆر گرنگ و بەپەلە دیاری دەکات کە سەرمایەداری دروستی کردوون، وەک گەشەی پێشترنەبینراوی دانیشتوان، سەرهەڵدانی پەتاکان، گۆڕانی کەشوهەوا، گەرمبوونی زەوی، پیسبوونی ژینگە و بەبیابانبوون. ئۆجەلان ئەم کێشە ئیکۆلۆجیانەی بە کێشەی تەواو مەترسیدار هەڵسەنگاندووە، مەترسیدارتر لە “مەترسیی ململانێی چین بە چل جار.” سەرباری ئەوە، ئۆجەلان زیاتر دەڕوات تا وەسفکردنی سەرمایەداری بە شێرپەنجەیەک بۆ سەر ژینگە و ژیانی کۆمەڵایەتی. “سەرمایەداری ژینگە و گۆی ژیان پیس دەکات، شێرپەنجەیەکی بێدەرمان دووچاری کۆمەڵگە دەکات” (Öcalan 2003, 72).

ئۆجەلان بەو چارەسەرە ڕیفۆڕمخوازانەی لەلایەن بزووتنەوەی سەوزەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ئیکۆلەژیەکەدا پێشنیار دەکرا قایل نەبوو. لەبری ئەوە، ئەو وای دەبینی کە “بۆ شیکارییەکی دروستی پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشتەوە، ناتوانین خۆمان لە ڕێبازە شۆڕشگێڕەکان لابدەین” (Öcalan 2003, 40). ئۆجەلان بە قووڵی باوەڕی وا بوو کە پێویستە هەر بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە سنووردارییەکانی پارادایمی سەدەی نۆزدە تێپەڕێنێت –گەر وشەکانی ئیمانوێل واڵێستاین بەکار بهێنین- لەمەشەوە شیکارییەکەی فراوان کردووە تا لەخۆگرتنی “خەباتکردن دژی وێرانکردنی ناهەمواریی ژینگە و سەرشێتیی بەرخۆری” (quoted in Özcan 2006, 100). ئەو وای وێنا دەکرد کە پارادایمی نوێی سۆشیاڵیزم دەبێت ئیکۆلۆجی، یۆتۆپیانیزم، زانست و ئاکار لەخۆ بگرێت (Öcalan 2003).

پرسە ژینگەییەکان یەکێک بوون لەو تێما ناوەندیانەی لە نووسینەکانیدا کاری لەسەر کراوە (Öcalan 1999). بۆ نموونە، لە یەکەم کتێبی گرنگی ئۆجەلان کە لە زینداندا نووسراوە، بەرنامەیەکی نوێ بۆ بزووتنەوەی کوردی نەخشەڕێژ دەکات کە ناوەندەکەی پرسە ئیکۆلۆجییەکان بووە. وەک ئەوەی خۆی دەڵێت، “بۆ دەستپێکێکی ڕاستەقینەی نوێ، پرسە ژینگەیییەکان دەبێت لە بەرنامەکەدا بن.” بەردەوام دەبێت تا جەختکردنەوە لە گرنگیی بەپەلەی پرسە ژینگەییەکان: “ڕکابەرایەتی نێوان مرۆڤ و ژینگە دەکرێت هێندەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان کێشەساز بن” (ئۆجەلان ٢٠٠٧، ٢٥٥).

چەند دەیەیەک بەرلەوەی ئۆجەلان ڕەخنەکانی بخاتە سەر کاغەز، بوکچین ناڕازیبوونێکی هاوشێوەی بەرامبەر سنووردارییەکانی شیکردنەوەی مارکسی دەربڕی، کە بە بڕوای ئەو دژیەکییەکانی سەرمایەداریی لە پانتاییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەدا قەتیس دەکرد. بەلای بوکچینەوە، ئەم دژیەکیانەی ناو دەوڵەتی بیرۆکراسی کاپیتاڵیست نەوەک تەنها بە هەموو فۆڕمە کۆمەڵایەتییە پلەبەندەکاندا بڵاو دەبێتەوە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی سروشتییش: “ئەم دژیەکییە ڕێکخستنی چەوسێنەرانەی کۆمەڵگە دەکاتە دژی جیهانی سروشتی: جیهانێک کە تەنها ژینگەی سروشتی ناگرێتەوە، بەڵکو ‘سروشت’ی مرۆڤیش (Bookchin 2004, 5-6). ئەو بەردەوام دەبێت تا جەختکردنەوە لە گرنگیی ڕێبازێکی ڕادیکاڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دژیەکیانەدا: “دژیەکیی نێوان ڕێکخستنی چەوسێنەرانەی کۆمەڵگە و ژینگەی سروشتی لەودیو ئەگەری پێکەوەهەڵکردندایە: بەرگەهەوا، ڕووبارەکان، خاک و ئەو ئیکۆلۆجییەی پێویستە بۆ لەژیاندامانەوەی مرۆڤ شیاوی چارەسەرکردن نییە لەڕێگەی چاکسازی، سازان، یان گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ستراتیجییەوە” (Bookchin 2004,  6).

“لەسەر بنەمای ئەو ڕەخنەکاریانەی ئۆجەلان بۆ سۆشیالیزمی یەکێتی سۆڤیەت پێشکەشیکرد، دەستی کرد بە داڕشتنەوەی ڕێبازەکەی بۆ پرسی ئازادیی نەتەوەیی و ڕێبازی لینینی بۆ چارەی‌خۆنووسین. لەماوەی ساڵانی سەرەتایدا لە زیندان و دانوستانەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیدا لە ساڵی ١٩٩٣دا، ئەو ئۆتۆنۆمییەکی فیدڕاڵی وەک شێوەیەکی چارەی‌خۆنووسین خستە بەردەست، بەوەش دەستی لە پارادایمی مارکسی-لینینی بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ وەک ئامانجی کۆتایی چارەی‌خۆنووسین هەڵگرت.”

تەکنەلۆجیا

یەکێکی تر لەو پرسانەی ئۆجەلان خۆی پێوە سەرقاڵ کردووە تەکنەلۆجیا بووە. وتووێژ لەسەر ئەم پرسە باڵی بەسەر بەرەی چەپی سیاسیی پاش جەنگی جیهانیی دووەمدا کێشابوو. دیارترین بەشدارانی ڕەخنەی چەپ لە تەکنەلۆجیا بریتی بوون لە بوکچین، قوتابخانەی فرانکفۆرت (هێربەرت مارکۆزە، ماکس هۆرکهایم، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لەناو ئەوانی تردا)، هەروەها مارتن هایدگەر. ئەم فەیلەسوفانە بەهۆی وێرانکردنی سروشت لەلایەن تەکنەلۆجیا و ڕۆڵی تەکنەلۆجیا لە هێنانەئارای [ئامرازەکانی] جڵەوکردن و باڵادەستی بەسەر کۆمەڵگە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا هێرشیان دەکردە سەر تەکنەلۆجیا.

بە ئاگاداربوون لەو وێرانکردنە ئیکۆلۆجییەی سیستمی سەرمایەداری بەردەوامی پێ دەدا، ئۆجەلان دەستی کرد بە تێڕامان لە پرسی تەکنەلۆجیا –ی پاوانکراو لەلایەن سەرمایەدارییەوە- هەروەها پەیوەندیی تەکنەلۆجیا بە جڵەوکردن، زانست و سروشتەوە. ئەو وانەی ئەوە بە شەڕڤانانی پەکەکە دەدات کە “ئەم ڕۆژانە، تەکنەلۆجیا دێوێکە، کە ژینگە و گۆی ژیان وێران دەکات.” سەرباری ئەوە، ئەو تەکنەلۆجیا و ڕۆڵ و پێکهاتەکەی وەک ئامرازێک بۆ لەدەسەڵاتخستنی ویستی خەڵکی، هەروەها بۆ سڕینەوەی ئازادیی هزری دەبینی (Öcalan 2003).

وەک بیرمەندێکی دیالێکتیکی، ئۆجەلان دوو ئەگەری ڕێتێچووی بۆ تەکنەلۆجیا وێنا دەکرد. ئەو دەستبەجێ تەکنەلۆجیا وەک ئامرازێک تێدەگات بۆ ئازادبوون، کاتێک لە خزمەتی خەڵکدایە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا، هەروەها وەک چەوسێنەر کاتێک لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە بەدنیازانە بەکار دێت. “تەکنەلۆجیا، کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا دەکرێت یۆتۆپیای مرۆڤ بکات بە ڕاستی [لەبری ئەوە] لەلایەن کەمینەیەکەوە خراپ بەکار دەهێنرێت کە پێویستییە بنەماییەکانی مرۆڤایەتییان بۆ گرنگ نییە و واقیعی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ دۆزەخێکی زیندوو.” ئەو درێژە دەدات بە لێکچواندنەکە: “تەکنەلۆجیا وا دەبێتە دێوێک، کە هەڕەشەی هەڵلووشینی دروستکەرەکانی دەکات” (Öcalan, 2007, 245). بۆ چارەکردنی ئەمە، ئەو پاڵپشتیی بەدیموکراسیکردنی تەکنەلۆجیای دەکرد، لە پێناو ئەوەی کە ڕەنگە بکرێت بە ڕێگایەکی عەقڵانی و ژینگەدۆست بەکار بهێنرێت (Öcalan, 2007, 245).

ڕوانگەی ئۆجەلان نزیکترە لەوەی مارکۆزەوە، بە ئیلهاموەرگرتن لە بنەماکان (Grundrisse)ی مارکسەوە، کە تێیدا مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەکنەلۆجیا ماتەوزەی ئەوەی هەبووە کە زۆری و هەبوویی بۆ هەموان بەرهەرم بهێنێت، کە ئەمەش لە ئاکامدا وا دەکات خەڵکی جیهانی پێویستی تێبپەڕێنن و بچنە جیهانی ئازادییەوە. وەک خۆی دەڵێت “تەکنیک لە خۆیدا دەتوانێت برەو بە دەسەڵاتگەرایی و هەروەها ئازادیش، نەبوونی و هەروەها زۆری و هەبووییش، درێژکردنەوە و هەروەها ڕیشەکێشکردنی ڕەنجیش بدات” (Marcuse 1998, 41).

لەسەر پرسی تەکنەلۆجیا، هاوکارەکانی مارکۆزە، هۆرکهایم و ئەدۆرنۆ، ڕیشەی پرسی لایەنی چەوسێنەر و نەرێنیی تەکنەلۆجیایان گەڕاندۆتەوە بۆ پەیوەندییە سەرمایەدارەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتی سیاسیی سەرمایەدار (Horkheimer and Adorno 2002, 95). چەشنی هۆرکهایم و ئەدۆرنۆ، ئۆجەلان خودی تەکنەلۆجیای ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵکو زیاتر دۆخی سەرمایەدارانەی بەرهەمهێنان و ئەو فۆڕمانەی دەسەڵاتی سیاسیی سەرمایەداریی ڕەت دەکاتەوە کە تەکنەلۆجیا قۆرخ دەکەن: “سووچی ئەم دۆخە ناعەقڵانیە دەبێت بخرێتە ئەستۆی دۆخی کۆنی بەرهەمهێنان، هەروەها دەسەڵاتی سیاسیی پشتی” (Öcalan 2007, 244).

بوکچینیش دەربارەی تەکنەلۆجیا نووسیویەتی و لە ساڵانی ١٩٦٠ ـەکاندا دەستی پێ کردووە، ئەو کاتەی کارەکانی کاریگەریی گەورەیان لەسەر چەپی سەوزی ڕوولەزیادبوو هەبوو. لە “بەرەو تەکنەلۆجیایەکی ئازادکەر”دا، بوکچین باسی ڕێتێچوویی تەکنەلۆجیا دەکات لە نەهێشتنی ڕەنج، نادڵنیایی مادی، جڵەوکردنی ئابووریی بەناوەندکراو (Bookchin 2004). هەوەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە چۆن تەکنەلۆجیا –لەژێر پیشەسازیگەرایی، شارگەرایی و، سەمایەداریی دەوڵەتیدا- بۆتە هۆی خراپترکردنی نامۆبوونی مرۆڤایەتی لە سروشت ، هەروەها لە خودی خۆیشی.

وەک ئەوەی خۆی دەیڵێت، “تەکنەلۆجیا وەرچەرخێنراوە بۆ هێزێک لە سەروو مرۆڤەوە، کە ژیانی مرۆڤ بەپێی نەخشەڕێیەک هەڵدەسووڕێنێت کە بیرۆکراسیی پیشەسازی گەڵاڵەی کردووە.” (Bookchin 2004,78). وەک زۆرێک لەو بیریارانەی سەرەوە، بوکچین تەکنەلۆجیای وەک شتێکی زیانبەخش لە خۆیدا نەدەبینی؛ “بینینی پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان وەک شتێکی بە خۆڕسک زیانبەخش… چەندێک کورتبینییە هێندەش لەخۆدەرچوونە.” (Bookchin 1995a, 238) هەربۆیە، ئەو وای دادەنا کە “فەرامۆشکردنی تەکنەلۆجیا بەدڵنیاییەوە چارەسەر نییە” (Bookchin 2004, 79). ئەو جەختی لەوە دەکردەوە کە تەکنەلۆجیا، لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا، دەتوانێت [شێوەکانی] بارهاتنی مرۆڤ و ئەگەرە جڤاتییەکانی [ی بەردەمی] فراوان بکات، توانای داهێنەربوون دەوڵەمەند بکات، هەروەها هەوسەنگکردنەوەی نێوان سروشت و مرۆڤ بهێنێتە کایەوە. بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێبووەوە، وەک وزەی خۆر و با، توانای ئەوە دەداتە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ناناوەند تا بە هاوسەنگی لەگەڵ سروشتدا دەرگیر ببێت: “گەڕاندنەوەی خۆر، با، زەوی، تەنانەت جیهانی ژیانیش بۆ ناو تەکنەلۆجیا، بۆ ناو ئامرازەکانی لەژیاندامانەوەی مرۆڤ، دەبێتە نوێبوونەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕایەڵەکانی مرۆڤ بە سروشتەوە” (Bookchin 2004, 76). سەرباری ئەوەش، بوکچین دەربارەی ڕۆڵی تەکنەلۆجای جێگرەوە و ئیکۆلۆجی لە “بەخەبەرهێنانەوەی هەستی پێوەبەستراویی مرۆڤ بە ژینگەوە” نووسیویەتی (Bookchin 2004, 64).

وەرچەرخانی سیاسی

لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا، ئۆجەلان دەستی کرد بە خستەڕووی پرسیاری گرنگ سەبارەت بە سروشتی دەوڵەتی نادیموکرات و پاوانکراو-لەلایەن-چینی-بۆرژواوە، هەرەوەها دەستی لە بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی وەک چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە تورکیادا هەڵگرت. وەک جێگرەوەیەک، ئەو ئۆتۆنۆمی و فیدڕالیزمی ناناوەندی لە کۆمارێکی دیموکراتدا خستە بەردەست. گەر ڕاستگۆ بین، ئەو لەڕووی هزرییەوە ئامادە نەبوو تا ڕادیکاڵانە ڕەخنەکردنی دەوڵەت لە چواچێوەی نەریتە مارکسییەکاندا کە پێشتر شوێنیان کەوتبوو تێپەڕێنێت. هەتا ساڵی ٢٠٠٢، سەرباری هەوڵدانی جدی بۆ تێگەیشتن لە سروشتی دەوڵەت و ڕیشە مێژووییەکانی (کە ئەو دەیگەڕاندەوە بۆ شارستانییەتی سۆمەر، لەژێر کاریگەریی کارەکەی ڤیەر گۆردن چایەڵد و ساوێل نوح کارمەردا)، ئەو هەمیشە هەڵوێستێکی ڕاڕا و پێکدژی هەبوو لە هەمبەر دەوڵەتدا. لە کتێبی ڕیشەکانی شارستانییەتدا، ئۆجەلان ڕوانگەیەک سەبارەت بە کێشەی دەوڵەت دەگرێتەبەر کە هاوشێوەیە لەگەڵ مارکس، کە دەوڵەتی بە ئۆرگانێکی سیاسی بێلایەن دانەدەنا، بەڵکو وەک دەزگایەکی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوا. بە پێچەوانەی ئەوەوە، مارکس بەهای بۆ ڕۆڵی کارگێڕیی دەوڵەت دادەنا (Eagleton 2011, 197-99).

ئەوەی گرنگە دەربارەی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە ڕێگەی بۆ ئۆجەلان خۆش کرد تا بە جدی دەست بکات بە کارکردن لەسەر ڕەخنەکردنی دەوڵەت، هەروەها بیر لە جێگرەوە سیاسییەکان بکاتەوە لە دۆخی نائامادەیی دەوڵەتدا. بە دیاریکراوی ئەمە بوو کە وای لێ کرد لە ساڵی ٢٠٠٢ دا تیۆری گرامشی بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی “ئۆرگانیک” وەک پانتاییەک بۆ “ئەگەرە دیموکراسەکان” هەڵبگرێتەوە، لەمەشەوە گەڕان بۆ ڕێگەیەکی نوێ بۆ ڕزگاربوون لە دەوڵەت (Bar-on, 2015). سەرباری هەوڵە جدییەکانی، ئەو هێشتا لە چواچێوەکانی نەریتی مارکسیدا کاری دەکرد (کە دەوڵەتی وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ سۆشیالیزم دەبینی)، هەروەها بوێری ئەوەی نەکرد هەنگاوێک دورتر بڕوات و نەریتی مارکسی تێبپەڕێنێت.

هاوشێوەی ڕەخنەکانی بیرمەندی شۆڕشگێڕی شەهید و مارکسی ڕۆزا لۆکسمبێرگ لە پلەبەندییە توند و مەیلە تەواو بەناوەندکراو و بیرۆکراسییەکانی لینین لە حیزبەکەدا، ئۆجەلان، بە دەستپێکردن لە ساڵانی ١٩٨٠ کانەوە، ڕەخنەیەکی بەئەمەکانەی لە یەکێتی سۆڤیەت سەرڕێ خست پەیوەست بە دەستگا دەوڵەتییە تەواو بیرۆکراسەکەی و، “ڕیشەکێشکردن”ی ئازادیی تاک لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت و نائامادەیی تەواوەتی دیموکراسییەکی مانادار. بەم چەشنە، لە ناوەڕاستەکانی ١٩٨٠ کاندا، ئۆجەلان دەستی دایە تێڕامان لە سروشتی دیموکراسی، حیزب و، پرسی مرۆگەرایی. دواتر گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ناکرێت سۆشیالیزم بەدی بهێنرێت گەر دیموکراس و مرۆگەرا نەبێت. لە ساڵانی ١٩٩٠ کاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە “[…]پێداگرتن لەسەر سۆشیالیزم بە مانای پێداگرتن دێت لەسەر مرۆڤ”. ئەو زیاتر جەخت دەکاتەوە بەوەی کە “ئامانجی ئێمە ئازادکردنی ئەو مرۆڤەیە کە لەلایەن سیستمی سەرمایەدار-ئیمپریالیستەوە تێک شکێنراوە” (Öcalan 1998).

ئەم خوێندنەوە ڕەخنەییە تەنها تیۆرسازییەکی ئەکادیمی نەبوو بۆ سۆشیالیزمی “ڕاستەقینە” و تاوانەکانی کۆمۆنیزمی دەوڵەت لە یەکێتی سۆڤیەتدا، بەڵکو زیاتر خۆڕەخنەکردنێکی بێڕەحمانە بوو دژی خۆی و بناغەی ئایدۆلۆجیی بزووتنەوەی کوردی لەو کاتەدا. لەڕێگەی ئەم ڕەخنەکارییەی سۆشیالیزمی “ڕاستەقینەوە”، ئۆجەلان هەوڵی دەدا کە بزووتنەوەی کوردی وەرچەرخێنێت تا هەڵوێستێکی مرۆگەراتر و دیموکراتتر لەئامێز بگرێت کە ڕیشەکەی لە خەڵکدا بێت. ئەمە بووە بەشێکی چەسپیو لە ڕەخنەکردنی پێکهاتەی بەناوەندیکراو، پاوانکراو و بیرۆکراسیی حیزبەکە و کادرەکانیدا وەک دەزگایەک بەسەر کۆمەڵگەوە. بۆ چارەکردنی ئەم قەیرانە، ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی دیموکراسی و بەشداریکردنی خەڵکی لە بزووتنەوەی کوردیدا کردەوە. هەر وەک بە ڕوونی دەری دەبڕێت:

ئێمە ئەوەمان لا پەسەندە کە ڕێگە خۆش بکرێت بۆ خەڵکی تا [حوکم بکەن] و پارێزگاری لەم [ماف]ە بکەن. بەڵام زۆر کادری حزبی هەن کە لەبری خەڵکی بڕیار دەدەن، کە تەنانەت مافی قسەکردنیش بە خەڵکی نادەن… [لەمەودوا] خەڵکی قسە دەکەن، خەڵکی بڕیاد دەدەن، خەڵکی بژاردەی خۆیان هەڵدەبژێرن، خەڵکی گۆڕانکاری دروست دەکەن. تێگەشتنی ئێمە لە دیموکراسی بەدیاریکراوی ئەمەیە: نابێت بشێوێنرێت (quoted in Özcan 2006, 141-42).

خوێندنەوەی ڕەخنەیانەی لینینیزم هەر لەوێدا نەمایەوە، بەڵکو درێژ بوویەوە بۆ خودی کرۆکی ئایدۆلۆجیای پەکەکە بۆ ئازادی نەتەوەیی و چارەی‌خۆنووسین: مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان. بە دەستپێکردن لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، پەکەکە کوردستانی وەک داگیرگەیەکی نێودەوڵەتی پێناسە دەکرد. ئەوەش مانای وابوو کە پێویستی بە ئازادبوون بوو لە داگیرکەرەکانی: دەوڵەتی تورکیا و هێزە ئیمپریالیستەکانی پشتی. لەو کاتەدا، پرنسیپی لینینی بۆ چارەی‌خۆنووسین (کە دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆی بە لووتکەی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆڵۆنیالیزم دادەنا) لەناو چەپەکانی جیهانی سێیەمدا بەربڵاو بوو، پەکەکەش لەمەدا ئاوارتە نەبوو (Jongerden 2016).

لەسەر بنەمای ئەو ڕەخنەکاریانەی سەرەوە بۆ سۆشیالیزمی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆجەلان دەستی کرد بە داڕشتنەوەی ڕێبازەکەی بۆ پرسی ئازادیی نەتەوەیی و ڕێبازی لینینی بۆ چارەی‌خۆنووسین. لەماوەی ساڵانی سەرەتایدا لە زیندان و دانوستانەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیدا لە ساڵی ١٩٩٣دا، ئەو ئۆتۆنۆمییەکی فیدڕاڵی وەک شێوەیەکی چارەی‌خۆنووسین خستە بەردەست، بەوەش دەستی لە پارادایمی مارکسی-لینینی بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ وەک ئامانجی کۆتایی چارەی‌خۆنووسین هەڵگرت. ئەم ڕێبازەش هاوشێوەی ئەوەیە کە لەلایەن دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ڕەشپێستی (Négritude)، ئامێ سیزێری مارتینی و لیۆپۆد سیدار سنگۆری سەنیگالییەوە، گیرایەبەر کە، وەک ئۆجەلان، لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی کۆڵۆنیالیزم مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکە کرد و بەوەش بە پارادایمی نەریتیی چارەی‌خۆنووسیندا چوونەوە. هەردوو بیرمەندەکە بیرۆکەی نموونەیی سەروەریی دەوڵەت-نەتەوەیان ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە فیدڕالیزمێکی ناناوەندی و دیموکراسیان کردە ئامانج کە بنەماکەی بەشداریکردن و هەماهەنگی خەڵکی بێت وەک بەرنامەیەک بۆ چارەی‌خۆنووسین (Wilder 2015).

لەکاتێکدا ئۆجەلان سەرقاڵی ئەم ڕەخنەکاریانە بوو، وتارەکەی بوکچین لە ساڵی ١٩٩٣دا، “ناشناڵیزم و پرسی نەتەوایەتی،” ئاماژەی بە هەمان ئەو مژارە دەدا کە ئۆجەلان لەگەڵی دەرگیر بوو. بوکچین ڕەخنەیەکی زۆری هەبوو لە بزووتنەوەکانی ڕزگاریی نەتەوەیی و ئەو شێوانەی چارەی‌خۆنووسین کە پاڵپشتییان لێ دەکرد،  کە لەسەر بنەمای دەوڵەتگەرایی و ناسیۆنالیزمی بەرتەسک بوو: “ئەو ناسیۆنالیزمانەی کە تەنها نەوەیەک لەمەوبەر ڕەنگە وەک خەباتگەلی ئازادیی نەتەوەیی چاویان لێ بکرایە ئەمڕۆ زۆر ڕوونتر… وەک شتێک لە چەشنی مۆتەکەی کۆمەڵایەتی و بەڵای بەناشارستانیکەر دەردەکەون” (Bookchin 2015, 133). سەرباری ئەمەش، ئەو وای دەبینی کە ئەم چەشنە بزووتنەوانە لە ئاکامدا هەمان ئەو فۆڕمانەی دەسەڵاتگەراییان دروست کردۆتەوە کە خۆیان لە سەرەتادا دژی جەنگاون. بوکچین تێبینی ئەوەی کرد کە سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوانە “کاریگەریی دروستکردنی ئەو ڕژێمە دەوڵەتییە سیاسییە سەربەخۆیانەی هەبووە کە بە هەمان شێوەی هێزە کۆنە، زۆرجار گەوجە، ئیمپریالیستەکانەوە بوونەتە داردەستی هێزە سەرمایەدارە نێودەوڵەتییەکان.” لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانەدا، بوکچین پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەم بزووتنەوانە دەبێت لەسەر بنەما دیموکراس و گەردوونییەکان ڕۆ بنرێن، هەروەها دەبێت، هەر وەک ئۆجەلان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدا، “گەرودوونی بن لە تێڕوانینیاندا بۆ مرۆڤایەتی، هەماهەنگ بن لە تێڕوانینیاندا بۆ پەیوەندییە مرۆییەکان لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا، هەروەها بەرامبەرخواز بن لە بیرکردنەوەیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان” (Bookchin 2015, 131). ئەم تێڕوانینە بەڕوونی لەلایەن ئۆجەلانیشەوە دەربڕدرابوو: “ئێمە ناکەوینە ناو زەلکاوی نەتەوەگەرایی بەرتەسکەوە. ئێمە ناهێڵین پرسی سنوورەکان ئێمە دیاری بکەن. ئێمە گەنگەشەی ئەوە ناکەین کێ چەندێک زەویی هەیە. گەر ئێمە ئازادیی خەڵکی بەدی بهێنین، ئەوا گرنگترین نێونەتەوەگەرایشمان هێناوەتە ئاراوە.” (Öcalan 1998).

 

سەرچاوەکان:

Bar-On, Tamir. 2015. “From Marxism and Nationalism to Radical Democracy: Abdullah Öcalan’s Synthesis for the 21st Century.” In Challenging Capitalist Modernity II: Dissecting Capitalist Modernity – Building Democratic Confederalism, edited by Network for an Alternative Quest, 77-88. Neuss: Mezopotamya Publishing House.

Bookchin, Murray. 2004. Post-Scarcity Anarchism. Oakland: AK Press.

Bookchin, Murray. 2015. The Next Revolution. London: Pluto Press.

Eagleton, Terry. 2011. Why Marx Was Right. New Haven: Yale University Press.

Horkheimer, Max, and Theodor W. Adorno. 2002. Dialectic of Enlightenment. Stanford: Stanford University Press.

Jongerden, Joost P. 2016. “Colonialism, Self-Determination and Independence: The New PKK Paradigm.” In Kurdish Issues: Essays in Honor of Robert W. Olson, edited by M. Gunter, 106-121. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers

Marcuse, Herbert. 1998. Technology, War and Fascism: Collected Papers of Herbert Marcuse. London: Taylor and Francis.

Öcalan, Abdullah. 1998. “Our goal is the liberation of the human,” a text from “Sosyalizmde Israr – Insan Olmakta Isrardir” (To insist on socialism means to insist on being human). Translated and published by Komun Academy, 2020: https://komun-academy.com/2020/05/01/our-goal-is-the-liberation-of-the-human/.

Öcalan, Abdullah. 2003. “Sosyalizm Israr – Insan Olmaktan Isrardir” (To insist on socialism means to insist on being human) Arabic translation, Democratic Enlightenment Union publication. الإصرار على الاشتراكية إصرار على “بناء الإنسان”. منشورات اتحاد التنوير الديمقراطي٢٠٠٣

Öcalan, Abdullah. 2007. Prison Writings I: The Roots of Civilisation. Translated by Klaus Happel. London: Pluto Press.

Özcan, Ali Kemal. 2006. Turkey’s Kurds: A Theoretical Analysis of the PKK and Abdullah Öcalan. London: Routledge.

Öcalan, Abdullah. 2012a. “Seeker of Truth.” In Challenging Capitalist Modernity: Alternative Concepts and the Kurdish Quest: Documentation of the 2012 Conference, edited by Network for an Alternative Quest, 25-34. Bonn: Pahl-Rugenstein.

Wilder, Gary. 2015. Freedom Time: Negritude, Decolonization, and the Future of the World. Durham, NC: Duke University Press.

بەشکردن: