ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لە بیرکردنەوەی ئۆجەلاندا

توێژینەوەی: جیهاد حامی

 تایبەت بە کوردستان تایمز (بەشی دووەم و کۆتایی)

وەرگێڕانی: زانا عوسمان

لە بەشی پێشوودا باسی ئەوەم کرد کە چۆن ئۆجەلان لە ئایدۆلۆجیای لینینی-مارکسیی پێشتری خۆی دوور کەوتۆتەوە ڕووەو مارسکیزمێکی مرۆگەراتر و ئازادیخوازتر، بە تیشکخستنە سەر پرسە هەنووکەییەکانی وەک ڕزگاریی ژنان، دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ئیکۆلۆجی. بەدیاریکراوی ئەوەم پشکنی کە چۆن هۆشیارییە ئیکۆلۆجییەکەی گەشەی کردووە و کاری کردۆتە سەر چوارچێوە فراوانترە تیۆری و کردەییەکەی کارکردنی. لەم بەشەدا دەچمە نێو باسی ئەوەی کە چۆن ئۆکۆلۆجیی ماری بوکچین کاریگەریی لەسەر ئۆجەلان هەبووە و ئەو ڕێچکە و جێگرەوانەی خستۆتە بەردەست کە بەر لە دەستگیرکردنی لە دوویان گەڕاوە.

ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لە بیرکردنەوەی ئۆجەلاندا

ساڵی ١٩٦٤، بوکچین بۆ یەکەمجار لە وتارێکی بەراییدا بە ناونیشانی “ئیکۆلۆجی و بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕانە” زاراوەی “ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی” بەکار هێنا، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕیشەکانی بیرۆکەی باڵادەستبوون بەسەر سروشتدا دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستبوونی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئیکۆلۆجی، پێویستە هەموو ئەو شێوانەی پلەبەندی و باڵادەستیی بەپیشەسازیکراو کە لەناو کۆمەڵگەدا هەن هەڵبوەشێنرێنەوە و بە دامەزراوەگەلی ناپلەبەند، ئازاد و عەقڵانی جێگەیان بگیرێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، بوکچین ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی کاریگەری بە ئیکۆلۆجی بەخشی، کە ئەوەش پێویستی بە وەرچەخانێکی سیاسیی بەربڵاوە. لە کاتێکدا بوکچین ڕووکارێکی شۆڕشگێرانەی بۆ ئیکۆلەجی دادەڕشت، زۆرینەی چەپەکان بێئاگا بوون لە پرسە ئیکۆلۆجییەکان و وەک وە لادانی “وردە بۆرژواکان” لە خەبات دژی سەرمایەداری دایان دەنا.

ساڵی ٢٠٠٢، ئۆجەلان پێشنیاری ئەوەی کرد کە دەبێت هەردوو کتێبی لە ‘شارنشینکردنەوە بۆ شارەکان’ و ‘ئیکۆلۆجیی ئازادی’ لە سەرتاسەری کوردستان لەلایەن شارەدار، بەرپرسە ناوچەییەکانی ئەو شارۆچکانەی کوردان بەڕێوەی دەبەن، هەروەها پەکەکەوە بخوێنرێنەوە (Jongerden and Akkay 2013). لە ٢٠٠٣ ـەوە، زاراوەکانی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لە نووسینەکانی ئۆجەلاندا دەردەکەوێت، لەگەڵ بەکارهێنانێکی بەرچاوی زاراوەکانی وەک: کۆمەڵگە، کۆمۆن، ئەنجوومەن و جڤاکی دیموکراس و ئیکۆلۆجی (Öcalan 2005). لەو خاڵەوە، وەک ئەوەی دەیخەمە ڕوو، ئۆجەلان بە نزیکەیی کۆی پێکهاتەی ئیکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی هێنایە ناو کارەکانی خۆیەوە. لە بەشی دواتردا، بە وردی باس لە کاریگەریی ڕەهەندی فەلسەفی و سیاسیی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی دەکەم لەسەر نووسینەکانی ئۆجەلان.

فەلسەفەی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی

وەک ئەوەی پێشتر باس کرا، لەم خاڵەدا (لە ١٩٨٠ کانەوە تا سەرەتای ٢٠٠٢) ئۆجەلان بە تەواوی هۆشیار بوو بە ئیکۆلۆجی و ئەو قەیرانە ئیکۆلۆجییەی سەرمایەداری دووچاری کۆمەڵگەی کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ئۆجەلان بەر کارەکانی بووکچین دەکەوێت، ئەم ئاگاییە لەڕووی فەلسەفی و سیاسییەوە قووڵتر دەبێتەوە و چەمکسازیی بۆ دەکرێت و ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە وەردەگرێت. ئۆجەلان دەست دەکات بەوەی کە قەیرانی ئیکۆلۆجی وەک پرسێکی ناوەندی دابنێت، هەروەها ئەوەی وەک بەرهەمێکی داڕووخانی کۆمەڵایەتی دەبینی کە پلەبەندی، باڵادەستی، چەوساندنەوە و کۆیلایەتی هۆکارەکەی بوو: “کاتێک مرۆڤ دەستی دایە بەکۆیلەکردنی براکەی، بەوە بەکۆیلەکردنی سروشتیشی دەست پێ کرد” (Öcalan 2004, 184). سەرباری ئەوەش، ئۆجەلان ئەوەی خستەڕوو کە “ئەم کێشە ئیکۆلۆجییە نائاساییانە لێکەوتەیەکی کۆمەڵگەیەکی تێکشاوە” (Öcalan 2004, 81). دەتوانین بە ڕوونی ئەوە ببینین کە کاتێک ئۆجەلان ئەم ڕستانەی نووسیوە بنەمای ناوەندیی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لە زەینیدا بووە، ئەویش ئەوەیە کە “خودی بیرۆکەی باڵادەستیی مرۆڤ بەسەر سروشتدا لە باڵادەستیی واقیعیی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە هەڵدەقوڵێ” (Bookchin 2005, 1).

بەم هۆکارە، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئیکۆلۆجیمان و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆجی، ئۆجەلان بەرنامەیەکی سیاسیی پێشنیار کرد کە نابێتە هۆی “دووبارەبوونەوەی سیستمە پلەبەندە کۆنەکە یان سیستمە نەریتییە دەوڵەت-بنەماکە، یاخود سیستمی کۆیلایەتی کە تێیدا کۆمەڵگە ستەمی لێ دەکرێت و دەچەوسێنرێتەوە” (Öcalan 2004, 54). بە پشتبەستن بە بوکچین (بڕوانە Bookchin 2007, 46)، ئۆجەلان لەبری ئەوە سیستمێکی ناپلەبەند و ئاکارمەند دێنێتە پێشێ کە بنەماکەی بریتییە لە پەیوەندیی دیالێکتیانە لەگەڵ سروشت و دیموکراسی ڕاستەوخۆ:

ئێمە سیستمێک بنیات دەنێین کە بنەماکەی ئەخلاق بێت و پەیوەندییە دیالێکتییە درێژمەوداکان لەگەڵ سروشت لەخۆ بگرێت، سیستمێک کە پشت بە پێکهاتە ناوخۆییەکانی دەسەڵات نابەستێت، هەروەها سیستمێک کە خۆشبژێویی هەموان لەڕێگەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆوە بەدی دێنێت (Öcalan 2004, 54).

لە لایەکی دیکەوە، وەک ئیکۆلۆجیستێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە (Bookchin 2015,142)، ئۆجەلان بە پێودانگی بچووک و وردەوردە مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئیکۆلجیدا ناکات. لە ڕاستیدا، ئەو بانگەشە و پاڵپشتی گۆڕانکارییە بەرفروانەکان دەکات کە گوڕ دەدات بە هاوسەنگبوونەوە لەگەڵ سروشتدا بە ڕێگەیەکی کۆگیر، کە بە مانای دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراس و سۆشیالیست دێت:

هۆشیاری بە ژینگەی سروشتی و گرنگیدان پێی تەنها گرنگیدان بە هەوای پاک و ئاوی خاوێن ناگرێتەوە. بەڵکو بە واتای ژیانکردنێکی تەواوەتی لەگەڵ سروشتدا دێت، بە گەڕانەوە لە داشکانباوەڕی (reductionism) ئێستامانەوە، لە دابەشكردنی سروشت بۆ بەشی بچووک بچووکەوە، بۆ تێڕوانینێکی کۆگیر بۆ سروشت. ئەمەش واتای چێکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراس و سۆشیالیستە (Öcalan 2004, 185).

کاریگەر بە بوکچین، ئۆجەلان وای بیر دەکردەوە کە سەرهەڵدانی پلەبەندی و باڵادەستی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هۆکارن بۆ دروستبوونی قەیرانی ئیکۆلۆجی. بێئومێد لە سنووردارییەکانی پێوەری مارکسی بۆ شیکردنەوە، واتە “چین” و داشکانباوەڕیی ئابووری، بوکچین ئارگۆمێنتەکانی دەخستە چوارچێوەی نەریتی ئانارشیستی، “پلەبەندی و باڵادەستی” وەک پێوەری شیکردنەوە دادەنا بۆ تێگەیشتن لە ڕیشەی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆجییەکان. بەلای بوکچینەوە پلەبەندی بریتییە لە “سیستمە کلتووری، نەریتی و دەروونییەکانی ملکەچی و فەرماندان، نەوەک تەنها سیستمە ئابووری و سیاسییەکان” (Bookchin 2005, 4). بوکچین بەردەوام دەبێت تا دیاریکردنی شێوەکانی باڵادەستی وەک “باڵادەستیی پیران بەسەر لاواندا، پیاوان بەسەر ژناندا، گرووپێکی نەژادی بەسەر گرووپێکی دیکەدا، ئەو بیرۆکراتانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەناوی ‘بەرژەوەندیی باڵای کۆمەڵایەتی’ی خەڵکەوە دەدوێن بەسەر “جەماوەر”دا، شار بەسەر گونددا، هەروەها بە مانایەکی دەروونی وردترە، باڵادەستیی عەقڵانییەتێکی ئامرازیی بۆش بەسەر ڕۆحدا، هەروەها کۆمەڵگە و تەکنەلۆجیا بەسەر سروشتدا” (Bookchin 2005, 4). لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ئەو بە تەواوەتی دەستبەرداری چین وەک پێوەرێکی شیکردنەوە بووبێت. لە ڕاستیدا، ئەو “چین و چەوساندنەوە”ی هێناوەتە ناو پێوەرە گشتگیرترەکەی شیکارییەوە کە بریتییە لە “پلەبەندی و باڵادەستی” (Bookchin, 2001). ئەوە هاوکاریی ئۆجەلانی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو شیکارییە بەرتەسکەی چین کە خۆی ڕەخنەی لێ دەگرت.

ئیلهاموەرگر بە شاکارەکەی بوکچین ئیکۆلۆجیی ئازادی، ئۆجەلان گەڕایەوە بۆ “مێژووی قووڵ” بۆ ئاشكراکردنی ئەوەی کە چۆن لە بنەڕەتدا پلەبەندی و باڵادەستی سەریان هەڵداوە. لەم کارەشیدا، ئامانجی تێگەیشتن بووە لە ڕیشەکانی پلەبەندی بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی، هەر وەک ئەوەی ئۆجەلان خۆی دەیخاتە ڕوو: “لەکاتی گەڕان بۆ ڕیشەکانی قەیرانی ئیکۆلۆجی، کە هاوشانی قەیرانی سیستمەکە لە خراپتربووندایە، وا دەردەکەوێت ئەوە شتێکی مانادار بێت کە لە سەرەتای شارستانییەتەوە دەست بکەین بە گەڕان” (Ocalan 2004, 119). هەرچەندە ئۆجەلان لە کتێبی ڕیشەکانی شارستانییەتدا گێڕانەوەی درێژی مێژووی چین-شارستانییەتی بەکار هێناوە (کە ئەو دەیگەڕێنێتەوە بۆ شارستانییەتی سۆمەری)، بەڵام هێشتا باسی لە سەرهەڵدانی پلەبەندی نەکردووە کە پێش دەوڵەت و کۆمەڵگەی چین کەوتووە و بۆتە هۆی سەرهەڵدانیان و، هەروەها دروستبوونی شارستانییەتی دیموکراتی پێشکەوتوو (کە ئەو وەک نەریتەکانی ئازادی و بەرخۆدان باسیان دەکات) دژی شارستانییەتی چین [مەبەست لە چینی کۆمەڵایەتییە]. خوێندنەوەی ‘ئیکۆلۆجیی ئازادی’ ئامرازە مرۆناسییەکانی خستە بەردەستی ئۆجەلان تا بە قووڵی لێکۆڵینەوە بکات لە چاخی بەردینی نوێ و سەرهەڵدانی پلەبەندی و باڵادەستی بە ڕێگەیەکی وردودرشتتر و پڕوردەکاری. بوکچین هەمیشە پێداگری لەوە دەکرد کە تەنانەت لە کۆمەڵگە بێ‌چین و بێ‌دەوڵەتەکاندا دەتوانین شێوەکانی پلەبەندی و باڵادەستی بدۆزینەوە (Bookchin 2005, 4) بە داڕشتنەوەیەکی جیاواز، ئۆجەلان دەنووسێت، “گەشەکردنی دەسەڵات و پلەبەندی تەنانەت پێش ئەوەی کۆمەڵگەی چین سەر هەڵبدات خاڵێکی وەرچەرخانی بایەخدارە لە مێژوودا” (Öcalan 2004, 15)، هەروەها ئەوەی کە “دەوڵەت نوێنەری پێکهاتە پلەبەندە بەدەزگایکراوە هەمیشەیەکانە” (Öcalan 2017, 50).

هەردوو بیرمەندەکە باسی سەردەمی بەر لە سەرهەڵدانی پلەبەندیشیان کردووە. بوکچین پێی وتووە “کۆمەڵگەی ئۆرگانی”، ئۆجەلانیش ناوی “کۆمەڵگەی سروشتی”ی لێ ناوە، هەروەها ئەوان ئەم کۆمەڵگەیەیان وەک مێ-تەوەر باس کردووە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێیاندا پێکهاتەیەکی کۆمیوناڵ، ناپلەبەند، ئاشتیخواز، هەرەوەزی هەیە و لەسەر بنەمای یەکگرتوویی و بەدەمەوەچوون (Bookchin 2005; Öcalan, 2015). لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەناوی ئەم “کۆمەڵگە ئۆگانیکە”وە پلەبەندی دەستی بە دەرکەوتن کرد. هەر لەو کاتەوە گفتوگۆ و کێشمەکێشمی میراتی ئازادی و باڵادەستی دەستی پێ کرد (Bookchin 2005). بەلای ئۆجەلانەوە شێوەی سەرەتایی پلەبەندی بریتی بوو لە هاوپەیمانی نێر (شامان، پیرانی ژیر، هەروەها پیاوی بەهێز) دژی ژنان: “سیستمە دایکایەتییە کۆنترەکە، کە پشتی بە دەسەڵاتی سروشتی دەبەست، یەکەمین قوربانیی کۆمەڵگەی پلەبەند بوون. ڕەنگە ژنان یەکەم گرووپی کۆمەڵایەتی بووبن کە چەوساندنەوەیان چەشتووە.” (Öcalan 2004, 18). بە گرتنەبەری هەمان هێڵی کارکردنی مێژووناس و فیمینیست گرێدا لێرنەر لە کتێبەکەیدا بە ناوی چێکردنی پیاوسالاری (١٩٨٦)، ئۆجەلان بەرگری لەوە دەکرد کە “هەموو شێوەکانی تری کۆیلایەتی و نۆکەری بەهۆی بەکۆیلەکردنی ژنانەوە گەشەیان کردووە.” شایەنی تێبینیکردنە کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ گێڕانەوەی سەرهەڵدانی پلەبەندیدا بوکچین پیرسالاری بە شێوەی سەرەتایی پلەبەندی داناوە (Bookchin 1990 57-58; Biehl 1991, 46)، لەکاتێکدا بەلای ئۆجەلانەوە پیاوسالاری بووە.

بۆ ئەوەی بناغەی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لەناو چوارچێوەیەکی فەلسەفیی پتە و یەکانگیردا دابنێت، بوكچین ڕەخنەی هاوشێوەی لە ڕەهاگەرایی ناو هەناوی ئایدیالیزمی دیالێکتیکی هیگڵ و، ماتڕیالیزم و زانستگەرایی کاڵوکرچی ناو ماتریالیزمی دیالێکتیکی ماکسیزم گرتووە. ڕەنگە بوکچین تاکە فەیلەسووف بێت دوای هیگڵ و مارکس کە دیالێکتیکی دووبارە لێکدابێتەوە و گەشەی پێ دابێت بۆ ڕوونکردەوەی پەیوەندیی نێوان سروشت و کۆمەڵگە بەو شتەی خۆی ناوی لێ نا سروشتگەرایی دیالێکتیکی. گەر بە سادەیی بیخەینە ڕوو، سروشگەرایی دیالێکتیکی بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی ئۆرگانیک کە لە پەیوەندیی هاوژیانیی نێوان “سروشتی یەکەم” (بایەلۆجی) و “سروشتی دووەم” (ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ) ڕادەمێنێت. وای دەبینێت کە سروشتی دووەم لە سروشتی یەکەمەوە دەرکەوتووە، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوەی هەیە دەست بە بنەما  ئاکارییە بابەتییەکانی سروشتی یەکەمەوە بگرێت بەبێ لەدەستدانی تایبەتمەندی و تەواوێتی خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی سەرهەڵدانی پلەبەندی و باڵادەستی لەناو سروشتی دووەمدا، پڕۆسەی نامۆبوونی مرۆڤەکان لە خۆیان و لە سروشت سەر هەڵدەدات. لەڕێگەی زاڵبوون بەسەر پلەبەندی و باڵادەستی لە سروشتی دووەمدا، مرۆڤایەتی دەگاتە ئەو شتەی بوکچین پێی دەڵێت سروشتی سێیەم (سروشتی ئازاد)؛ هاوسەنگکردنەوەی سروشتی یەکەم لەگەڵ سروشتی دووەمدا، بەڵام لە شێوەیەکی دەوڵەمەندتر و ئازادتر و عەقڵانیدا. لە سروشتی سێیەمدا، وەک ئەوەی بوکچین بانگەشەی دەکات، “سروشتی دووەم لەمەوە دەبێتە سروشتی یەکەم بە گۆڕانی بۆ سروشتێک کە هۆشیارە بە خۆی و بیر لە خۆی دەکاتەوە، سرشتێکی بیرکەرەوە کە خۆی دەناسێت و ڕێنوینی گەشەسەندنی خۆی دەکات” (Bookchin 1996, 136). ئەم پڕۆسە دیالێکتیکییە، پڕ لە ئەگەر و توانای شاراوە، بەردەوام ئاڵنگاریی ئەو دۆخەی کە هەیە (ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی باڵادەست، سەرمایەداری) دەکات و ڕووەو ئەوەی دەبێت ببێت (کۆمەڵگەی ئازاد و ئیکۆلۆجی) تێدەکۆشێت، ئەمەش ویستێکی ئاکارمەندی دانەبڕاوە لە گەشەی سروشتی و کۆمەڵایەتی ڕووەو بەخۆهۆشیاربوون، ئاوەز و ئازادی.

بەر لە خوێندنەوەی کارەکانی بوکچین، ئۆجەلان ڕەخنەی لە ڕێبازی “پێشکەوتنگەرا” و زانستخوازی گرتبوو وەک بەشێکی گرنگیی بنەمای فەلسەفی مارکسیزم، واتە ماتریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی (Öcalan 2007). لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو نەیتوانی ڕێگەچارەی جێگرەوە بۆ ڕەخنەکانی بدۆزێتەوە. سروشتگەرایی دیالێکتیکی کەرەستەی پێویستی دایە ئۆجەلان تا لێکدانەوە هیگڵی و مارکسییەکانی ڕێبازی دیالێکتی ڕەت بکاتەوە لەبەر “لێکەوتە وێرانکار و نەخوازراوەکانیان” (Öcalan 2020, 24). چەمکی بنەڕەتیی باڵابردن (Aufhebung)ی هیگڵ لە ڕێبازی دیالێکتیکیدا بریتییە لە بەرەوپێشچوونێک کە قۆناغی پێش خۆی ڕیشەکێش ناکات، بەڵکو دەستی پێوە دەگرێت و لە شێوەیەکی نوێ، بە ئەگەرەوە باڵاتر و دەوڵەمەندتردا دەیهێڵێتەوە. بە شوێنپێهەڵگرتنی چەمکی باڵابردنی هیگڵ، بوکچین چەمکی “ڕوولەگەشە”ی بەکار هێنا بۆ باسکردنی پەیوەندی نێوان سروشت و کۆمەڵگە لە سیستمە دیالیکتیەکەیدا (Bookchin 1996, 89). بە ئیلهاموەرگرن لە بوکچین، ئۆجەلان “دیالێکتیکی سازکەر و پەرەپێدەر”ی بەکار هێنا لە دەستنیشانکردنی شوێنی مرۆڤ لە سروشت و لە گەردووندا. ئۆجەلان ئەوەی خستە ڕوو کە شوێنکەوتووانی هیگڵ و مارکس بە هەڵە سیستمی دیالێکتیکیان لێک داوەتەوە، هەروەها ئەوەش زیاد دەکات کە “دروستتر دەبێت گەر ئێمە بۆ ئەو هەڵانە بگەڕێین کە لەلایەن ئەو کەسانەوە کراون کە بە چەندین ڕێگەی هەڵە ئەم سیستمانەی دیالێکتیکی مارکس یان هیگڵیان لێک دواتەوە” (Öcalan 2020, 24). بە دیاریکراوی، لە دواین دوو بەرگی زنجیرەی “مانیفێستی شارستانیەتی دیموکرات،” دەتوانین هەست بەوە بکەین کە ئۆجەلان هۆگرییەکی بەهێزی بۆ کارەکانی هیگڵ هەیە. لەکاتێکدا سروشتگەرایی دیالێکتیکی بوکچین پشت بە میراتی دیالێکتیکی ناو فەلسەفەی ڕۆژئاوا دەبەستێت، هەروەها ئۆجەلانیش دان بە بەشدارییە گرنگەکانی یۆنانی دێرین و ئەوروپای کاتی سەردەمی ڕۆشنگەریدا دەنێت، بەڵام ئەو دەشیەوێت ڕێبازی دیالێکتیک لە داگیرکراوی و بەناوەندکردنی ئەوروپا ڕزگار بکات: “میراتی ژیریی ڕۆژهەڵات لێوانلێوە لە لێکدانەوە دیالێکتیکییەکان” (Öcalan 2020, 24).

بوکچین هەمیشە نەیارێکی سەرسەختی ئیکۆلۆجیی قووڵ و مەیلە ئیکۆلۆجییەکانی دیکە بووە وەک مرۆڤ‌بێزی (misanthropy)، زیندەوەرناوەندی، هەروەها مرۆڤتەوەری (Bookchin 1995b, 6; Bookchin, 1987). بە سوودوەرگرتن لە بوکچین، ئۆجەلان ڕەخنەی هاوشێوەی خستە ڕوو (2017, 43-44). بە پیادەکردنی سروشتگەرایی دیالێکتیکی بەسەر پەیوەندیی نێوان سروشت و کۆمەڵگەدا وەک ڕەخنەکردنێکی زیندەوەرناوەندی، ئۆجەلان بڕوای وایە کە “بە ڕێگەیەک، کۆمەڵگە، وەک سروشتی دووەم، بریتییە لە ئاستێکی باڵاتر، ڕەنگدانەوەیەکی سروشتی یەکەم” (Öcalan 2017, 45; Öcalan 2020. 21). سەرباری ئەوەش، سروشتگەرایی دیالێکتیکی کۆمەکی ئۆجەلانی کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دوالیزمییەی کە کۆمەڵگە دەکات بە گژ سروشتدا لە شێوە فەلسەفییەکەدا وەک بکەر (کۆمەڵگە) و بابەت (سروشت) (Öcalan 2017, 45). بە شوێنپێهەڵگرتنی بوکچین، ئۆجەلان سروشت وەک پڕۆسەیەکی پەرەسەندنی ڕوولەگەشە تێدەگات کە پڕە لە نهێنیی شاراوە، کە لە سادەترین شێوەکانی ژیانەوە پەرەی سەندووە و ڕووەوە پلەیەکی ڕوولەزیادبوو و ڕوولەمەزنیی جیاوازبوون، فرەیی، ئاڵۆزی، سەرپشکی، خودێتی، هەروەها ئازادی لە جووڵەدایە (Öcalan, 2020; 277; Bookchin 1996). لە ڕاستیدا، بوکچین ئەم پرنسیپانە وەک ئاکارێکی بابەتی لە سروشتی یەکەم (بایەلۆجی)دا دەبینی؛ سەرباری ئەوەش، ئەو بە شوێن زانینێکی بابەتیانەی سروشتەوە بوو بۆ گەڵاڵەکردنی ئاکارە ئیکۆلۆجییەکان لە سروشتی یەکەمدا، کە دواتر دەتوانێت ڕێبەریی قیبلەنمای ئاکار لە سروشتی دووەمدا (سروشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤدا) بکات (Bookchin, 1996, 89). بە دەربڕینێکی تر، ئەم شیمانەیەی سروشتی یەکەم سەری کێشاوە بۆ دەرکەوتنی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، کە وەک سروشتی یەکەم دەست بە هەمان کۆتائامانجی ئاکارییەوە دەگرێت (Öcalan 2020; 277).

ڕەهەندێکی تری سەرەکی قەیرانی ئیکۆلۆجی کە بوکچین خۆی بۆ تەرخان کردووە بریتی بووە لە شارنشینکردن. بوکچین بە وردی شاری لە شارنشینکردن جیا کردۆتەوە. بەلای بوکچینەوە، شارنشینکردن شیمانەی شار وەک پانتاییەکی ڕەسەنی ژیانی سیاسی و هاوڵاتیبوون وێران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، شارنشینکردن هەردوو شار و گوند داگیر دەکات و بەوەش قەیرانی ئیکۆلۆجی خراپتر دەکات (Bookchin 1995a). ئۆجەلان وای دەبینێت کە پارادایمی شاریی سەرمایەداری، شانبەشانی ئەو شارستانییە پلەنەبدە دێرینانەی کە بنەماکەیان شاری شێوێنراو، چین، پێکهاتەی شێرپەنجەیی بنیاتنراوە لەلایەن دەوڵەتەوە لە کۆمەڵگەدا، ئاڕاستەمان دەکات ڕووەو لێواری “کۆمەڵگەکوژی” و قەیرانی ئیکۆلۆجی ڕووەوە دواڕادەکان پاڵ پێوە دەنێت لەڕێگەی قوتدانی مەڵبەندە زەوی و زارەکانەوە. بەشوێنکەوتنی بوکچین، ئۆجەلان پێی وایە کە “هۆش لە پەیوەندییەکی نزیکدا بە شارەوە گەشەی کردووە. شار ئەو شوێنەیە تێیدا مرۆڤ دەست دەکات بە تێگەیشتن لە فرواوانی تواناییەکەی [پڕئەگەرێتییەکەی]” (Öcalan 2020, 110). لە ڕاستیدا، بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشەی شارنشینکردندا، ئۆجەلان لە هەوڵی ئەوەدایە شیمانەیی ئازاد و ڕاستەقینەی شار بگەڕێنێتەوە: “دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین ئەو جوانی، ئەخلاق، هۆشە سنووردارەی کە ماوە لەناو شاردا ڕزگار بکەین” (Öcalan 2020, 116).

ڕەهەندی سیاسیی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی

بۆ ڕۆنانی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆجی و دیموکراس، دەبێت سەرکەوتن بەسەر ئەو پلەبەندی، باڵادەستی و چەوساندنەوەیەی لە سیستمی سەرمایەداریی دەوڵەت-نەتەوەدا چەسپیوە بەدەست بێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەوەش، بوکچین پڕۆگرامی کۆمیونالیزمی خۆی و ڕەهەندە سیاسییە کۆنکرێتییەکەی، واتە شارەوانی‌گەرایی ڕزگاریخواز، دەخاتە پێشێ. بە پشتبەستن بە باشترین ڕەهەندەکانی مارکسیزم و نەریتە دەوڵەمەندەکانی سۆشیالیزمی ڕزگاریخواز، بوکچین دەچێتە پێشێ بۆ سەنتێزێک (کۆمیوناڵیزم) تا ڕادیکاڵانە ئاڵنگاریی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە بکات و باڵاتری بکات (Bookchin 2015). کۆمیوناڵیزم ئامانجی ئەوەیە خەڵکی بەشداری بکەن لە ئەنجوومەنە دیموکراس و مەدەنییەکاندا، ئەوەش بۆ ئەزموونکردنی سیاسەت لە ئاستی ڕووبەڕوودا و بڕیاردان پەیوەست بە کاروبارە گشتییەکانیان. بە ئەنجامدانی ئەمەش، “سیاسەتی ڕاستەقینە” لە دەوڵەت وەردەگرێتەوە- ئەوەش بەشداریکردنی تەواوەتی هاونیشتیمانیانە لە کاروبارە گشتییەکاندا (Bookchin 2015).

پاش کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆجەلان بە پێداگرانە لە سروشتی مەترسیداری دەوڵەت ڕاما، بە ئامانجی تێگەشتن لە چۆنێتی توانادارکردنی خەڵکی بۆ ڕزگاربوون لێی. لە بەرکەوتنی بە کارەکانی بوکچیندا، ئۆجەلان جێگرەوەیەکی کارکردووی بۆ پرسی کورد و، هەروەها نەخشەڕێیەک بۆ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئازاد و دیموکراس، دۆزییەوە. ئیلهاموەرگر لە کۆمیوناڵیزم، یان “شارەوانی‌گەرایی ڕزگاریخواز” (Bookchin1995a)، ئۆجەلان پڕۆژەیەکی دژەسەرمایەداری و بێدەوڵەتی پەرە پێدا بە ناوی “کۆنفیدڕالیزمی دیموکراسی”، کە لەسەر سێ پایە وەستاوە: ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی، دیموکراسیی رادیکاڵ و، ڕزگاریی ژنان. وەک پارادایمێکی کۆمەڵایەتیی نادەوڵەتی، کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی ئامانجی توانادارکردنی خەڵکییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان لەڕێگەی ئەنجوومەنەکانی چینەکانی خوارەوە، پێکەوە لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنێک لە ئەنجوومەن و شارەوانییە بەدیموکراسکراوەکان، هەڵبژێردارو لەلایەن خەڵکییەوە لەڕێگەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕوو و سیاسەتی دیموکراسەوە. بە پشتبەستن بە بوکچین (1995a)، ئۆجەلان تێڕوانینی خۆی بۆ سیاسەت بە شێوەیەکی ڕدیکاڵانە داڕشتەوە لە شێوەی خۆبەڕێوەبردنی جڤاک لە ڕێگەی ئەنجوومەنە شەعبییە دیموکراسە ڕاستەوخۆکان. بە شوێنکەوتنی بوکچین، بەلای ئۆجەلانەوە ئامادەیی دەوڵەت لەسەروو کۆمەڵگەوە واتە نکۆڵیکردنی بنەڕەتیی “سیاسەت” بە مانا فراوانترە ئەرستۆی و ئارێنتییەکەی وشەکە: “لە هەر حاڵەتێکدا، دەسەڵات و دەوڵەت تەنها کاتێک دێنە بوون کە نکۆڵیکردن لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی جێگر کرا. هەرکاتێک سیاسەت کۆتایی هات، دەسەڵات و پێکهاتەکانی دەوڵەت لە کاردان.” ئۆجەلان بە سیاسەتی دژەدەوڵەتی دەگوت “سیاسەتی دیموکراس” (Öcalan 2020, 31; Hammy 2016). لە باڵاترین شێوەی خۆیدا، کۆنفیدڕالیزمی دیموکراسی هەوڵی ئەوە دەدات کە بەسەر دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداریدا سسەر بکەوێت.

لەکاتێکدا نەریتی ئانارشیستی لە نووسینەکانی ئۆجەلاندا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە پەیوەست بە ڕەخنەکانی لە دەوڵەت، ئەو ناتوانێت بە تەواوەتی دەوڵەت لە بەرنامەکەیدا بکاتە دەرێ، بەوپێیەی دەوڵەتی تورکی بەشێکی دانەبڕاوە لە دانوستانەکان کە بەبێ ئەو پرسی کورد ناتوانرێت چارەسەر بکرێت. لەبری ئەوە، ئەو لە هەوڵی بەدیموکراسیکردنی دەوڵەت و، دروستکردنی ئەوەی ئەو پێی دەڵێت “کۆماری دیموکراس”دایە، کە ئەمەش دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی سیستمی دیموکراسی کە بنەماکەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسە (Öcalan 2012b). هەردوو کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی و کۆماری دیموکراس ئەو شتە پێک دەهێنن کە دواتر ئۆجەلان وەک نەتەوەی دیموکراس چەمکاندنی بۆ دەکات (Öcalan 2016).

وەک ئەوەی پێشتر باس کرا، پێشتر و لە کاتی ساڵی یەکەمی لە زینداندا، ئۆجەلان دەستی کرد بە داڕشتنەوەی چەمکی “چارەی‌خۆنووسین”، بە دەستهەڵگرتن لە پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی و لەبری ئەوە پاڵپشتیکردنی فیدڕالیزمی ناناوەندیکراو. لەژێر کاریگەریی شارەوانی‌گەرایی ڕزگاریخواز یان کۆمیونالیزمی بوکچیندا، ئەو پاشتر ڕێبازەکەی بۆ چارەی‌خۆنووسین بەڕادیکاڵ دەکات لە شێوەی دیموکراسیی ڕادیکاڵ دژ بە دەوڵەت (Öcalan 2011; Matthews and Miley 2018). لە ڕووی سیاسییەوە، ئۆجەلان ڕێبازێکی دوولایەنە دەگرێتە بەر: ئەو هەوڵی بەدیموکراسیکردنی دەوڵەت دەدات لە شێوەی “کۆماری دیموکراس”دا، لەکاتێکدا خەڵکی توانادار دەکات تا بتوانن کاروبارەکانیان لە دەرەوەی پانتایی دەوڵەتدا بەڕێوە بەرن، ئەوەش لە ڕێگەی پڕۆژەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراسییەوە. ئەمە هاوشێوەیە بە دروشمەکەی بوکچین “بەدیموکراسکردنی کۆمار و بەڕادیکاڵکردنی دیموکراسی.”

لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە، بزووتنەوەی کوردی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراسی هەڵگرتۆتەوە، هەروەها پەکەکە و هەموو ڕێکخراوە پەیوەستەکانی خۆیان ڕێکخستۆتەوە لەژێر ناوی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) (Jongerden and Akkay 2013). لە ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ ەوە، ئەم پڕۆژەیە هەم لە باکوری کوردستان (TATORT Kurdistan 2011) و هەم لە ڕۆژاڤا، وەک ئەوەی زۆر ناسراوە، لە ساڵی ٢٠١٢ وە پیادە کراون. پاش شۆڕشی ڕۆژاڤا، چەندین بابەت نووسراون لەسەر کاریگەریی ڕەهەندە سیاسییەکانی ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی لەسەر ئۆجەلان و بزووتنەوەی کوردی (Bookchin 2018; Gerber and Brincat 2018).

لەڕووی سیاسییەوە، ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی هەم بەشی بەدامەزراوەییکراو و هەم بناغەی دامەزرێنەری بیرکردنەوەی ئۆجەلانە. بەڵام، بە پوختی، ناکرێت ئۆجەلان لەڕووی فکرییەوە کورت بکەینەوە بۆ بوکچین. لە هەمان کاتیشدا، ناکرێت نکۆڵی لە بایەخی زۆری ئیکۆلۆجیی کۆمەڵایەتی بکرێت لەو گڕوتینەدا کە دایداتە ئۆجەلان بۆ لەخۆگرتنی هەڵوێستێکی دیموکراس و ڕادیکاڵتر. لەڕووی دیالێکتیکییەوە، ئۆجەلان کۆی پێکهاتەی ئیکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی وەک یەكیک لە پایە بناغەییەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراسی دەهێڵێتەوە و، لەوەشەوە لە چوارچێوەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر جیاواز لەوەی بوکچیندا گۆشی دەکات و گەشەی پێ دەدات و دەوڵەمەندی دەکات.

سەرچاوەکان

Biehl, Janet. 1991. Rethinking Ecofeminist Politics. Boston: South End Press.

Bookchin, Debbie. 2018. “How My Father’s Ideas Helped the Kurds Create a New Democracy.” New York Review, June 15, 2018. https://www.nybooks.com/daily/2018/06/15/how-my-fathers-ideas-helped-the-kurds-create-a-new-democracy/.

Bookchin, Murray. 1987. “Social Ecology Versus Deep Ecology: A Challenge for the Ecology Movement.” Anarchy Archives (website). http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/bookchin/socecovdeepeco.html.

Bookchin, Murray. 1990. Remaking Society: Pathways to a Green Future. Boston: South End Press.

Bookchin, Murray. 1995a. From Urbanization to Cities: Toward a New Politics of Citizenship. New York: Cassell.

Bookchin, Murray. 1995b. Re-enchanting Humanity: A Defense of the Human Spirit Against Anti-Humanism, Misanthropy, Mysticism and Primitivism. London: Cassell.

Bookchin, Murray. 1996. The Philosophy of Social Ecology. Montréal: Black Rose Books.

Bookchin. Murray. 2001. Anarchism, Marxism and the Future of the Left: Interviews and Essays, 1993-1998. Edinburgh: AK Press.

Bookchin, Murray. 2005. The Ecology of Freedom. Oakland: AK Press.

Bookchin, Murray. 2007. Social Ecology and Communalism. Oakland: AK Press.

Bookchin, Murray. 2015. The Next Revolution. London: Pluto Press.

Gerber, Damian, and Shannon Brincat. 2018. “When Öcalan met Bookchin: The Kurdish Freedom Movement and the Political Theory of Democratic Confederalism.” Geopolitics (October 2018): 1-25. https://doi.org/10.1080/14650045.2018.1508016.

Hammy, Cihad. 2016. “Two Visions of Politics in Turkey: Authoritarian and Revolutionary.” OpenDemocracy website. August 26, 2016. https://www.opendemocracy.net/en/north-africa-west-asia/two-visions-of-politics-in-turkey-authoritarian-and-revolutionary/.

Jongerden, Joost P., and Ahmet Hamdi Akkaya. 2013. “Democratic Confederalism as a Kurdish Spring: The PKK and the Quest for Radical Democracy.” In The Kurdish Spring: Geopolitical Changes and the Kurds, edited by M.M.A. Ahmet and M.M. Gunter, 163-185. (Bibliotheca Iranica: Kurdish Studies Series; No. 12). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

Lerner, Gerda. 1986. The Creation of Patriarchy. Oxford: Oxford University Press.

Matthews, Donald H., and Thomas Jeffrey Miley. 2018. “Review of Abdullah Öcalan’s Manifesto for a Democratic Civilization.” In Your Freedom and Mine: Abdullah Öcalan and the Kurdish Question in Erdogan’s Turkey, edited by Thomas Jeffrey Miley and Federico Venturini, 331-356. Montréal: Black Rose Books.

Öcalan, Abdullah. 2004. Bir Halkı Savunmak. Çetin Yayınları, Istanbul.

Öcalan, Abdullah. 2005. Plädoyer für den Freien Menschen. Mezopotamien Verlags- und Vertriebs- gesellschaft.

Öcalan, Abdullah. 2007. Prison Writings I: The Roots of Civilisation. Translated by Klaus Happel. London: Pluto Press.

Öcalan, Abdullah. 2011. Democratic Confederalism. International Initiative: Cologne, and Mesopotamian Publishers: Neuss.

Öcalan, Abdullah. 2012b. Prison Writings III. The Road Map to Negotiations. Cologne: International Initiative.

Öcalan, Abdullah. 2015. Manifesto for a Democratic Civilization: The Age of Masked Gods and Disguised Kings, Vol.1. Porsgrunn: New Compass.

Öcalan, Abdullah. 2016. Democratic Nation. Cologne: Mezopotamien Verlag.

Öcalan, Abdullah. 2017. Manifesto for a Democratic Civilization: Capitalism,

Vol. 2. Porsgrunn: New Compass.

Öcalan, Abdullah. 2020. Manifesto of the Democratic Civilization: The Sociology of Freedom Volume III. Oakland: PM Press.

TATORT. 2013. Democratic Autonomy in North Kurdistan: The Council Movement, Gender Liberation, and Ecology—in Practice; A Reconnaissance into Southeastern Turkey. Translated by Janet Biehl. Porsgrunn: New Compass.

بەشکردن: