گەشە و قەیرانی ئابووریی عێراق لە دیدگای کینزەوە

د. نیاز نەجمەدین

بۆچی تۆ، خوشکەکەت، براکەت، باوک و دایکت، یان هاوڕێکانت بێکارن؟ دەوڵەت دەبێت چی بکات: موڵکەکانی، قوتابخانەکانی، نەخۆشخانەکانی، هتد، هەرزانفرۆش بکات یان خۆی سەرپەرشتییان بکات؟ کێ دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ناتوندوتیژ دروست بکات: دەوڵەت یان بازاڕی ئازاد؟ رەخنە و پێشنیاری کینز و کینزییەکان چیین و لە تێگەیشتن لە مێژووی خۆمان و ئیدارەی ئابوورییەکەماندا، چی کۆمەکێکمان دەکەن؟ 

رۆڵی دەوڵەت لای قوتابخانەی ئۆرثدۆکس     

رابەرانی قوتابخانەی کلاسیک و نیۆکلاسیک (کە بە ئابووریناسانی باو -mainstream-، یان ئۆرثدۆکس ناسراون)، رەفتاری ئابوورییان دەگێڕایەوە بۆ دەگمەنیی سەرچاوەکان و بژاردەی تاکەکان خۆیان (واتە حەز و ئارەزوو و تێگەیشتنیان). تاک لای ئەمان بریتییە لە بەکاربەر و بەرهەمهێن (وەبەرهێن)، شتێک لە ئارادا نییە ناوی “چینەکان” بێت، واتە چینی دەوڵەمەند بەرامبەر بە هەژار. لای ئەمان، بەکاربەر و بەرهەمهێن لە دژی یەکتر ناجوڵێنەوە، بەڵکو خزمەتی یەکتر دەکەن ئەگەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان کۆت و بەند نەکرێن. شەڕ و ململانێیەکیش لە نێوانیاندا بقەومێت و ناهاوسەنگیی دروست بکات، پێویستی بەوە نییە لایەنی سێیەم بێتە نێوانیان و سوڵحیان بکات، خۆیان بە تێپەڕبوونی کات سوڵح دەکەن و هەڵەکانیان راست دەکەنەوە. تەنانەت کێشەیەک لە بازاڕی کاردا رووبدات، بۆ نموونە کرێی کار نزم بێت یان تێکڕای بێکاریی بەرز بێت، ئەوا کێبڕکێی نێوان خاوەنکاران چارەی دەکات. ئەوەیان ئاساییە کە هەمیشە بایی ئەوەندە هۆکاریی دەرەکیی هەن ناهاوسەنگیی لە ئابوورییەکەدا دروست بکەن، بۆ نموونە سورییەکان دەربەدەر دەکرێن، روودەکەنە عێراق و هەرێم، یان وشکە ساڵیی روودەدات، کرێی کرێکار دادەبەزێت و تێکڕای بێکاریی بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەمانە کاتیین. هەرچۆنێکە، بازاڕی ئازاد سەقامگیریی زیاتر بە کۆمەڵگە دەبەخشێت و لە شۆڕش و راپەڕینیش دووری دەخاتەوە. پێچەوانەکەیشی راستە: لە کوێدا دەوڵەت دەستبەسەر ئابوورییدا بگرێت، لەوێدا جیلێک یان دووان ناچار دەبن قوربانیی بە ژیانی خۆیان بدەن تا منداڵەکانیان لە ژێر دەستی دەوڵەت بهێننە دەرەوە و هەناسەیەکی بەختەوەریی هەڵمژن.

لە کوێدا دەوڵەت دەستبەسەر ئابوورییدا بگرێت، لەوێدا جیلێک یان دووان ناچار دەبن قوربانیی بە ژیانی خۆیان بدەن تا منداڵەکانیان لە ژێر دەستی دەوڵەت بهێننە دەرەوە و هەناسەیەکی بەختەوەریی هەڵمژن.

بەم واتایە، مێژووی ئابووریی لە عێراقدا هیچی تر نەبووە جگە لەوەی دەوڵەت ددانی بە توانای تاکەکاندا نەناوە و نەیهێشتووە دوای بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بکەون و مەنفەعەت و قازانجی خۆیان تا لوتکە (ترۆپک، ماگزیمایز) ببەن، بەڵکو سانسۆریش بووە بەسەریانەوە. دەوڵەت دەستی بەسەر سەرچاوە ئابووریی و مرۆییەکاندا گرت و کلیلی دەرگای بازاڕی خستە گیرفانی خۆیەوە، دەنا رۆژمان بەم رۆژە نەدەگەیشت. بازاڕ ئازاد بوایە، بێکاریی نەدەما تەنها لە ئاستی سروشتییدا نەبێت، یان با بڵێین بێکارییەک دەمایەوە کە ئارەزوومەندانە دەبوو: کاتێک بەدوای ئیشێکی باشتردا دەگەڕایت، رەنگ بوو بۆ ماوەیەک بێکار بیت.

نەک بێکاریی، بەڵکو گرانییش نیشانەی دەستوەردانی دەوڵەتە لە ئابوورییەکە. بە مێژووی حەفتا بۆ هەشتا ساڵی رابردووی عێراقدا بچۆرەوە، گرانیی ئەو ساڵانە روویان داوە کە بانکی مەرکەزیی دەسەڵاتی بەسەر خستنەڕووی پارەدا لاواز بووە، یان پارەیەکی زیاتر لە پێویستی خستووەتە بازاڕەوە، وایکردووە تاک و خێزانەکان هانبدات خێرا بچنە بازاڕ و هەوڵی تێرکردنی ئارەزووەکانیان بدەن و فرۆشیارانیش (واتە لایەنی خستنەڕوو)، فریای دابینکردنی نەکەوتوون. بۆ نموونە، بەو خێراییەی خواست زیاد دەکات، پزیشکەکانی نەشتەرگەریی، فرۆشگاکانی پێداویستیی ناو ماڵ، فڕۆکەکانی سەفەر و ئەوانی دیکە ناتوانن وەڵامیان هەبێت. خواست زیاد دەکات و خستنەڕوو وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە گرانیی دەکەوێتەوە. شۆڕش و راپەڕینەکانیش، کە هەزارانیان تێدا کوژرا، بەرهەمی زاڵبوونی دەوڵەتن بەسەر کۆمەڵگە و ئابووریدا.

بەکورتیی، تیۆرییەکانی پشتیوانانی بازاڕی ئازاد (ئابووری باو) بانگەشەی ئەوە دەکەن لە لایەک رێگا بدرێت کرێی کرێکار لە کاتی قەیراندا دابەزێت، لە لایەکەی تریشەوە حکومەت خەرجییەکانی کەم بکاتەوە و باج لەسەر کارمەندان زیاد بکات.

ئەم بۆچوونانە دەرگایەکی زۆر باشی بۆ بڕیاربەدەستان کردووەتەوە پاساو بۆ قەیرانی ئابووریی بهێننەوە گوایە هۆکارەکان دەرەکیین، موڵکی گشتییش تاڵانفرۆش بکەن گوایە دەستوەردان لەلایەن دەوڵەتەوە تەنها شێواندنی رەوتی بازاڕە، سەرباری ئەوەی دەرگا بۆ کەمکردنەوەی موچە و داهات دەکەنەوە.

بێکاریی و رۆڵی دەوڵەت لای کینز و کینزییەکان

لای کینز، کە بەوە ناسراوە لقی ماکرۆئابووریی (یان ئابووریی ماکرۆ)ی بۆ زانستیی ئابووریی دەوڵەمەند و زیادکرد، کێشەکە لە بونیاد و سیستمی ئابووریی سەرمایەدارییدایە و تۆ بتەوێت و نەتەوێت دەشێت بەشێک لە تەمەنت بە بێئیشیی تەواو بکەیت، بێ ئەوەی سیستمەکە بۆی گرنگ بێت نوێژکەریت یان بێئیمان، بەهرەمەندیت یان کەم توانا. سەرمایەداریی گرەنتی بژێوییەکی سەقامگیر و قازانج بۆ کەس ناکات، تەنانەت بۆ سەرمایەدارەکانیش کە بزوێنەری سیستمەکەن.

بەپێچەوانەی قوتابخانەی کلاسیک/باو (mainstream)، لای کینز ئێمە لە عێراقدا توشی قەیرانی ئابووریی بووین لەبەرئەوەی پاشەکەوتمان نەکرد. پاشەکەوتیش بڕبڕەی پشتی وەبەرهێنانە، کە ئێمە زۆر کەممان هەبوو. ئەمەش لەبەرئەوە نەبوو کەم عەقڵ و کورتبین بووین و میللەتێکین ئەمڕۆ دەخۆین و سبەینێ دەدەینە دەست خودا. مەسەلەکە ئەوەیە ئاستی داهاتمان زۆر نزم بووە و بەشی ئەوەی نەکردووە لێی پاشەکەوت بکەین. ئەوەش بۆچونێکی پوچە وابزانیت زیادبوونی داهاتی خەڵک (تاک و خێزانەکان) مانای زیادبوونی خواست و لەمیشەوە نرخ یەکسەر بەرزدەبێتەوە. سەرچاوە ئابوورییەکان زۆر لە خوار بەگەڕخستنی تەواوەتییەوەن (واتە زۆریان بێ ئیشن و بەتەواویی نەخراونەتەگەڕ). تۆ رێژەی بێکارییت بەرزە و بازاڕکزییت هەیە. لەم کاتەدا پارە بخەیتە بازاڕەوە، سەرچاوەکان دەخاتەگەڕ و دەرفەتی ئیشکردن فراوان دەکات، جارێکیتر داهات زیاد دەکات، بەکاربردن و پاشەکەوت زیاد دەکەن، وەبەرهێنان زیاد دەکات، سامان کەڵەکەتر دەبێت، بێکاریی و هەژاریی کەم دەبنەوە.

بۆ ئەمە پێویستمان بە وەبەرهێن (سەرمایەدار، دەوڵەمەند)یشە. وەبەرهێن بەدوای قازانجدا دەگەڕێت. ئەویش مرۆڤە و لەژێر کاریگەریی تێگەیشتنەکانی خۆی بۆ داهاتوو، بڕیار دەدات. نوسەران تاقەتی نوسینیان زۆر کز دەکات ئەگەر پێشبینیی بکەن سبەی رۆژ کەس نوسینەکانیان ناخوێنێتەوە. سینەماکاران تاقەتی دروستکردنی فیلمیان نابێت ئەگەر بزانن، یان پێشبینیی بکەن، کەمینەیەک نەبێت کەس بلیتی فیلمەکانیان ناکڕێت، یان ململانێ سیاسییەکان گەیشتوون بە بنبەست و هاکازانیت شەڕە تەقە دەکەوێتە نێوان هێزە سیاسییەکانەوە. هەمان شتیش بۆ چیمەنتۆفرۆش، ئاسنفرۆش، ئەلەمنیۆمفرۆش، جلفرۆش، هتد، راستە. زانیاریی راست و دروست لەسەر بازاڕ و داهاتوو خۆی کەمە و رووداوە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە و جیهان کار لە وەبەرهێنەران دەکات و پاشەکشە بە وەبەرهێنان دەکەن. ئەم بۆچوونە جیاوازە لەوەی مارکس تۆمەتباریان دەکات بەوەی تاوانبارن و ئیستیغلالی چینی کرێکاران دەکەن، بابەتێک کە لە وتارێکی تردا دەگەڕێمەوە سەری.

زانیاریی راست و دروست لەسەر بازاڕ و داهاتوو خۆی کەمە و رووداوە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە و جیهان کار لە وەبەرهێنەران دەکات و پاشەکشە بە وەبەرهێنان دەکەن. ئەم بۆچوونە جیاوازە لەوەی مارکس تۆمەتباریان دەکات بەوەی تاوانبارن و ئیستیغلالی چینی کرێکاران دەکەن، بابەتێک کە لە وتارێکی تردا دەگەڕێمەوە سەری.

بەم واتایە، هۆکارێکی سەرەکیی لە پشت قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتەکەمانەوە بووبێت ترساندنی وەبەرهێنەران بووە، بێئومێدیی و رەشبینییان وایکردووە وەک پێویست سەرمایەگوزاریی نەکەن. لە ئاکامدا، بێکاریی زیادی کردووە و ئاستی داهات دابەزیوە. خواستی هەمووان (هەمووەکیی، ماکرۆ، واتە هی تاک و خێزانەکان، حکومەت، وەبەرهێنەران) دابەزیوە و ئابوورییەکەی لە دوو دەیەی رابردوودا چەندین جار توشی شۆکی خواست و خاوبوونەوە کردووە. لە شوێنێکیشدا حکومەت پارەی خستبێتە بازاڕەوە و خواست بوژابێتەوە، نەوت پاڵپشتیی کردووە، بەڵام لەسەر حسابی دەرکردنی وەبەرهێنەرانی بوارەکانی تر.

بەدیوەکەی تردا، هۆکارەکانی گەشەی ئابوورییمان لە چەند ساڵێکدا چیی بووە؟ دۆزینەوەی یەدەگی نەوت و دەرهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمدا، لەگەڵ لابردنی گەمارۆی ئابووریی و کەوتنی سەددام حسێن، شەپۆلێکی گەشبینیی و دڵخۆشیی بەدوای خۆیدا هێنا. لە سیاسەتیشدا، خەڵک پێشبینیی دەکرد چیتر دیکتاتۆرەکان ناگەڕێنەوە و بۆ ئەبەد دەوڵەت لە ژێر دەستیان دەرهێنرا. لەسەر شانۆی سیاسیی، بۆ ماوەیەکی کاتیی ململانێی نێوان یەکێتیی و پارتیی لە نێوان خۆیان و لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی خاو بووەوە. ئەمانە وایان کرد وەبەرهێنەران (لە بواری جیاوازی وەک چیمەنتۆ، خانووبەرە، خوێندن، تەندروستیی، دڵنیایی، هتد) بێنە بازاڕەوە و ئێمەش بە ناوی دەیان براندی نوێ ئاشنا بووین.

دەوڵەت هێندە قێزەون نییە وەک مامۆستایانی قوتابخانەی باو (مەینستریم) باسی دەکەن و دنیایان پێ وێرانکرد. لای کەم، تا ئەو رۆژەی ئەگەری ئەوە هەبێت وەبەرهێنەران بەرامبەر ئایندە رەشبین دەبن، ئەگەری ئەوەش هەیە خواستی چالاک سست ببێت، وادەکات دەوڵەت دابەزێتە ناو بازاڕ و چالاکیی ئابووریی بکات.

تەنانەت دەوڵەت پارەش دابەش بکات، روونتر بڵێم خستنەڕووی پارەش زیاد بکات، رەنگە مەیلی بەکاربردن لای تاک و خێزانەکان لاواز بێت و نەیانەوێت پارەکە خەرج بکەن، بۆ نموونە دەترسن چوار رۆژی تر بە دەیان هۆکار بێ پارە ببن. کینز ئەمەی ناوناوە “تەڵەی سیولە”. لەم دۆخەشدا، چارێکی تر نییە جگە لەوەی دەوڵەت راستەوخۆ خۆی وەک کڕیارێک بێتەناو بازاڕەکەوە. ناکرێت دەوڵەت تەماشاکەر بێت، دەبێت پارە خەرج بکات ئەگەر قەرزیشی کردبێت.

باسی خەرجییەکانی حکومەت و قەرزاریی دەهێنێت زیاتری لە بارەوە بڵێم. تەواو بەپێچەوانەی بانگەشەکارانی بازاڕی ئازادەوە، سیاسەتی دارایی دەستگرتنەوە (کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیادکردنی باج لەسەر خەڵک) کە هەرایەکی گەورەیان لەسەر ناوەتەوە بەو ناوەوە حکومەت قەرزارە و دەبێت بودجە هاوسەنگ بکاتەوە و کۆمەڵگە لە هەڵئاوسان بپارێزێت، هیچیتر نییە جگە لەوەی بێبازاڕییەکە قوڵتر دەکاتەوە. لای قوتابخانەی باو(کلاسیکەکان)، دەبێت حکومەت دەستبگرێتەوە و خەڵک قەرزار بێت. کینز و کینزییەکان سیاسەتی دارایی فراوانخوازیی (واتە زیادکردنی خەرجیی و کەمکردنەوەی باج لەسەر خەڵک) و کورتهێنانی بودجە و قەرزی حکومەت بە کێشەیەکی گەورە نابینن، چونکە لە بێبازاڕییدا سەرچاوەکان لە ئیشدا نیین و هەڵئاوسان روونادات لەبەر هەمان هۆکار. دەبێت سەرنجەکە لەسەر بێکاریی بێت نەک هەڵئاوسان. لە راستییدا، حکومەت دەبێت پرۆگرامی هەبێت بۆ پێدانی کار بە هەموو ئەوانەی کاریان نییە و دەیانەوێت ئیش بکەن، بەتایبەت کە بێکاریی بۆ زۆر شت مەترسییە، لەوانە تواناکانیان دەپوکێنێتەوە. بۆ نموونە، لەو ناوچانەی بێئیشیی تیایدا زۆرە و کارمەندان کەم توانان، دەکرێت حکومەت بۆ پاککردنەوەی ژینگە بەکاریانبهێنێت. حکومەت دەبێت مشوری رێگاوبانیش بخوات. بەکورتیی، حکومەت خێزان نییە. خێزان دەکرێت توانای نەبێت قەرزی زیاتر بکات و بداتەوە، بەڵام توانای حکومەت زۆرە. بۆیە دەبێت لە قەرزکردن و دانەوەی، خەرجیی و باجی حکومەت، زیادکردنی خستنەڕووی پارە و راکێشانەوەی لە بازاڕ، چاومان لەسەر ئاکامەکانی و چۆنێتیی بەکارهێنانی بێت و هەوڵبدەین ئامانجەکانی بپێکێت، نەک خەمی هاوسەنگیی بودجە و سەلامەتیی داراییمان هەبێت، وەک ئابووریناس لێرنەر(Lerner) دەڵێت.

عێراقییەکان، بە کوردیشەوە، وەک چۆن هاوردەی ئایدیای سۆشیالیزمیان لە یەکێتیی سۆڤێتی جارانەوە کرد و سەری خواردن، ئاواش ئایدیای بازاڕی ئازادیان لە دوو دەیەی رابردوودا هاوردە کرد و خەریکە وێرانتریان دەکات.

هەرچی گەڕانەوەی شۆڕشەکانیشە، لای کەم لە دنیای عەرەبییدا (واتە بەهاری عەرەبیی) وەک هەیدەریان ( Richard Javad Heydarian) لە وتارێکیدا روونی کردووەتەوە، بەدەر نییە لە رۆڵی دەوڵەت لە دوای سەربەخۆبوونی ئەم وڵاتانەوە، کە لە قۆناغی یەکەمدا کۆمەڵێک دیکتاتۆری هاوخوێن و هاونەتەوە دەستیان گرت بەسەریدا و بەڵێنەکانی بەر لە رزگاربوون لە داگیرکەرانیان شکاند. لە قۆناغی دووەمدا (دوای 1970کان) بەشێکی گەورەی دەوڵەتیان بەناوی بەتایبەتکردن و چالاککردنی رۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان و قەرزارییەوە هەرزانفرۆش کرد و خستیانە ژێر دەستی دەستوپێوەندەکانیانەوە. هەمان مێژوو و سیناریۆش لە عێراقدا بەشێوەیەک لە شێوەکان دووبارە بوویەوە. عێراقییەکان، بە کوردیشەوە، وەک چۆن هاوردەی ئایدیای سۆشیالیزمیان لە یەکێتیی سۆڤێتی جارانەوە کرد و سەری خواردن، ئاواش ئایدیای بازاڕی ئازادیان لە دوو دەیەی رابردوودا هاوردە کرد و خەریکە وێرانتریان دەکات. عێراقییەکان کە دەوڵەتیان بە رێکوپێکی بەڕێوە نەبرد، ناتوانن بازاڕی ئازادیش بەڕێوە ببەن. دنیا لە چل ساڵی رابردوودا بەدەست لیبڕالیستەکانەوە بووە، عێراقیش لە دوو دەیەی رابردوودا شوێنیان کەوتووە. ئاکامەکەی خۆپیشاندان و شۆڕش بوو.

ئەمە مانای ئەوە نییە تەنها خواستی چالاک/کۆخواست گرنگە، لایەنی خستنەڕووش رۆڵی خۆی هەیە. کالێکیی (Kalecki) ئابووریناسێکی پۆست-کینزییە کە گوتویەتی راستە ئەم جۆرە وڵاتانە کێشەی خواستی چالاکیان هەیە و سەرچاوەکانیان زۆر لە خوار ئاستی هەبوونیانەوە بەگەڕدەخەن، بەڵام ناکرێت ددان بەو راستییەدا نەنرێت کە کێشەی کارامەیی یان بەرهەمداریی(productivity)یان هەیە.

دەبێت ئەوە بڵێم کە بە پێچەوانەی مارکسەوە، کینز لە هەوڵی رزگارکردنی سەرمایەدارییدا بوو، نەک روخاندنی، بەڵام ئەمە لەبەرئەوە نا کە سەرمایەداریی باشترینە بەڵکو لەبەرئەوەی بێکاریی و بێبازاڕیی ژیانی هەزارانی خستبووە مەترسییەوە. لێرەوە بوو پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە کۆخواست (خواستی هەمووان) چالاک بکرێت، ئەمەش ئیشێکە بە دەوڵەت دەکرێت.

هەڵسەنگاندن

تیۆرییەکانی کینز  وکینزییەکان تا رادەیەکی زۆر کاریگەرییان لەسەر ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهاندا داناوە، بەتایبەت دوای سەردەمی کۆرۆنا و بازاڕکزییەکانی دوو دەیەی رابردوو. ئابووریناسانی پۆست-کینزیی بەردەوام شتی نوێ دەخەنە سەر ئەم کەلەپوورە بەنرخە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو میتۆد و دەرئەنجامانەی مارکس و مارکسییەکان پێی گەیشتوون هێشتا لە زۆر شتدا جیاوازە و قورسایی خۆیان هەیە. بۆ ئێمەش لە عێراقدا، ئەگەرچی کینز زۆر گرنگە، بەڵام گریمانەکەی ئەوەیە دەوڵەتێکی سەقامگیری خاوەن توانا و سەربەخۆیی هەبێت و ئامانجەکەی گەشەسەندن و خۆپاراستن لە قەیران بێت. هێشتا ئەو دەوڵەتە لە عێراقدا نەک هەر نییە، بەڵکو چەکی دەستی گروپ سیاسییەکانە بۆ هێنانەدی خەونی خۆیان و دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەوەش لەولاوە بوەستێت کۆمەڵگەی ئێمە، لە پێشدا بڕیاربەدەستی ئێمە و تەنانەت ئێمەی مامۆستایانی ئابوورییش، هێشتا لە جیهانێکی تەواو دوور لە بەکارهێنانی زانستی ئابووریی بۆ خۆپاراستن لە قەیران و دەستەبەرکردنی گەشەی ئابووریی، دەژی.

………..

*ئەو سەرچاوانەی سودم لێیان بینیوە:

  Richard Javad Heydarian, How John Maynard Keynes Can Save the Arab Spring?, July 1, 2014:

https://fpif.org/john-maynard-keynes-can-save-arab-spring/

Marc Lavoie, Post-Keynesian Economics, New Foundations, SECOND EDITION, Edward Elgar Publishing, 2022.

 Richard D. Wolff and Stephen A. Resnick, Contending Economic Theories: Neoclassical, Keynesian, and Marxian, Massachusetts Institute of Technology, 2012.

بەشکردن: