کۆمەڵگای مەسرەفگەرایی؛ چۆن حیزب و حکومەت کۆمەڵگای کوردستانیان لە خۆی نامۆ کرد؟

ئاراس گوڵزار

یۆرگان هابەرماس کاتێک دەبینێت خەڵک-کۆمەڵگا، حوکمەت و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەوێت، دەوڵەت و حیزبیش کۆمەڵگا-خەڵکی ناسیاسی و پاسیڤ لەهەر ئەکتێکی سیاسی و  بەرپرسیارانەی دەوێ و خەریک بە سازکردنی کۆمەڵگای بەرخۆر و مەسرەفکەرە، ئیدی دەڵێت کێشە لەگۆڕێیە؛ چۆن دەشێ خەڵک-کۆمەڵگا تەنها داواکار بێ بەبێ هیچ بەژدارییەکی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت؟ چۆن دەشێ تەماشاکەر بێ و هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی نەبێ لە بەڕێوەبردنی خۆی و کۆمەڵگاکەی؟ یا بەپێچەوانەوە دەوڵەت و حیزب چۆن بوێری ئەوە دەکەن تەنها داوای دەنگ و ڕەوایەتی بکات و کۆمەڵگا داماڵێت لە سیاسەت؟ گەڕەکە ئێمە بزانین هاوکێشەیەکی بەو شێوە لەنێوان خەڵک و حیزب و دەوڵەتدا مەترسیدار و پڕ لە کێشەیە، قەیرانێکی قوڵ و جەوهەری لە ئاستی سیاسی، ئابووری، جڤاکیدا دروست دەکات؛ هابەرماس پێیوایە چ دەوڵەت چ حیزب و کۆمەڵگاش ڕوو لە تاریکی دەکەن و لە داهاتوودا حیزب و دەوڵەت بەتەواوی دادەبڕێت لە خەڵک بەوەشەوە ناوەستێ و پاڵ بە کۆمەڵگاوە دەنێ بۆ بەرخۆری و مەسرەفگەرایی. بەو ڕەنگەیە لە هەر کۆمەڵگایەکدا سیاسەت وەک هونەری ئازادی یاخود وەک هونەری بەڕێوەردنی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی تەندروست هەنگاوی هەڵنەهێنا و بوو بە پیشەی دەستەیەک یا گروپ و تاقم و حیزبێک و کۆمەڵگاش کە بەشە زۆرەکەیە بێ سیاسەت مایەوە و سەرقاڵ بە شتگەلی لاوەکی کرا و دوورخرایەوە لە پرسە ژیانییەکان، ئیدی هەم سیاسەت هەم کۆمەڵگا و دەوڵەت بە ڕێیەکی هەڵەدا دەڕوات، سیاسەت لەبری هونەری جوانکردنی ژیان دەبێتە دەستوێژی چەوسانەوە و نادادی و فریو و قۆرخکاری و پاوانخوازی، چینێک لە کۆمەڵگادا دەبێتە خاوەن هەمووشتێک و بەشی زۆری کۆمەڵگاش لەناو هەژاری و نەخۆشی و بێدەرەتانیدا ژیان دەکات.

دۆخی باشوری کوردستان دەکرێ بڵێن لەناو ڕەوشێکی لەو شێوەدایە، حیزب و بنەماڵە کە سێبەری دەوڵەت و حوکمەت بەڕێوەدەبەن و بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆمەڵگایان لە دەستە، تەنها دەنگ و ڕەوایەتییان لە گەل دەوێ، چوارساڵ جارێ یاخود زیاتریش بۆ پەرلەمان و دە ساڵ یاخود پێنج ساڵ جارێک بۆ شارەوانی ئەگەر زیاتریش نەبێت، هەڵبەت ئەوجۆرە لە هەڵبژاردنیش لەناو ڕەوشێکی نادیموکراسی و پڕ لە ساختەکاری بەڕێوەدەچێت و هەرگیزیش نابێتە یەکلاکەرەوە بەلکی ئەوەی دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێ ڕێککەوتنی حیزب و بنەماڵە و پشتی ئەوانە کە پێکدێت لە بەرژەوەندی دەوڵەتان. ئیدی بەژداری خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و داڕشتنی ستراتیژی بەڕێوەبردن بۆ ئێستا و داهاتوو جێگەی باس نییە، هەرەمیەتێک لەگۆڕێیە ئەکتی سیاسی کۆمەڵگای لە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک لیبۆک و نوێنەری ساختەدا کورتکردۆتەوە. ئەم کەسانەش کەوا بانگەشەی دەکرێ دەنگ و ڕەنگ و ئیرادەی خەڵکن چەواشەکارییەکی ڕووتە، چونکێ هەرکەس دەزانێ مەرجی وەرگرتنیان لەناو کایەی سیاسی و کارگێڕیدا تەسلیمبوون و خزمەتکاری حیزب و بنەماڵەیە واتە لە کۆیلەیەکی یەخەسپی زیاترنین کە فەرمانی ئاغاکەی جێبەجێدەکات؛ بێگومان مرۆڤ ناتوانێ بەو کەمینە کەلەخوێنی خۆیان (خوێنی خێڵ و بنەماڵە) نییە، بڵێت کۆمەڵگا و جڤاکی سیاسی.

هەرەمیەتێک لەگۆڕێیە ئەکتی سیاسی کۆمەڵگای لە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک لیبۆک و نوێنەری ساختەدا کورتکردۆتەوە. ئەم کەسانەش کەوا بانگەشەی دەکرێ دەنگ و ڕەنگ و ئیرادەی خەڵکن چەواشەکارییەکی ڕووتە، چونکێ هەرکەس دەزانێ مەرجی وەرگرتنیان لەناو کایەی سیاسی و کارگێڕیدا تەسلیمبوون و خزمەتکاری حیزب و بنەماڵەیە

دەبێ ئەوەش بزانین تەنها لە ئەو کەمینە نوێنەرایەتییە ساختەدا کۆمەڵگایان نەگرتووە، بەلکی خودی کۆمەڵگا کراوەتە ئامانج، ئەوەش لە ڕێگەی داماڵینیان لە سیاسەت، بێبەشکردنی لە هەر جۆرە قەرار و بەرپرسیارییەتییەکی نەتەوەیی، وایان لە کۆمەڵگا کردووە تەنها داوابکات، داواکردنیان کردووە بە پیشەی ئەو کۆمەڵگایە، وەک ئەوەی داواکردن ئەکتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی بێت؛ هەڵبەت دەنگ هەڵبڕین و تێکۆشان بۆ سەندنی ماف و پێویستییە ژیانیەکان ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراوە، گەر بەدینەهات دەبێ دەربازی سەرهەڵدان و شۆڕش بێت، بەڵام کاتێک دەستەڵاتدارییەک خەریک بەوە بێت کۆمەڵگا ڕابێنێت لەسەر داواکاری و داواکردنێکی ڕووت بێ هیچ ئەکتێکی سیاسی و بەژدار لە بڕیاری سیاسی، بێشک ئەو دەستەڵاتدارییە دەخوازێ کۆمەڵگا و تاکەکانی ناوی بەرەو بەرخۆری و مەسرەفگەرایی ئاڕاستەبکات.؛ بەواتایەکی تر ناخوازن ئەو کۆمەڵگا فێری هونەری ماسی گرتن بێت، بەلکی بەردەوام ماسی پێدەدەن، ئەمەش بێمەبەست نییە هەوڵێکی جدی و مەترسیدارە تا بۆ هەمیشە کۆمەڵگا چاوی لە دەستی ئەوان بێت، هەرگیزیش نەبێتە خاوەن خۆسەری ئابووری، سیاسی لە بچوکترینەوە بۆ گەورەترین بڕیاری لە دەستی ئەوانیتردا بێ.

گرنگە لێرەوە دەربازی ناو نەخشەیەکی فراوانتربین، بێگومان بە چاوکردن لەو نەخشە تۆڕێکی فراوانتر دەبینین ئەوەی فۆکۆ بەئیلهام وەرگرتن لە کافکا ناوی دەنێت” تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی” سیستەم و دەسەڵات بۆ دیسپلین و کۆنترۆڵ؛ گەر وامانکرد ئیدی تێدەگەین لەبەردەم دوو هێز دوو بنەماڵەدانین بەتەنها، لەوەش تێدەگەین ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بەتەنها گرێدراوی ناوخۆ نییە، واتە ئەم مۆدێلە لە ئیدارەدان تایبەت نییە بە یەک ناوچە یان یەک ستاتۆی وەک باشوری کوردستان، گەر وابیرکەینەوە ئەم ڕەوشە پڕ قەیرانە بەرهەمی زهنییەتی ڕایەدارانی باشورە بەتەنها ئەوکات دەکەوینە هەڵەوە چ لە دیاریکردنی کێشە چ لەدەستنیشانکردنی ئاڵتەرناتیڤ و چارەسەری. ڕوانینێکی وەهاش کە دامانبڕێت لە خوێندنەوەیەکی ورد و قوڵ لە حیزب و بنەماڵە لەبەستێنی مێژوودا ئەوا ئانالیزمان کورت دێنێ و دیسان دەکەوینە ناو هەڵەوە، ڕاستینەش ئەوەیە، ئەوەی لە باشوردا لە ملی سیاسی، ئابووری، فکری و ئیدیلۆژی و لەشکری و جڤاکیدا ڕوودەدات گرێدراوی دەیان دەوڵەتی دیکەیە و سیستەمێکی گەورە دەیمەشێنێ؛ ئەوەیشی وایکردووە هەرشت بۆ ئەو سیستەمە بچێتەسەر، خوێندنەوە و کارکردنێکی فراوانە تا گەیشتووە بە ئاستی لەباری و جۆربوونی حیزب و بنەماڵە بە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسۆنی ساختە و پاسیڤەوە بۆ خیانەت، سازشکردن بۆ داگیرکاری خاک و سامانەکەی بۆ بێبەهاکردنی کۆی بەهاو نرخەکانی کۆمەڵگا. بەتەنها لەوەشدا ناوەستێ بەلکی وابەستەی دەکات بە خۆیەوە هەتا ئەوکاتەی شتێک لەو خاکەدا بێت چ لەڕووی وزەوە چ لەڕووی گرنگی جیۆپۆلۆتیکی؛ “سەمیر ئەمین” بەم جۆرە لەپەیوەندی دەڵێت “تیۆرەیی وابەستەگی” وابەستەبوونی وڵاتانی کەنار بەسەنتەرەوە کە ئەوروپا و ئەمریکایە. ئەم وابەستەیییەش لەسەر ئەساسی چەوسانەوە و تاڵانکردنێکی هەمەلایەنەیە. باشوری کوردستان نمونەیەکی بەرچاوە، ستاتۆیەکە لە شێوەی دەوڵەت دەکرێ بڵێین سێبەری دەوڵەتە، دەوڵەتێکی بەرخۆرو وابەستە کە بەم دوایییانە بەخێرایی لە هەوڵی گواستنەوەی دامەمودەزگاکانیەتی لە کەرتی گشتیەوە بۆ کەرتی تایبەتی بەرخۆر و مەسرەفگەرا. هەر بەگوێرەی سەمیر ئەمین؛ ئەم ستاتۆ و دەوڵەتانە نابن بە بەرهەمهێن چونکێ توش دەبن بە نەخۆشی و ڤایرۆسی لیبڕاڵ و نیولیبڕالیزم کە ئایدۆلۆژیای سەرەکی سیستەمی سەرمایەداری و هەر بەرهەمی خودی سیستەمەکەن واتە بەرهەمی دەوڵەتانی سەنتەرن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستینەش پێویستی دەبینم بکەومە ناو بەراودکارییەک لەنێوان ستاتۆ یان دەوڵەتی بەرهەمهێن و مەسرەفکەر.

ئەمەش بەخاتری ئەوە دەکەین ماهیەت و جەوهەری باشور ناسبکەین. دەوڵەت یا ستۆتۆی بەرهەمهێن کاردەکات بۆ گەشەپێدان و بوژاندنەوەی ئابووری لە ڕێگەی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگا لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، کە وادەکات خاوەن داهات بێ ئەو داهاتەش بەشی گەورە و بەرچاوی دەخاتە خزمەت پڕۆژەی هەمەجۆر و پڕکردنەوەی پێداویستی و کەلێنەکانی کۆمەڵگا. پشت بەهێزی فکری، تەکنەلۆژی و ئایدۆلۆژی خۆی دەبەستێت، تاک و کۆمەڵگای خۆی بەبنەما دەگرێ بۆ گەشەو پێشکەوتنەکانی.

گرفتی گەورە تا ڕادەیەک دەکرێ بڵێن “تراژیدکۆمیدیە” ئەوەیە لەم هەرێمەی ئێمەدا زهنیەتی دەستەڵاتداری و سەرمایەداریەکەی بەردەوام بانگەشەی پێشکەوتن و گەشەو بەرهەمداری دەدەن بە گوێی خەڵکدا و پێیانوایە لە ئاستە ئابوورییەکەیدا لە ئاستی دەوڵەت و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دان، پێیانوایە هەڵکشانی باڵەخانە و ئوتێلی پێنج ئەستێرە و ڕیستۆرانتە ڕاقییەکان، بەدووبەیییکردنی هەرێم کە مەسرەفگەراییەکی ڕووت و ڕەهایە، گەشەی ئابووری پێشکەوتن و بەرهەمە!

بەپێچەوانەوە دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەرخۆر چ لەنێو لەشی دەوڵەت و کەرتە بەناو گشتییەکەیدا بێت یان دەرگیر بە کەرتی تایبەت ناتوانێ خاوەن گەشەوپێشکەوتن و بەرهەمبێت، سروشتی ئەوجۆرە لە دەوڵەت و کۆمەڵگای بەرخۆر بەوڕەنگەیە؛ بەردەوام بەکاربەرە بێ ئەوەی شتێک بەرهەمبێنێتەوە جگە لە هەبوونە فیزیکییەکەی، هەمیشە بەدوای تێرکردنی ئارەزوو حەزەکانیدا وێڵە و بەدوای کاڵادا ڕادەکات، ئەمە سەرەتا لە شکڵی ئابووریدا خۆیمان نیشان دەدات بە لە درێژمەودادا کاریگەریکەری لەسەر سیاسەت، هونەر، ئاین، وەرزش ….تاد دادەنێت و تا وایلێدێت مەسرەف و بەرخۆری دەبێتە کلتووری زاڵی کۆمەڵگا. ئیدامەکردنی ئەم کلتوور و شێوەژیانەی ئایدۆلۆژیای باڵادەست دەیسەپێنێ دەبێتەهۆی کێشەی گەورە یەک لەو کێشانە ئاستێکی بەرز و بێشوماری چینایەتییە لە کۆمەڵگادا، چینێک بەگوێرەی مۆدێل و کوالێتی ژیان لە ئاستە باشەکەیدا وەک خانوو سەیارەی گرانبەها، جلوبەرگی مارکە و ئۆرجیناڵ، ڕووکردن لە شاری خەونەکان و منداڵەکانیشیان بۆ قوتابخانە و زانکۆی تایبەت دەگوازنەوە، نەخۆشخانەی تایبەت فڕۆکەی تایبەت….تاد چینێکیش کە بەشە گەورەکەی کۆمەڵگا پێکدێنێت بێبەش دەبن لە سەرەتاییترین ماف و پێداویستییەکانی ژیان، مارکس دەقیقتر لە کۆندریزەدا دەستنیشانی ئەم فۆڕمە دەکات و دووجۆر لە بەرخۆری دیاریدەکات؛ یەکیان فەسرەفکردنێکە لەناو چینی چەوساوە کە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتایییەکانە وەک خۆراک و جلوبەرک لە ئاستە هەژارییەکەیدا ” ئابووری خۆژێنی”،  دووەمیان بەرخۆرییەکی ڕەهایە کە ئەمەیان چینی دەستەڵاتدار و سەرمایەدارەکان خاوەنداریەتی لێ دەکەن. دووەمیان لەسەر ڕەنج و ماندووبوونی یەکەمیان دەژین، هەر بەو ڕەنجەی کە چینی چەوساوە دەیدات، شوناسی کۆمەڵایەتی سازدەکەن و خۆیانی تێدا گەورە دەبینن، هەرئەوەی پیتەر بۆردیۆ ناوی لێدەنێت “خۆگەورەبینینی کۆمەڵایەتی” ئەمەش وەک لەسەرێ ئاماژەم پێدابوو بەو داهاتەیە کە لە خوێنی چینی هەژار دەستی دەخەن و لەڕێگەی بڕێکی مەسرەف لە میدیا و مەودای بازاڕدا، ئەوچینەی دەکەونە ناو بەرخۆری ڕەهاوە خۆیان گەورە دەبینن لەچاو خۆیان و ئەوانیترەوە.

گرفتی گەورە تا ڕادەیەک دەکرێ بڵێن “تراژیدکۆمیدیە” ئەوەیە لەم هەرێمەی ئێمەدا زهنیەتی دەستەڵاتداری و سەرمایەداریەکەی بەردەوام بانگەشەی پێشکەوتن و گەشەو بەرهەمداری دەدەن بە گوێی خەڵکدا و پێیانوایە لە ئاستە ئابوورییەکەیدا لە ئاستی دەوڵەت و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دان، پێیانوایە هەڵکشانی باڵەخانە و ئوتێلی پێنج ئەستێرە و ڕیستۆرانتە ڕاقییەکان، بەدووبەیییکردنی هەرێم کە مەسرەفگەراییەکی ڕووت و ڕەهایە، گەشەی ئابووری پێشکەوتن و بەرهەمە!

خۆ دەبێ ئێمە بپرسین کڕینی ڤێلایەک بە بەهای 18 ملیۆن دۆلار لەلایەن مەسروربارزانیەوە لە ویلایەتی ڤێرجینا گەشەی ئابوورییە؟ یان کڕینی چاکەتێک بە 31 وەرەقە بەرهەمە یاخود مەسرەف؟ کڕینی پاسکیلێک بە بەهای 4 هەزار دۆلار لەلایەن نێرچیرڤان بارزانییەوە یان لەبەرکردنی چاکەتێک لەلایەن ئارینی کوڕی سەرۆکی حوکمەتەوەو نمایشکردنی لە میدیاکانەوە کە بەهاکەی 2 هەزار دۆلارە، بەرهەم و گەشەی ئابوورییە یان مەسرەف و بەرخۆری ڕەها؟ ئەوە جگە کڕینی باشترین جۆری ئەسپ و هەزاران سەیارەی درع و سەدان جۆر لە چەکی پێشکەوتوو بەکارهێنانیان لە ڕاو و کاتە بەتاڵەکانیان کە تێچویان ملیۆنان دۆلارە و لەسەر خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی باشور دەکەوێ. هەڵبەت ئەمە گرێدراو نییە بە ژیانی شاهانەی ماڵباتێک بەلکی دوو ماڵباتی حوکمڕان و لە دەوریشیاندا سەدان سەرمایەدار و بازرگانی میلۆنلەر جێگەی باسە و خاوەن ڕۆڵن لە گواستنەوە و جێکەوتکردنی کلتوور و شێوەژیانی مەسرەف و بەرخۆری لە هەمان کاتیشدا ڕێگرێکی سەرەکین لە پێشکەوتنی کۆمەڵگای باشور بۆ ئابوورییەکی گەشەکردوو بەرهەمدار تا ببێتە ژێرخانێکی پتە و تاکەکانیشی لەڕێگەی تواناکاری خۆیانەوە بگەن بەژیانێکی بەڕوومەت.

بەشکردن: