پێنج ئەستێرەی کوژراو؛ لە سۆرانی مامەحەمەوە بۆ وەدات حوسێن

دیار عەزیز شەریف

ئەوان پێنج ئەستێرە بون بە ئاسمانی رۆژنامەگەریی ئازادەوە. خەونی لاوێتییان کوردستانێکی ئازاد و دادپەروەرانە بو. قسەیان دەکرد و دەیاننوسی و پڕ بە گەرویان هاواریان بۆ ئازادیی و دادپەروەری و یەکسانی دەکرد. دەیانزانی باجی ئەوەی دەینوسن و دەیڵێن لەوانەیە رۆحیان بێ، بەڵام هەرگیز مردن نەیترساندن. ئەوان پێنج ئەستێرە بون؛ سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، شوکرێ زێنەدین و وەدات حوسێن. دەیانویست تەمی ملهوڕیی سیاسیی و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە ئاسمانی کەرکوک، هەولێر، سلێمانی و دهۆکەوە راماڵن و ئاسمانی کوردستان رەنگاوڕەنگ رەنگ بکەن تا روناکیی بە یەکسانی بۆ هەموان بێ، کەچی دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی ئەو ئەستێرانەیان تیرۆرکرد.

٤ی ئایار رۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و سێی ئایار رۆژی جیهانیی چاپەمەنیی ئازادە. بەبەبۆنەوەی ئەو دو یادەوە دەمانەوێ ئەو پێنج ئەستێرە کوژراوە بیربهێنینەوە.

سۆران مامە حەمە
١٩٨٦-٢٠٠٨

سۆران مامە حەمە شاعیر و رۆژنامەنووسی گەنج لە ساڵی ١٩٨٦ لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک لە دایک بووە. بەهۆی ژیانی ئاوارەیی ناوخۆوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ خانەوادەکەی دەگەڕێنەوە شاری کەرکوک لەوێ سۆران درێژە بە خوێندنی دەدات و دواتر دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی مۆسیقا، لەو کاتەی کە تیرۆردەکرێت ئەو لە قۆناغی چوارەمی بەشی مۆسیقا دەبێت.   

سۆران بەهۆی بەهرە و تواناکانیەوە لە تەمەنێکی زووەوە دێتە ناو دنیای نووسین و هونەر و چاڵاکی سیاسی، لە تەمەنی ١٧ ساڵی تێکەڵ بە دنیای رۆژنامەگەری دەبێت، لە رۆژنامەکانی کەرکوکی ئەمڕۆ، کوردش گڵۆپ، کوردستان راپۆرت و، چەمچەماڵ کاری کردووە، بەرلەوەی بچێتە گۆڤاری لڤین لە ساڵی ٢٠٠٦، یەکەمین کاری رۆژنامەوانی لە ژمارە ٣٧ گۆڤارەکە بڵاودەبێتەوە و دوایین هەر لە هەمان گۆڤار راپۆرتێکی بەدواداچوون دەبێت بەناوی <<سۆزانییەکان کەرکوک داگیردەکەن>> لە ژمارە ٦٩ مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٨ بڵادەبێتەوە کە تێیدا باس لە تێوەگڵانی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک دەکات لە کاری لەشفرۆشی، دەستکەوتنی ناوی هەندێ لەو بەرپرسە ئەمنیانە بە پلەی موقەدەم و رائید. لەوێدا سۆران دەڵێت ‘ناوەکانیان لای گۆڤاری لڤین پارێزراوە، بەڵام لەبەر ئیتیکی رۆژنامەنەوانی بڵاویانناکەینەوە’ . 

سۆران وەک گەنجێکی پڕ لە وزە و یاخی جگە لە کاری نووسین و رۆژنامەگەریی، بەهرەی لە بواری ئەدەب و هونەریش هەبووە، بەتایبەتی لە بواری شیعر و شانۆ، ئەو هەروەها ئەندامی رێکخراوی چاک دەبێت لە کەرکوک. بۆیە هەر لە سەرەتاوە رۆحی یاخیبوون و دیدگای رەخنەیی و ناڕازیبوون لە دەنگ و رەنگی سۆرانی مامە حەمە هەست پێدەکرێت. 

سۆران بە مانگێک و شەش رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (سۆزانیەکان کەرکوک داگیردەکەن) تیرۆر دەکرێت، بەڵام بە ماوەی دوو مانگ پێش ئەو کاتە هەڕەشەی جددی لە ژیانی دەکرێت، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی وتارێکی بە ناوی (خانمەکەی سەرۆک و خانمەکەی کلینتۆن) لە رۆژنامەی هاوڵاتی کە بۆچی هێرۆخانی هاوسەری جەلال تاڵەبانی سەرۆکی ئەوکاتی کۆماری عێراق وەک کاراکتەرێکی سیاسی دەردەکەوێت، بەڵام کەس هاوسەری مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم نەبینیوە و بۆچی ئەویش وەک کاراکتەرێکی سیاسی دەرناکەوێت. سۆران پێشتر پۆلیسی کەرکوکی لە بوونی هەڕەشەی مەرگ لەسەر ژیانی ئاگاداردەکاتەوە.  

یەکێک لە وتارەکانی سۆرانی مامە حەمە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی

سۆران لە شەوی ٢١ تەمموزی ٢٠٠٨ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لەلایەن گروپێکی چەکداری تاوانکار بەدەسترێژی گولـلە تیرۆردەکرێت. دوای ئەوە ئەو گروپە لە دەرگای ماڵەوەیان دەدەن و سۆرانیش خۆی دەچێت دەرگاکەیان لێ بکاتەوە، چەکدارێکیان لەناو دەرگاکە سۆران دەداتە بەر دەسترێژی گولـلە و دەیکوژێت، بەگوێرەی زیاد لە سەرچاوەیەکەوە ئەو گروپە تیرۆریستییە ژمارەیان ٣ چەکداری نەناسراو دەبێت و ئوتومبێلێکی جۆری BMW پێ دەبێت، هەروەها ئوتومبێلێکی جۆری پیکاب دەبل نیسانیش لەسەر کوچەی ماڵەکەیان چاودێری بارودۆخەکە دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە دەستەی یەکەمی تیرۆریستە هاوپیشە و هاوکارەکانیان کە ئەرکی جێبەجێکردنی کوشتنی راستەخۆی سۆران مامە حەمەیان پێسپێردرابوو.

سەرەتا باس لە دەستگیرکردنی ٣ تۆمەتبار کرا لەلایەن پۆلیسی کەرکوک و بەڵێنی  بەدواداچوون بە خانەوادەکەی و هاوڕێیەکانی درا، بەڵام دواتر وەک تەواوی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکە راگیرا و دۆسییەکە داخرا. بەگوێرەی هەواڵێکی ویکلیکس پارتی و مەسعود بارزانی فشار لە یەکێتی و مام جەلال دەکەن بۆئەوەی ئەو دۆسییەیە دابخرێت و بەدواداچوونی بۆ نەکرێت و بکوژەکان ئاشکرا نەکرێن. ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر  لە ٨ ئابی ٢٠٠٨ بە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەسەر تیرۆرکردنی، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم لە سەردانێکی شاری کەرکوک بەڵێن بە رۆژنامەنووسان دەدات کە لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە تاوەکو بکوژان ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا.

 سەردەشت عوسمان
١٩٨٧-٢٠١٠

“گەنجانی ئەم وڵاتە مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم رۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان.” ئەمانە دێڕەکانی دوایین نووسینەکانی سەردەشت عوسمانە، ئەو کوڕە یاخییەی نێو شوێن و کولتوور و سیستمێکی دڵڕەقە کە خەیاڵ و بیرکردنەوەی ئازاد باجی قورسی لەسەرە تا سنووری مەرگ. سەردەشت عوسمان نووسەرو رۆژنامەنووسی گەنج لە دایکبووی ٢٥ کانوونی دووەمی ١٩٨٧ شاری هەولێر، قۆناعی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب-زانکۆی سەلاحەدین بوو ئەو کاتەی بەهۆی نووسین و بیربۆچوونە رەخنەیی و ئازادەکانی لە تەمەنی ٢٢ساڵیدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردی ژیانی لێسەندرایەوە. 

سەردەشت لە ساڵی ٢٠٠٤ دێتە نێو دنیای نووسین و رۆژنامەوانیی، سەرەتا لە هەفتەنامەی (ئاشتینامە) نووسینە رەخنەیییەکانی بڵاودەکاتەوە کە بەهۆی بوێریی و قسەکردن لەسەر هێڵە سوورەکانی دەسەڵاتە حیزبیی و خێڵەکییە گەندەڵەکەی کوردی، رووبەڕووی چاودێریکردن و هەڕەشە دەبێتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێر و سیخوڕەکانیان، بەتایبەتی دوای بڵاوکردنەوە وتاری رەخنەیی و ساتیرئامێزی ” نە سەرۆک خوایە و نە کچەکەی” هەروەها وتارێکی بەناوی ” من عاشقی کچەکەی بارزانیم ” کە سەرەتا بەناوی خوازراو بڵاویاندەکاتەوە لە وێبسایتی کوردستانپۆست، بەڵام دواتر لە وەڵامی قەڵەمە سیخوڕەکانی پارتی کە لە ماڵپەڕی کوردستان نێت دژی سەردەشت دەنوسن، وەک ئالینگارییەک ناوی خۆی لەسەر وتارەکانی ئاشکرا دەکات، بەمەش راستەوخۆ رووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ دەبێتەوە. 

سەردەشت عوسمان لە دوای ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت، هەریەکە لە راگری کۆلێژی ئاداب و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەوکاتی شاری هەولێر ئاگادار دەکاتەوە. راگری کۆلیژ پێی دەڵێت ئەو ناتوانێت هیچی بۆ بکات. بەڕێوەبەری پۆلیس بەپێچەوانەوە دڵنیایی دەداتێ و پێی دەڵێت هەولێر ئارامە و پێویست ناکات لە ژیانی خۆی بترسێت. 

سەردەشت رۆژی ٤ ئایاری ٢٠١٠ بەیانییەکەی لە بەردەم کۆلیژی ئاداب لەلایەن گروپێک چەکداری نەناسراو دەڕفێنرێت و بە زەبر و توندوتیژی و لێدان دەیخەنە ناو ئوتومبێلەکەیانەوە، بۆ رۆژی دواتر تەرمەکەی بە کوژراوی لە شاری موسڵ دەدۆزرێتەوە کە دواتر لە راپۆرتی پزیشکی دەرکەویت کە بە لێدانی فیشەکێک لەناو دەمی تیرۆرکراوە، هەروەها لەگەڵ بوونی شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەیەوە.

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کاردانەوەیەکی توندی جەماوەریی لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێنا، لەبەرامبەر ئەمەدا دەسەڵاتی کوردی لیژنەیەک لە ژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم بەناوی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان پێکدەهێنێت، بەڵام بنەماڵەی سەردەشت هەر زوو گومان لە سەربەخۆیی لیژنەکە دەکەن. ئەوە بوو دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ لیژنەکەی حکومەتی هەرێم لەبری دۆزینەوەی تاوانبار و تیرۆریستان، خودی سەردەشت خۆی تاوانبار دەکەن و بە تیرۆریست و ئەندامی ئەنسار ئەلئیسلام ناوی دەبەن ، لە دەزگا میدیاییە سێبەرەکانی خۆیان تاوانی دووەمیان لە دژی سەردەشت و قەڵەمەکەی بڵاودەکەنەوە و هەوڵە چەواشەکارییەکانیان بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسییەکە بەتەواوی بەدەردەکەوێت، هەردوو وێبسایتی کوردستان ئۆنلاین و رۆژنامەی رووداو یەکەمین دەزگای سێبەری دەسەڵاتی پارتی دەبەن کە ناوی سەردەشت عوسمان وەک ئەندامی ئەنسار ئیسلام و تیرۆرسیت دەهێنن. 

دواتر هەر لەسەر بنەمای سیاسەتی کەڵەگایی ئەو دەسەڵاتە حیزبییە دێت کابرایەک دەهێنێتە ناو هوڵی دادگا بەناوی بکوژی سەردەشت کە گوایە ئەویش ئەندامی گروپی ئەنسار ئیسلام بووە و لەسەر ئەوە سەردەشتیان تیرۆرکردییە کە گوایە سەردەشت بەڵێنی ‘کارکردن و ئەنجامدانی چاڵاکیی پێداون بەڵام دواتر پاشگەزبووەتەوە’. دواتر ئەو کەسە کە هیشام مەحمود ناوێک دەبێت، لە قسەکانی دوایی لەناو هۆڵی دادگا ئەوە رەتدەکاتەوە کە سەردەشتی ناسیبێت، هەروەها ئەوەش ئاشکرا بوو کە ئەو کەسە بەر لە تیرۆرکردنی سەردەشت لە زیندان دەبێت. 

لە دوانزەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنەکەیدا، هەر یەکە لە رێکخراوەکانی میدیای ئازادی بێ سنوور، پەیامنێرانی بێ سنوور، و کۆمیتەی پارێزگاریی لە رۆژنامەنووسان بەدواداچوونێکی تازە بۆ رووداوی تیرۆرکردنەکەی و هۆکارەکانی پشت ئەو تاوانە رەش و گەورەیە دەکەن. لە ناوەرۆکی راپۆرتەکەیاندا هاتووە “سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووسێکیی هاوڵاتی بوێر و بەتوانای تەمەن ٢٣ ساڵ بوو، کە لە قۆناغی بارگژیی سیاسیدا لەسەر گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی سیاسی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نووسیبووی.

کاوە گەرمیانی
١٩٧٩-٢٠١٣

 ئەحمەد محەمەد، ناسراو بە کاوە گەرمیانی، ساڵی ١٩٧٩ لە ئاوارەییدا لە شاری ڕەشتی ئێران لەدایکبووە، ساڵی ۱۹۸٤ لە شارۆچکەی کەلار خراوەتە بەر خوێندن و تا پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە، پاش ئەوەی باوکی ئەنفال کراوە، بەهۆی هەژارییەوە و بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، وازی لە خوێندن هێناوە و دەستی بە کرێکاری کردووە. 

کاوە گەرمیانی لە 12-12-2012 ژیانی هاوسەر گیری لەگەڵ خاتوونی رۆژنامەنوس و کەس و کاری ئەنفالکراو شیرین ئەمین پێک دێنێت و ژیانێکی سادە و هەژارانە لە نێو خانویەکی قوڕدا دەگوزەرێنێت، لەسەر هەڵوێست و نوسینەکانی مەخابن لە شەوی 5-12-2013 رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەدرێتە بەر بە دەستڕێژی گولـلە و شەهید دەکرێت، بۆ رۆژی پاشتر لە نێو ئاپۆڕای هاووڵاتییان و رۆژنامەنوساندا بە دروشمی <<ئازادی، ئازادی>> لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بە خاک دەسپێردرێت، شەهید کاوە لە پاش خۆی جگەر کۆشەیەکی بەناوی ئامەد. 

کاوە گەرمیانی لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە دەستی بەکاری رۆژنامەوانی کردبوو، دەسەڵاتداران هەموو رێگایەکیان لە دژی بەکارهێنا تاوەکو ناچآری بکەن بە وەستان لە ئیشکردن لەسەر دۆسیەی گەندەڵی. دووجار دادگایی کراوە و بەهۆی ڕۆژنامەگەرییەوە دوو ساڵ لە زینداندا بووە، یەکێک لە سزاکان لەلایەن دادوەرێکەوە بوو کە باسی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی کردبوو. لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ دژی گەندەڵی و خزم خزمێنە و نادادپەروەری، کاوە سێ جار هێرشی دەکرێتە سەری و لێیدەدەرێت، جارێکیان لە ئەنجامدا لووتی دەشکێت.

سەرەتای کاری رۆژنامەوانی بۆ ساڵی ٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە کە بە کاری فۆتۆگرافی دەست پێدەکات و پاشان راپۆرت و بابەتەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکەندا بڵاودەکاتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە پەیامنێری هەردوو رۆژنامە و سایتی ئاوێنە و رادیۆی ئازادی، دواتر وەک پەیامنێر بۆ هەریەکە لە کوردستان راپۆرت و رێگای کوردستان کاری کردووە. 

لە نیسانی ساڵی ۲۰۱۲ـدا، کاوە گەرمیانی دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری گەڕان، دواتریش لە ١٠ـی ئەیلولی ۲۰۱۲ گۆڤاری (ڕایەڵ)ـی دەرکردووە، کە خۆی سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بووە و بە چڕیی کاری لەسەر دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسانی سنووری گەرمیان کردووە، تا ساتی تیرۆرکردنیشی، بەردەوامبووە لەسەر بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە و کۆتا ژمارەی گۆڤاری ڕایەڵ بەر لە تیرۆرکردنی ژمارە (۱٤) بووە. 

کاوە گەرمیانی، لە کارە ڕۆژنامەوانییەکانییدا، بەدواداچوون و بنکۆڵکاریی بۆ دۆسییە گەندەڵییەکان کردووە، لە ئەنجامی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکانیشیدا، لە ساڵی ۲۰۱۱ کتێبێکی لەژێر ناونیشانی “گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە ڕەشەکاندا” بڵاوکردووەتەوە.

لە ٢٤ تەمموزی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی جددی لەلایەن مەحمود سەنگاوی بەرپرسی ئەوکاتی مەڵبەندی یەکێتی لە گەرمیان لێدەکرێت، کاوە گەرمیانیش بۆ رۆژی دواتر سکاڵای یاسایی لەسەر مەحمود سەنگاویی تۆماردەکات، ماوەیەکی پێدەچێت، بەڵام ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئامادە نابێت، چەند رۆژێک بەر لە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، کاوە ناڕاستەوخۆ پەیام بۆ مەحمود سەنگاویی دەنێرێت کە ئەگەرئەو ئەمجارەیان ئامادەی دادگا نەبێت ئەوا کاوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیی لەبەردەم دادگا لە دژی ئەنجامدەدات. کاوە گەرمیانی کونسوڵخانەی ئەمریکیشی لە بوونی هەڕەشەی جددی لەسەر ژیانی ئاگادارکردبووەوە. شیرین کاوە گەرمیانی، هاوژینی کاوە گەرمیانی دەڵێت “هەر کەسێکی تر لە پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بوو بێت، ئەو هەڕەشەیەی مەحمود سەنگاویی بووە چەترێک بۆ ئەو کەسە تاوەکو بتوانێت کاوە تیرۆر بکات”   

بەهۆی بەردەوامبوونی لەسەر کاری بنکۆڵکاریی رۆژنامەوانی لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی بۆ جارێکی تر کاوە گەرمیانی لەلایەن بەرپرسێکی باڵای دیکەی یەکێتی لە گەرمیان، عەدنانی حەمەی مینا، سکاڵای لە دژی تۆمار دەکرێت و هەڕەشەیشی لێدەکرێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کاوە گەرمیانی لە  ژمارە ٧ ی گۆڤاری ڕایەڵ ئایاری ٢٠١٣ راپۆرتێک لەژێر ناوی “عەدنانی حەمی مینا دەیەوێت بینای گەورە لەسەر ئەو موڵکە دروست بکات کە داگیری کردووە” بڵاودەکاتەوە. 

دوای تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، خانەوادەکەی سکاڵای یاساییان لەسەر هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی تۆماردەکەن. شیرین گەرمیانی دەشڵێت “ئەو کەسانەی هاوپیشەی کاوە گەرمیانی بوونە و لە گۆڤارەکە لەگەڵیدا کاریان کردووە، لەبەر باری ئەمنی و مەترسی لەسەر ژیانیان هیچ کەسێکیان نەیانتوانی ئەو هەڕەشانەی عەدنانی حەمەی مینا کە لە کاوە گەرمیانی کردبوو لە هۆڵی دادگا پشتڕاستی بکەنەوە.” 

دواتر تۆمەتبارێک بەناوی “توانا خەلیفە” دەستگیردەکرێت و لە دادگا دان بە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی دەنێت و لە ساڵی ٢٠١٥ سزای هەتا هەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەوەی ئاشکرا و روونە وەک بکوژی هەر نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرێکی ئازاد و سەربەخۆ ئەو بکوژەی کاوە گەرمیانیش هەر کارە چەپەڵ و تیرۆریستیەکەی پێسپێردراوە و پێی ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی لە کن خانەوادە و کەس و کار و هاوپیشە و هاوڕێیانی کاوە گەرمیانی و تەواوی شەهیدەکانی دیکەی قەڵەم و بیروڕای ئازاد زۆر گرنگە بریتییە لە ئاشکراکردن و دادگاییکردنی ئەوانەی لە پشت تیرۆرەکەدان، واتە پیلانداڕێژەرانی تیرۆری رۆژنامەنووسان کە سێ دەیە زیاترە حوکمڕانیی رەهای هەرێمی کوردستان دەکەن. 

شوکری زێنەدین
١٩٧٣-٢٠١٦

شوکری زێنەدین لە دایکبووی ١٩٧٣ شاری شیلادزێی سەر بە پارێزگاری دهۆکە، لە ساڵی ٢٠٠٩ دەست بە کاری فۆتۆگرافیی و پەیامنێریی دەکات، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵی کەی ئێن ئێن وەک خۆبەخشێک کاری تێدا دەکات، بەشێکی زۆر لە کارە رۆژنامەوانییەکانی رووماڵکردنی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی بادینان دەبێت، بەمەش ئەو  لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا دوای چوار رۆژ لە دیارنەمانی لە رۆژی ١ دیسێمبەری ٢٠١٦ لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا لە رووداوێکی تەمومژاوی لە نزیک گوندێکی شارۆچکەی ئامێدی دەکوژرێت.  

سەرەتا پۆلیسی شاری دهۆک لەسەر بنەمای راپۆرتی پزیشکی توێکاریی رایگەیاند کە شوکری زێنەدین بە فیشەک کوژراوە و شوێنەواری ٣ فیشەک بەسەر جەستەیەوە دیارە. بەڵام دواتر هەر زوو پۆلیس و دەزگا دەسەڵاتدارەکانی دیکەی پارتی لە دهۆک، لەنێویاندا بەرپرسانی پزیشکی نەخۆشخانەش، لێدوانەکانی خۆیان دەگۆڕن و نکۆڵی لەوە دەکەن کە رۆژنامەنووسەکە بە فیشەک کوژرا بێت، لەبریدا رایدەگەیەنن کە گوایە  رۆژنامەنووسەکە بۆ راو چووەتە ئەو ناوچە شاخاوییە و لەوێدا بەراز پەلاماری داوە و کوشتویەتی. هاوپیشەکانی لە کەی ئێن ئێن لە شاری دهۆک لە نەخۆشخانە رێگەیان پێنەدرا تەرمەکەی شوکری زێنەدین ببینن.   

خانەوادەی شوکری زەینەدین بۆ ڕۆژنیوز هەموو تۆمەتێک سەبارەت بە گیان لەدەستدانى شوکری ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئەو تیرۆر کراوە و ئەو سیناریۆیەى بۆی داڕێژراوە سەرلەبەری ناڕاست و چەواشەکارییە، جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە هیچ کاتێک شوکری نە چووە بۆ ڕاو نە بێ پرسی ئەوانیش چووەتە دەرەوەى شار.  چەند جارێک هەڕەشە لە شوکری کراوە بەهۆی ئەوەى لە کەناڵی کەی ئێن ئێن کاری کردووە کە سەر بە بزووتنەوەى گۆڕان بووە، ئەوەشیان وتووە، چوار ڕۆژ پێش مردنى بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێت واز لەو کەناڵە بهێنێت. ئەو پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئاسایشی پارتی لە شیلادزێ دەستگیردەکرێت بەهۆی کارە رۆژنامەوانییەکانی لە هەمان کەناڵەوە.

شوکری زەینەدین لەو ماوەیەى کە لەو کەناڵە کاری کردووە، زۆر بە وردی کاری لەسەر بۆردوومان و هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک کردووە، بۆ ئەوەش چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پەدەکەوە ئاگادار کراوەتەوە و بانگ کراوە کە واز لە ڕووماڵکردنی بۆردوومان و هێرشەکانى تورکیا بهێنێت و وازیش لە کارکردن بۆ کەناڵی کەی ئێن ئێن بهێنێت، بەڵام ئەو هەر سوور بووە لەسەر کارەکەی خۆی و داواکاری ئەوانى ڕەتکردووەتەوە.

شوکری زێنەدین جگە لە کاری رۆژنامەوانی، هەر خۆی لەسەرەتاوە وەک پیشە و حەز و ئارەزوو کاری فۆتۆگرافی دەکات و لە شارۆچکەی شیلادزێ خاوەنی دوکانێکی وێنەگریی دەبێت، بەڵام دوای شەهیدبوونی لە ساڵی ٢٠٢١ دوکانەکەی و کەل و پەلە فۆتۆگرافیەکانی ناوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی لەناوچەکە دەستی بەسەردادەگیردرێت و دادەخرێت، ئەمەش دوا بەدوای دەستگیرکردنی کوڕێکی بەناوی قارەمان شوکری دێت کە دوای شەهیدبوونی باوکی بە ماوەیەک دەستی بە کاری فۆتۆگرافی و رۆژنامەوانی کردبوو. 

وەدات حوسێن
١٩٨٨-٢٠١٦

وەدات حوسێن رۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە شاری دهۆک، لە تەمەنی ٢٨ ساڵی بەهۆی کار و چاڵاکیی رۆژنامەنووسیی بەماوەی چەند مانگێک دوای کارکردنی لەگەڵ ئاژانسی رۆژنیوز لە ١٣ ئابی ٢٠١٦ لە شاری دهۆک تیرۆر دەکرێت. بەگوێرەی لێدوانەکانی هاوپیشەکانی و خانەوادەکەی، وەدات حوسێن پێشتر هەڕەشەی مەرگی لەڕێی تەلەفۆنەوە لێکرابوو، هەروەها چەند جارێک لە ئاساییشی دهۆک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، لەوێ لەماوەی لێکۆڵینەوەکەدا لێی دەدەن. وەدات بە خانەوادەکەی وتبوو کە ئەو داوای لێکراوە یان دەبێ واز لە کارکردنی وەک رۆژنامەنووس لە رۆژنیوز بهێنێت یانیش دەبێ وەک زانیاریدەرێک بۆ ئاساییش لەوێ ئیش بکات. بێگومان وەدات داواکەیان رەتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە کاری رۆژنامەوانیی لە رۆژنیوز، ئەو رۆژەی کە رفێدرا کامێرای رۆژنامەوانیی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە. دوایین راپۆرتی رۆژنامەوانیی تەواونەکراوی وەدات حوسێن لەبارەی ماوەی درێژکردنەوەی نایاسایی پۆستی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دەبێت.

لە رۆژی ١٣ ئابی ٢٠١٦ دەوروبەری کاتژمێر٩:٣٠ بەیانی رۆژنامەنووس وەدات حوسێن لە رێگای چوون بەرە کار، وەک شایەتحاڵەکان باسی لێوە دەکەن، لە گەڕەکی ماڵتا لە ڕۆژئاوای دهۆک لەسەر ڕێگاکە لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی ئاساییەوە ڕێگری لێدەکرێت. سێ پیاو کە جلوبەرگی سڤیلیان لەبەردابووە بە زەبر لەناو ئۆتۆمبیلەکەی دەردەهێنن و کیسەیەک دەخەنە سەری و بەزەبری چەک بۆ ناو یەک لە ئۆتۆمبێلەکەیان پاڵی پێوەدەنێن و لێدەخوڕن و ئەوێ بەجێدەهێڵن. شایەتحاڵەکان ئەوەش بە خانەوادەی وەدات دەڵێن کە ئەو کەسانەی وەداتیان رفاندووە وتویانە گوایە رۆژنامەنووسەکە بە ئۆتۆمبێل لە منداڵێکی داوە بۆیە ئەوان دەستگیری دەکەن. شایەدحاڵەکان هەروەها بە خانەوادەکیشی دەڵێن کە ئەوان ژمارەی تابلۆ و مۆدێلی ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکانیان نووسیبوو و بە ئاساییشی گشتیان داوە. 

هەمان رۆژ تەرمی وەدات حوسێن لەسەر رێگای نێوان سمێل-دهۆک بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە کە جێی ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە بەسەر جەستەیەوە بەجێدەمێنێت، بەگوێرەی شایەدحاڵەکان وەدارت هەتا گەیاندراوەتە نەخۆشخانە لە ژیاندا ماوە و توانیویەتی ناوی خۆی و ناونیشانی ماڵەوەیانیان پێبدات. 

کەسوکاری رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، وەدات حوسێن، دەڵێن: “لە زانیارییە سەرەتاییەکانی راپۆرتی پزیشکی دادی دهۆکدا هاتووە، جگە لە شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەی تیرۆرکراو، بە چەقۆ بە توندی لەسەری دراوە و شوێنەواری لێدانی کارەبا بە سینگیەوە دیارە”

ڕۆژی 15ی ئابی 2016، دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا هاتووە سەرۆکی هەرێم “دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە بکەن و تاوانباران ڕابگرن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن”. کەچی پاشان کەمتر لە تێپەڕبوونی سێ مانگ دوای تیرۆرکردنی، لەبری دۆزینەوەی تاوانباران و بە سزاگەیاندنیان، هەڕەشە لە خانەوادەکەی دەکرێت بۆ بێدەنگکردنیان و دەستهەڵگرتن لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی، هەروەها بەهۆی رەتکردنەوەی هەوڵەکانی پارتی بۆ رازیکردنیان بە سولحی عەشایەری وەک برایەکی ئاماژەی پێدەدات و دەڵێت ” هەوڵێک هەبوو لەلایەن پارتی كە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ  ویستی بە سوڵحی عەشایەری ئەو کەیسە دابخات، لەبەر ئەوەی کە پارتی خۆی حزبێکی عەشایرە، بەڵام ئێمە ڕێگەمان نەدا و قبوڵمان نەکرد کە ئەو کەیسە لە سیستمی عەشیرەتیدا چارەسەر بکرێت. هەتا ئێستا هەڕەشە لەسەر ئێمە بەردەوامە، نامەی هەڕەشە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان زۆر دێت، زۆر فەیسبووکی برا و خوشکەکانم سڕاونەتەوە، هاتووچۆمان هەموو شتێکمان لەژێر چاودێریدایە”. 

بەشکردن: