تا چەند بەختەوەریت؟

شەیدا محەمەد سەعید

خوێندکاری قۆناغی سێیەم، بەشی ئابووریی، زانکۆی سلێمانی

مرۆڤ وێڵە بەدوای بەختەوەرییەوە، بەڵام بەختەوەریی مەلێکی بێباڵ نییە ئاسان بیگریت و لە گۆڕانێکی بەردەوامیش دایە. زۆر کەس دوای چەندین ئەزمونی تاڵ و شیرین، رەنگە بڵێن “تەنها پارە مرۆڤ دڵخۆش دەکات،” بەڵام تا چەند ئەم روانینە بۆ بەختەوەری راستە و ئایا پارە (واتە داهات) دەتوانێت بەختەوەرمان بکات؟

وەک توێژەرانی ئەم بوارە باسی دەکەن، بەختەوەریی پرسێکی فەلسەفیی بووە لای زۆر لە فەیلەسوفەکان لە ئەرستۆی فەیلەسوفی یۆنانییەوە تا رۆژگاری ئەمڕۆمان، بەڵام تەنها لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە زانستە کۆمەڵایەتییەکان (لەوانە دەروونناسیی و ئابووریی) توانیان وردتر داتا لەسەر ئەم پرسە کۆبکەنەوە و لە تاقیگەدا بیپشکنن. ئەم پرسە بۆ تاک و حکومەت وەکو یەک گرنگە. تاک دەیەوێت بەختەوەرتر بێت و رەنگە پێویستی بە هاریکاریی بێت، حکومەتیش دەبێت سیاسەتێک دابنێت خەڵکەکەی ئاسودەتر بژین. لێرەشەوە پێناسەیەکی وردتر بۆ بەختەوەریی داڕێژرا و جیاکرایەوە لە گەشەی ئابووریی.

لە پێوانەی گەشەی ئابوورییدا پێوەری سەرەکیی زیادبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییە. ئەگەر کاڵا و خزمەتگوزاریی زیاتر دروست کران، واتە داهاتی تاکەکەسی راستەقینەش زیادی کردووە. ئابووریناسان تا سەرەتای ١٩٧٠کانیش زیاتر پێوەری داهاتی تاکەکەسیان وەک تاقانە پێوەری بەختەوەریی بەکاردەهێنا. ئەگەر لە ساڵێک بۆ ساڵێک داهاتی تاکەکەس زیادی بکردایە، ئەوا دەیانوت گوزەرانی مرۆڤ باشتر بووە. ئاشکرایە کە کەسێک دڵەڕاوکێی دارایی هەبێت، یان بێکار بێت، یان کاتێک گرانیی دەبێت (هەڵئاوسان)، ئەوا زۆر زەحمەتە بەختەوەر بێت.

ئەو گریمانانەی دەڵێن بەڵێ داهات پێوەری سەرەکییە ھۆكارەكەی دەبەستنەوە بەوەی كە تاك لە كاتی زیادبوونی ئارەزووەكانیدا پێویست دەكات ئەوەندەی لە داھات پێبێت كە بتوانێت خواستی پێ دروست بكات، واتە ویستێك و توانستی كڕینی هەبێت. فرەبوونی پێداویستییەكانی ڕۆژانە و كەمی بەردەستبوونی داھات ڕووبەڕووی كێشەی دەگمەنیی ئابورییمان دەكاتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆژ بەڕۆژ پێداویستییەكان دەگۆڕێن و جۆراوجۆر دەبن. بێگومان تاك بە داھاتێكی جێگیر و سنوردارەوە ناتوانێت بگات بەو ویستانەی كە پێی وایە بەدەستیان بێنێت دەگات بە بەختەوەریی و ئەمەش پاساوێكی بەھێزە. دنیای سەرمایەداریی ھەمیشە خواستێك دروست دەكات كە جێی سەرنجی تاكەكان بێت، ھەوڵ دەدات بە جۆرێك كاڵاكان بناسێنێت و زۆرترین خواستی لەسەر كۆ بكاتەوە زۆرترین قازانج بەدەستبهێنرێت. دەبینین كاتێك ئایفۆن 15 دەكەوێتە بازاڕەكانەوە چۆن بەلێشاو خەڵك دەڕۆن بۆ بازاڕەكان دەیكڕن، لە كاتێكدا لەگەڵ شێوازەكانی پێش خۆیدا جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە تەنیا كۆمەڵێك ئەركی بۆ زیاد دەبێت. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت كە تاك بەبێ هێنانەدی ئارەزویەکی لەم چەشنە ناتوانێت بەختەوەر بێت. تاكە دەوڵەمەندەكان زیاتر لە ژیانی خۆیان ڕازین، چونكە پێیان وایە ھەتا داھاتی زیاتریان ھەبێت ھەستی بەختەوەرییان زیاترە و دەتوانن ھەر كاڵایەك كە بیانەوێت بە دەستی بێنن. کڕین و بەکارهێنانی گوایە کاڵاش سەرچاوەی یەکەمی بەختەوەرییە.

لە شوێنێکدا پەیوەندیی نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی داهات و بەختەوەریی دەپچڕێت. لە دوای خاڵێکەوە، ئیدی زیادبوونی داهاتمان هیچ کاریگەرییەکی نامێنێت لەسەر بەختەوەرییمان

ئابووریناسێک بەناوی ئیستەرلین (Easterlin) لە توێژینەوەیەکیدا لە ساڵی ١٩٧١ سەلماندی کە لە شوێنێکدا پەیوەندیی نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی داهات و بەختەوەریی دەپچڕێت. لە دوای خاڵێکەوە، ئیدی زیادبوونی داهاتمان هیچ کاریگەرییەکی نامێنێت لەسەر بەختەوەرییمان. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە پێوەری تێکڕای داهاتی تاکەکەس ئەگەرچی پێوەرێکی زۆر بەسودە، بەڵام ناتوانرێت لە هەڵسەنگاندنی بەختەوەرییدا تاقانە پێوەر بێت. لێرەشەوە گفتوگۆکانی سەبارەت بە بەختەوەریی قڵپ کردەوە.

بۆ ئەوەی بتوانین پێناسەیەك بۆ بەختەوەری بكەین ناتوانین بە تەنیا یەك ھۆكار وەربگرین. بۆ نمونە ناتوانین بڵێین تەنیا بە ھەبوونی خانووی جوان، جلی گرانبەھا، سەیارەی باش، مۆبایلی مۆدێرن، ئێمە بەختەوەر دەبین. ئەمانە کاڵان و لە کۆی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکەمان (واتە DGP) هەژمار دەکرێت. راستە هەبوونیان کاریگەریی هەیە لەسەر دڵخۆشییمان، بەڵام ئەمە تەواوی بەختەوەریمان دەستنیشان ناکات. جیا لەمەش، رەنگە لە زۆر لایەنی ترەوە زیانی بۆ تەندروستیمان هەبووبێت. بەڵام تەندروستی باش، خێزانی باش، داھاتی باش، كاری گونجاو، یارمەتیدانی ئەوانیتر لەكاتی توشبوونیان بە كێشەیەك، موناجاتكردنیان لەگەڵ خودا، ھەبوونی بیرۆكەی گەورە، ھەبوونی ھیوا بەباشبوونی ژیان لە داھاتوو، تێكەڵبوونیان لەگەڵ سروشتدا تەواوكاری گەشتنە بە بەختەوەریی. هیچ یەکێکیش لەمانە لە کۆی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکەماندا تۆمار ناکرێت (ریشەی ئەم وەسفە دەگەڕێتەوە بۆ کەنەدیی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا). ھەندێك پێیان وایە كە داهات مەرج نییە بەختەوەریی زیاد بکات ئەگەر ئازادیی زیاد نەکات. ئەو ئازادییەی لە ئەمریکادا هەیە رەنگە زۆر کاریگەریی لەسەر ئاسودەیی زیاتر بێت وەک لەوەی لە چیندا هەیە. هەمان بۆچونیش بۆ ئێمەی کورد راستە.

وڵاتێكی وەكو عێراق كە خاوەنی بڕێكی زۆر لە داھاتە و زۆربەی لە بەرھەمھێنانی نەوتەوە بەدەستیدێنێت و تێكڕای GDPی وڵاتەكەی بەرەو زیادبوون چووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی بەختەوەریی جیهانیی هێشتا لە پلەی ٩٢دا بووە بەپێوەری بەختەوەریی و ٥.١٦٦ی لە ١٠ وەرگرتووە لەناو لیستێکدا کە لە ١٤٣ دەوڵەت پێکهاتووە، کە لیستەکە بە فینلەندا (٧.٧٤١) دەست پێ دەکات و بە ئەفغانستان (١.٧٢١) کۆتایی دێت. دە ساڵ لەوەوبەر، عێراق نەدەگەیشتە ٤.٥ لە ١٠. سەیری دوو دەیەی رابردووی هەرێمی کوردستانیش بکەین دەبینین مرۆڤی ئێستا زۆر زیاتر دەخوات، ئەمەش واتای ئەوەی زیاتر بەرهەمدەهێنێت جا لە هەرێم دروست کرابێت یان هاوردەی کردبێت. بەڵام ژینگەش پیستر دەکات. بەرهەمهێنانی نەوت بۆ خۆی بووە بەهۆی پیسکردنی ژینگەکەمان و تەندروستیی تاکەکانی تێکداوە.

بۆیە وەک ریچارد ئیستەرلین (Richard A. Easterlin) لە پێشەکیی کتێبی (ئابووریی بەختەوەریی The Economics of Happiness) نوسیویەتی، ئەگەر لە رۆژنامەیەکدا بکەوێتە بەرچاوت کە “تێکڕای داهاتی تاکەکەس بە ٥٪ زیادی کردووە” رەنگە بۆت گرنگ نەبێت و یەکسەر پەڕەکە هەڵبدەیتەوە و بچیتە سەر پەڕەی وەرزش. بەڵام ئەگەر نوسرا بێت بەختەوەریی بە ٥٪ زیادی کردووە، بۆت گرنگە و دەیخوێنیتەوە”.

لەو بۆچونانەی سەرەوە دەردەکەوێت کە بەختەوەریی پێناسەیەکی گشتگیرتری هەیە. ئیستەرلین رای وایە بەختەوەریی ئەزمونکردنی ژیانە لەلایەن خەڵکەوە و خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن دڵخۆشن یان نا، نەک کۆمەڵێک پسپۆڕ بێت و پێوەرێکی وەک داهاتی تاکەکەس بهێنێت و بڕیار بدات ژیانیان خۆشە یان نا. راپۆرتی بەختەوەریی جیهانیی سێ پێوەری سەرەکیی بۆ خۆشگوزەرانیی خود (subjective well-being) بەکاردەهێنێت. یەکەمیان بریتییە لە هەڵسەنگاندنی ژیان (life evaluation). بەختەوەریی بەم پێوەرە دەپێون. لەسەر ئاستی نەتەوە، ئەم پێڕستە لە شەش بنەما پێکهاتووە کە ئەمانەن: تێکڕای داهاتی تاکەکەس، تێکڕای تەمەنی تەندروست، کەسێکت هەبێت لەگەڵی بژیت (پشتی پێ ببەستیت)، ئازادیت هەبێت خۆت بژاردەکانت دەستنیشان بکەیت، بەخشندەیی هەبێت، و لە گەندەڵییش رزگارمان بێت. واتە ئەو هۆکارانە سەربەخۆن و بەختەوەریی پشتیان پێ دەبەستێت. دواتر ئەنجامەکان لەنێوان وڵاتاندا بەراورد دەکەن. ورد ببیتەوە، تێکڕای داهاتی تاکەکەس تەنها یەکێکیانە. ئەم پێوەرە لە ١٠ دادەنرێت. هەرچی دوو بەشەکەی تری خۆشگوزەرانیی خودە (کە فراوانترە لە بەختەوەریی) بریتیین لە هەستی ئەرێنیی و هەستی نەرێنیی. وەڵامەکانی ئەمە دوو بەشە بە ‘بەڵێ’ و “نەخێرە”. هەستی ئەرێنیی پێکهاتووە لە سێ بەش: پێکەنین (ئایا کەسەکە چەند پێدەکەنێت؟)، چێژبینین، هیوایەتیشت هەبێت. دووەمیان بریتییە لە هەستکردن بە دڵەڕاوکێ، غەمگینیی و توڕەیی. شانازییەکی فینلاندا و وڵاتانی تری ئەسکەندەناڤیا (وەک نەرویج) ئەوەیە لە ریزی پێنج باشترین دەوڵەتی جیهانن لە بەختەوەرییدا، خۆ بە پێوەری داهاتی تاکەکەسیش لە ریزی پێنج یەکەمەکە نین. شانازییەکی وڵاتێکی وەک چیک و سلۆڤانیا ئەوەیە کە لە ١٠ سالێ رابردوودا بەختەوەریی خەڵکەکەیان بەرەو باشتر چووە.

کەواتە کامیان دەبێت بۆ سیاسەتەکانی هێزە سیاسییەکان و حکومەت گرنگ بێت؟ بێگومان بەختەوەریی. هێزی سیاسیی کە تەنها پێداگریی لە بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتمان کرد، ئەوە هیچی تر ناکات جگە لەوەی دەیەوێت خەیاڵی پارەداربوون و دەوڵەمەندیی لە ناخماندا بوروژێنێت و بەو رێگەیە بگاتە پەرلەمان بێئاگا لەوەی هەر ئەو پارەداربوونە رەنگە بەختەوەرییمان کەم بکاتەوە.

ئایا چی بکەین بۆ ئەوەی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی بە مرۆڤە تەنهاکان بگەیەنین؟ ئێمە ناتوانین لە کەلار و کفرییەوە بۆ چەمچەماڵ و زاخۆ تێکڕای داهات لە کاتێکی کەمدا سەربخەین. بەڵام دەتوانین بەختەوەریی لە شار و شارۆچکەکاندا زیاد بکەین، کە یەکێکیان پشتدەبەستێت بە فراوانکردنی رووبەرەکانی ئازادیی لە بەردەم تاکدا

بەداخەوە ئێمە کەمترین توێژینەوەمان لەم بارەوە هەیە. راستە تێکڕای داهاتی تاکەکەس لە ساڵێکدا رەنگە شەش هەزار دۆلاری تێپەڕاندبێت و ئەمەش زۆر زیاترە لە ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٠٥ کە بەعس روخا. بەڵام بە سەیرکردنی واقعەکە (بەتایبەت مەسەلەی هەستی ئەرێنیی و نەرێنیی، یان گەندەڵیی، یان ئازادیی بژاردەکانت) تێدەگەین لە زۆر لایەنەوە بەختەوەرییمان دابەزیوە. من ناڵێم جاران مرۆڤ بەختەوەرتر بووە، بەڵکو دەڵێم ئێمە لەم بارەیەوە هەر توێژینەوەیەکی بەرچاومان نییە و تەنها بۆچونی گشتییمان هەیە. ئێمە دەبێت بەختەوەریی تەواوی تەمەنەکانمان بۆ گرنگ بێت، بەڵام هێشتا ئەوەشمان نەدۆزیوەتەوە ئایا بەختەوەریی لەناو کام گروپی تەمەنەدا زۆرە یان کەم؟ بۆ نمونە، راپۆرتی بەختەوەریی جیهانیی پیشانی دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەختەوەریی بۆ هەموو تەمەنەکان کەمی کردووە. بە کورتی، نایەکسانییەکی گەورە لە بەختەوەریی لە نێوان تاکەکاندا هەیە بەپێی تەمەن و جێندەر و ئاستی خوێندن و ئاستی داهات و شوێنی نیشتەجێبوون و زۆر شتی تر. بەداخەوە دەبوو چەندین راپۆرت و توێژینەوە لەم بارەیەوە بڵاوبکرانایەتەوە. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بەوە هەیە لەوە تێبگەین ئایا ئەو گەشە ئابوورییەی روویداوە تەنهاتری کردین یان لێکی نزیککردینەوە؟ ئایا چی بکەین بۆ ئەوەی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی بە مرۆڤە تەنهاکان بگەیەنین؟ ئێمە ناتوانین لە کەلار و کفرییەوە بۆ چەمچەماڵ و زاخۆ تێکڕای داهات لە کاتێکی کەمدا سەربخەین. بەڵام دەتوانین بەختەوەریی لە شار و شارۆچکەکاندا زیاد بکەین، کە یەکێکیان پشتدەبەستێت بە فراوانکردنی رووبەرەکانی ئازادیی لە بەردەم تاکدا.

زیادکردنی داهات و هەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی، مافێکی شەرعیی هەر تاک و نەتەوەیەکە. بەڵام مەرج نییە بەختەوەریی زیاد بکات. سیاسەتە ئابوورییەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لەوەی زیادبوونی داهاتەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانەتر دابەش بکرێت تا ئاسودەیی خەڵک زیاد بکات. لە خەرجکردنی داهاتی حکومەتدا، زۆر گرنگە بایەخی زیاتر بە کەرتەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیی و ژینگە بدرێت، چونکە خەڵک ئاسودەتر دەکەن. بەڵام وڵاتێک خەون و خەیاڵیی لە بەرزکردنەوەی داهاتدا کورت بکاتەوە و گەشەپێدانی بەردەوام و ئازادیی فەرامۆش بکات، ئەوا ماڵی خەمگینیی دوا مەنزڵگەی دەبێت.

سەرچاوەکان

  • John F. Helliwell, Richard Layard, Jeffrey D. Sachs, Jan-Emmanuel De Neve, Lara B. Aknin, and Shun Wang, World Happiness Report, University of Oxford: Wellbeing Research Centre, 2024:

https://worldhappiness.report/ed/2024/

  • World Happiness Report:

https://countryeconomy.com/demography/world-happiness-index?year=2013

  • Mariano Rojas, The Economics of Happiness: How the Easterlin Paradox Transformed Our Understanding of Well-Being and Progress, Edited, Springer, 2019.

 

تێبینی:

کوردستان تایمز فەندێکی لە رێکخراوی رۆزا لۆگزمبۆرگ لە ئەڵمانیا وەرگرت. بەشێکی فەندەکەی بۆ راهێنانی نوسین تەرخانکرد. بۆ ئەم مەبەستە پێنج خوێندکاری زانکۆی سلێمانیی هەڵبژارد. خوێندکارەکان لەلایەن سێ مامۆستای زانکۆ و سەرۆک بەشەوە لە هەر سێ بەشی (ئابووریی، سینەما، فەلسەفە) پێشنیار کرابوون. وتارەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دکتۆر نیاز نەجمەدیندا نوسراون. هاوکات لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ئینگلیزییشدا هاوکاریان بووە. لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەیاندا و بە شێوەی تیم، خوێندکاران ناونیشانی بابەتەکانیان هەڵبژاردووە. پاشان رەشنوسی یەکەمیان ناردووە بۆ د.نیاز بۆ پێداچوونەوە. یەکێک لە کارەکان ئەوە بووە کە سەرپەرشتیار چەند پاراگرافێکی شوێنگۆڕکێ کردووە و خوێندکارەکە دەبوو بیانخاتەوە شوێنی خۆی. لە رەشنوسی دووەمدا رەچاوی تێبینییەکانی رەشنوسی یەکەم کراوە و نێردراوەتەوە بۆ د.نیاز بۆ دواپیاداچوونەوە. پێشکەشکردنی وتارەکانیان وەک سیمینار و بە ئۆنلاین لەگەڵ تیمەکەیاندا بەشێکی تری ۆرکشۆپەکان بووە. هەر لە میانەی ۆرکشۆپەکەدا، “رێبەری نوسین” خرایە بەردەستیان تا باشتر بزانن وتارەکانیان بنوسن. لە کۆتاییشدا تیمی کوردستان تایمز بە وتارەکاندا چۆتەوە.

بەشکردن: