قەیرانە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان لە کوێی پڕۆسەی پەروەردەدان؟

بەشکردن:

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب

لە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا کێشەکانی خوێندنی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان جوانتر دیار دەکەون. لە دەمی خۆشی و سەیران و سەفادا، قسەی ڕچەشکێن ئەوە بوو بڵێیت فڵانە دەرس و فڵانە بابەتی ئەکادێمی، بە تایبەتی لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، کاتی بەسەر چووە و پێویست ناکات لە زانکۆکاندا بخوێنرێن. باس باسی ئەوە بوو هەموو بابەتێک بکرێتە قوربانی دەستکەوتە ئابوورییە خێراکان و ململانێ و کێبەرکێ و مامەڵەی دیکەی بازاڕی. لە گەڕەلاوژێی ئاوادا، بەرپرس و دەستەڵاتدارانی سیاسی و پەروەردەیی چاویان لەوە بوو ببنە یاریزانێک لە بازاڕی جیهانیدا، بێ ئەوەی بە جوانی شارەزای پێویستییەکانی یاریی ناوخۆیی بن. ئەم قەیرانانەی بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە هیچیان نوێ نین. لەگەڵ دەرکەوتنی هەر کێشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەمان قسەوباس و چەلەحانێ لە میدیا جۆراوجۆرەکانەوە سەرهەڵدەدەنەوە. گلەیی و گازندە و قسەوباسەکان دەرخەری دواکەوتنی زانستی و نەبوونی زانیاریی نوێ لەبارەی خۆپارێزی و وردەکارییەکانی بڵاوبوونەوە و چارەسەریی نەخۆشییەوە نین هێندەی دەرخەری نەبوونی لێکگەیشتن و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی هاوکاری و پێکەوەبوونن. 

دەستگاکانی پەروەردە لە کوردستان گلەییی ئەوەیان لێ ناکرێت کە چارەسەری دەردێکی وەک کۆرۆنایان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام گلەییی ئەوەیان لێ دەکرێت کە کۆمەڵگەیان بە ئاقارێکدا نەبردووە کە بەرانبەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوەی هەیە هۆشیارتر بن. ئەرکی زانکۆکان هێندە لە بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پتەوبوونی بنەما ئەخلاقی و فەرهەنگییەکان گرانە، هێندە لە دۆزینەوەی زانستیدا ئەرکیان گران نییە. کێشەی کۆمەڵگەی کوردستان کێشەی کەمیی زانست نییە، بەڵکە کێشەی نزمیی ئاکارە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییەکانە. لە ژمارەدا پزیشکمان زۆر هەن، بەڵام زۆریی نەخۆش و بەربڵاویی نەخۆشی و ناهۆشیاریی تەندروستی و خراپ بەکارهێنانی دەرمان چارەسەر نەکراون. ئەم گرفتانە دەریدەخەن کە ئامانجەکانی پەروەردە و ڕێکارەکانی گەیشتن بەو ئامانجانە کێشەیان تێدایە و پێویستیان بەوەیە وردتر و هۆشیارتر کار بۆ گۆڕینیان بکەین.

کە باس دێتە سەر پەروەردە، دەبێت لە بازنەیەکی فراواندا قسە و باسەکان بکەین. پەروەردە وەک هیچکام لە سێکتەرەکانی دیکەی کۆمەڵگە نییە. ئەگەر سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەستگاکانی حکومەت سەروکاریان لەگەڵ کێشە و مامەڵەکانی ڕۆژدا بێت، پەروەردە دوورتر دەڕوانێت و خەمێکی فرەجەمسەری هەیە. ڕاستە هەندێ لایەنی پڕۆسەی پەروەردەیی بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ بابەتەکانی ڕۆژ، بەڵام کۆی گشتیی پڕۆسەکە دوورمەودایە و هەناسەیەکی درێژی پێویستە. نموونەی پڕۆسەی پەروەردەیی زۆر لە پڕۆسەی کشوکاڵ دەچێت. کشتوکاڵ پڕۆسەیەکە بەرهەمەکەی دوورمەودایە و، جوتیار لەسەریەتی ئەو کەشەی بۆ هاتنەدەستی بەرهەمەکە گرنگە دابینی بکات و هەنگاوە پێویستەکانی گەیشتنە بەرهەم هەڵبگرێتەوە. جوتیاری شارەزا لە هەر هەنگاوێکدا چاوەڕێی باری نەخوازراوە و خۆی بۆ حاڵەتە ناکاوەکان ئامادە دەکات. لە کشتوکاڵدا هەر هەنگاوە و لە کاتی خۆیدا دەکرێت. ئەمڕۆ زەویەکەی دەکێڵێت تا پاش چەند مانگێک بەروبوومەکە بگاتە ئەو ئاستەی پێویستە. جوتیاری شارەزا، ئەگەر بیەوێت بەرهەمەکەی باشتر بێت، ساڵەوساڵ هەمان هەڵە دووبارە ناکاتەوە. گەر پڕۆسەی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان ڕێچکە بڕوات، هەر هەمان بەرهەمی دەبێت. 

پەروەردەی ڕەسمی لە کوردستان بە کردار تەنها لەسەر بنەمای ڕۆژ کاری کردووە نەک لەسەر بنەمای هەڵگرتنەوەی هەنگاوی ستراتیجی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی پەیوەست نین بە سیاسەتی ڕۆژ و مۆدێلبازییەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەم زەمەنی کرۆنایەدا ڕوونە ئەوەیە کە پەروەردە دەبێت کۆمەڵگە بۆ باری ناکاو و نەخوازراو ئامادە بکات. بازاڕی کوردستان پەیوەستە بە گۆڕانکارییە هەرێمی و جیهانییەکانەوە. هێندەی کاریگەریی دەرەکییان لەسەرە، هێندە فاکتەرە ناوخۆیییەکان ڕێچکە ئابوورییەکان دیار ناکەن. پەروەردەی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی هەموو هێزی خۆی لە بوارێکدا بە فیڕۆ بدات کە هێزی بەسەردا ناشکێت، باشترە پلانی ستراتیجی و ڕێکار و هەوڵەکانی بە ئاراستەی پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەکردنی تاکی هۆشیار و ڕەخنەگر و دووربین بێت. ئەم ئامادەیییەش لەڕێی کارکردن بۆ پەرەپێدانی بنەما مرۆیی و ئەخلاقییەکانەوە لە تاک و کۆمەڵگەدا دەبێت. بە شێوەیەکی سەرەکی خوێندنی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێو پڕۆسەکانی پەروەردەی دیمۆکراتیدا ئەم ئامانجانە دەپێکێت.

بەشکردن: