شەڕی میدیایی دەزگا ئەمنییەکان کێشە قوڵەکانتان لەبیرنەباتەوە

ئاراس مەسیفی

هەردو چەمکی خیانەت و گەندەڵی زۆرترین ئامەدەیییان لە گوتاری سیاسی و میدیای رۆژانەی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام کەمترین کاری فەلسەفیی سیاسییان لە بارەوە کراوە. لەڕوی فەلسەفەی یاسایی بنەمای هەردو چەمکی خیانەت و گەندەڵی بە مانای ناپاکیکردن دێت، لەگەڵ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک کە بە کەسێک سپێردراوە. بە کورتیی هەردوکیان چیلکەی یەک دارن، کە داری ناپاکییە. پاڵنەری هەردو کردەکانی خیانەت و گەندەڵیش، وەدەستهێنانی دەسەڵات و سەرمایەی زیاترە لە سەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و لە دەرەوی ئاکار و یاسا و ڕێکارە کارپێکراوەکان. نەبونی فەلسەفەیەکی رونی حوکمڕانی و  دەزگایەکی یاسایی باڵای نیشتیمانی بۆ بەدواداچون و لێپێچینەوە وا دەکات، کە هەرکەس و لایەنێک بۆ لەکەدارکردن و شکاندنی کەس و لایەنێکی تر بەکاریانبهێنێت، بێ هیچ ترسێک لە لێپێچینەوە و لێپرسینەوە. کێشە بنەڕەتییەکە لە تێگەیشتن یا باشتر بڵێین تێنەگەیشتنی بەشێکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بۆ چەمکی بەرژەوەندیی گشتی، چونکە لە فەلسەفەی سیاسیی ناوچەی زەرد، بەرژەوەندیی گشتی مانای بەرژەوەندیی پارتیی و بنەماڵەی بارزانییە، لە ناوچەی سەوزیش بە هەمان شێوە بەرژەوەندی یەکێتیی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە جێگەی بەرژەوەندی گشتییە. هەم یەکێتی و هەم پارتی بەپێی لۆژیکی خۆیان راست دەکەن، کە یەکتر بە خیانەتکردن لە بەرژەوەندی یەکتری تۆمەتبار دەکەن، چونکە لە تێگەیشتنی ئەوان بەرژەوەندیی گشتی مانای بەرژەوندی خۆیان، بەڵام لە راستیدا هەردوکیان خیانەت و ناپاکی لە بەرژەوەندی گشتیی دەکەن. 

لێرەدا هاوکێشەیەکی سەیر هەیە لەنێوان دوانەی خیانەت و گەندەڵی. کاتێک سەرمایە زۆر دەبێت، دەستڕۆیشتوەکان لە سەرەتا هەوڵدەدەن، سەرمایەی بەردەست بە قەبارەی دەستەڵاتەکانیان بە شێوەیەکی گونجاو و هاوسەنگ لەنێوان خۆیان دابەشبکەن و لە رێگەی پێناسەیەکی هاوبەش بەرژەوندییەکانی خۆیان بە بەرژەوەندیی گشتی لە قەڵەم بدەن. بۆ رەوایەتیدان بەمەش، بەشێکی باشی سەرمایەکە بۆ  کرینی قەڵەمی گوتاری رۆشەنبیری و میدیای تەرخاندەکەن و دەزگای میدیایی زەبەلاح دروستدەکەن کە دەرکەوتنی میدیای دی کە رەخنەگر و نیشتیمانیی بێت ئاستەم بێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە هەمو دەنگێکی نارازی بە تێکدەر و گێرەشێوێن وێنەبکەن و ئەگەر پێویستیشی کرد، تۆمەتی خیانەتکردن لە بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پاڵ. کاتێک دابەشکارییەکە بە هۆی کەمبونەوەی سەرمایە ناهاوسەنگی تێدەکەوێت، پێناسەکە سەر لە نوێ لە ماناکەی خاڵی دەبێتەوە، ئەکت و تۆمەتی خیانەت و گەندەڵی دوبارە تەیار دەکرێنەوە، بەرژەوندیی گشتی لە رێگەی گوتاری میدیای و رۆشنبیریی حزبی دوبارە پێناسە دەکرێتەوە، هەمان تۆمەت ئاڕاستەی یەکتر دەکەنەوە، کە پێشتر بە یەکەوە ئاراستەی خەڵکی تریان دەکرد.   

بە هەمو پێوەرەکانی لۆژیک و بیرکردنەوەی تەندروست دەبوایە هاتنی پەتای کۆرۆنا، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان رەنگ و تەمەن و گیرفان و ئاین و پایەی مرۆڤەکان ناکات، ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی تازەی بەکۆمەڵ بۆ چەمکی بەرژەوندیی گشتی، چونکە پەتای نەگریسی کۆرۆنا هەڕەشەیەکی تەواو جددییە بۆ سەر هەمو تاکێکی جیهان و هەرێم.  رێککارەکانی حکومەتی هەڕێم و هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی هەڕێم بۆ یەکەم جار هەستێکی وایان لای هاووڵاتییانی هەرێم دروستکردبو، کە تەنها بە یەکەوە دەتوانرێت روبەروی ئەم هەڕەشە و لێکەوتەکانی ببنەوە. بۆ یەکەم جار لایەنە پەیوەندارەکان توانیان بێ جیاوازی حزبی و ناوچەیی لە خەمی هاووڵاتییاندا بن و ئەوەی لە توانایان دایە بیکەن. هاووڵاتییانیش پاداشتێکی باشی ئەم هەنگاوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دایەوە و تا ئاستێکی باش بەدەم ڕێنمایییەکانی دەزگا پەیوەندارەکان چون. لە ئێستادا بەرژەوەندیی باڵای هاووڵاتییان ئەوەیە، بەرپرسان بەئاگایییەوە ڕەچاوی باری دەرونیی هاووڵاتییان بکەن و لە ڕێگەی  زانیاریی دروست و شەفاف و بەرنامەی پتە و بۆ لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا، ئارامی بە هاووڵاتییان ببخشن، نەک باری دەرونییان لە رێگەی تۆمەتبەخشینەوە کوڵاندنەوەی برینی کۆن زیاتر شپرزە بکەن، بەڵام پێدەچێت ئاماژەکانی پەیوەست بە لێکەوتەکانی پەتاکە، کە خۆی لە کەمبونەوەی داهات و سەرمایە بەرجەستە دەکات، لە ئێستاوە پایەکانی دەستەڵاتی سیاسییان وا هێنابێتە لەرزین و دۆخی دەرونی بریاربەدەستانی وا شپرزە کردبێت، کە لەوە زیاتر خۆیان بۆ نەگیرێت. 

مەترسی ئەم جارەی کەمبونەوەی داهات و سەرمایە جیاوازە لە قەیرانی دارایی سەردەمی هاتنی داعش. لە سەردەمی شەڕی داعش تەنها بودجەی حکومی کورتی دەهێنا، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکانی حزبی نەک کەمی نەکردبو، بەڵکو زیاتریش ببو. ئەمە وای کردبو، حزبەکان بتوانن بێ هیچ کێشەیەکی وا خەرجی دەزگا و ئەندامانی حزبی دابینبکەن و  لە روی پشتگیریی جەماوەرییشەوە، لە دژی هەر نارەزایەتییەکی هاووڵاتییان پشت بە قاعیدەی جەماوەری حزبی و هێزە ئەمنییەکان ببەستن. بێگومان مەترسیئ داعش و هاوکاری هاوپەیمانانیش وای کردبو، کە خەڵک چاو لە زۆربەی کەموکورتییەکان بپۆشن. قەیرانی ئەم جارە تەنها لە کورتهێنانی بودجەی حکومیی کورت نابێتەوە، بەڵکو داهاتی کۆمپانیا قەبەکانی حزبیش دەگرێتەوە. ئەوە بەو مانایە دێت، کە حزبەکان لە ماوەی داهاتو، جگە لە نەدانی موچەی مۆچەخۆرانی حکومی بەتەواوی، ناتوانن موچەی دەزگا و ئەندامانی حزبیش دابینبکەن. ئەمەش وادەکات، کە ئەم جارە ئەندام و هەوادارانی حزبی پێش هاووڵاتی ئاسایی، هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش پێش فەرمانبەری ئاسایی دەنگی نارەزایی بەرز بکەنەوە و بەمەش پایەکانی دەستەڵاتی حزبی بەتەواوی دەکەونە بەر مەترسی هەرەسهێنان. لە چەند رۆژی رابردودا بینیمان چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەنگی ناڕەزایەتییان دژ بە دواکەوتنی موچەکانیان بەرزکردەوە. بریاربەدەستانی پارتی و یەکێتی باش دەزانن کە بە هۆی کەمبونەوەی داهات و سەرمایە لە ماوەی داهاتو نەک تەنها ناتوانن ئەندامانی حزب و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش رازیبکەن، بەڵکو لەژێر مەترسی ئەوەش دان، کە بە هۆی کورتهێنانی داهاتی حزبی و بنەماڵەیی شەڕی پشکێنەی پارە درز بخاتە ناو ئەندامانی بنەماڵەکان و حزبەکانی خۆشیانەوە، لەبەر ئەوەش پێویستیان بەوەیە، ئەندام و لایەنگرانی خۆیان لە دژی یەکتر هانبدەن و تەیار بکەنەوە، بۆ رێخکستنەوە و دابینکردنی قاعیدەی حزبی لە پشت خۆیان، بە روکەش لە دژی یەکتر، بەڵام لە ناوەرۆک لە دژی هەمو دەنگێکی نارازی و دۆخێکی نەخوازراو. ئەوان ئەگەر خۆشیان ئەو ئامانجەیان نەبێت، گەمەکەیان بەو ئاراستەیە دەڕوات، بۆیە؛ هاووڵاتییان نابێت بە گەمەی هێزە ئەمنیی و سیاسییەکان بکەونە دۆخێکەوە کە قوڵایی قەیرانەکان و کێشە جدییەکان و پێویستیی ریفۆرمی ریشەیی لەبیربکەن. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنە دەتوانرێت لەلایەن دەزگای ناوخۆیی و ناودەوڵەتییەوە بەکاربهێنرێن بۆ بەدواداچون بە کەیسەکان چونکە ئەو دەزگایانە سەرەڕای هی حیزبەکانن، ئیدیعای ئەوەش دەکەن کە دەزگای رەسمیی هەرێمی کوردستانن.

لاتان سەیر نەبێت، ئەگەر لە ماوەی داهاتو پایەکانی دەستەڵات کەوتنە بەر مەترسیی هەرەسهێنان، بەرپرس و بریاربەدەستی زیاتری حزبەکان لەژێر فشاری جەماوەری و بە ناوی بەرژەوەندیی گشتیەوە، مەلەفی تاوانی زیاتر، نەک تەنها لە دژی حزبەکانی رکابەر، بەڵکو لەدژی هاوڕی و هاسەنگەرەکانی یەکتریش ئاشکرابکەن. دور نیە لە داهاتو تۆمەتەکانی خیانەت و گەندەڵی میدیا و لاپەرەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بکەن و جێگە بە پەتای کۆرۆنا لەق بکەن. ئەوەی بۆ هاووڵاتییان گرنگە، نەکەونە ناو ئەو یارییە ترسناکە و هەمیشە ئەوەیان لەبیربێت، ئەو شەڕەی بە ناوی بەرژەوەندیی گشتی دەکرێت، لە ناوەڕۆکدا تەواو دژی بەرژەوەندیی گشتییە. بە هیچ شێوەیەک نەبنە بەشێک لێی، بەڵکو بە هەمو شێوەیەک دژی بوەستنەوە، چونکە بەرژەوندیی گشتی تەنها مانای بەرژەوەندیی چەند کەسێک و بنەماڵەیەک نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازیی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، دینیی، ئێثنیتیی و نەتەوەیی و رەگەزیی. 

 

بەشکردن: