راوێژکارەکان چۆن روبەڕوی قەیرانەکان دەبنەوە؟

مەدیحە سۆفی

زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی، کە بەرهەمهێنەری وزەن (نەوت و غازی سروشتی)، وەکو دەوڵەتی ڕەیعی دەمێننەوە، بوارەکانی بەرهەمهێنان تێیانە سستن. کۆمەڵگاکانیشیان هەر چاولەدەست و نوستوو و دابڕاو و نائاگا و بێبەش لەو سەرچاوانەی، کە دەتوانن گۆمی ئەو ژیانە وەستاوە بشڵەقێنێ و ژێرخانە ساردوسڕەکەی هەڵتەکێنێ، دەمێننەوە. تاکی نێو کۆمەڵگا لەو دەوڵەتانەدا وەکو تاکێکی هیچ لەبار و بێسود، لە زۆربەی کاتیشدا وەکو بار و گێرەشێوێن لەلایەن دەوڵەتەوە ناوزەدە و ڕیزبەند دەکرێن، لە کاتێکدا سامانی مرۆیی بڕبڕەی پشتی گەشەسەندن، پەرەسەندن، گۆڕان، زیندووبوونەوە، بەرهەمهێنان، داهێنان. پێشکەوتن و بوژانەوەیە، ئەگەر تواناکانیان لە کایەی بەرهەمهێنان و کار خزمەتگوزاری و ئەرکدا بخرێنە گەڕ.

یەکێك لەو پێشهاتە چاوەڕواننەکراوانەی، کە لە ئێستادا وەکو لەمپەر و ڕێگری ژیان لە هەموو کونجێکی سەر گۆی زەوی خۆی دەنوێنێ، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە درمەیە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە بە (کۆڤید١٩) ناودەبرێت. بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەش ڕەوڕەوەی هەموو بوارەکانی وەکو ئابووری، ئاڵوگۆڕ، هاتوچۆ، کەلتووری، بەرهەمهێنان، پەروەردە و خوێندنی سڕکردووە یا وەستاندووە، جگە لەوەی سام و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە. ئەمەش لەسەر ئاستی جیهاندا و لە دوای پەتای ئیسپانیەوە لە ساڵی ١٩٢٠وە، یەکەم پەتایە بەو شێوە چڕە جیهان ئیفلیج بکات، لە کوردستانیشدا تا ئێستا بەگشتی ئەو دڵەڕاوکێیە هەر بەهۆکاری باری سیاسی و ئیقلیمیەوە بووە، یا ترس لە هێرشی ڕژێمی بەعس، یا شەڕی ناوخۆ، یا بەهۆی ترس لە هێرشەکانی داعش و لێکەوتەکانیەوە بووە، لێ ئەم جارەیان بەهۆی تەشەنەکردنی درمێکی نوێ و نەخوازراوەوە، کە زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە و هێشتا جڵەوی بەرگرتنەوەی لە دەستی کەسدا نییە، زاناکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك، لە کونجی تاقیقەکاندا ئاخنیوە.

ئەگەرچی لەبەر نائاشنایی زانست بە سیفاتەکانی ئەم ڤایرۆسەوە و لەبەر بوونی پرۆسەیەکی درێژخایەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك، بەم زوانە ناتوانرێ وا بەپەلە داهێنانێك لە بواری پێکۆتاندا ڕابگەیەنن، بەڵام هەوڵەکان بەچڕی بەردەوامن. هەمووشیان خوازیاری ئەوەن کە شەرەفی داهێنانەکەیان بەرکەوێت، چ لە ئەمریکا، چ لە ئەڵمانیا و چ لە چین، لێ هەنگاوەکانی ئەڵمانیا زۆر تۆکمە و بڕواپێکراون و ئینستیتوتی بایۆتەکنەلۆژی کورێ ڤاك لەم بوارەدا، بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤایەتی لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم درمەدا سەرقاڵی ئەو داهێنانەن. 

ئەوەی لە قۆناغ و پێشهاتێکی لەم شێوەیەدا دەبێتە ئاوێنەیەکی ڕوون و کۆمەڵگاکەی تێدا ڕەنگدەداتەوە، ئەو کزەخاڵ و کەلێن و کەمتەرخەمییانەن کە لە میانەی کایەکانی فەرمانڕەواییدا و بەدرێژایی زیاتر لە چارەکە سەدەیەك کەڵەکە بوون، لە گەڵ سەرهەڵدانی دۆخێکی لەناکاوی ئاوادا دەبێتە سەرچاوەی پشێوی و شڵەژان و دڵەڕاوکێ بۆ سەرجەم دانیشتوان. هەرێمی کوردستان، لە سروشتی سەوز زیاتر، کە لە ئێستادا وشكە، خاوەنی هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی نییە، کە ببێتە مایەی دڵنیابوون بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکەکەی. بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی، وەکو دوو سەرچاوەی بەرهەمهێنانی بژێوی و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان ئەژمار دەکرێن کە هەریەکێکیان تەواوکەری ئەویتریانە. ئەو دوو بوارەی کە، ئاو، خاك ، دەستی کار، تەکنەلۆژیا، وزە و پسپۆری پێویستە، جگە لەوەی وابەستەی هەندێ لە چەمکەکانی دیکەی بوارە جیاوازەکانیشە، پێویستیشی بە شارەزا و ڕاوێژیکاری تایبەتمەندن، کە بەقووڵی بۆ زانست و دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراك کار بکەن و هەمیشە حکومەت لە بوونی یەدەگی تەواو لە پێداویستییە بنەڕەتییەکان ئاگادار بکاتەوە، نەك بۆ ڕیزکردنی ستایشی کاری حیزبی، بەڵکو کارێك دەوڵەمەند بێ بە داتا و ستاتیستیك و بەیانکردنی کەلێن و کەموکورتیەکان، ئەرکێك لە دەستپێکی پلاندانانێکی تۆکمە و درێژخایەن و ڕایەڵکراو لەگەڵ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکاندا، لە ڕوودانی هەموو ئەگەرێکدا قاڵ بێتەوە و پێشبینی کارەساتە سروشتی و ناسروشتیەکان بکا، بۆ هەموو ئەگەرێك ئەڵتەرناتیڤێکی تێروتەسەلی بۆ چارەسەرکردن هەبێت، ئەم پێشنیارە، بۆ ئەو شوێنانە دەبن کە خاوەن وزەن بەڵام نایانەوێ تەنها فەرمانڕەواییەکی ڕەیعیان هەبێ، بەڵکو سامانە مرۆییەکە ڕادەچڵەکێنن و دەیانخەنە گۆڕەپانی کاروکردارەوە و بەرهەمهێنەر بن، دڵنیا بن لەوەی کە بۆمەودایەکی درێژخایەن، دڵنیایی ببەخشێتە ژیان، تاك بتوانێ لە میانەی ئەو دڵنیاییەدا پلانڕێژی بۆ داهاتووی بکات، نەك لە بێزاریا سەرخۆیان هەڵگرن.

ئەوەی باسی دەکەین، بە خستنەگەڕی کەسانی خاوەن پاشخانی زانستی و ئەزمونی زانستی و ئابووری و پلاندانان دەبێ، بەو شارەزاییەی، کە بەبێ داتا و بەیانات و پلان و پێوان و دیاریکردنی مەودا و کات، نەتوانێ هیچ دەرئەنجامێك بخاتەڕوو، بەوانە دەکرێ کە توێژینەوەکانیان مەیدانیە و لە پێناو جوڵە پێکردن و تێهەڵکێشکردنی کۆمەڵگا و حکومەت پێکەوە ئەنجام دەدەن، ئەوانەی بۆ سەرخستنی زانست و کاریگەری زانست لەسەر گۆڕانی ئەرێنی، نەك بۆ منەتکردنی حیزب و دەستکەوتی حزبی کار دەکەن، ڕاوێژکار دەبێ تایبەتمەندیەکی زانستی لە بوارێكدا هەبێ، توانای بەسەر گۆڕاندا بشکێ، دەستی کراوە بێ، مەودای بۆ تەرخان بکرێ پاشان ئەنجامی کارەکەشی، وەکو بەڵگەی سەرکەوتن، بسەلمێنێ.

ئەگەر  لە ڕابوردوودا، بوژانەوەی ئەو بوارە سەرەکیانە لە توێی کاری فەرمانڕەواییدا لە میانەی ئەو سی ساڵەی ڕابوردوودا پەیڕەو بکرایە، بەو هەموو داهاتی وزەیەی کە هەبوو و هەیە، لە ئێستادا ئەم قەیرانە ئابووری و کارەساتە سروشتی و ناسروشتییانە، یا لە ئەگەری هاتن و نەهاتنی موچەدا، ئەوەندە خەڵك نەدەبوونە قوربانی ئەو بارودۆخە، وڵاتی چین لە دوای هەشتاکانەوە، وەکو سیاسەتی نێوخۆ کۆمۆنیستە، وەلێ وەکو سیاسەتی ئابووری سەرمایەدارە، بۆیە دەتوانێ نانی هەموو دونیا بدات و لە ٢٠١٤ وە لە بواری ئابووریدا، لە ڕیزبەندی پێش ئەمریکاوەیە، ئەمە بەراورد نیە، ئەمە توانای گۆڕینی پلان و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤە، کە بە کاریزمای سیاسی دەکرێ، ئەوەی ئێمە نیمانە.

ئابووری دەستەڵاتە، بەڵام دەتوانێ ببێتە دەستەڵاتێکی ئەرێنیش، کە جگە لە هەڵسانەوەی سێکتەرە جیاوازەکان، لە سایەیشیدا زانست و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و پۆڵینکردنی چارەسەرەکان، ببنە ئەرك و بودجەی تایبەتی بۆ دابینبکرێ. ئابووری بڕبڕەی پشتی بوژانەوە و بەردەوامییە، ئابووریی بەهێز هەمیشە زمانی زاڵبوونە بەسەر ئەو کێشە لەناکاوانەی دێنەپێش، دەتوانێ هاوسەنگی داڕمان هەرەسهێنان ڕابگرێ، ئاسایشی نیشتیمانی بپارێزێ، بە مەرجێك ئەگەر ئەو ئابوورییە موڵکی حیزب و  بە ناوی خودی بانکی تایبەتی و ڕەوانەی بانکی دوورەدەست نەکرێ. لە ئێستادا و لە میانەی ئەم پەتا جیهانییەدا، پارەی سپی بۆ ڕۆژی رەش دەنگ دەهێنێ، زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان، بە ژمارە دەدوێن، بە ژمارە باری لەقی چینی ناوەڕاست و باری دەروونی خەڵك ڕادەگرن و پاڵپشتی هەرەسی ئابووری هاونیشتیمانین.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن ڕاوێژکار و شارەزا بۆ بەڕێوەبردن هەڵدەبژێررێ؟ دەبێ چی بکات؟ چونکە لە کاتی قەیرانەکاندا، دەبێ قسەی هەبێ، ڕێگا چارەی زانستی بدۆزێتەوە، تێبینی پێشهاتەکان بکات، دەبێ بۆ تۆکمەکردنی بڕیارەکانی حکومەت پرسی پێ بکرێ و بە داتا و بەیاناتی ناوەند و ئینستیتوتەکانی گەشەکردن، تەندروستی، توێژینەوە، ئابووری، دارایی، هاتوچۆ و پەروەردە و تەنانەت دەروونیشەوە، تاوتوێی دۆخەکە بکات.

 

 

بەشکردن: