کەمال چۆمانی

بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو کاچ-٢٢وانە و سەیروسەمەرەیی و پوچیی ژیان زاڵبین و لێیان تێبگەین، دەبێت ژیان بە هەموخۆشیی و ناخۆشییەکان و سەیرێتییەوە قبوڵ بکەین. دەبێ ئەوە بزانین ژیان هیچ مانایەکی نییە ئەگەر خۆمان نەتوانین مانایەکی پێببەخشین. پێویست ناکات بەدوای مانای گەورەدا بگەڕێین، هەر ئەوەی کە شتێک ئاسودەمان بکا، خزمەتی ئینسانییەت و دەوربەر بکا، یان لای کەم شکاندنی سنورەکانی ئەویتر و سروشت نەبێ، بەسە بۆ ئەوەی ژیان جوانتر ببینین و  جوانتر بژین. بەڵام کاتێک شتێک نەبێت مانا بە ژیان ببەخشێت، ئەوکات یان شتەکان پوچ دەبینین، یان توشی دڵڕەقییەکی بێوینە دەبین بەرانبەر خۆمان و ئینسان و دەوروبەر کە کۆتایییەکەی بۆ خۆمان خەمۆکی و بێزاری و دڵەڕاوکێیە و بۆ ئەوانیتر دڵڕەقی.

جۆزێف هێڵەر لەدوای جەنگی دوەمی جیهان رۆمانێکی نوسی بە ناوی کاچ-٢٢ catch-22 کە بە یەکێک لە باشترین رۆمانەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێ. لەو رۆمانەدا، نوسەر بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و سەیر باسی کێشەیەک دەکات کە دۆخێکە هیچ چارەسەرییەکی گونجاوی نییە، خودی چارەسەرییەکە ئەو شتەیە کە دژیەتی. ئەو پاڕادۆکسە لە سایکۆلۆژیا، کۆمەڵناسی و سیاسەتدا، یان لە کاروباری رۆژانە و قسەکردندا، زۆر بەکاردێ و جێیەکی بەرفراوانی لە ئەدەبیاتدا گرتوە.
دۆخی ژیان بە گشتی لە ئەمڕۆدا لە وڵاتی ئێمە ئەو کاچ-٢٢ catch-22وەیە. بەڵام بەر لەوەی بچمە ئەو وردەکارییەوە، پێوسیتە دۆخی کاچ-٢٢ ڕوونبکەمەوە.

سەرەتا لە رۆمانەکە دەستپێدەکەین. پلۆتی رۆمانەکە بەم جۆرەیە. لە شەڕدا فڕۆکەوانە سەربازییەکان فەرمانیان پێدەدرێت کە ئەرکی زۆر مەترسیدار بگرنە بەر لە فڕاندنی فڕۆکەکانیاندا بۆ هێرشکردن. تەنها یەک رێگا هەیە بۆ ئەوەی فڕۆکەوانێک ئەو ئەرکە نەگرێتەبەر، ئەویش بەوەی رایبگەیەنیت کە شێتە. بەڵام ئەگەر داوابکات کە دەیەوێت بۆ ئەو ئەرکە رانەسپێردرێیت بە بیانوی ئەوەی کە شێتە، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئەو لە خەمی سەلامەتیی خۆیدایە. خۆ ئەگەر هەر کەسێک نیگەرانی سەلامەتیی خۆی بیت، ئەوە مانای وایە کەسەکە عاقڵە و هیچ کێشەیەکی دەرونیی نییە و ئامادەیە بۆ فڕینی فڕۆکەکە. لێرەدا سەربازەکان لەگەل دوو داواکاریدا روبەڕودەکرێنەوە  کە هیچیان لەگەڵ یەکتردا ئاشت ناکرێنەوە. واتا هەرچەندە فڕۆکەوانەکە بەڵگەکانیشی هەبن بۆ ئەوەی فڕۆکەکە لێنەخوڕێ، هەر مەحاڵە چونکە لە هەناوی کێشەکەدا دۆخێک هەیە کە لەمپەر دروستدەکات. ئەوەش پارادۆکسەکەیە.
لە ژیانی ئاساییدا، با چەند نموونەیەکی رون و رەوان باسبکەم.
– تۆ بێئیشیت. دەتەوێت ئیشێکی نوێت دەستبکەوێت. تەنها یەک ئیش هەیە بە حەزی تۆ و لەگەڵ لێهاتویی و بڕوانامەکەت دەگونجێت. بەڵام لە خاڵێکدا راگەیەنراوی ئیشەکە دەڵێت کە بۆ ئەوەی ئەو ئیشە وەربگریت، پێویستە ئەزمونی ئیشت هەبێت. تۆش هیچ ئەزمونی ئیشت نییە.
نمونەیەکی تر – دەمەوێت بزنسێک دەستپێبکەم، بەڵام پارەم نییە. پارەشم نابێت تا بزنسێک دەستپێنەکەم.
زۆر جار ژیان ئەو پارادۆکس و ئەو کاچ-٢٢وانەیە کە ناتوانین چارەسەرییەکیان بۆ بدۆزینەوە.
-کەسێکت خۆشدەوێت هەمو ژیانی داگیرکردوی. ئاگات لە خۆت نەبو تا بۆت دەرکەوت کە لە چ عەشقێکی قوڵ دایت. خەبەرت دەبێتەوە و بیر لەوە دەکەیتەوە ئەوە ئەو کەسەیە ساڵانێکە خۆشەویستی و جوانی و میهرەبانی و ژیرییەکەییت لە هیچ کەسێکی تردا نەبینیوە. دەتەوێت هەنگاوێکی تر بچیتە پێش، کەچی کە کەمێکی تر بیردەکەیتەوە، بۆ ئەوەی بتوانی لەگەڵ ئەو کەسەدا هەنگاوەکە هەڵبێنی، پێویستە واز لە دونیابینییەکانت بینی کە بۆ تۆ واتای هەبونتن.
-بەقوڵی لە خۆشەویستیی نیشتیمان و خەڵکەکەی دایت. دەتەوێت ژیانی خۆت زیاتر تەرخانبکەیت بۆ ئەوەی هەندێک گۆڕانکاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ببینیت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە لەگەڵ هێزە حوکمڕانەکان ئیشبکەیت.   کەچی بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانە دروستببن، دەبێت ئەو هێزانە نەمێنن. ئەوانەی تۆ بڕیارە لەگەڵیان کاربکەیت تا گۆڕانکارییەکان ببینیت، خودی لەمپەرن لە بەرانبەر بەدیهێنانی گۆڕانکارییەکان……
بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو کاچ-٢٢وانە و سەیروسەمەرەیی و پوچیی ژیان زاڵبین و لێیان تێبگەین، دەبێت ژیان بە هەموخۆشیی و ناخۆشییەکان و سەیرێتییەوە قبوڵ بکەین. دەبێ ئەوە بزانین ژیان هیچ مانایەکی نییە ئەگەر خۆمان نەتوانین مانایەکی پێببەخشین. پێویست ناکات بەدوای مانای گەورەدا بگەڕێین، هەر ئەوەی کە شتێک ئاسودەمان بکا، خزمەتی ئینسانییەت و دەوربەر بکا، یان لای کەم شکاندنی سنورەکانی ئەویتر و سروشت نەبێ، بەسە بۆ ئەوەی ژیان جوانتر ببینین و  جوانتر بژین. بەڵام کاتێک شتێک نەبێت مانا بە ژیان ببەخشێت، ئەوکات یان شتەکان پوچ دەبینین، یان توشی دڵڕەقییەکی بێوینە دەبین بەرانبەر خۆمان و ئینسان و دەوروبەر کە کۆتایییەکەی بۆ خۆمان خەمۆکی و بێزاری و دڵەڕاوکێیە و بۆ ئەوانیتر دڵڕەقی.
هیچ هەڵبەز و دابەزێکی ژیان، هیچ کێشەیەک و ئەو کاچ-٢٢وانە، شایانی ئەوە نین ئینسان توشی دڵەڕاوکێ، خەمۆکیی، و بێزاریی بکەن هەرچەندە ئەوە ئالنگارییەکی گەورەیە. کات دەڕوا و ناوەستێ، لەگەڵ خۆشیدا هەمو خۆشی و ناخۆشییەک رادەماڵێ، ئەمەش هەر عەنتیکەیەکی تری ژیانە.

بەشکردن: