پەنابەری، ترس و حکومەتی تۆتالیتار

~ شەن سابر

حکومەتی توتالیتار لە نەبوونی هۆشیاری گشتی مێشکی مرۆڤ داگیردەکات و دواتریش ئەو شتانەی کە پێشتر دیاری کردوون بە ناوی ڕاستی دەرخواردی خەڵکی دەدات. ئەم حکومەتە تووڕەیە بە میدیا و ڕێکلامی زۆر بە هەموو هێزەوە دەیەوێت خەیاڵی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بکاتە ئامانج. لە پەیوەندی لەگەڵ پەنابەراندا؛ حکومەت تووڕەیە لەوەی کە هێشتا خەڵکانێک هەیە کە ڕانەهاتوون لەگەڵ ئەو ترسەی ئەو بۆیانی خولقاندووە، خەڵکانێک هەیە ئامادەن کایە بە گیانی خۆیان بکەن بەڵام بەو دۆخە نائەمن و ترساوییە بڵێن نا. ئەمە ئەو خاڵەیە کە حکومەتی هەرێم لەوێدا هەست بە مەترسی دەکات. ئەگەر جاران جەنگ و داگیرکاری و ئەنفال و..هتد هۆکارەکانی بە پەنابەربوونی کورد بوون، ئێستە و لەم دۆخە تازەیەدا هۆیەکەی حکوومەتی پۆلیسی، نادیموکراتیک و پیاوسالاری کوردییە کە هیچ ناوەندێکی خەڵکی و نیشتمانی توانای بچووکترین چاودێرییان بەسەریەوە نییە.

ڕێگە ئامانجە. (کونفۆسیۆس)

مرۆڤ بەدرێژایی هەبوونی لە دۆخی ناڕازیبووندا ڕێگای بڕیوە، بە کوردییەکەی سەری خۆی هەڵگرتووە. هەر لە سەرەتای مێژووەوە، ئەوکاتانەی کە مرۆڤی ژیر Homo Sapiens گروپ گروپ ڕێگایان بڕی و بوون بە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە لە بوونەرەر بەسەر گۆی زەویدا. هەر ئێستa و هاوکات لەگەڵ نوسینی ئەم دێڕانەدا گرووپێک فیل لە چین کۆچی بەکۆمەڵیان کردووە و نزیکەی ٢٠ مانگە بەڕێگەوەن، کەسیش نازانێ بەرەو کوێ دەڕۆن. هەموو بوونەوەرەکان بەگشتی و مرۆڤ بەتایبەت لە دۆخی ناڕازیبووندا و لەو کاتانەی وا هەستدەکەن پێویستیان بە ژینگەیەکی تازەیە، سەری ڕێگە دەگرن و ملی ڕێگە دەبڕن.

مێژوو پڕە لە چیرۆکی کۆچ، کۆچی تاک و بەکۆمەڵ. گەورەترین شاهێدی ئەم قسەیە مێژووی جووە، یان `قەرەج` یاخود کورد. مرۆڤ و هەموو بوونەوەرێک لە کاتی ناڕازیبوون و نائارامیدا دەکەوێتە جووڵە. ناتوانین ڕیشەکانی کۆچ  لە مێژوودا بۆ ناڕازیبوون لە گۆڕانی ئاووهەوا، کەمبوونی خواردن هەڵگەڕێنینەوە. هەمیشە و لە هەموو کون و قوژبنێکی مێژوودا کەم نین ئەو مرۆڤگەلەی کە بە هۆی زوڵم و تەحەدا بە ناچاری کۆچیان هەڵبژاردووە. میللەتانی شکستخواردووی شەڕەکان، میللەتانی دین و ئایینە بێدەسەڵاتەکان، خەڵکانی گرووپە جیاوازە جەندەری، باوەڕی، ئتنیکی، ئایینی و.. هتد ـکان کە بە هۆی ستەمی حاکمان زێد و خاکی خۆیان بەجێهێشتووە و پەنایان بۆ گۆشەیەکی دیکەی زەوی بردووە کە نەک تەنیا لە مەرگ هەڵاتبێتن، بەڵکوو کەرامەت و مرۆڤبوونی خۆیان بپارێزن.

پەنابەری، پەنابردن بۆ ژینگەیەکی تر، کە لە ژیانی مودێڕنی ئەمڕۆدا و لە دوای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکاندا مانایەکی تازەی بەخۆگرتووە. چیدی زەوی ئەو تۆپە خڕە نییە کە هی هەمووان بێت و لە دۆخی ناڕازیبووندا گۆشەیەکی بەجێبهێڵی و پەنا بۆ سووچێکی دیکەی ببەی. زەوی خەت خەت کراوە و بە خەندەق و تەلبەندی ئاسنین و کارەبایی لەنێوان حاکمان و دەوڵەتاندا بەشکراوە. کورد لە درووستکردنی دەوڵەت پشکی پووچیان بەرکەوت، بەڵام لە پەنابەری و کۆچ بە وڵاتانی دیکەدا پشکی شێر. پەنابەری، کۆچ، کۆڕەو، ئاوارەیی لە مێژووی کورددا هێندە پڕڕەنگە کە لە زۆرینەی شیعری شاعیران و گۆرانیبێژە کوردەکاندا سەد پات و هەزار پات بووەتەوە، چ وەک کۆچی کوردان لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەکی دیکە، چ وەک کۆچی شۆڕشگێڕان لە شارەکانەوە بۆ چیاکان یان دیاسپۆرا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆچی بە کۆمەڵی چەند هەزار کوردی باشووری کوردستان بووەتە جێی باس و مشتوومڕی خەڵک، ڕۆشنبیران و پارتە سیاسییەکان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە. هەرچەند باسی  پەنابەری کوردانی باشووری کوردستان بۆ وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان باسێکی تازە نییە و بەردەوام خەڵک کۆچیان کردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا خێراییەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و ڕێژەی پەنابەران  چەند بەرابەر بووەتەوە.

زیاتر لە سی ساڵ بەسەر دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەرباز دەبێت. حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان کە بێ جیاوازی دوای چەندین دەیە نەیانتوانیوە هیچ سیستەم و دامەزراوەیەکی کارامە دامەزرێنێن کە بکرێت چاوەڕوانی بەڕێوەبەرییەکی دیموکراتیک و ئایندەیەکی باشتریان لێبکرێت. دوای سی ساڵ هێشتا حکوومەتی بنەماڵەیی و دوو ئەمارەتی بە ئابووری ناشەفاف کە هیچ چەشنە تواناییەک بۆ چاودێری بەسەریەوە نییە، لەئارادایە. لە ئێستادا ئەم حکومەتە تازەیەی مەسرور بارزانی لە پەنای هەموو خاڵە ڕەشەکانی کابینەکانی پێش خۆی کە بە میرات بە حکومەتەکەی ئەم گەیشتووە، هەنگاوێک واوەتر چووە و ئاراستە و فەرمانی بەرەو حکومەتێکی تووڕە، تاکڕەو و توتالیتار هەڵگرتووە. سەرۆکی حکوومەتی ئێستا هەروەکو سەرۆکی پێشووتر یەکەم کاری  دامەزراندنی میدیایەکی ملوێن دۆلاری بووە بۆ درووست کردنی بەرزترین دەنگ و هەوڵی کپکردنی دەنگەکانیتر. وەک هانا ئارێنت دەڵێت `حکومەتی توتالیتار لە نەبوونی هۆشیاری گشتی مێشکی مرۆڤ داگیردەکات و دواتریش ئەو شتانەی کە پێشتر دیاری کردوون بە ناوی ڕاستی دەرخواردی خەڵکی دەدات.` ئەم حکومەتە تووڕەیە بە میدیا و ڕێکلامی زۆر بە هەموو هێزەوە دەیەوێت خەیاڵی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بکاتە ئامانج. لە پەیوەندی لەگەڵ پەنابەراندا؛ حکومەت تووڕەیە لەوەی کە هێشتا خەڵکانێک هەیە کە ڕانەهاتوون لەگەڵ ئەو ترسەی ئەو بۆیانی خولقاندووە، خەڵکانێک هەیە ئامادەن کایە بە گیانی خۆیان بکەن بەڵام بەو دۆخە نائەمن و ترساوییە بڵێن نا. ئەمە ئەو خاڵەیە کە حکومەتی هەرێم لەوێدا هەست بە مەترسی دەکات. ئەگەر جاران جەنگ و داگیرکاری و ئەنفال و..هتد هۆکارەکانی بە پەنابەربوونی کورد بوون، ئێستە و لەم دۆخە تازەیەدا هۆیەکەی حکوومەتی پۆلیسی، نادیموکراتیک و پیاوسالاری کوردییە کە هیچ ناوەندێکی خەڵکی و نیشتمانی توانای بچووکترین چاودێرییان بەسەریەوە نییە. دەستەڵاتی سیاسی مەسئەلەی کورد و مافەکانی لەلایەکەوە وەکو ئامڕاز بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆی بەکارهێناوە، لەلایەکی دیکەوە هەموو شکستە  سیاسییەکانی خۆی لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بەو مافانە تەرجومە کردووەتەوە، کەچی ئێستە کوردان لەو دەستەڵاتە کە گوایە بڕیارە نوێنەرایەتییان بکات هەڵاتوون.

ئەمە وایکردووە کە حکومەت و کابینە تووڕەکەی مەسرور بارزانی هەستبکات کە بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلوماسیەکانی لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەتا کۆنگرە و پارلەمانەکانی وڵاتانی ڕۆژاڤایی کە هەمووی بەرهەمی ئابووری ڕانتی، ڕیشوەدان و پەیوەندی شەخسی\بنەماڵەییە بە هۆی پەنابەرانەوە کەوتوونەتە مەترسییەوە، هەست بە زڕانی ناوی خۆی دەکات. چونکە هەموو کرێدیتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوەوە دێت کە گوایە نوێنەری مافەکانی خەڵکی کوردستانە.

خەڵکی کوردستان  بەهۆکارگەلێکی جیاواز کە نەبوونی ئازادی، دڵخۆشی، هیوا و بوونی ترسی زۆر لە حکوومەت  خاڵی هاوبەشیانە، ڕۆژانە کوردستان بە جێدەهێڵن کەچی حکومەت نەک تەنیا لە چۆڵبوونی نیشتمان و لەدەستانی هێز و وزەیگەنجان ناترسێت، بەڵکوو لە کەم و کاڵ بوونەوەی ئەو کرێدیتە دەترسێت کە بە ناوی خەڵکەوە پێیدراوەو هەموو بوونی  ئەو لەسەری بونیات نراوە. بۆیە شاهێدی ئەوەین کە بە شێوەێکی هەمەلایەنە هێرش دەکرێتە سەر پەنابەران و بەوە تاوانباردەکرێن کە ئەوەندە پارەیان هەبووە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا. دونیابینی ئەم حکومەتە وایە کە هەموو خواست و ویست و کەرامەتی مرۆڤ لە چەند هەزار دۆلارێکدا کورت دەکاتەوە،  کە مرۆڤ بیری ئەو ڕستە بەناوبانگەی ماری ئانتوان شاژنی سەدەی حەڤدەی فەرەنسا  دەخاتەوە کە بەرامبەر بە خەڵکی یاخی بوو و شۆڕشگێڕ وتبووی دەی نانیان نیە با کێک بخۆن.

بەشکردن: