کە پارلەمانی کوردستان جینۆسایدی کوردی بە یاسا نەناساندوە بۆچی فەڕەنسا بیناسێنێ؟

ئاوارە حسێن

لە دواین هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد فەرەنسا بوو، پاش ئەوەی پەڕلەمانی فەرەنسا پرسی جینۆسایدی کوردی نەناساند، ئەو هەواڵە لە میدیای کوردیدا بوو بە مانشێت لە کاتێکدا دەبوو شەرم بکەن و هەر باسیشی نەکەن، چونکە ناکرێت پەڕلەمانی کوردستان یاساکەی دەرنەکردبێت، تەنانەت بابەتی دانیشتنێکی پەڕلەمانیش نەبوبێت کەچی ڕودارانە ئەو هەواڵە بڵاوبکرێتەوە، دەبوو پێش ئەوەی رەخنە بێت لە فەرەنسا ڕەخنەو سەرزەنشتی بڕیاربەدەستانی کورد و پەرلەمانەکەی بکەن.

بە یاسا دانپێدانانی جینۆساید پرسێکی گرنگ و جێ بایەخی تەواوی هەموو ئەو گروپە جینۆسایدکراوانەیە کە لە قۆناغێکی مێژوودا جینۆسایدکراون، چونکە ئەوان لەوە گەیشتوون تاوەکو بە یاسا جینۆسایدەکەیان دانیپێدا نەنرێت ئەوا ئەو گەرەنتییە یاساییە وەرناگرن کە جارێکی تر جینۆساید نەکرێنەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەندەی من ئاگاداربم تا ئێستا لە (٤٨) دەوڵەتی دنیادا هەریەک لە جینۆسایدەکانی جو (هۆلۆکۆست)، ئەرمەنییەکان و ڕواندا بە یاسا دانیانپێدانراوە، بە مانایەکی تر گەر بێتو هاووڵاتی هەریەک لەو دەوڵەتانە نکوڵی بکات لە ڕوودانی ئەو جینۆسایدانە، یان ڕەواییان پێبدات یان پاساو بهێنێتەوە بە قسەی ڕقئامێز جا بە زارەکی بێت یان بە نوسین، وێنە، تابلۆ، گۆرانی یان بە هەر ڕێگایەکی تر ئەوا نکوڵی، ڕەوایدان و پاساوهێنانەوەکەیان تاوانە و ڕوبەڕوی سزای دارایی و بەندکردن دەبنەوە. گرنگییەکە لێرەدا ئەوەیە گەر گروپێک ئەو گەرەنتییە یاساییەی بەدەستهێنابێت کە بە بە نوسین  یان زارەکی ڕەوایدان بە جینۆسایدەکەی تاوان بێت، ئیتر چۆن جینۆسایدی فیزیکی دەکرێتەوە؟

بە تەنها ڕواندا بە نمونە وەردەگرین، بەگوێرەی ”یاسای قەدەغەکردن و سزادانی ئایدۆلۆژیای جینۆساید”ی ڕواندا هەڕەشەکردن، قسەی شکۆشکێن، بەڵگە یان کرداری هاندەر بۆ ڕق و جەنگ، پێکەنین و گاڵتەکردن بە بەدبەختی کەسێک، هەستی خراپ دروستکردن و تۆڵەکردنەوە و گۆڕینی گەواهی و بەڵگە بە مەبەستی ئەنجامدانی جینۆساید، کوشتن، پیلاندانان بۆ کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک، قسەو بەڵگەو هەرکردارێکی تر بەمەبەستی لەناوبردن یان هاندانی کەسانی تر بۆ لەناوبردن لەسەر بنەمای گروپی ڕەگەزیی، نەتەوایەتی، ناوچەیی، ڕەنگ، پێکهاتەی جەستەیی، ڕەگەز، زمان، ئاین و بیروڕای سیاسی جا لە کاتی ئاسایدا ئەنجامبدرێت یان لە کاتی جەنگدا، ئەوا ئەم کردارانە تاوانەو تاوانکار سزادەدرێت بە زیندانیکردن لە دە ساڵەوە تا  بیست و پێنج ساڵ و سزادانی دارایی لە دوو سەد هەزارەوە تا یەک ملیۆن فرانکی ڕواندایی.

ڕواندا کە یەکێک لە سامناکترین جینۆسایدەکانی تێدا ئەنجامدرا و تەنانەت توتسییەکان لە مرۆڤخران و هاوسەرگیرکردن و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتیش لەگەڵیاندا قەدەغەکراو یەک ملیۆن لە توتسییەکان لەلایەن هوتووەکانەوە جینۆسایدکران. بەچی هەستانەوە و تێکەڵبونەوە و ئاشتەواییان گەڕاندەوە، بە یاسای جینۆساید و سەرکردەیەکی ژیر، ئاشتیخواز و مرۆڤ پەروەری وەک پاول کاگەیم.

ئەوەی بابەتی ئەم وتارەیە بە یاسا دانپێدانانی جینۆسایدی کوردە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڵام پێش ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ هەنگاوەکانی بڕیبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر ئەو دانپێدانە بەدەستبهێنین.  ئەوەی بەلای ئێمەوە جێی بایەخ و گرنگییەو بە ئەرک و کاری پەڕلەمانی کوردستانی دەزانین و لە سایەی دەسەڵاتیدایە بریتییە لە دەرچواندنی (یاسای قەدەغەکردنی جینۆساید و دانپێدانانی)، بەڵام تا ئێستا لای لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی پەڕلەمانی کوردستان جێ بایەخ و گرنگی نییە.

لە خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستاندا لەگەڵ چەند دڵسۆزێکی پرسی جینۆساید هەوڵماندا و ئەو پەیامەمان گەیاندە پەڕلەمان کە ئەو یاسایە دەرچوێنن، بەڵام بە بیانوی (داننان بە جینۆساید پێش ئەوەی کاری پەڕلەمان بێت کاری دادگای تایبەتمەندە) یاساکەیان دەرنەچواند.

ڕۆژی (١٤/٦/٢٠٢١) لەسەر بانگهێشتی پەڕلەمان میوانی پەڕلەمانی کوردستان بوین بۆ خستنەڕووی بۆچونی یاسایمان سەبارەت بە پرۆژە یاسای (دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان) کە لە کاتژمێر دەی بەیانی تا چواری پاش نیوەڕۆی خایاند و بە درێژایی ئەو شەش کاتژمێرە بەڕێز سەرۆکی پەڕلەمان و ڕاوێژکارە یاساییەکانی پەڕلەمان ئامادەبوون و تەنها گوێیان بۆ ئێمە گرتبوو، کاتێک کاتی من دەستیپێکرد، پێشنیاری دەرچواندنی ئەو یاسایەم بۆ سەرۆکی پەڕلەمان کرد، و پێم ڕاگەیاند گەر لەم خولەدا تەنها ئەم یاسایە دەربکەن وەک یاسا ئەوا بەسە.

ڕۆژی (٤/١١/٢٠٢١) لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانانی سیاسی بانگهێشتیانکردم بۆ ئەوەی بۆچونی خۆمیان پێشكەش بکەم سەبارەت بەوەی بە چی ڕێگایەک جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت. لەوێدا سێ ڕێگام خستەڕوو، یەکێک لەو ڕێگایەنە کە گرنگترین ڕێگایە دەرکردنی یاسایەکە لە پەڕلەمانی کوردستان. لیژنەکە بەڵێنیاندا کە بە گرنگییەوە ئیشی لەسەر بکەن.

پاش ئەوەی ماوەیەکی درێژ تێدەپەڕێت کە چوار کەیسی جینۆسایدی کورد (ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانییەکان، کوردانی فەیلی) لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بە جینۆساید ناسراون و ئەو هەوڵانەی کە دڵسۆزانی ئەم پرس و یاسایە داویانە لەپێناو دەرچواندنی ئەو یاسایەدا کە چی تا ئێستا یاساکە دەرنەچووە. سەرەڕای ئەوەش لە دواین هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد فەرەنسا بوو، پاش ئەوەی پەڕلەمانی فەرەنسا پرسی جینۆسایدی کوردی نەناساند، ئەو هەواڵە لە میدیای کوردیدا بوو بە مانشێت لە کاتێکدا دەبوو شەرم بکەن و هەر باسیشی نەکەن، چونکە ناکرێت پەڕلەمانی کوردستان یاساکەی دەرنەکردبێت، تەنانەت بابەتی دانیشتنێکی پەڕلەمانیش نەبوبێت کەچی ڕودارانە ئەو هەواڵە بڵاوبکرێتەوە، دەبوو پێش ئەوەی رەخنە بێت لە فەرەنسا ڕەخنەو سەرزەنشتی بڕیاربەدەستانی کورد و پەرلەمانەکەی بکەن.

لە ساڵی (٢٠١٧) لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەتەوە جینۆسایدکراوەکان بەشداربووم و لە کاتی پێشکەشکردنی توێژینەوەکەمدا داوام لە ئامادەبوان کرد کە کاربکەن بۆ ئەوەی لە پەڕلەمانەکانیان بە یاسا جینۆسایدی کورد بناسێنن، ترسی ئەوەم هەبوو بەشداربوویەک بڵێت کاتێک پەڕلەمانی هەرێمەکەی خۆت ئەو یاساییەی نییە، چۆن داوای وەها هەوڵێک لە ئێمە دەکەیت؟

ئەو یاسایەی کە ئێمە داوای دەکەین بۆ کوردستان و تا ئێستا نیمانەو هەبوونی بە گرنگ دەزانین، دەبوو لە ساڵی (١٩٩٢) و لە یەکەم خولی پەڕلەمانی کوردستاندا دەربکرایا، نەک ئێستا. بەڵام نەک یاساکە دەرنەکرا بەڵکو ئەوکات بەرەی کوردستانی بریاری بەخشینی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد (جاش و موستەشارەکان)ی دەرکرد و پاراستنی، بەبێ ئەوەی بڕیاری بەخشین لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەچوارچێوەی ماف و دەسەڵاتەکانی بەرەی کوردستانیدا بێت.

دەبوو ئەوکات بە یاسایەک دانبنرایا بە جینۆسایدی کورد وەک تاوانێکی ویژدان هەژێنی جیهانیی، دەبوو نكوڵیکردن لە جینۆسایدی کورد یان پاساوهێنانەوە و ڕەوایدان بە جینۆسایدی کورد و سوکایەتی و جنێو بە مێژووی شکۆ و برینەکانی کورد و قوربانیانی جینۆساید بە تاوان دانرایا، دەبوو هاندان و هەوڵدان و پیلاندانان بۆ شەڕی کورد کوژی تاوان بوایا، دەبوو وە دەبێت ڕەوایدان بە هێرش، ئۆپەراسیۆن و بۆمبارانکردنی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە وەک تاوان بناسرێت و هیچ بەرپرسێکی کورد توانای ئەوە نەبێت وەها هەڵەو تاوانێک ئەنجامبدات.

نەبونی یاساکە زیانی زۆری لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاشتبوونەوەی هەقیقی نێوان کورد داوە، ئێمەی کورد لەهەمووان زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و ژیانیکی دوور لە جەنگ هەیە، هێشتاش جینۆسایدکردنەوەمان بەردەوامە لە پێش و داهاتوومانە نەک ڕابردوومان و ئازارەکانمان نەگەیاندووەتە ویژدانی گشتی و برینی جینۆسایدەکانمان پیشانی ئەنجامدەرانی تاوانەکان نەداوەو نەبوینەتە بینراو.

 

بەشکردن: