دیاری خالید
لەدوایین کۆنگرەیان لە ٢٣-٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، شەش برا لە سێ بنەماڵەی دەسەڵاتداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بونە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتیی. لە هەمانکاتیشدا ئەو بنەماڵانە، چەندین کەسی بەشی سەربازیی و هەواڵگریی نزیک لە خۆیان بۆ ئەو ئەنجومەنە سەرخستوە و بەتەواوی جومگە هەستیارەکانیان کۆنتڕۆڵکردوە. کۆنگرەکەی یەکێتیی بەتەواوی ئەوەی یەکلاییکردەوە ئەو حیزبە دژی ئەو بنەما و پرەنسیپانە کاردەکات کە لەسەری دامەزرا. هەروەها، ئەو حیزبانەی کە دژی دەستەڵاتی بنەماڵەیی هەرێمی کوردستان دامەزران، دواتر خۆیان بونە حیزبی بنەماڵە و خێزان. لە مەلا موستەفای بارزانییەوە تا بزوتنەوەی گۆڕان، ئەزمونی سیاسیی بەبەردەوامیی خۆی دوبارەدەکاتەوە. هەرچەندە حیزبەکان لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە ئاراستەیەکی پێشکەوتنخوازانە پێشدەخەن، بەڵام حیزبەکان و سەرکردایەتییەکەیان رۆژ-دوای-رۆژ دەگەڕێنەوە سەر ریشەی کۆنەپارێزانە و ناسیۆنالیستانەی روت.
مەلا مستەفا بارزانی؛ باوکی بەخێزانیکردنی حیزبی کوردیی
مەلا مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) یەکەم سەرکردەی کوردییە لە کوردستانی عێراقدا کە بناغەکانی حیزبی بنەماڵەیی چەسپاند. بارزانی چونکە لە هێڵێکی عەشیرەتگەرییەوە حیزبایەتیی و سیاسەتی دەستپێکردبو، باشتریش لەو هێڵە دەیتوانی پێشبکەوێت چونکە دونیابینییە عەشیرەتگەرییەکەی نامۆ بو بە بنەما مۆدێرنەکانی حیزبایەتیی.
بە بنەماڵەیی-کردنی حیزبی کوردیی لە باشوری کوردستان لەسەردەستی بارزانیی بو بەو پێیەی یەکەم سەرکردەی کوردە کە کوڕەکانی بردە هەرەمی دەستەڵات و دواتریش هەمو دەستەڵاتەکانی پێسپاردن. مەلا مستەفا، کە ماوەی ١٢ ساڵ لە دورەوە سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان-عێراق بو، دوای گەڕاندنەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت (٢٦-١١-١٩٥٨)، بۆ یەکەمجار لە نزیکەوە دەبێتە سەرۆکی ئەو حیزبە. بەڵام جۆری رەفتار و سیاسەتکردنی بۆ سەرکردەکانی حیزبەکەی نامۆ دەبێت. بە هۆی زۆرینەی سەرکردەکان کە بە “باڵی مەکتەبی سیاسیی” و دواتریش بە “جەلالیی” ناسرابون (کرێس کۆچێرا- بزوتنەوەی کوردی) لە توێژێکی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بون، بەپێچەوانەوە بارزانی و هاوڕێکانی کە بە “مەلایی”ناویان دەبرا، زیاتر ویستی عەشیرەتگەری و دەستەڵاتی خێڵ-یان هەبو. لەمەوە ساڵی ١٩٦١کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لە ١٩٦٤ مەلا مستەفای بارزانیی هێز دەنێرێتە سەر باڵی مەکتەب سیاسیی و لە ساڵی ١٩٦٦ دابەشبونێکی گەورە دروستدەبێت. ئەوان بونە دو باڵ و دو ئاراستەی جیاواز. لەو رۆژەوە، دو ئاراستەی سیاسیی جیاواز لە کوردستانی عێڕاق سیاسەت دەکەن، بەڵام کێشەی ئاراستەی دوەم کە سەرەتا ئاراستەیەکی چەپی پێشکەوتنخواز بو، ئەوەیە نەیتوانی لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت و لە بزوتنەوەی گۆڕاندا، دوای یەکێتیی، جارێکی تر چۆکی دادا بەرانبەر ئاراستەی یەکەم کە ئاراستەیەکی کۆنزەرڤاتیڤە، یان عەشیرەتگەریی بنەماڵەیییە. کێشە بنەڕەتییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسیی بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی و باڵی مەلا مستەفا بۆ یەکترقبوڵنەکردن و هەژمونی دەستەڵاتیان بو بەسەر ئەوی دیکە. بارزانی بە زمانیكی تەنزئامێز تاڵەبانی و هاوڕێکانی بە “مامۆستا” ناودەبرد، ئەمەش هێمایەک بو بۆ بێدەستەڵاتی و بێ متمانەیان لە ناوخەڵکدا ئەو کات خەڵک زیاتر متمانەی بە بارزانی بو (هەژار-چێشتی مجێوەر). لە هەمان کات تاڵەبانی و هاوڕێکانی بارزانیان بە تاكڕە ناودەبرد (نەوشیروان مستەفا-لەدانوبەوە).
تاكڕەوی و بڕیاری سەربەخۆیییانەی بارزانی بۆ چەند لایەنێک دەگەڕایەوە؛ بارزانی سیاسەتی بە پێی میزاج و بیرکردنەوەی خۆی دەکرد و زیاتر بە پێی بنەما کۆمەڵایەتییەکان دانوستانی دەکرد. ئەو بەڕێکەوت هاتبوە ناو سیاسەت و کەسێکی نەفەس درێژ و دیبلۆماسی نەبو. داواکارییەکانی زۆر ناوچەیی و لۆکاڵیی بون. بەهۆی پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی مەکتەبی سیاسییش لەگەڵ رژێمی پێشوی عێراق، بە هیچ جۆرێک متمانەی پێیان نەبو. ئەو ترسی ئەوەشی هەبو کە کودەتایەکی بەسەردابکەن و لە پەلوپۆی بخەن. بۆیە خۆسەرییانە سیاسەتی دەکرد و پۆستە هەستیار و ئەمنییەکانی دایە دەستی کوڕەلاوەکانی، وەک هەر میر و سەرۆک عەشیرەتێکی دیکەی کوردیی. سەرۆکی ئێستای پارتیی مەسعود بارزانیی کردە بەرپرسی پاراستن و مەلەفی دانوستانی کورد و حکومەتی عێراقی دایە دەست ئیدریس بارزانی. ئەمەش بوە هۆی بەتەواوی لێکترازانی هەردو باڵەکە و مەلا مستافا و کوڕەکانی دەستیان گرت بەسەر پارتییدا. کاتێک بارزانیی باوک لە ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی دەکات، بێ چەند و چۆن مەسعود بارزانی کوڕی دەبێتە سەرۆکی ئەو حیزبە. ئەوەش لە کاتێکدا بو چەندین سەرکردەی دیار و لێهاتو لەناو پارتییداهەبون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
لە دامەزراندنییەوە، پارتی جێگەی هیوای گەلی کورد بو نەک هەر لە کوردستانی عێراق بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش. یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندیی لە ١٦-٨-١٩٤٦، بەرگریکردن لە مافی کورد و روبەڕوبونەوەی قۆرخکارییەکانی دەستەڵاتی شاهانەی عێراق بو کە هەمو دەستەڵاتەکان لای یەک بنەماڵە بو، واتا خودی پارتییش دژی بنەماڵەیی دەستەڵاتدارێتیی بو.
پارتی بەو ئومێدەوە زۆرینەی دەنگە جیاوازەکانی ئەوکاتی کۆکردەوە، بەڵام دواتر ئەو حیزبە دەبێتە میراتگری ئەو نەیارەی کە لەدژی دامەزراو هەمو دەستەڵاتەکان لای بنەماڵە و خێزانێک کۆکرایەوە. بەبنەماڵەییکردنی پارتیی ساڵ لەدوای ساڵ بەهێزتر بوە، ئەمەش بە جۆرێک لە ئێستادا بنەماڵەی بارزانیی بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ١٠ کەسی ئەو بنەماڵە پۆستی هەستیار و باڵایەن قۆرخکردوە لە دیارترینیان پۆستی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، ئاژانسی پاراستن و چەندینی دیکە. سەرەڕای ئەوانە، نەوەی چوارەم گەیشتوەتە دەستەڵات. بۆیە ئەو ترسەی کە تاڵەبانی و هاوڕێکانی لە بیرکردنەوەی مەلا مستافایان هەبو، بەزیادەوە هاتە دی. بەڵام خودی تاڵەبانی کە یەکێتیی لەگەڵ هاوڕێکانی دامەزراند، شوێن پێکانی بارزانی هەڵگرتەوە و حیزبەکەی کردە حیزبێکی بنەماڵە.
یەکێتی، لە چەپێکی رادیکاڵەوە بۆ دەستەڵاتی بنەماڵەکان
ساڵی ١٩٧٦ جەلال تاڵەبانی (١٩٣٣-٢٠١٧) و شەش لە هاوڕێ نزیکەکانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند. تا مردنی، تاڵەبانیی پڕاگماتیستانە دەستەڵاتێکی تاكڕەوییانەی لەناو حیزبەکەیدا پیادە کرد. یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دامەزراندنی یەکێتیی، لێدان بو لە دەستەڵاتی بنەماڵە و تاکڕەوەی و خەباتکردن بۆ چینە بێدەستەڵاتەکانی کۆمەڵگە و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی. بەوەش تا رادەیەکی باش لە پارتیی جیاواز بو، ئێستاش ئەو لە چیڕۆکی سیاسییاندا ئەو جیاوازییە بەزەقیی دەردەکەوێت. بەو پێیەی سەرکردە یەکەمەکانی ئەو حیزبە لە دیارترینیان تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا ئەمین لە سەرەتاوە لەژیر تەوژمی چەپی مارکسی-لینینیزم بون و تاڵەبانی بەتەواوی کەوتبوە ژێر کاریگەی بیری ماویزم کە هەریەک لەو ئایدیا چەپانە مکوڕی لەسەر پێداگری مافی کرێکار و بەشخوراوان دەکردەوە و تاڵەبانی و حیزبەکەی لەوێوە رمەکانیان ئاراستەی پارتی دەکرد و بەحیزبی بنەماڵە و کۆنەپەرست ناویان دەبرد (نەوشیروان پەنجەکان یەکتری دەشکێنن).
لەدوای چەند ساڵێکی کەم لە دامەزراندنی یەکێتیی، ویستی تاكڕەوی لای تاڵەبانی دروستبو، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکە چاوپۆشیی لە تاکڕەوییەکەی دەکرا، لە ناوخۆی ئەو حیزبەشدا هێند دابەشبون هەبو کە ئاسان نەبو دەستەڵاتی تاڵەبانیی بلەرزێنرێت. لەدوای رزگارکردنی کوردستانی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس، نەوشیروان مستەفا جێگری سکرتێری گشتی ئەوکاتی یەکێتیی، هەوڵیدا سیستمی دەستەڵاتی حیزبیی و حکومیی بە دامەزراوە بکرێت (ڤیدیۆ). بەڵام کەسە نزیکەکانی تاڵەبانی خۆشحاڵ نەبون بە کارەکانی نەوشیروان و مەیلی بە میلیشیاکردنی هێزی پێشمەرگەیان هەبو کە دواتر بونە دەنگی زۆری یەکێتیی. لەمەوە ناکۆکییەکانی تاڵەبانیی و نەوشیروان دەستیانپێکرد. کاتێک تاڵەبانی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق ٢٠٠٥، دەست لە پۆستی سکرتێری حیزبەکەی بەرنادات و پۆست بەسەر کوڕ و هاوسەر و برازا و کەسە نزیکەکانی دابەشدەکات و پایەکانی بەبنەماڵەییبونی یەکێتیی بەهێزتر دەکات لە دەرەوەی پەیڕەوی حیزبەکەی کەسەکانی بۆ پۆستەکان دیاری دەکرد. ئەمە جگە لەوەی تاڵەبانی شکستی بە هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفا هێنا کە بە ناوی باڵی ریفرۆمە وە هەوڵی چاکسازیدەدا. بۆیە نەوشیروان لە ٢٠٠٧ دەستبەرداری یەکێتی دەبێت و دواتر لەڕێی کۆمپانیای ‘وشە’وە بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزران دامەزراند. دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنی یەکێتیی دەچێت؛ وەک چۆن یەکێتیی وەڵامدەرەوەیەکی باشی قۆناغی دوای شۆڕشی ئەیلول بو بە دونیابینییەکی پێشکەوتنخوازانەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش وەڵامدەرەوەی قۆناغی گەندەڵی سیاسیی، ئابوریی و کارگێڕیی بو لە کوردستانی عێڕاقدا.
لەبەرانبەردا، ئایدیاکانی یەکێتیی لەناو پارتییدا توانەوە و تاڵەبانیی لە بارزانی باوکەوە فێری ئەوە بو کە لە ترسی ئەوەی بەڕەکە لەژێرپێی دەرنەکەن، کوڕ و برازاکانی بردە پێشەوە و دەستەڵاتی زۆریان پێدرا کە لەدوایین کۆنگرەیان زۆرترین دەنگیان کۆکردەوە چونکە دەستەڵاتی سەربازیی و ئابورییان لایە.
گۆڕان لە کوێوە بۆ کوێ؟
نەوشیروان موستەفا بەوریایییەوە زۆرینەی دەنگە ناڕازییەکانی لە بەرەیەکدا کۆکردەوە و بە پشتیوانیی ئەو دەنگانە لە ٢٥-٧-٢٠٠٩ بەشداری هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ٢٥ کورسیی لە کۆی ١١١ پارلەمانی کوردستان بەدەستهێنا. کارەکانی زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی ئۆپۆزسیۆنبونی تێدا بو؛ لە بەرانبەر بە بنەماڵەییکردنی پارتیی و یەکێتیی، نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک روخساری نوێی وەک سیاسیی بە خەڵک ناساند کە زۆرینەیان بەشدارنەبون لە خراپەکارییەکانی ناو حیزب و حکومەت. رێگەی بە کوڕەکانی خۆی و کوڕی هاوڕێکانی نەدا پۆستی باڵا لە بزوتنەوەکەدا وەرگرن. لە هەمان کات لەڕێی راگەیاندنەکانیەوە بەردەوام خەڵکی هۆشیاردەکردەوە لە مەترسییەکانی حیزبی بنەماڵە و دروستبونی کاستی سیاسیی.
نەوشیروان مستەفا ئەوەی بۆ خەڵکی سەلماند کە کوڕی بەرپرس و دەستەڵاتدارانی حیزب هیچیان لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە ئەگەر کەمتر نەبێت، بەڵام کاتێک نەوشیروان موستەفا لە ١٩-٥-٢٠١٧ کۆچی دوایی دەکات، کوڕەکانی نما و چیا، بە هاوکاری کۆمەڵێک لە گەنجە بەرژەوەندیخوازەکانی نزیکیان و هەندێک لە هاوڕێکانی باوکیان بە چەند قۆناغێک کۆنتڕۆڵێ بزوتنەوەکە دەکەن و پشت لە بنەما ئەخلاقییەکانی باوکیان دەکەن. ئەوەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کردیان، لە کاری کوڕەکانی مەلا مستەفا زیاتر دەچێت تا کوڕەکانی جەلال تاڵەبانیی چونکە لەناو یەکێتیی کوڕی بەرپرسی تریش هەن پۆستیان وەرگرتوە، بەڵام لەناو گۆڕان گۆڕاندا سەرەڕای ئەوەی ئەو دو کوڕانە هیچ پۆستێکی رەسمییان نییە، بەڵام خاوەنی تا رادەیەک تەواوی حیزبەکەن، هیچ بنەماڵەیەکی دیکەش لەناو حیزبەکەدا نییە ململانێیان بکا، وەک پارتیی دیموکراتیی.
بەبنەماڵەبونی گۆڕان لە کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکانی ئەو حیزبە و هەڵبژاردنی رێکخەرێکی کارتۆنی و تاپۆکردنی سەروەت و سامانی بزوتنەوەکەوە دەستیپێکرد. رەفتارەکانی دواتریان وەک دەرپەڕاندنی چەند چالاکوانێکی کاریگەری بزوتنەوەکە و لێدان لە رۆژنامەنوس و لەکەدارکردنی ئەو کەسانەی رەخنەی لێیان دەگرت. هەمان کاری کوڕی بەرپرسانی حیزبە بنەماڵەیییەکانە.
بەبنەماڵەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەبنەماڵەییکردنی هەمو حیزبەکانی دیکە تاڵترە و ئازاربەخشترە بۆ خەڵک، چونکە نەوشیروان مستەفا لەسەر بنەمای کۆتاییپێهێنانی حیزبی بنەماڵەیی و بەدامەزراوەکردنی سیستەمی حیزبیی و حوکمڕانیی هەرێم بزوتنەوەکەی دامەزراندبو. باوکی چیاو نما خاوەنی ئەخلاقی سیاسیی و ئەکادیمیی بو کە زۆرێک لە نەیارەکانی لەم بەهایانە بێبەش بون، بەڵام کوڕەکانی و حیزبەکەی رێگای نەیارەکانی باوکیان هەڵبژارد. نما و چیا لەودیو پەردە و لەسێبەرەوە حوکمی گۆڕان دەکەن کە ئەمە هیچی باشتر نییە لە لە کوڕانی تاڵەبانی و بارزانی و هاوشێوەکانیان، بەوپێیەی خەڵکی بەئاسانی روی راستەقینەیان نابینێت، ئەوان دەتوانن هەرشتێک بکەن و خراپەکارییەکانی بخەنە ئەستۆی ئەوانی دی.
نەوەی نوێ… بەپیری لەدایکبو
دروستبونی نەوەی نوێ، وەک هێزێکی سیاسیی ئۆپۆسیزیۆن ٢٠١٧، دەرهاویشتەی بیرکرنردنەوەیەکی قوڵ و پێویستییەکی سەردەم نەبو، بەڵکو بەپێچەوانەوە مردنی نەوشیروان موستەفا سەرەکیتیرین هۆکاری دروستبونی ئەو جوڵانەوەیە بو، چونکە گۆڕان بێهەڵویستانە لەگەل دۆخی ئەوکات مامەڵەی دەکرد و خەڵکیش چاواڕوانی لەلایەنێک دەکرد کە بەر لە کارە هەڵەشەیییەکانی مەسعوبارزانی بگرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ٢٠١٧. هەروەها، حەزی شاسوار عەبدولواحیدی دامەزرێنەی حیزبەکە، ویستێک نەبو بۆ دامەزراندنی حیزبێک لەسەر دونیابینییەک بۆ گۆڕانکارییەکی جەوهەریی لە سیستەمی سیاسیی و حوکمڕانیی کوردستاندا، خۆشی خاوەنی هیچ مەعریفەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی نەبو تا بتوانێت حیزبێکی دروستبکات هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بێت، بەڵکو زیاتر حەزێک بو بۆ سیاسەتکردن و خۆدەرخستن لەڕێی هەندێک پاگەندەی پۆپیولیستانەوە بە سودوەرگرتن لە پۆپیولیزمی دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکا کە وەک موعجیزەیەک توانیبوی سەرۆکایەتیی بەهێزترین وڵاتی دونیا بباتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی نەوەی نوێ و بانگەشە قەبەکانی، ئەو کەسانەی کە ئاشنایەتییان لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکە هەبو متمانەیان پێی نەبو، تەنانەت بەشێک لەوانەشی کە دوایکەوتبون ئاگاداریی ئەو هەقیقەتە بون، بەڵام لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان چاویان لەو راستییانە دادەخست.
یەکەمین دروشمی سەرۆکی نەوەی نوێ، هاوشێوەی نەیارەکانی پێشوی پارتیی، دژی دەستەڵاتی تاکەکەسیی و بنەماڵەکانە، بەڵام دو ساڵ دوای دامەزراندنی کەسە متمانەپێکراوەکانی لێی هەڵهاتن و ئەوەیان ئاشکراکرد کە بەتەنیا خۆی بڕیاردەرە و کەسە نزیکەکانی بردوەتە پێشەوە.
سەرەڕای ئەو حیزبانەی کە باسکران و کاریگەرییان هەیە، چەند حیزبێکی دیکە لە دژی حیزبی بنەماڵە دامەزراون و دواتر بونەتە حیزبی بنەماڵە، وەک: بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە لە دامەزراندنیەوە لەلایەن بنەماڵەیەکەوە بەڕێوە دەبرێت ( ١٩٨٨). عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠١ لەدژی دەستەڵاتی تاکڕەویی بنەماڵەی عەلی عەدولعەزیزی رابەری ئەوکاتی بزوتنەوە دامەزراند، بەڵام تائێستا عەلی باپیر ئەمیری ئەو حیزبەیە و کەسە نزیکەکانی لە دەوری کۆبونەتەوە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان، دۆخێکی سەخت و ناهەموار بەڕێدەکەن و هێز و لایەنێک نییە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەیان بکات. لە بەرانبەردا میرزادەکانی حیزبەکان، میدیای سێبەر و ئاشکرایان هەیە بۆ پەلاماردان و لەکەدارکردنی ئەوانەی رەخنەیان لێدەگرن. میر و میرزادەکان، خاوەنی بەهرەی حوکمڕانیی و ئەزمونی سیاسیی و بڕوانامەی سیاسیی-نین، بەڵام تاکە تایبەتمەندیان ئەوەیە باوکیان پۆستەکانیان پێبەخشیون یان پۆست و سامانی بۆ جێهێشتون. دیارە ئەم جۆرە لە حیزبی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییە، هەرێمی کوردستان بەرەو شەوەزەنگێکی تاریکتر دەبات. لەو شەوە زەنگە تاریکەدا، ئەوەی دەمرێت خەونی دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابورییە. زۆربەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان شوێنپێی مەلا مستەفای بارزانییان هەڵگرتوە، ئەوە سەلمێنەری ئەو راستییە تاڵەیە کە هەرێمی کوردستان لەبری پێشکەوتنی سیاسیی، بەرەو پاشەوەچوە، بە رادەیەک لە ٢٠١١ گەنجانی کوردستان داوای رادیکاڵانەیان بۆ گۆڕینی سیاسیی هەبو، کەچی لە ٢٠٢٠ چەقی داواکارییەکان بۆتە موچە و کارەبا و داوای سیاسیی چیتر پێشینەی داواکانی خەڵک نین.