ئاراس مەسیفی
پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی پێوستی بە پاساوی شەرعیی و یاسایی بەهێز هەیە، لە هەمانکاتیشدا پێویستی هەلومەرج و زەمینەی بابەتیی هەیە. تیشکخستنەسەر ئاڵۆزییەکان و کێشەکانی پاساوی مێژویی، جوگرافیی و یاسایی نێودەڵەتی پەیوەست بە پرسی سەربەخۆیی پێویستە رونتر بکرێنەوە. لە لایەکی تریشەوە، تاوتوێی زەمینە و دۆخی ئێستای هێز و بەرژەوندییەکانی سیاسەتی نێودەڵەتیی و ناوچەیی و ناوخۆیی بکرێت کە ئایا تا چەند یارمەتیدەر و لە بەرژەوندیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دان.
هێزی لۆژێکی پاساوەکانی سەربەخۆیی کوردستان
گەيشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکرێت یان لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردی بەسەر دابەشکراوە بێت یان لەڕێی سەپاندنی ئەمری واقیع بە هۆکاری هيز بێت. رێی سێیەم دەکرێت تێکەڵەیەک لە هەردو رێکەی تر بێت. سەپاندنی واقعێکی نوێ جگە لە هێز، پێوستیی بە پاساوی شەرعیی و یاسایی بەهێز هەیە. لە دونیای سیاسەتدا پاساو و واقیع دوانەیەکی لە یەکتر دانەبڕاون. چۆن هەمو واقیعێک پێویستی بە پاساوی شەرعیەتپێدانە، هەمو هەوڵێکی بەرەنگاربونەوە و دەستکاریکردنی واقیعیش پێویستی بە پاساوی شەرعیەت لێ وەرگرتنە. گومان لەو راستییەدا نییە کە هەمو هەوڵێک بۆ پاراستن یاخود گۆڕینی هەر واقیعێک، بە پلەی یەکەم پاڵنەر و هۆکاری بەرژەوەندیخوازییانەی لە پشتە، بەڵام پاراستن و وەدەستخستنی بەرژەوەندییش بێ پاساوی یاسایی و شەرعیی ناتوانێت بەردەوامیی هەبێت و هەمیىشە لەژێر مەترسی دایە.
مافی سەربەخۆیی گەلی کوردستان دەکرێت لەڕوی پاساوی زوڵملێکراوی تەواو رەوا بێت. بۆ هەر کەسێکی ئەم جیهانەی باس بکەیت، کە گەلێک، بێ ویستی خۆی، دابەشی سەر چوار وڵات کراوە، کە تیایاندا لەلایەن سیستەمی سیاسی نەتەوەی سەردەستەوە روبەڕوی زولم، ستەم و چەوسانەوەی بەردەوامی نەتەوەیی دەبێتەوە، بێ دودڵی دان بە مافی جیابونەوە و سەربەخۆیی کوردستاندا دەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی سەربەخۆیی کوردستان پێش ئەوەی پرسێکی ويژدانیی و ئەخڵاقیی بێت، پرسێکە لەلایەک پەیوەستە بە پاساوی مێژویی، جوگرافیی و یاسایی، لە لایەکی ترەوە مەحکومە بە دۆخی سیاسیی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە.
پاساوی دەوڵەتی کوردیی لە روانگەی مافی جوگرافییەوە وەکو پاساوێکي بەهێز و کەم کێشەیە دەردەکەوێت. ئەو جوگرافیایەی کە دانیشتوانی کورد تێیدا زۆرینە بون، یان زۆرینەن، لە بیر و هۆشی بەکۆمەڵی کورد بە خاکی کوردستان چەسپاوە. سەرەڕای بەهێزیی پاساوی جوگرافیی، لە روانگەی پاساوی مافی مێژویییەوە، پاساوێکی بێهێز و ئاڵۆز و پڕ کێشەیە. لە مێژوی سەلمێندراو و دانپێدانراوی ناوچەکە، هیچ حوکمڕانییەک بە ناوی حکومڕانیی کوردی یان کوردستان لە ناوچەکە نەبوە کە دەستەڵاتی هەبوبێت بەسەر هەمو ئەو ناوچانەی کورد بە خاکی خۆی دەزانێت. بە لایەنی کەمەوە لە کاتی نوسینی شەڕەفنامەی شەڕەفخانی بەدلیسییەوە تا ئێستا، ئەو خاکەی بە کوردستان نوسراوە هەمیشە بەشێک بوە لە قەڵەمڕەویی ئیمپراتۆریەتەکانی میلەتانی درواسێ. ئەو میلەتانە تا ئێستاش خۆیان بە میراتگری ئیمپراتۆرییەتەکانی باو و باپیرانیان دەزانن و بە پاساوی مێژویی بەڵگەدار بەشەکانی جوگرافیای کوردستانی ژێر دەستیان بە خاکی خۆیان دەزانن. لەڕوی یاسایی مێژویییەوە، پاساوەکانی ئەوان زۆر بە هێزترن لە پاساوی کورد، چونکە فاکتە ميژویییەکانی ئەوان سەلمێندراوتر و دانپێدانراوترن و چوارچێوەی یاسایییان هەیە، لە کاتێکدا سەرباری ئەوەی کورد گەلێکی رەسەنی ناوچەکەیە، هیچ بەڵگەنامەی مێژویی بۆ سەلماندنی حوکمڕانی سەرتاسەری سەربەخۆی کوردیی لەسەر جوگرافیای کوردستان نییە.
سیاسەت و لۆژیکی تاک نەتەوەپەرستییانەی ئەو وڵاتانەنی خۆیان بە میراتگری ئیمپراتۆرە فرەنەتەوەکانی عەرەبی، فارسی و عوسمانی دەزانن، کە ئێستا عێراق و سوریا و تورکیا و ئێرانن، وایکردوە پاساوی زوڵملێکراوی کورد بەرامبەر بە پاساوە مێژویی و جوگرافییەکانی ئەوان بە هێزتر بێت، چونکە میراتگرەکان تا ئێستاش ئامادە نین بە نیوەی ئەندازەی باوباپیرانیان دان بە مافە کەلتوری و سیاسیەکانی کورد بنێن. تا سیاسەتی نکۆلیکرن و چەوساندنەوە و زولمکردن بەرامبەر کورد زیاتر بێت، پاساوی زوڵملێکراوی کورد رەوایەتی زیاتر وەردەگرێت دەبێت، بەڵام پاساوی زوڵملێکراوییش ئەگەر لەگەڵ یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان ناکۆک بێت، دەبێتە هۆکاری کێشەی ئاڵۆز و ترسناک بۆ تەواوی سیستەمی یاسایی نێودەوڵتی و ناوچەکە.
لە روی پاساوی یاسای نێودەوڵەتیەوە، کە بنەماکەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکانە، هیچ برگەیەک گەرەنتی مافی سەربەخۆیی گەلانی تێدا نیە، بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی گوتاری کوردایەتی کە دەڵێت، مافی چارەی خۆنوسین، مافێکی یاسای نێودەوڵەتیە. هەرچەندە برگەی یەک ڕێزگرتن لە یەکسانی و مافی چارەی خۆنوسینی گەڵانی بە بنەمای کاری نەتەوەیەکگرتەوەکان چەسپاندوە، بەڵام رێزگرتن لەروانەگەی یاسایی بە مانای پابەندبونی یاسایی نایەت. لە بەرامبەردا بڕگەی دوی هەمان پەیماننامە بە رونی دانی بە یەکسانیی و سەرەوەریی وڵاتاندا ناوە، بەوەی کە لەسەر هەمو ئەندامانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان پێویستە، خۆیان لە هەر هەڕەشەیەک یان بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی سەربەخۆیی و یەکێتیی خاکی وڵاتێکی تر بەدور بگرن.
جگە لە پاساوی ویژدانیی و زوڵملێکراوی، هەمو پاساوەکانی تری کورد بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان تەواو بێهێز و سنوردارن. هەرێمی کوردستان دوای دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ساڵی ١٩٩١ و چەسپاندنی فیدراڵی لە دەستوری عێراق پاساوی زوڵملێکراوییشی بەدەستەوە نەماوە. باسکردن لە مافی چارەی خۆنوسین دەکرێت لە سەر ئاستی مافی تاک ئاسایی و رەوا بێت، بەڵام لەسەر داواکردنی سەربەخۆی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی ئەگەر پاساوی بەهێزی شەرعیی مێژویی، جوگرافیی، یاساییی و زوڵملێکراوی نەبێت، بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماف و بەرژەوندیی وڵاتانی تر، لەڕێی لۆژیکی بەکارهێنانی هێز هەژمار دەکرێت.
لۆژێکی هێز
پاساوی لۆژێکی هێز دەگەڕێتەوە بۆ کرداری وڵاتە زلێهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە کە بێ گویدانە هیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتیی لە هەر ناوچەیەکی جیهان کە خۆیان بیانەوێت، دەستتێوەردانی سەربازی و سیاسی دەکەن. لەو سونگەیەوە دەکرێت بۆ کوردیش رەوا بێت، بیر لە بەکارهێنانی هێز بکاتەوە بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام کام هێزە؟
لایەنگرانی سەربەخۆیی گرەو لەسەر هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراق دەکەن، کە بە بۆچونی ئەوان دەرفەت بۆ دروستبون و راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دروستدەکات، بەڵام هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراق بە مانای ونبونی بەشەکەی تری عێراق لەسەر نەخشە نایەت، بەڵکو بەمانای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و پەیدابونی چەندان گروپی نەتەوەیی و مەزهەبیی و دینیی توندڕەو و دەستتێوەردانی دەرەکیی دێت کە نەک تەنها روبەروی یەکتر دەبنەوە، بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆریش مەترسیی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دروستدەکەن. لەم حاڵەتەدا، هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەم پێویستیی بە هێزێکی چەکدار هەیە بۆ پاراستنی سنورەکان و ئاساییشی ناوخۆیی. پێویستیی بە ئابورییەکی تا ئاستێک جێگیر هەیە کە بتوانێ باری ژیان و دارایی خەڵک رابگرێت، دەبێت کارگێڕییەکی تا ئاستێک باشی هەبێت کە بتوانی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، تەندروستیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر پێشکەشی وڵاتییان بکات. ئەگەر دەوڵەتی کوردیی نەتوانێ بەلای کەمەوە ئەم مەرجە بنەڕەتییانەی تێدا بێت، نەبونی زۆر لە بونی باشترە. بەئاگاییەوە باسی بونی مەرجی بنەما دیموکراتییەکان نەکراوە، نەک لەبەر ئەوەی گرنگ نین، بەڵکو لەبەر ئەو راستییەی کە بنەماکانی دیموکراتیی مەرجی بنەڕەتی دروستبونی دوڵەت نین، بەڵکو مەرجی سەقامگیری و بەردەوامیی و خۆشگوزەرانین.
هێزی چەکداری هەرێمی کوردستان لە ساتی دروستبونیەوە تا ئێستا هیچ شەڕێکی بەرەیی درێژخایەنی بێ پشتیوانی هێزی دەرەکیی نەبردۆتەوە. دوای ٢٩ساڵ حوکمڕانیی کوردیی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تا ئێستاش میلیشیایەکی حزبیی ناڕێکخراو و بێسەروبەر و بێ چەکە. ئەمە بۆ هێزەکانی ئاساییش و تەنانەت پۆلیسیش هەمان شتە. شەڕی داعش و روداوەکانی شەنگال دەریانخست کە توانای خۆراگریی و پاراستنی هێزی پێشمەرگە چەندە، ئەگەر هاوکاریی دەرەکیی نەبێت. روداوەکانی کەرکوکیش بەڵگەی ئەوەن کە هێزی پێشمەرگە نەک یەکگرتو نییە، بەڵکو یەکتریش بە دوژمی یەکتر دەبینن و هێشتاش هەرێمی کوردستان هیچ لە برینەکانی شەڕی ناوخۆی ساڕێژ نەکردون. بێ ناردنی پارەی بەغداد دۆخی ئابوریی کوردستان توانای بەردەوامیی نەک چەند ساڵ، بەڵکو چەند مانگێکیشی نییە. باسکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ بڕیاری وڵاتییان بەجێدەهێڵم. کەواتە لەو حاڵەتەدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوکاریی لایەنی دەرەکیی هەیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکا و پارەی پێبدا، بەڵام کام هێزی دەرەکیی؟ لێرەدا هەمومان بیرمان بۆ ئەمریکا و هێزە ئەوروپییەکان و روسیا دەچێت کە لەناوچەکدا خاوەن کاریگەریی و بەرژەوندین و بونی بەهێزیان هەیە.
راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە وڵاتە زلهێزەکان لە ناوچەکە لە پێشبرکێیەکی بێوێنەدان بۆ فراوانکردنی هەژمون و بەرژەوندیی خۆیان و پێویستیان بە هاوپەیمانیی لۆکاڵە بۆ پاراستن و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام جگە لە روسیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە هۆی سیستەمی دیموکراتی و بونی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر لە وڵاتەکانیان، بۆ هەمو کردەوەیەک دەبێت پاساوی یاسایی و شەرعیی بەهێزیان بۆ دەنگدەرانی خۆیان هەبێت. لەو روانگەیەوە بەرژەوەندیی ئەوان هەرچییەک بێت، ئەوان ناتوانن پشتگیریی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەگەر پاساوێکی بڕواپێکەریان بۆ دەنگدەرانیان نەبێت.
وەکو لەسەرەوە باسکرا لە ئێستادا هیچ پاساوێکی بڕواپێکراو نییە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش پشتگیریی سەربەخۆیی تەنها بە پاساوی ئێثنیکیی (قەومی) کەس ناتوانێ و نایەوێت خۆی لێ بکات بە خاوەن. ئەم وڵاتانە زۆربەیان خۆیان کیشەی کەمایەتی نەتەوەی و ئاینی و جیاوازی ناوچەییان هەیە، کە بەو هۆیەو داوای جیابونەوە دەکەن. داننان بە پاساوی کورد، واتە کردنەوە دەرگای جهنەم بەسەر خۆیان، ئینجا بەسەر جیهان و ناوچەکە.
وڵاتە زلهێزەکان بە شێوەیەکی گشتیی بە یەک پاکێج لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن. لەو پاکیجەشدا هەرێمی کوردستان بە قەد قەبارەی هێزی سەربازیی و ئابوریی خۆی شوێنی گرتوە. وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا و ئێران، کە دو وڵاتی نەیاری سەرسەختی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانن، بە هەمان شێوە جێگەی خۆیان لە هاوکێشەکە گرتوە و لە هەمو رویەکەوە کاریگەرییان لەسەر بریاری وڵاتە زلهێزەکان لە کورد زیاتر هەیە. ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، روسیا رۆڵێکی وای نییە هەرچەندە لەدوای شەڕی سوریاوە ستراتیژێکی نوێی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتوە، بەڵام بۆ ئەمریکا و ئەوروپا گرنگی مانەوەی کورد لەناو عێراق زۆر زیاترە، وەکو لە دەرەوەی عێراق. ئەوان عێراق بە وڵاتێکی میحوەریی ناوچەکە دەبینن، بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت عێراق بەتەواوی بکەوێتە دەست هێز توندڕەوە شیعە وسوننەکان. بونی کورد بۆ ئەوان بونی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوە بۆ راگرتنی باڵانسی هێز و بەردەوامیی هەژمون و بەرژەوەندییەکانیان لەو وڵاتە. هاتنەدەرەوی کورد لە عێراق نەک تەنها بە واتای لەدەستدانی عێراق بۆ ئەوان دێت، بەڵکو بە مانای لەدەستدان و تۆراندن و دژایەتکردنی تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە دێت. گرنگی پێگەی تورکیا و ئێران و سعودیە، بۆ نمونە، بۆ ئەوروپا و ئەمریکا لە هەمو رویەکەوە چەندباری گرنگیی هەرێمی کوردستانە.
ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەری سەرکەوتنی سەربەخۆیی کوردستان بە لایەنی کەمەوە چوار مەرجی سەرەکیی پێویستە: یەکەم، دەوڵەتی عێراق لەبەریەکتر هەڵوەشێتەوە. دوەم، هەرێمی کوردستان لەڕوی ناوخۆیییەوە هێزێکی توندوتۆڵی مەشقپێکراو و رێکخراوی پڕ چەکی هەبێت، ئابورییەکی بەهێزی هەبێت، دەزگایەکی کارگێڕ و تەشریعیی چوست و کارای هەبێت. سێیەم، یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکان ئامادەبێت لەپێناو کورد دەست لە هەمو بەرژەوەندییەکانی تری لەگەڵ وڵاتانی عێراق و تورکیا و ئێران و هەندێک وڵاتی عەرەبی سوننیی هەڵگرێت و بە هەمو شێوەیەک پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکات. چوارەم، ئێران و تورکیا تا ئەو رادەیە بێهێز بن کە نەتوانن هیچ دوژمنکارییەک بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن. بەردەستبونی ئەو مەرجانە لە یەک کاتدا نەک چەندان ساڵ، بەڵکو لەوانەیە دەیان ساڵی تریشی پێویست بێت.
وەکو گریمانەیەک، ئەگەر سەرەڕای هەمو هەوڵێک بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق، دەوڵەتی عێراق هەڵوەشایەوە، هەرێمی کوردستان توانی جیابێتەوە و ئەمریکا یان چەند وڵاتێکی ئەوروپی پارێزگاریان لێکرد، لەو بارەدا، دیسان ئەگەر باری قوڕسی گەندەڵیی و بێسەروبەری ناوخۆییش فەرامۆش بکەین، ئەوا هەرێمی کوردستان دەبێتە بنکەیەی سەربازیی و موخابەراتی ئەو وڵاتانەی بێگانە، وڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری سروشتی خۆیان دادەبڕێن و بە هۆی مەترسیی وڵاتانی درواسێ هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس دەژین و دەبنە لاشەیەکی نامۆی ناوچەکە. جگە لەوانەش قەدەری مان و نەمان و داهاتوی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە بەر رەحمەتی بڕیاری دەنگدەرانی ئەو وڵاتەی کە پشتگریی هەرێمی کوردستان دەکات، جا ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیموکراتیی ئەوروپیی بێت.