شکستی حوکمڕانیی هەرێم لە دروستکردنی چینی ناوەند 

بەشکردن:

ئێستا جیهان لە گۆڕانێکی خێرای چاوەڕواننەکراوە کە دواکەوتن لە بوارێکیدا، رەنگدانەوە و کاریگەریی بەرچاوی دەبێ بۆ دواکەوتن لە بوارەکانی دیدا. لە ئەگەری ئەوەی کە رەوڕەوەی گۆمەڵگا نەیتوانی لەگەڵ ئەو گۆڕانە خێرا و جارجار لەپڕەدا، هەنگاو بنێ، ناتوانێ ئاستی خۆی لەگەڵ ئاستی گەشەسەندن و پەرەسەندنی گلۆبالدا رایەڵ بکات. ئەگەرچی ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا تا رادەیەك جێگەی هەندێ لە تواناکانی مرۆڤی گرتوەتەوە، لێ نە لە هەمو شوێنێك، و نە لە هەمو بوارێك و نە لە هەمو ئاستێکی کۆمەڵگادا، بۆیە؛ پۆلینکردنی کۆمەڵگایەك بەپێی ئاستی گەشەکردن و توانای گەشەسەندنی، دەوەستێتە سەر چەند بنەمایەك، لەوانە؛ ئاستی ئابوری، شێوازی دەسەڵات، ئاستی وشیاری،  پەروەردە، سامانی مرۆیی و تەندروستی. لێرەدا بابەتەکە ناخەینە چوارچێوەی توێژینەوەیەکی دەرەکی و دور لە ئەزمونی خۆماڵییەوە، بەڵکو نمونەیەکی زیندوی کۆمەڵگای خۆمان، لەژێر ڕۆشنایی زانستە هەنوکەیییەکانەوە، دەخەینەڕو.

یەکێك لە کێشەکانی ژینگە لە جیهاندا، زۆربونی دانیشتوانە کە ئێستا نزیکەی ٧،٧ ملیار کەسە و پێشبینیدەکرێ تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٨،٤ ملیار کەس. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتوان ئەگەر رێژەیەکی زۆری لە دەستی کار و گەنج پێکهاتبێ، دەبێتە سامانێکی مرۆیی و وەکو هێزێکی بنیاتنەر و کۆڵەکەی بەرهەمهێنان ئەژمار دەکرێ.

 لە کوردستانی باشوردا، ئەگەرچی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، هیچ سەرژمێریەكی تێدا نەکراوە، هیچ داتایەکی دروست و تەواو لەمەڕ ژمارەی دانیشتوانەوە بەردەست نییە، بەڵام بەپێی رێژەیەکی زۆری منداڵبون، ئەو هەمو زانکۆی نیشتیمانی و زانکۆ ئەهلییەی کە کاری تەنها بەرهەمهێنانی بێکارییە، لەسەر بنەمای کەڵەکەبونی چەندەها ساڵەی دەرچوانی ئەو پەیمانگا و زانکۆیانە، دەتوانرێ بگوترێ کە باشوری کوردستان خاوەن رێژەیەکی زۆری گەنجە کە سامانێکی مرۆیی و گەنجینەیەکی زۆر گرنگە و کۆڵەکەی بوژانەوە و پێشکەوتنە ئەگەر وزەکەی لە داهێنان و بەرهەمهێناندا بخرێتە کار، بەڵام لە ئێستادا بوەتە بار بەسەر کۆمەڵگا و هیچ دەرفەتێکی نییە تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ.

دەتوانرێ پرسیار بکرێ کە ئایا باری ئابوریی و بونە خاوەن سامانی سروشتیی وزە و کان و کانزا، بەتەنها دەتوانێ گەشەی مرۆیی پەرەپێبدا؟ ئایا پێشکەوتن تەنها لە بازنەی گەشەی ئابورییدا سه‌نگی مه‌حه‌که؟‌ یا ئایا باری ئابوریی هه‌ڵکشاو به‌بێ هاوپێچکردنی سامانی مرۆیی و په‌روه‌رده‌ی مرۆیی لە ناوخۆدا، هاوتا دەبێ لەگەڵ چەمکی‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشکەوتن؟

مرۆڤ، سامان و کەرەستەیەکی خاوی ئەوەندە بەبەهایە کە لەژێر سێبەری پلانی حکومەتێکی دادپەروەر و نیشتیمانیی، دەتوانێ ببێتە خوڵقێنەری پێداویستییە مۆڕاڵیی، کۆمەڵایەتیییەکان، داهێنەر و بەئەزمون و ، پاڵپشت بێ بۆ  گەشەسەندن و پێشخستنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵاگە، بۆیە؛ ئەم بابەتە لە سەدەی بیستەمدا و لە لایەن پسپۆرەکانی نێو رێکخراوی نێودەوڵەتییدا بوە کرۆکی توێژینەوە و شیکردنەوە بو. محبوب الحق،  راوێژکارێکی پاکستانیی بەئەزمون و زرنگی بواری گەشەی مرۆیی بو لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا. هەروهەا پسپۆرێکی زۆر شارەزا بو لە میانەی ئابوریی و کۆمەڵایەتییدا. لەگەڵ هاوکارەکەی پرۆفیسۆر ئەمارتیا سین، لە چوارچێوەی شیکردنەوەی چۆنیەتیی گەشەسەندنی مرۆڤدا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە گەشەی مرۆڤ بخەمڵێنرێ نەك تەنها لە رەهەندی ئابوریی دەوڵەتەوە، ئەویش رەهەندی تەندروستیی، ئاستی خوێندەواریی، ئاستی ژیاریی هەر تاکێك یا وردتر بڵێین بەرکەوتەی هەر وڵاتییەك لە بەشە داهاتی نەتەوەیی وڵاتدا، بەم پێوەرەی دەگوترێت پێوەری گەشەی مرۆیی (Human Development Index) (HDI) ، ئەم پێوەرەش ساڵانە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ئامادە و بڵاودەکرێتەوە.

واتە پێوەری گەشەی مرۆیی، ئاستی ئەو وڵاتە دەردەخات لە خستنەگەڕی توانای سامانە مرۆیییەکەی لە بواری ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و بەرهەمهێناندا. لە ئیستادا نزیکەی ١،٤  ملیار گەنج لە جیهان هەن و ٨٩٪ ی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمن. ئەگەر دەرفەتی تەواوکردنی خوێندن،  تەندروستیی باش، هەلی کاریان هەبێ، بێگومان پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەدوادا دێت. هەر ئاستی ئەو وڵاتانەی جیهانی سێیەم، بەڵگەی ئەوەیە کە تا چەند سامانی مرۆییەکەی بوەتە هێزێکی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنان. بەڵام شەڕ، حوکمڕانیی نادیموکرات، بەرژەوەندیی حیزبیی، قۆرخکردنی داهاتی وڵات لەلایەن نوخبەیەکی پاوانخواز، هۆکارن کە سامانی مرۆیی سست و ناکارا بن. بۆ نمونە سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە ڕیزبەندی ١٢٢ بو لە پێوەری گەشەی مرۆییدا، کەچی لە ساڵی ٢٠١٧ دا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی بەرەو ڕێزبەندی ١٥٥ ڕۆچوە خوارەوە[ ]

نایەکسانی، کیشە و گرفت نییە، نایەکسانی کرۆك و کلیلی کردنەوەی دەروازەکانە بەرەو نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و داپڵۆسینی توانا و سەرکوتکردنی ویست و هەنگاوەکانی مرۆڤ. هەر لە هەناوی نایەکسانییەوە، نادادپەروەیی و بەرتەسکردنەوەی رای ئازاد، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دێنە کایەوە. نایەکسانی ئەو منداڵدانەیە کە سەرەتای شێواندنی چینەکانی کۆمەڵگای تێدا لەداییكدەبێ، واتە نایەکسانی درمێکی ئەوەندە دڕندە و جیڕە، کە هەڵاتن لە ماکەکانی مەحاڵە و بنبڕکردنی کاردانەوەکانی، بە دەستەڵاتێك ناکرێ کە خۆی هۆکار و مامۆستا و پلانڕێژی ئەو نایەکسانییە بێت. هەر ئەو نایەکسانییەیە کە کۆمەڵگای تێدا دابەشدەبێتە سەر دو چین؛ چینێکی تەنکی زۆر دەستەڵاتدار، کە تەنها حیزب دەگرێتەوە، چینی ژێرەوە کە خەڵکی بێ دەرامەت و بێکار و بێزار دەگرێتەوە. ئەوەی لێرەدا ونە و جێی بەتاڵە چینی ناوەندە. چینی ناوەند ئەو چینە پڕ لە داهات و به‌رهه‌م و توانایه‌یه‌ کە جڵەوی پێشکەوتن و پەرەسەندن و گەشەسەندن دەگرێ، ئاساییشی ئابوریی و نیشتیمانیی دابینده‌کات. هیندستان وەکو وڵاتێکی بوژاوە، هەناردەی سامانی مرۆیی دەکات بەرەو رۆژئاوا کە لە ئینفۆڕماتیكدا پسپۆرن  بێئەوەی هیچ وزەیەکی تەقلیدی هەبێ.

لە باشوری کوردستاندا، سامانی مرۆیی، بە بونی ئەو هەمو سامانە سروشتییەوە، کەچی لەبەر نایەکسانیی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، نەخۆشیی، ژینگەیەکی پیس، نەبونی هیچ پلانێكی داهاتو، بێکاری، نەبونی هیچ بنەمایەکی پەروەردەیی و وشیارکردنەوە، نەبونی هیچ بەرچاوڕونی و ئەگەرێکی خۆشبینیی، دەناڵێنێ. ئه‌م دۆخه‌ ئه‌گه‌رچی ئێستای وێران کردوه‌، بەڵام داهاتوش له‌گه‌ڵ خۆی هاوپێچی زه‌لکاوێکی ئاڵۆزتر ده‌کات.

هه‌ر تاکێك لەژێر فشاری ترس، چاودێری، نه‌بونیدا بێت، هه‌ر تاکێك نەتوانێ پلانی ژیانی داڕێژێ، ئابورییەکەی ئازاد نەبێ، لە پەراوێزدا بێ، وه‌کو خاشاکێك مامه‌ڵه‌ بکرێ، بارگرانیی بێت بۆ دەتسەڵات، په‌روه‌رده‌ نه‌کرێ، تواناکانی له‌ به‌رهه‌مهێناندا نه‌خرێته‌گه‌ڕ، موڵکی خۆی نابێ و ناتوانێ هزر و ئاسۆی بینینی واڵا بێت. هەروەها ناشتوانێ تەندروست بیرکاتەوە و تەندروست بژێت. گلۆبالیزم هیچ کاریگەری لەسەر وێرانکردنی کەسێتیی تاك نییە، بەڵکو ناهەمواری بەڕێوەبردن و چڵێسی حوکمڕانیی، سەرکوتکردنی سوپایەك لە هێزی مرۆیی و قۆرخکردنی ئازادیی و گەنجێتیی و پێشێلکردنی ئەو توانا خۆڕسکەی له‌ نه‌وت و گاز، بۆ ئاماده‌کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست، زۆر گرنگتره‌.

ئەو پێگە سەرەکییەی، دەتوانرێ ئاستی کۆمەڵگای تێدا شیبکرێتەوە و ببێتە کۆڵەکەی گۆڕانە ئەرێنییەکان و بچێتە ڕیزبەندێکی ئەوەندە شیاو کە خاوەن ژیارێکی مامناوندی بێت، ته‌نها بون و گه‌شه‌کردنی چینی سێیەمه‌. چینی سێیەم له‌ کۆمه‌ڵگا، واتە بونی کار و کارنامە و دەستی کار و کرێی کار، واتە دڵنیابون لە دابینکردنی قوتی ژیان بۆ مەودایەکی تا ڕادەیەك دور، واتە دانانی پلان، واته‌ بونی کارگه‌ و کارخانه‌ و په‌روه‌رده‌کردن و خستنه‌گه‌ڕی سوپایه‌ك‌ له‌ سامانی مرۆیی، واته‌ ده‌سته‌به‌رکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی، ماف، رێز، له‌ کۆتاییدا واته‌ پەیڕەوکردنی یەکسانی و خوڵقاندنی‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست،ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ نیمانه‌.

لێره‌دا پۆلینکردنی وڵاتییان له‌ باشوری کوردستاندا به‌ پێوه‌ری گه‌شه‌ی مرۆیی، نه‌ ته‌ندروستیی، نه‌ خوێنده‌واریی، نه‌ داهاتی به‌ پێی داهاتی نێوخۆیی نیشتیمانیی بەرکەوتوە و به‌رده‌کەوێ.

دوای ئەو مێژوە درێژخایەنەی خەبات، نەنگییە ببیتە خاوەن دەستەڵاتێکی وا کە سامانی مرۆیییەکەی بە ئەندازەیەک سەرلێشێواو و بێپلانە، لەژێر زەبری دەستبەتاڵی و بێکاری و بێبەرهەمی و بێبەرنامەییدا بناڵێنێ و خۆی بخواتەوە و رو لە کۆچکردن بێ. هێزێك کە لەژێر سێبەری ئەو حوکمڕانییەدا بوەتە بار، بوەتە تاکێکی سەرکوتکراو، پیشەکەی زەوت کراوە، ئەگەر سەر بە حیزب نەبێ ئەوە پەراوێز خراوە، لە بێهیواییدا بڕوای بە خۆی دۆڕاندوە.

یەکێك لە ئەگەری چارەسەرەکان، بنیاتنانی ناوەندی توێژینەوەی زانستییە کە لەژێر چاودێری کەسایەتیی شارەزا و پسپۆردا، بتوانێ رەهەندە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابورییەکان پێکەوە گرێبدات و بەرچاوڕونییەك بۆ دەربازکردنی ئەو سامانە خۆماڵییە هەبێ، پێویستی بە ناوەندێكی لێکۆڵینەوەیە کە لەسەر بنەمای زانستیی، رێوشوێنی شیاو بۆ بەربەستەکان بدۆزێتەوە و بە شیکردنەوەی گرێکوێرەکان و سەرەداوی چارەسەرەکان، بتوانێ سەرلەنوێ  ئەو سامانی مرۆیییە ببوژێنێتەوە کە بەهێزترین پاڵپشتی بەردەوامییە بەرەو نوێخوازی و بەرهەمهێنانی خۆماڵی لەژێر دروشمی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستنی ژینگەدا.

بەشکردن: