چۆن ئەردۆغان بوە سەرۆکی تورکیا؟

بەشکردن:

نیاز حامید

کێ لە پشتی منداڵەکەی گەڕەکی قاسم پاشای ئیستانبۆڵە کە رۆژانێک هەڕەشە بو لەسەر ئەرگەنەکۆن و ئێستا هاوپەیمانێتیی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەندە ئاڵۆز نابێت ئەگەر لا لە چۆنیەتی دورستبونی بزاڤی ئیسلامیی سیاسیی لە ناو تورکیا بکەینەوە.

سەرۆکتورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان، کە هاوکات سەرۆکی پارتیی داد و گەشەپێدانیشە، لەناو هەناوی ئیسلامیی سیاسییەوە هاتۆتە ناو دەستەڵات، بۆیە؛ گرنگە سەرهەڵدانی بزاڤی ئیسلامیی سیاسیی لە تورکیا بخرێتەڕو بۆ باشتر تێگەیشتن لەو هێزەی کە لەپشتی ئەردۆغانەوەیە..

سەرەتای دورستبونی بزاڤی ئیسلامیی سیاسیی لەسەر دەستی سەرۆکی پێشوتری تورکیا نەجمەدین ئەربەکان هاتە ناو کایەی سیاسیی.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ ١٧ لە هاوڕێکانیدا، ئەڕبەکان حزبی سیستەمی نیشتمانییان پێکهێنا کە مەیلی بەلای ئیسلامیی سیاسییدا بو، بۆیە؛ رژێمی سێکیولاری تورکیا تەحەمولی نەکرد، حزبەکەیان لێداخست ودامەزرێنەری حزبەکەش کە ئەربەکان بو، ناچارکرا وڵات جێبهێڵێت.

هاتنەوەی ئەربەکان لەسەر داوای خودی دەوڵەتی قوڵ بو، کە ناسراوە بە ئەرگەنەکۆن، لە سویسرا هێنرایەوە بۆ ئەوەی بتوانێت باڵانسی پارتیی دادی سلێمان دێمێریلی -نۆیەم سەرۆکی تورکیا ١٩٩٣-٢٠٠٠- لەنگ بکات.

ئەرگەنەکۆن رێی خۆشکرد بۆ هێنانەوەی ئەربەکان و دروستکردنی بزاڤێک بەناوی ملی گۆریش بۆ لەخۆگرتنی هەمو تەریقەتەکانی سۆفیگەرایی و کۆمەڵە ئیسلامییەکانی ناو کۆماری تورکیا.

ئەرگەنەکۆن، دەوڵەتی قوڵ یا دەوڵەتی شاراوە، لە کۆمەلێک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنیی و مەدەنیی پێکدێت کە ئێستاکەش بە هەمان ناوەڕۆک بەردەوامن، بەڵام بە جیاوازی لە رێکخەریی. کاریگەرییان بەسەر روداوەکان زۆر هەبوە، ئێستاش کاریگەرییان لەدەستنەداوە.

ئەرگەنەکۆن، بە واتا ئیدارەی ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکن. ئەو رێکخراوە سێبەرە نهینییە بەتوانایە، کێشەکان دورستدەکات، بۆ خۆشی ئیدارەیان دەدات. هەموشی لەپێناو هێشتنەوەی دەستەڵاتیان و خاوەندارێتیان بۆ وشەی یەکلاکەرە بۆ چارەسەریی کێشەکە یا ناکۆکییەکە وەک بۆخۆیان دەیانەوێت.

پێویست دەکات لە چەند وێستگەیەکی گرنگ بەدرێژایی ئەو ٥٠ ساڵەی دوایی بوەستین کە کاریگەریی راستەوخۆی هەبوە لەسەر دۆزی کورد لە باکوری کوردستان. هەروەها کاریگەری راستەوخۆی هەبوە لە وێنە وەرگرتنی کۆتایی کۆماری تورکیای ئێستا کە ئەردۆغان بەڕێوەیدەبات.

ئەربەکان لە یەکەم هەڵبژرادندا ٤٨ کورسیی پارلەمانی بردەوە. لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ بوڵند ئەجەوید لە پارتیی کۆماریی تورکیا، جەهەپە، حکومەتیان پێکهێنا. ئەربەکان ویستی هەندێ بڕگەی شەریعەتی ئیسلامیی بخاتە ناو دەستور و یاساکان، بەڵام رێگای پێنەدرا.

ئەوە جێگای باسە، لە کاتی داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤، ئەربەکان داوای دەکرد کە سوپا تەواوی دورگەی قوبرس داگیر بکات، ئەوەی رێگای لەو پلانە کرد، بوڵند ئەجەوید بو، چونکە لە کاردانەوەی رای گشتیی جیهانیی دەترسا. حکومەتەکە روخا و حکومەتێکی دیکەی بێ ئەربەکان، پێکهات.

لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، لە تورکیادا لە نێوان چەپ و راستدا لە کایەی سیاسییدا، ناکۆکییەکان گەیشتنە ئەوپەڕی، تا لە دوای کۆدەتای کەنعان ئێڤرین، لە ٦ی سێپتمبەری ١٩٨٠ رویدا، ئەربەکان و چەندین لە هاوەڵەکانی زیندانی کران بە تۆمەتی پشتیوانیی لە پاشڤەڕۆیی وکارکردن لەدژی سێکیولاریی.

دەبێت بگوترێت پارتیی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە،یش لەپێش کۆدەتای ١٩٨٠ دامەزرا، ئەویش بەرگورزی خوێناوی ئەم کۆدەتایە کوت. پەکەکە بە دو وشە دەستیپێکرد’ کوردستان داگیرکراوە.

دوای ئازادکردنی لە ساڵی ١٩٨١، ئەربەکان بەردەوام بو لە خۆڕێکخستنەوە تا حزبی رەفای لە ساڵی ١٩٨٣ دورستکرد و لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩١ بوە ئەندام پەرلەمان.

حزبی رەفای ئیسلامیی لە ساڵی ١٩٩٣ەوە، ئیدی بەتەواوی لەلایەن ئەرگەنەکۆنەوە کۆنتڕۆڵ کرا. دواتر لە هەڵبژاردنی ١٩٩٥ توانی ١٥٨ کورسیی لە کۆی ٥٠٠ کورسیی پارلەمانی تورکیای بەدەستبێنێت، لێ نەیتوانی حکومەت بەتەنها پێکبێنێت کە پێویستی بە ٥٠+١ بو..

ئەرگەنەکۆن پێی باش بو حزبی رەفای ئیسلامیی و رێگای راستی تانسۆ چیلەر پێکەوە حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن. جێگای باسە حزبەکەی تانسۆ چیلەر ناسرا بو بە دژایەتی ئیسلامیی سیاسیی، بەڵام ئەرگەنەکۆن کاری خۆی بو، ناکۆکەکان پێکەوە کۆبکاتەوە و ئیدارەیان بدات.

ئەم حکومەتە لە پێکهاتەیەکی سەیر نەیتوانی ئییدارەی وڵات بدات، بەتایبەتی دوای فەزیحەی سوسورلوک، ئەم فەزیحەیە پەکەکە توانی حکومەت روتبکاتەوە. فەزیحەی سوسورلوک، روداوێکی دو ئۆتۆمبێل بو، بەڵام ئاسایی نەبو، چونکە روی رەشی ئەرگەنەکۆنی ئاشکراکرد.

حکومەتەکەی ئەربەکان ١٩٩٦-١٩٩٧ بەردەوام بو، هەندێ دەستکەوتی باشی لەسەر ئاستی ئابوریی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر بە دۆزی کورد هیچ نەرمییەکی نەنواند بەڵکو زۆرجار خراپتر لە حکومەتەکانی پێشوی خۆی تیرۆری دەوڵەتی پیادە دەکرد، چونکە ئەرگەنەکۆن بەتەواوی کۆنترۆڵی ئەربەکانی کردبو. ئەرگەنەکۆن دەستی واڵاتر بو بۆ کوشتوبڕی چالاکوان و روناکبیر و خەڵکی سیڤیلی کورد.

ئەربەکان وەک ئیسلامییەکی سیاسیی سەرباری باوەڕبونی بە تۆرانیزم، باوەڕی بە بونی کورد وەک گەلێک نەبو، زیاتر کوردی وەک موسڵمان دەبینی. هەروەها وەک هەمو حکومەتەکانی دیکە، بە وڵاتیی پلە دوی دەناساندن..

ناکۆکییەکان لەنێوان ئەڕبەکان و ئەرگەنەکۆن هەتا دەهات زیاتر دەبون، بۆیە؛ لە شوباتی ١٩٩٧ لەڕێی کۆدێتایەک کۆتایییان بە حکومەتی ئەربەکان هێنا.

گرنگترین هۆکار بۆ لەکارخستنی حکومەتەکەی ئەربەکان ئەو رێبازە ئیسلامییە بو کە خەریک بو دەیسەپاند بەسەر کۆمەڵگای بەناو سێکیولاری تورکیادا، یەکێک لەو روداوانە کە بوە هۆکاری ناڕازیی گەورە لەسەر ئاستی خەڵکی، ئەو سەردانەی بو بۆ لیبیا. لەوێدا دو روداو بەسەر ئەربەکان تێپەڕبون و وایانکرد چین و توێژە شۆڤینیی و فاشییەکەی تورکیا ناڕەزایەتیی دەرببڕن؛ یەکەمیان باسکردنی مافی کوردان بو لە لایەن سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا معەممەر قەزافی و بێدەنگبونی ئەربەکان، دوەمیشیان پێشوازیکردنی بو لەژێر رەشماڵێک لەلایەن قەزافیی و قبوڵکردنی بو. دەیانگوت “چۆن دەبێت لەژێر رەشماڵی عەڕەبی دواکەوتو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا پێشوازیی لێ بکرێت؟”

رۆژی کۆدەتاکە، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان چەڤێک بیر گوتی: “کارێکمان کرد تا هاوسەنگیی بۆ دیموکراسیی بهێنینەوە شوێنی خۆی.”

لەگەڵ نەشونمای ئەربەکان و بونی بە سەرۆک وەزیران، ئەردۆغانیش بە پشتیوانیی ئەو گاڤ-بە-گاڤ ئەستێرەی دەدرەوشایەوە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئستانبۆڵ وەپێش دەکەوت.

دوای داخستنی حزبی رەفا، ئەربەکان نەوەستا ئەمجارە حزبێکی دیکی ئیسلامیی لە ٢٠٠٠ دورستکرد بەناوی پارتیی فەزیلە. دواتر ئەویشیان داخرا.

ئەربەکان کۆڵی نەدا، بەڵکو حزبێکی دیکەی لە ٢٠٠٣ دورستکرد بەناوی پارتیی سەعادەت کە ئێستاس بەردەوامە.

لەنێوان ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٠ روداوگەلێکی گەورە رویاندا کە تەواوی نەخشەی سیاسیی تورکیای گۆڕی، ئەویش دەستگیرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بو. ئەم روداوە کاریگەریی راستەوخۆی کرد لە جەوهەری سیاسەت لەناو تورکیا.

ئیخوان لەگەڵ دەرکەوتنی ئەربەکان لە دوای ٢٠٠٠ ەوە، پەیوەندییان لەگەڵدا گرێدا، تەنانەت لە کاتی مەراسیمی کۆچی دوایی لە ٢٠١١ رێبەری گشتیی ئیخوان، محەمەد مەهدی عاکف ئامادەی بو.

لە ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٢ پارتیی داد و گەشەپێدان، ئاکەپە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەرامبەر پارتیی چەپی دیموکراسیی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئەردۆغان دەستەڵاتی گرتە دەست و هەندێ پێشکەوتنی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەدەستهێنا.

بۆ نمونە توانی رەوشی ئاوارتە لە باکوری کوردستان بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بو هەڵیبوەشێنیتەوە. هەندێک کرانەوەی کرد سەبارەت بە زمان و کەلتوری کوردیی، لە بواری ئابوری هەندێ ریفۆرمی کرد.

خیتابی گۆڕا بەارمبەر بە دۆزی کورد. لە ئامەد ئاشکرایکرد کە ئاشتیی و دیموکراسیی لە ئەنقەرە بە ئامەد تێپەڕدەبن.

ئەم کار و کردەوانەی دەوڵەتی قوڵی بێزار کرد، وایکرد هەوڵی جۆراوجۆر بدەن بۆ کۆدەتا بەسەریدا، بەڵام لەو کاتەدا سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا حیلمی ئوزکۆک باوەڕی بە کۆدەتا نەبو.

ئەردۆغان لە ٢٠٠٧ دەستی بە دادگاییکردن و زیندانیکردنی ئەندامانی ئەرگەنەکۆن کرد، لەوێوە ئەردۆغان دەیویست پایەکانی دەستەڵاتی باشتر دابکوتێ.

ئەردۆغان لەگەڵ ئەم کاروکردەوانە کە بەپۆزەتیڤانە لەلایەن کۆمەڵگای تورکیاوە وەرگیران، بۆ رازیکردنی فاشیزمی تورک، بەردەوام بو لە شەڕی گەلی کورد.

بە کورتی ئەردۆغان دەیویست فێل لە کوردان بکات، تا دەستی دەڕوا کەمێک نەرمی بنوێنێت و، دواتر دەستپێبکاتەوە.

لە سەرەتای ٢٠٠٨ ئۆپەراسیۆنی زاپی بۆ سەر هەرێمی پاراستنی میدیا دەستپێکرد، سوپای تورکیا شکستێکی گەورەی بەدەستهێنا، ئەردۆغانی خۆشحاڵ کرد کە سوپای وڵاتەکەی دۆڕا، چونکە ئەو لە هەوڵی ئەوەدا بو، دەستەڵاتی سوپا کەم بکاتەوە، چونکە سوپا سەرچاوەی ئەگەرنەکۆن بو.

دوای ئەم شکستە گەورەیەی سوپا ئیدی پێڤاژۆی ئاشتی دەستیپێکرد. ئەردۆغان بۆ ئەوەی دەنگی کوردان مسۆگەر بکات و هاوسەنگیی هێز لە دەست خۆی بهێڵێتەوە، وەک تەکتیک، نەک باوەڕیی بە ئاشتیی، دەستی بە پرۆسەی ئاشتیی کرد.

ئەم پرۆسەیە هەروا لەخۆڕا و هاسان نەبو، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، چەند پرۆسەیەکی دیکە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچو:

– بەهاری گەلان کە لە کۆتایی ٢٠١٠ دەستیپیکرد، هەمو ئەوراقەکانی لە ئەردۆغان تێکدا، بەتایبەتی زۆرینەی ئەو شۆڕشانەی لە جیهانی عەڕەب دەستیانپێکرد ئیخوان کە مەرجەعی فیکری ئەردۆغان بو، بە فێڵ و ساختەکاریی و قۆستنەوەی هەستی خەڵکی لە بونی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیی، کاریگەرییان دادەنا.

– دەوڵەتی هاوتەریب، هەتا دەهات فەتحوڵا گولەن، کە مامۆستای ئەردۆغان بو، دەوڵەتی هاوتەریبی لە ناو دەوڵەتی تورکیا پەرەی پێدەدا و بەهێزی دەکرد، تاوای لێهات لە دێسەمبەری ٢٠١٣، ئەردۆغان تەقییەوە بەرامبەر گولەن، کاتێ دەیان دۆسیەی گەندەڵی ماڵباتی ئەردۆغان و دارودەستەکەی ئاشکراکرد.

– بزاڤی ئازادیخوازیی کورد کە پەکەکە پێشەنگایەتیی دەکات لە تورکیا، لەتەک بەرەوپێشبردنی دانوستاندن لەگەڵ حکومەت، لە ناوخۆی تورکیا وباکوری کوردستان گەشەی بەرچاویکرد. لە سەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان و دایاسپۆڕاش، خەریکی گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بو، ئەردۆغان هەستی بەو مەترسییانە کرد، بۆیە لەڕێی پارتیی دیموکراتیی کوردستانەوە هەوڵی تێکدانی ئەو هەوڵانەی پەکەکەی دا.

– ئێران خەریک بو بێتەوە ناو کۆمەڵگای جیهانیی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ دۆسیەی ناوەکی، ئەم پرسە بۆ تورکیا جێگای نارەحەتیی بو، چونکە بە هاتنە پێشەوەی ئێران، بەپاشکەوتنی تورکیا لەسەر ئاستی هەرێمیی و جیهانیی لێدەکەوێتەوە، تورکیا هەمیشە دەیەوێت ئاگری ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی خۆش بکات.

بەهەرحاڵ هەمو ئەو کار و پرۆسانە و گۆڕانکارییانە وای لە ئەردۆغان کرد، ئیدی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەرگەنەکۆن و فاشیزم بکات. ئەردۆغان لەبری بەردەوامییدان بۆ بنکۆڵکردنی ئەرگەنەکۆن، خۆی بوە بەشێک لە پڕۆژەی ئەرگەنەکۆن و لەلایەک لە تەواوی پڕۆسەی ئاشتیی هەڵگەڕایەوە، لە لاکەی تریشەوە دژی دۆستانی دوێنێی وەستایەوە. 

هەمو ئەو ئەندامانەی ئەرگەنەکۆن کە زیندانیکرابون ئازادکران و دەستیشی بە هاوپەیمانی بەستن کرد لەگەڵ پارتیی خەڵکی نەژادپەرستی تورک، مەهەپە، کە سیمبولی رەشی شۆڤینیزم و ئەپارتایدە.

لە ٢٠١٥ لەدوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هەدەپە، مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە لەسەر داوای ئەرگەنەکۆن و مەهەپە، قڵپکردەوە و دەستی بە شەڕی خوێناویی لەگەڵ پەکەکە کردەوە.

ئیدی ئەردۆغان روی راستەقینەی خۆی بە ناوخۆ و جیهان نیشاندا کە بۆ مانەوی لە دەستەڵات، تیرۆری دەوڵەت لە ناوەوەی وڵات و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبات. ئەردۆغان لەو “شەمەندەفەری دیموکراسیی دابەزی” کە پێویستی بو بۆ گەیاندنی بە مەنزڵ؛ دەستەڵات.

لە ٢٠١٦ دا ئەردۆغان ئاگاداریی سیناریۆی کۆدەتا بو، ئۆجەلانیش چەند جارێک هۆشداریی دابو. بەڵام کۆدێتای شکستخواردو لەلایەن ئەردۆغان و ئەرگەنەکۆن و مەهەپەوە قۆسترایەوە بۆ تەسفییەکردنی بزاڤی خزمەتی گولەن و لاوازکردنی پەکەکە. بۆیە سەدەها هەزار کەس بە تۆمەتی دروستکراو لە زیندانەکان ئاخێنران، پێنج شاری گەورەی کوردان لە باکوری کوردستان تەختکران. راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٠١٦ ئاماژە بەو وێرانکارییە دەدات و باس لە نیو ملیۆن ئاوارە لە شارە وێرانکراوەکان دەکات.

هەندێ ناوەند باس لەوە دەکەن کە کۆدەتاکە گولەنەکان پێیهەڵساون. لە دوایین مداخەلەی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆکی پارتیی ئایندە، وای بۆ دەچێت کە سیناریۆی خودی ئەردۆغان بێت، دەڵێت: “بە چەند مانگێک پێش کۆدەتاکە، منی دەرکرد لە سەرۆک وەزیرانێتی.”

ئەوەی ئەردۆغان کۆنترۆڵدەکات، تۆقاندن، ئەرگەنەکۆن و مەهەپە و بەشێک لە ئیخوان و ویستی ئەردۆغانە بۆ نیۆ-عوسمانیزم لەژێر چەتری ئیسلامیی سیاسییدا. ئەردۆغان هەمیشە بارمتەی دەستی ئەو سێ هێزەیە کە هاوکاریی ئەردۆغان بون بۆ هاتنە سەر حوکم، یان ئەردۆغانیان لە دەستەڵاتدا هێشتۆتەوە.

ئەرگەنەکۆن پێکهاتەی ئێستای جیاوازە لە پێکهاتەی پێشوی کە گلادیۆ پیشتر بەڕێوەی دەبرد.

ئەو هێزەی دەتوانێت کۆدەتای بەسەردا بکات، تەنها ئەرگەنەکۆنە، بۆیە ئەردۆغان تەنها ترسی لەو رێکخراوە، کە ئێستا دەوڵەتی قوڵ بەڕێوەدەبات، هەیە.

سەرچاوەکان:

– مێژویەک لە ئاگر- جەمیل بایک.

-بەشێک لە یاداشتەکانی پرۆسەی ئاشتی.

-کتیبی انقلابات ترکیا. دکتور محمد نورالدین.

-رەگی کێشەکان لە نێوان ئەردۆغان وئەرگەنەکۆن بە پێنوسی:محمەد عوبەیدوڵا.

بەشکردن: