گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەیی
نەوشیروان حوسێن سەعید
پێش ئەوەی باسی گرنگی ‘بیرکردنەوەی رەخنەیی’ بکەین، با سەرەتا لە ‘بیرکردنەوەی نارەخنەیی’یەەوە دەستپێبکەین. لە بیرکردنەوەی نارەخنەیییدا، هەمو شتێ کە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە و بەرچاومان دەکەوێ و بۆمان باسدەکەن، وەکو خۆی وەریاندەگرین، بێ ئەوەی کەمێک بوەستین و بیر لەوە بکەینەوە کە ئاخۆ ئەو شتانە چەند مەعقولن و چەندە پاساوی لۆجیکییان هەیە.
لەسەر ئاستی تاک، بە وتەی کارل پۆپەر (1902- 1994)، ئەگەر رەخنەگرانە بیرنەکەینەوە، هەمیشە ئەوە دەدۆزینەوە کە دەمانەوێ. بۆ شتێ دەگەڕێین و دەیدۆزینەوە، ئەوەیشی کە مەترسیدارە بۆ قەناعەت و تێڕوانینەکانمان، خۆمانی لێ لادەدەین و نایبینین.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش، خراپترین جۆری کۆمەڵگە، بە تێڕوانینی پۆپەر، ئەو کۆمەڵگە داخراوەیە کە بە شێوەیەکی مەرکەزیی لە سەنتەرەوە کۆنترۆڵ کراوە و رێگە بە دەربڕینی بیروڕای جیاواز نادات. بەپێچەوانەوە، ئەو کۆمەڵگا کراوانەی کە رێگە بە گفتوگۆی رەخنەیی و بونی موعارەزە دەدەن، دەتوانن باشتر کێشە سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتییەکانیان چارەسەر بکەن.
لێرەدا ناچمە سەر پێناسە جۆراوجۆرەکانی ‘بیرکردنەوەی رەخنەیی’، بەڵام جەوهەری هەمو پێناسەکان جەخت لەسەر چەند خاڵیک دەکەنەوە، وەکو بەکارهێنانی عەقڵ، هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان، پرسیارکردن، بابەتیبون و دورکەوتنەوە لە لایەنگیریی و حوکمی پێشوەخت. دیارە بیرکردنەوەی رەخنەیی بۆ ئەوە نییە بەردەوام نێگەتیڤ بین، بەڵکو مەبەست لێی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کێشەکان.
لە رۆژئاوا، بیرکردنەوە رەخنەیییەکانی زانایانی وەکو کۆپەرنیکۆس و کیپلەر و گالیلۆ و نیوتن و ئەنیشتاین و پۆپەر سەبارەت بە زانست و گەردون، کۆتایییان بە هەندێ بیرۆکەی هەڵە هێنا کە زیاتر لە هەزار ساڵ بو رەگی داکوتیبو. بەبێ ئەو زانایانە، ئەستەم بو مرۆڤایەتی بتوانێ بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا لە پێشکەوتنی زانستیی. خۆ ئەگەر بیرکردنەوە رەخنەیییەکانی فەیلەسوفانی وەکو دیکارت و سپینۆزا و لایبنیز و لۆک وهیوم و ڤۆڵتێر و رۆسۆ و کانت و شۆپینهاوەر و هیگڵ و نیتشە و میڵ و هایدگەر و ڕەسڵ و ئەوانی تر نەبوایە، زەحمەت بو ئەو هەمو گەشە و گٶڕانکارییە فەلسەفیی و فیکرییە روبدات کە تا رادەیەکی زۆر رەوتی مێژوی رۆژئاوایان گۆڕی.
لە هەرێمی کوردستاندا، چەندین کۆسپ هەن لە بەردەم بیرکردنەوەی رەخنەیی. بۆ نمونە، لەبەرئەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا تا رادەیەکی زۆر پشت بە تەڵقین و لەبەرکردن دەبەستێت، بۆیە توانای بەرهەمهێنانی فێرخوازێکی بیرکەرەوەیان نییە. بێ بیرکردنەوە و خوێندەوەی رەخنەییش، زەحمەتە هیچ داهێنانێک لە هیچ بوارێکدا بەدیبێت. جگە لەوەش، ئەگەر هەمو شتێ بێ پرسیارکردن وەرگرین، ئەوکاتە زۆر بەئاسانی فریودەدرێین و ئیستیغلال دەکرێین، بەتایبەتی لەم سەردەمی فەیک نیوزە و لە سایەی ئەو هەمو میدیا سێبەرەوە کە شت و روداوەکان بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێ بۆت دەگوازنەوە نەک بەو شێوەیەی کە لە راستییدا هەن و رودەدەن.
جگە لە کۆسپی پەروەردەیی، چەندین کۆسپی دیکەی سیاسیی و کەلتوریی دیکەش هەن. لەڕوی سیاسییەوە، بۆ نمونە، لە سەروبەندی ریفراندۆمەکەدا، یەک کەس لەسەرەوە لەجیاتی هەموان بیریکردەوە و بڕیاریدا. لەو کاتەدا هەر دەنگێکی رەخنەگر زۆر بەتوندی بەرپەرچ دەدرایەوە و چەندین تۆمەتی وەکو “خیانەت و خۆفرۆشی و بێگانەپەرستیی” پێوە دەلکێنرا. کەچی لە ئەنجامدا دەرکەوت تێڕوانین و بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی رەخنەگران راست بو. لەڕوی دینییەوە، بەربەستەکان قوڵتر و خراپترن. هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دەق و هەر پرسیار-دروستکردنێک لەسەر روداوە مێژویییەکان و لە سەر هەندێ ریوایات، خاوەنەکەی دوچاری “تەکفیر و تەبدیع” و چەندین ناو و ناتۆرەی ناڕەوای دیکە دەکاتەوە، بۆیە؛ بیرکردنەوەی رەخنەیی پێویستی بە رەخساندنی زەمینەی ئازادیی بیرکردنەوەیە.
گرنگە هەمیشە لە یادمان بێت کە بیرکردنەوەی رەخنەیی لە لایەکەوە هۆکارێکە بۆ گەشەی فیکرییمان لەسەر ئاستی تاک. لە لایەکی دیکەوە، رێگرە لە دروستبونی تاکڕەویی و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت لەسەر ئاستی کۆمەڵگا.
بە مانایەکی دیکە، بیرکردنەوەی رەخنەیی، تاکێکی هۆشیار دروستدەکات. تاکی هۆشیاریش هەوێنی دروستبونی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندو و پێشکەوتوە. لە کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرەشدا، زەحمەتە تاکڕەویی و ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت دروستبێت، ئەگەریش دروستبو، ئەستەمە توانای مانەوە و بەردەوامیی هەبێت.