ئەو رۆژەی ئایەتوڵا سیستانیی دەمرێت 

یاسین تەها 

هەڵكشانی تەمەنی مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی بۆ 90 ساڵ و شكانی یەكێك لە لاقەكانی بەهۆی كەوتنی قاچی چەپی بەلادا لەكاتی دەستنوێژ شوشتن لەچەند رۆژی رابردو، لە هەمو كات زیاتر قسەوباسیان لەسەر سیناریۆكانی جێگرتنەوەی سیستانی و قۆناغی پاش ئەو لە سیاسەتی عێراقیدا گەرمكردوە.

راستە سیستانی تاقە مەرجەعی شیعە و یەكەم رێبەری حەوزەی ئاینی نەجەف نییە تا جێگرتنەوەی گرێیەكەی قورس بێت، بەڵام رۆڵی كارا و بنەڕەتییانەی ئەو لە جومگە گرنگەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەپاش 2003 هەر لە نوسینەوەی دەستورەوە تا خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019، هەروەها نەبونی جێنشین و كەسایەتییەكی خاوەن كاریزماتیكی هاوشێوەی خۆی لە هەناوی شیعەی ئێستای عێراقدا، هەمیشە مایەی نیگەرانی و دڵەخورتێی بەشێكی زۆری پەیڕەوانی شیعەن كە دەوربەری 200 ملیۆن كەس دەبن لە جیهاندا.

بەپێی بەند و نەریتەكانی حەوزەی نەجەف كە تەمەنی دەوروبەری هەزار ساڵە “زاناترین و ئازاترین و دڵسۆزترین” ئایەتوڵا ی هەڵگری نازناوی (العظمى) دەبنە دەمڕاست و مەرجەعی باڵای شیعە، بەڵام دیاركردنی ئەم پێوەرانە لەناو كۆمەڵێك مێزەر بەسەری هەڵگری پلەی “ئایەتوڵڵا” دا هەروا كارێكی سانا نییە، تەنانەت خودی عەلی سیستانی خۆی سەرباری ئەوەی تەزكییەی گەورە مەرجەعی شیعە ئەبولقاسمی خوئی مامۆستای بەدەستخەت هەبوە (1992 مرد)، بەڵام تا ئەوكاتەی كە هەردو گەورە ئایەتوڵڵا مورتەزا بروجەردی و میرزا عەلی غرەوی، تیرۆر نەكران (1998)، ئەوا نەبوە مەرجەعی باڵای بێ ركابەری شیعە. تا رژێمی سەدام حسێنیش نەڕوخا (2003) ناوبانگی سیستانیی وەك ئەمدواییە بە دنیادا بڵاونەبویەوە و لەمەیاندا چانس یارمەتیدەری بو كە بوە مامانی یەكەم دەسەڵاتدارێتیی شیعە لە مێژوی هەشتا ساڵەی عێراق.

لە ئێستاشدا هاوشانی سیستانیی سێ مەرجەعی تری گەورەی شیعە لە نەجەفدا دەژین، كە لەڕوی تیۆرییەوە دەكرێت جێگەی سیستانیی بگرنەوە بەوپێیەی ئایەتوڵڵای عوزمان، ئەوانیش: ئیسحاق فەیاز (ئەفغانی، 90 ساڵ)، بەشیر نەجەفی (پاكستانی، 78 ساڵ)، محەمەد سەعید حەكیم (عێراقی، 86 ساڵ)، بەڵام لەبەرئەوەی سەرجەمیان پیر و ماندون و نزیكن لە تەمەنی سیستانیی، كەمتر وەك جێگرەوە تەماشادەكرێن. جگە لەوەش مشتومڕ و كێبەركێیەكی ژێرپەردە لەسەر رەگەزنامەی مەرجەعی داهاتو لەنێوان عێراقیبون و بیانیبوندا هەیە كە رەنگە لە بەرژەوەندیی فەیاز و نەجەفی نەبێت. هەرچی سەعید حەكیمیشە كە كچەزای موحسین حەكیمی مەرجەعی باڵای كۆچكردوی شیعەیە، سەرباری تەمەنی زۆر كێشەی خراپی باری تەندروستیی هەیە و دۆخی ئێستاش بەرگەی دانانی وەها رێوشوێنێك ناگرێت و وەك ساڵی 1992 نییە كاتێك كە ئایەتوڵڵا خوئی مرد جێگرەوەكەی عەبدولئەعلا سەبزەواری بەهۆی تەمەنی زۆرەوە تەنها یەك ساڵ ژیا و دیسان بۆشایی دروستكرد.

لە دەرەوەی بازنەی ئەم مەرجەعە گەورانەی نەجەف، كۆمەڵێكیتر ئایەتوڵڵا هەن دەشێت بچنە ناو كێبەركێی جێگرتنەوەی سیستانییەوە لەوانەش هادي آل راضي و محمد الإيرواني و محمد السند، بەڵام كێشەو گرێوگۆڵی زۆر لەبەردەم ئەم كۆمەڵە شەرعزانەی شیعەدا هەیە بۆ ئەو كێبەركێیە، لەوانەش نەبونی كاریزما و گومانكردن لە مەرجی ئەعلەمییەت و زۆر شتیتریش كە پەیوەندییان بە هاوسەنگیی سیاسییەوە هەیە. هەرچی محەمەد رەزای كوڕە گەورەی سیستانیی خۆیەوە هەیە (58 ساڵ) كە نزیكبوەتەوە لە دوا پلەكانی خوێندنی حەوزە دایە، كێشەی نەریتیی حەوزەی هەیە كە وا باوە پێگەی مەرجەعیەت تێیدا بە میرات ناگیرێت.

مەرگی سیستانی پەیوەندییەكی زۆری بە ژیان و مەرگی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئێرانییشەوە هەیە، چونكە لە ئێستادا پێگەی سیستانیی تاقە رێگرە لەوەی خەونی خامنەیی بۆ رێبەرایەتیكردنی شیعەی جیهان بەدیبێت. ئەگەرچی لە ئێران ئەنجومەنێكی تایبەتیی 88 كەسیی دەستوری و هەڵبژێردراو بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی خامنەیی هەیە (مجلو خبرگان)، لە عێراق كارەكە بە نەرێت و رێوشوێنی زارەكیی سپێردراوە. یەكێكیش لە مەترسییەكانی شیعەی عێراق دەستتێوەردانی خامنەیی، ئەگەر لە ژیاندا ما، لە پرۆسەی دیاریكردنی رێبەری دینیی حەوزەی نەجەف لەپاش سیستانی كە ساڵانێكی زۆرە رێگەی نەداوە دامەزراوە ئاینییەكانی شیعەی عێراق بچنە سەنگەری ویلایەتی فەقیهەوە، تەنانەت لەم دوایییانەدا دەنگۆیەكی وەها بڵاوكرایەوە كە رێبەری رەوتی سەدڕ موقتەدا سەدر بەرامبەر گفتی  یارمەتیدان لە رۆڵبینین بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی سیستانیی و بەركەوتنی پشكی گەورە لە حەوزەی نەجەف لەپاش سیستانیی، سەنگەری لە ناو خۆپیشاندەرانەوە گواستۆتەوە بەرەو بلۆكی ئێرانیی و باڵەكانی حەشدی شەعبیی.

نیمچە كۆدەنگییەك لەناو شارەزایانی كاروباری شیعەی عێراق هەیە كە ئەو رۆژەی سیستانی دەمرێت، نەجەف و جیهانی شیعە دەچنە قۆناغێكی شپرزەیی و ناڕۆشنییەوە، بەڵام ئەمە بە مانای داڕوخانی دامەزراوەی ئاینیی شیعەی نەجەف نایە كە بەدرێژایی هەزار ساڵ بەردەوام رێبەری ئاینیی و ئایەتوڵڵا و مەرجەعی بۆ شوێنكەوتوانی شیعە پێدەگەیەنێت. لە هەمان كاتدا، ئەوەش رونە دروستكردنی كەسایەتییەكی جێگرەوە بۆ سیستانیی ئەگەر هەیە لە چەند هەفتەیەكەوە تا چەند ساڵێك بخایەنێت و پڕۆسەی گواستنەوەكە جگە لە كایە مەزهەبییەكە لەسەر كۆمەڵێك هۆكاری تر بنەڕەتە كە دەكرێت دیارترینیان بریتی بن لە؛ هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانی شیعە، سەرمایە، میدیا و ریكلام، پاڵپشتیی عەشایەریی شیعە، لەمانەش گرنگتر هەڵوێستی تۆڕی بریكارەكانی ئێستای سیستانی لە شار و وڵاتان و هەردو كوڕەكەی، هەمو ئەمانە پێكەوە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەكی جێگرەوەی سیستانی كە بەپێی باوەڕی شیعە نوێنەرایەتیی ئیمامی زەمان ئیمام مەهدی دەكات و فەتوا و بۆچونەكانی لای شوێنكەوتەكانی مەرجەعیەتی نەجەف حوكمی قانونیی هەیە.

بەشکردن: