بۆچی پێویستە ژنی زیاتر لە کابینەی حكومەتدا هەبن؟

بەشکردن:

روەیدا مستەفا

كاتێ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی دەربارەی یەكسانیی جێندەریی قسەدەكات، ئایا لەمەدا مەبەستی چیە؟ كابینەكەی تەنیا سێ وەزیری ژنی هەیە، ئەمەش گۆڕانكارییەكی دڵخۆشكەرە بە بەراوردکردن لەگەڵ كابینەی پێشوتر كە تەنیا یەك وەزیری ژنهەبو.

پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ژنان لەنێو حكومەتدا بە شێوەیەكی باشتر نوێنەرایەتییان كردوە؟ ئایا دەرفەتی كاری زیاتر بۆ ژنان هەیە؟ ئایا ژنان رۆڵێكی سەرەكییان گێڕاوە لە پرۆسەی بریارداندا؟ باوەڕكردن بەمە زەحمەتە كە لە هەرێمی كوردستاندا بە هیچ شێوەیەك شوێنێك نییە بۆ یەكسانیی جێندەریی، تەنانەت كاركردنی ژن وەك نوێنەر رۆڵێكی ئەوتۆی نەبو، هەروەك چۆن لەنێو كۆبونەوە باڵاكاندا ئەوە پیاوەكانن كە بریارەكان دەردەكەن، تا رادەیەکیزۆر كەمیش رۆڵی ژنان لەبەرچاودەگرن.

من لەبڕی ژنانی دیكە قسە ناكەم، بەڵام من ماندوبوم لەوەی دەبینم كە ژنان دەبنە قوربانیی. نامەوێ تەنیا سەردێری رۆژنامەكان بخوێنمەوە لەوەی پێم بڵێت ژنان دەكوژرێن یان بابەتی كوشتنی ژنان نیشاندرابێ و گەورە و زەق كرابێتەوە. دەمەوێ ژنان ببینم كە بەشدارن لە حكومڕانییدا، دەمەوێ ژیانیان باشتربێ، دەروازەیەكی باشتر بدەن بە ژنان تا بچنە نێو پارلەمان، هاوكات لەنێو حیزبە سیاسییەكان كاربكەن و نوێنەرایەتییەكی باشتر بكەن.

هەردەم گوتومە، ئایا كاتێ ژنان داوادەكەن رۆڵ و نوێنەرایەتیی زیاتریان هەبێ لەنێو سێكتەرەكانی حكومەت و پارلەماندا، چی بەدەستدێنن؟. وەڵامەكە بریتییە لەوەی كە ژنان وادەكەن حكومەتێكی باشتر هەبێت. ئامادەیی ژنان لەنێو كابینەی حكومەت و پارلەماندا، هەروەها وەك ستافی حكومەت، دڵنیایی هەبونی حكومڕانییەكی باشتر دەدات. توێژینەوەكانیش ئەم قسەیەیان سەلماندوە.

توێژینەوەیەك ئاماژەدەكات بەوەی كە بەشداریی ژن لە كارەكانی حكومەت بەهاوبەشیی لەگەڵ پیاواندا زامنی حكومڕانییەكی باشتر و هەبونی دیموكراسیی زیاترە، هاوكات ژنان كەسانی لێهاتو و باوەڕپێكراون بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی و گەیشتن بە رێككەوتنەكان، سەڕەرای هەمو ئەمانە كەچی ئێمە هێشتا نابینین لە هەرێمی كوردستان ژنان رۆڵێكی ئەوتۆیان هەبێ لە  بڕیارداندا.

لە ساڵی 2007دا، توێژینەوەیەك، كە لەلایەن نوسەران پاكستۆن و هیوس ئەنجامدراوە، نیشانیدەدات كە هەبونی ژن لە حكومەت وادەكات هاریكاریی زیاتر لەگەڵ پارتییە سیاسییەكانهەبێ و زوتر لە پیاوانبە بریاری دەستەجەمعیی بگەن، چونكە ژنان توانیویانە چەندان شێوازی مامەڵەكردن جێبەجێبكەن.

(ویلیام سیندرۆم)یش لەساڵی 2012 لە جۆرنالی (سایكۆلۆژیی لە ئەمڕۆدا) ئاماژەی بەوە داوە كە ژنان لەنێو رێكخراوەكاندا توانیویانە سەركردایەتییەكی باشتر لە پیاوان بكەن، چونكە ئەو لایەنە بەهێزە جیاوازانەی ژنان هەیانە وایكردوە ژنان زیاتر ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی كارەكان.

لە سالی 2018ەدا، توێژینەوەیەكی چڕوپڕ لەلایەن زانكۆی ڤێرجینیاوە ئەنجامدراوە و نیشانیدەدات كە لەو وڵاتانەی كە ژنی زیاتر لەنێو حكومەت دەستەڵاتیان هەیە، ئەوا رێژەی گەندەڵیی كەمترە. ئەم توێژینەوە لەنێو 125 وڵاتدا ئەنجامدراوە و پێمان دەڵێت “لەو وڵاتانەی كە رێژەی ژن لەنێو پارلەمان زیاتر بێ، ئەوا رێژەی گەندەڵی نزمترە.”

لە ساڵی 2015دا، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا جەستن ترودۆ توانی كابینەیەك پێكبهێنێت كە هاوسەنگیی لەنێوان ژمارەی ئەندامە نێر و مێییەكان دروستبكات و ببێتە روداوێکی مێژویی بۆ ئەو وڵاتە. نیوە لە راوێژكارەكانی ژن بون. كەنەدا بە پێنجەمین وڵات دادەنرێت لەڕوی یەكسانیی جێندەرییەوە لەنێو كابینەی حكومەتدا. كاتێ پرسیاریان لێكرد بۆچی وایكردوە، ئەویش لە وەڵڵامدا گوتی”ئەوە ساڵی 2015 بو، ئێستاش ئێمە لە ساڵی 2020داین، ناشبینم سیاسەتەكان وایكردبێ ژیانی ژنانی بەرەو باشتر چوبێ.”

بەشکردن: