شکستی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان 

بەشکردن:

ئیحسان وەڵزی

ئەم ناونیشانەی سەرەوە هەتا بڵێی ناونیشانێکی زەق و گشتگیرە. زۆریشن ئەوانەی، بە خۆیشمەوە، حەز بە ناونیشانی ئاوا زەق و گشتگیر ناکەن، چونکە هەر گشتگیرییەک، ئەگەر تا راددەیەکی زۆریش مەبەستەکەی بپێکێت، ئەوا هاوکات کۆمەڵێک ناهەقیش لەخۆیدەگرێت. لێ با بزانین لێرەدا مەبەست لە شکست و شکستخواردن لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان چییە. 

بە گشتی، دەکرێت بە دو شێوە لە کایەکانی کۆمەڵگە بڕوانرێت؛ تێڕوانینێکی جەوهەرییانە و یەکێکی دیکەی وەزیفییانە. ئەمەش بەر لە هەر کایەیەکی دیکە، سیاسەت دەگرێتەوە. جەوهەر و ماهیەتی سیاسەت چییە، چۆن پێناسەکراوە و ناسێنراوە. ئەمە پرسیاری سەرەکیی تێڕوانینی جەوهەرییانەیە و ئێمە لێرەدا بەلای ئەم جۆرە تێڕوانینەدا ناچین. ئەوەی مەبەستی ئەم کورتە نووسینەیە، پرسیارە لە وەزیفە و ئەرکی سیاسەت و کایەی سیاسیی لە کۆمەڵگەدا و ئەوەش کە ئەو سیاسەتەی لە بیست ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستاندا هەبوە و پەیڕەو کراوە، تا چەندە توانیویەتی ئەو ئەرک و وەزیفەیە لێی چاوەڕوانکراوە و دەکرێت بەجێ بێنێت. 

ئەگەر بمانەوێت وەزیفەی سیاسەت لە رستەیەکدا کورتبکەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین بریتییە لە بەرهەمهێنانی بڕیارگەلێک کە هەموان بگرێتەوە و هەموان پێیەوە مولزەم بن. هەڵبەتە لەنێوان سیاسەت و هەمواندا کۆمەڵێک خاڵی بەیەکگەیشتن و یەکتربڕ هەن. سیاسەت و سیستەمی بەهایی باو لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە پەیوەندییەکی کارلێککەری دینامیکی و بەردەوام دان. ئەم پەیوەندییەش کاریگەرییەکی زۆری هەم لە دروستکردن و پاراستنی کۆللێکتیڤ و هەمیش لە دیاریکردنی رەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا هەیە. 

شتێک کە زۆر بەزەقی بە دونیای سیاسیی هەرێمی کوردستانی دوای راپەڕینەوە دیارە، ئەوەیە کە نەوەک هەر کایەکە لە بەرهەمهێنانی بڕیارگەلی لەم جۆرە سەرکەوتو نەبوە و شکستیهێناوە، بەڵکو وەک لە قەیرانە یەک-لە-دوای یەکەکانیشەوە دەردەکەوێت، درزیشی خستۆتە نێو ئەو هاوسۆزییەش کە لە قۆناغەکانی پێشتردا وەدیهاتوە و دەکرا ببێتە فاکتەرێکی پشتگیر بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی  و هەروا یارمەتیدەریش بێت لە بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی بڕیارە گشتگیرەکان. 

دوایین قەیران، کە قەیرانی غاز بو لە چەند رۆژ و هەفتەی رابردودا، نمونەیەکی دیار و زەقی ئەم کاریگەرییە نەرێنییەی سیاسەت و بەڵگە و نیشانەی بێتوانایییەتی لە ئەداکردنی وەزیفە سەرەکییەکەی. شەڕی چەندین ساڵەی ناوخۆ و چەسپاندنی دو-ئیدارەیی هەم ئەنجامی جۆرێک لە سیاسەت و هەم هۆکاری درێژەدانیشن پێی. ئەمەش بۆتە مایەی هاتنەئارای دۆخێک کە سەخت بێت تێیدا بڕیارگەلێکی وا بدرێن، هەموان بگرنەوە و هەموان پێیەوە پابەند بن یاخود پابەند بکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات بتوانین بەو زەقییە بڵێین، سیاسەت لە هەرێمدا لە ئەداکردنی ئەرک و وەزیفە سەرەکییەکەی خۆی شکستیهێناوە.

کاتێک درزیش دەکەوێتە کۆللێکتیڤ و کۆمەڵگە بەسەر دو بەرە یان زیاتردا دابەشدەبێت، کاری یەکخستنەوەی هێندە ئاسان نییە. نمونەی ئەڵمانیا دوای یەکگرتنەوەی ئەوەمان پێدەڵێت کە لابردنی دیوارەکانی نێو سەر و دڵی خەڵکی زۆر قورس و سەختترە لە لابردنی سنورە ئیداریی و سیاسییەکانی نێوان دو دەوڵەت یاخود دو لەتی دەوڵەت یان هەرێمێک. بۆیە ئەوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان دەیکات، نەوەک هەر شکست بەڵکو دەکرێت وەک کردەیەکی تێکدەرانەی ئەوتۆیش ببینرێت، کە دەکرێت لێکەوتەکانی زۆر مەودادرێژ بن. تێکدانی کۆللێکتیڤ، هاوسۆزی و ئەو هەستکردن بە هاوچارەنوسییەی کە سەد ساڵ مەینەتی و هەوڵدان بۆ مانەوە و بەردەوامبون لای خەڵکی ئەم هەرێمە دروستیکردبون، دەکرێت زۆر لە دو-ئیدارەیی و دو-دەستەڵاتدارێتیی سیاسی مەترسیدارتر بن.

ئەوەی نامە دڵدارییەکەی پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ هەولێر، کە چەند رۆژ لەمەوبەر و لە گەرمەی قەیرانی غازدا بڵاوکرایەوە، پێمان دەڵێت، رێک ئەوەیە کە بە رواڵەت نەیگوتوە، ئەویش دوریی و مەودای رو لە بەرفرەوانبوی نێوان هەردو شارە گەورەکەی چەقی زۆنە رەنگ جیاوازەکانن.

بەشکردن: