چوار نمونەی هەڵەی داڕشتنی سیاسەتی ئابوریی حکومەتی هەرێم

بەشکردن:

ئارام قادر کۆکۆیی

کە کاربەدەستانی ووڵاتێک،هەرێمێک، یەکەیەکی ئیداری یاسا یان ڕەواڵێک(Policy) بۆ سیستەمێک یان سێکتەرێکی گشتیی یان تایبەت دادەڕێژن، بەوردی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ورد بۆ کاردانەوە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو یاسا و رەواڵانە دەکەن و لەسەر بنەمای کاریگەریی و کارایی داهاتووی ئەو ڕەواڵ و یاسایە بڕیار لە سەر نووسینەوە و دەرچوون و جێبەجکردنی دەدەن. هەندێکجار ڕەواڵ و یاسا و ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێینییەکانی هەندێ دیاردەیە وەک پیسبوونی ژینگە، هەندی جار بۆ گۆڕینی ڕەفتاری بەکاربەرە وە ک چۆنییەتیی بەکارهێنانی خزمەتگوزاییەکان، و هەندێجاریش بۆ ئامادەکاریی پێشوەخت و هێشتنەوەی کەلێنێکە بۆ گەشەکردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی …هتد.  بەڵام وا دیارە لەم هەرێمەی خۆمان ڕەواڵەکان هەروا بەهەڕەمەکی و یاسا و ڕێساکان بەبێ خوێندنەوەی قوڵ بریاریان لە سەر دەدرێت و دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش بە ڕای من تەنها سێ لێکدانەوەی هەیە:

  1. یان ئەوەیە یاسا و ڕەواڵەکە کۆنە و هەرچەندە بەسەرچووە، بەڵام کەسانی کاربەدەست و بەڕێوەبەر لە بەرئەوەی لە گۆڕانکاریدا سستن، ناتوانن لە گەڵ ڕەواڵی نوێ و یاسا و ڕێکاری نوێدا هەڵبکەن.
  2.  نەبوونی هۆشیاری لە داڕشتنی ئەو یاسا و رەواڵانەدا.
  3. بە ئەنقەست و لە پێناو قۆستنەوەی ئەو کەلێنانەی کە بوار بە گەندەڵی دەدات.

زۆربەی ئەو ڕەواڵ و یاسا و ڕێکارانەی کە هەنوکە لە کوردستان دا پەیڕەو دەکرێن بە هاوتەریبی کاریگەری نەرێنیی لەسەر گیرفانی وڵاتیی  و حكومەت، و لە سەر کۆمەڵگە بە گشتی هەیە. دڵنیام ئێوی خوینەر نمونەی زیاترتان لایە بەڵام من لێرەدا ئاماژە بە چەند نمونەیەک دەکەم لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێم کە کاریگەرن لە سەر ئابووریی هەرێم و ئەو تاکانەی لە هەرێم دەژین؛ 

یەکەم: کارەبا 

لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی کارەبایان هەیە، زۆربەمان هۆکارەکەی دەگەڕێنینەوە بۆ کێشە لە بەرهەمهێناندا، لە راستیدا کێشەی کارەبای هەرێم کێشەی دابەشکردن و کۆنی و بەسەرچوونی هێڵەکانی کارەبا و زیادبوونی خواستە لە بەکارهێناندا. 

هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە هەرێم لەنێوان یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەکاربەرەکاندا کۆن بوون و زۆربەیان ١١ کەیڤی یان ٣٣ کەیڤیین کە بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ مەودای جیۆگرافیی نزیک دەبێت، کە یان ناتوانرێت بڕێکی زۆر کارەبای پێدا بگوازرێتەوە بۆ کۆتا بەکاربەر یان بڕێکی زۆر لە کارەبای بەرهەمهێنراو لە گواستنەوەدا بەفیڕۆدەچێت. 

بەڵام کاربەدەستانی شارەکان و حکومەتیش لە جێ ئەوەی هەوڵێک بۆ نوێکردنەوە و زیادکردنی توانای گواستنەوەی هێڵەکان بدەن، هاتوون و بڕیاریان لە سەر؛ 

ئەلف: دانانی مولیدەی تایبەت داوە لە گەڕەک و شەقامەکاندا کە هەم ڕووبەریکی زۆری ناو شار و شارۆچکەکانی داگیرکردووە، هەم ژینگە پیسکەرە (ژاوەژاو، و دووکەڵ، و چەوری و پاشماوەی گاز)، و هەم دیمەنێکی ناشیرینی بە کومەڵگەکان داوە. 

با: دانانی جۆزەی ٢٠ ئەمپێری بۆ ماڵان، کە هەم تێچوویەکی زیادە بە سەر شانی وڵاتییەوە هەمیش کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ئەگەر پارەی ئەو هەموو جۆزەیە کۆبکرێتەوە دەتوانرێت یەکەیەکی دیکەی وەبەرهێنان لە نزیک شارەکانەوە دروستبکرێت یاخود هێلێکی گەیاندنی کارەبا تازە بکرێتەوە. 

دووەم: شارەوانی و دابەشکردنی زەوی 

فراوانبوونی شار بە شێوەیەکی ئاسۆیی لەبری ستونی، ئەنجامی بێبەرنامەیییە. ئایا لە دابەشکردنی زەوی و فراوانکردنی شارەکاندا بە شێوەی ئاسۆیی بیر لەوە کراوەتەوە کە ئەو زەوییانەی کە دابەشکراون پێویستیان بە خزمەتگوزارییە وەک پۆلیس، خوێندنگە، هاتوچۆ، و تەندروستی ..هتد؟ کە ئەمەش پێویستی بە بودجەیەکە لە توانای حكومەتی هەرێمدا نییە؟ و لە نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەشدا کێشە بۆ وڵاتییان دروستدەبێت، جگە لەوەش ئەگەر سەرنجتان دابێت لە دابەشکردنی ئەو زەوییانەدا بە  هیچ شێوەیەک بیر لە داهاتوو نەکراوەتەوە، بە جۆرێک ئەگەر سەرنجتان دابێت هەندێ لەو کوچە و کۆڵان و شەقامانەی ئەم هێندە تەسکن کاتی وەستانی ئۆتۆمبیلێکدا بەئەستەم رێگەی هاتووچۆ هەیە.

سێیەم: هاتووچۆ و ڕێگەو بانەکان 

هەرچەندە ئەم نمونەیەی کە دەیهێنمەوە زیاتر پەیوەندیی بە هەڵەوە هەیە لە دیزاینی ڕێگە و شەقامەکاندا نەک یاسا و رێکار، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە کاتی کردنەووە و نۆژنکردنەوەی شەقام و ڕێگاو بانەکاندا دەتوانرا هەندێک لەو هەڵانە راست بکرێنەوە. یەکێک لەوانە کە دڵنیام زۆربەتان رۆژانە هەستی پێدەکەن یوتێرنەکانە کە لە لایەکی خێرای شەقامەکەوە دەچێتە لا خێراکەی دی شەقامەکەی بەرامبەر. شۆفێر دەبێت خێرایی کەمبکاتەوە لەسەر لای تیژڕەوی شەقام و بە هەمان خێرای بچێتە لای تیژڕەوی شەقامی بەرامبەر. تا ئێستا داتایەکی وا لە بەردەست نییە کە زیانەکانی ئەم هەڵە لە دیزایندا بخاتەڕوو بەڵام دڵنیام ساڵانە زەرەری چەندین ملیۆن دۆلار زیانی ماڵی و گیانی دەگەیەنێت بە وڵاتییان. 

چوارەم؛ تەندروستی 

سەرتاپای سیستمی تەندروستی پێویستی بە ریفۆرم و گۆرینە بەڵام یەکێک لەو چەند هەڵە بچوکەی من لەم سیستەمەدا بەدیمکردووە کە تێچوویەکی زۆری ئابووریی هەیە ( کات، پارە، وزە) وەرگرتن و داخڵکردن و چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی ڕەچتەیە بەو کەسانەی کە پێویستیان بە چارەسەری ئیمرجینسی نییە لە نەخۆشخانە ئیمرجێنسییەکاندا، و پێدانی رێژەیەکی زۆر دژە بەکتریا و ئازارشکێنە بەو کەسانە، ئەم دیاردەیە زیاتر پەیوەندیی بە ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوەی کەسی بەکارهێنەری خزمەتگوزاری تەندروستییەوە هەیە، بەڵام  دەکرێت بە یاسا و رێکارێک ڕەفتاری ئەم بەکارهێنەرانە ڕاستبکرێتەوە چونکە بارگرانییەکی گەورەیە بە سەر سیستەمەکە و کۆمەڵگە. 

بەشکردن: