هەڵبژاردنەکانی ئێران؛ پرسی رەوایەتی و ترسی دەوڵەت

بەشکردن:

هەردی مەهدی میکە

ڕۆژی هەینی ٢١/٢/٢٠٢٠، نزیکەی ٥٨ ملیۆن* دەنگدەری ئێران دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ سیستەمی سیاسیی ئێران، ئەمجارە کێبرکێ لەنێوان سەرکەوتوو و شکستخواردووی ناو پرۆسەکە نییە، بەڵکو سەرکەوتن پەیوەستە بە رێژەی بایکۆت و بەشداری.

هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئێران، هەمیشە تاران وەک ڕیفراندۆمی نوێکردنەوەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لێکیداوەتەوە بەرامبەر نەیارانی دەرەکیی، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە، روبەڕوبونەوەی سیستەم و خەڵکە، بەر لە هەر لایەنێک دەوڵەت ترسی هەیە ناڕەزایی جەماوەر پەتی سەبری پچڕاندبن و چیتر لانیکەم هەڵبژاردنەکان نەتوانن یار و نەیاری ناوخۆیی لە دەوری سیستەمی حوکمڕانیی کۆبکەنەوە، گەنجانی ئێران بە گشتیی و تارانی پایتەخت بە تایبەتیی، پێدەچێت بە رێژەیەکی بەرچاو بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن لەلایەک بە هۆی توڕەیییان لە سیستەمەوە، لە لایەکی تریش بە هۆی بێدەستەڵاتیی پارلەمانەوە. ئەمجارە هەڵبژاردن بۆ دەوڵەت و سیستەمی سیاسی ئێران گرەوی مانەوەیە و گرەوی نەیارانی ناوخۆیی و بزوتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران و تەنانەت گرەوی وڵاتانی نەیاری وەک وڵاتانی ئەمریکا و کەنداویش لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانە، تا بەو هۆیەوە بە سیستەمی مەزهەبی ئێران بڵێن: چیتر کراسی دەستەڵاتی هەنووکە ناتوانێت خواستی ئێرانییەکان داپۆشێت. بەڵام ئایا ئەمە ڕوودەدات؟ یان دۆسێکە خاو و بێکاریگەر دەکرێت.

لە تۆپبارانی پارلەمانەوە بۆ مەترسیی بایکۆت

یەکەمین هەڵبژاردنی پارلەمانی ئیران، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٦ پاش شۆڕشی مەشروتەی ئێرانی و لەسەر خواستنی مەشروتەخوازان دەوڵەتی قاجار ناچارکرا پارلەمان دامەزرێنێت و یەکەمین خولی پارلەمانی قبوڵ بکات. بەڵام پاش دوو ساڵێک (1908) هەمان پارلەمان لەلایەن محەمەد عەلی شای قاجار و هێزەکانی قوزاقەوە داخرا و تۆپباران کرا، هێندەی نەبرد بە فشاری شۆڕشگێڕانی چاکسازیخوازەوە، جارێکیتر هەم تاران کەوتەوە دەستیان و هەم دەرگای پارلەمانی یەکەم کرایەوە. ئەو خولە پارلەمانێکی دامەزرێنەر بوو، یەکەمین دەستوری نوسراوی ئێرانیش هەر لەم پارلەمانەوە نوسرایەوە. کۆشکی گوڵستان کرایە یەکەمین باڵەخانەی پارلەمان، (کە ئێستا کراوەتە مۆزەیەکی مێژوویی و ڕۆڵی سیاسیی ناگێڕێت) بەڵام بینای هەنووکەی پارلەمان دەکەوێتە ناوچەی بەهارستان. ناوی پارلەمانیش بەهۆی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و زاڵبوونی پاشتری تەوژمی ئیسلامیزمی شیعیی لەو شۆڕشەدا، لە مەجلیسی شورای نەتەوەیییەوە گۆڕدرا بۆ مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران.

پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و سەرکەوتنی ڕوحوڵا خومەینی و ئیسلامیزەکردنی تەواوەتیی شۆڕش، هەموو کات هەڵبژاردنەکانی ئێران لە دیدی نوخبەی سیاسیی باڵادەستی ئێرانەوە جۆرێک لە نمایش و تازەکردنەوەی وەلائی سیاسیی و پابەندی وڵاتییانەوە وێنەکراوە و پەیامێک بووە بۆ دەرەوە و هەر بە هەڵبژاردنەکانیش بە نەیارانی دەرەوەی گوتووە کە هێشتا سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هی خەڵکەکەیەتی، بەڵام هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی پارلەمانی و نێوەڕاستینەی ئەنجومەنی شارەزایان ( مجلس خبرگان)ی ئەمجارە، خۆی جۆرە جەنگێک و بەرەنگاربوونەوەیەکی نوێیە، ترسی گەورەی سیستەمی سیاسیی ئێران و خودی ئایەتوڵا خامینەیی لە بەشدارینەکردنی خەڵکە، بایکۆتی بەشێکی زۆری وڵاتییان و سەرجەم حزبەکانی دەرەوە و پەراوێزخستنی باڵی چاکسازیخوازانیش هێندەی تر ترسەکەی واقیعیتر کردووە، هەربۆیە جارێکیان خامینەیی گوتی: “ئەگەر نیزامی ئێرانتان خۆشناوێت و دژی سیستەمن لەبەر ئێران بچن بەشداریی دەنگدان بکەن.” لە خۆڕاش نییە کە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین پەیام و داواکاری ئایەتوڵا خامینەیی ڕاشکاوانە، داوای لە خەڵکی ئێران کردووە کە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

گەرچی زۆرێک لە شرۆڤەکاران و ڕەخنەگرانی ڕژێم لەو باوەڕەدان، کە حکومەت لە ڕێگەی چەند سیناریۆیەکی دیکەوە (وەک تەزویر، بەرزنیشاندنانی ڕێژەی بەشداری، فشار و کارتە ئەمنییەکانی دیکە) گورزی کاریگەری بایکۆتەکە دادەپۆشێت.

هەڵبژاردنەکانی هەینی شوباتی٢٠٢٠، پرۆسەی پێویستیی زۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە خەڵک، پاش درووستبوونی درزی فراوانی ئابووریی و سیاسیی نێوان خەڵک و سیستەم، پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی خەڵکیشە بەرامبەر دەستەڵات.

بەڵام ئەوەی پرۆسەکەی بۆ دەوڵەت سەختتر کردووە، ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ئەمجارە، بارگاوییە بە چەند دۆسێیەکی ئاڵۆز و هەڕەشەئامێز لەسەر سیستەم و دۆخ بۆ نوخبەی دەستەڵاتی سیاسیی ئێران، لەوانە: سەرکوتکارییە خوێنینەکانی دوو خۆپیشاندانی ٢٠١٩ و ٢٠١٧ کە توڕەیی فەرامۆشنەکراوی لای خەڵک جێهێشتووە. شکستی ئێران لە پارێزگاری ڕێککەوتنی ٥+١(برجام)، تێکچوونی دۆخی ئابووریی، کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی و دابەزینی نەوتفرۆشی، گرانکردنی بەنزین، داکشانی نرخی تومەن بەرامبەر دراوەکان، ململانێکانی نوخبەی سیاسیی دەستەڵات و ئێسقانشکاندن، قاوکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر و تەنانەت دەستبەسەر و زیندانیکردنی زۆرێک لە سەرانی کاریگەری شۆڕش، هەروەها مەسەلەی کوشتنی فەرماندەی سوپای قودس قاسمی سولەیمانی وەک سیمای کۆکەرەوە و نمونەی سەختەهێزی دەرەکی ئێران بە دەستی “دوژمنێکی ٤٠ساڵە”. لەمانەش زیاتر قەیرانی خستنەخوارەوەی فرۆکە ئۆکراینییەکە…تاد، سەرجەمی ئەمانە دیپلۆماسیی، بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئیرانیان خستە بەردەم بەرەنگاریی سەختەوە، پێکەوەش کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر رادەی بەشداری، هەڵبژاردنی کاندید و ئاراستەی پارلەمانی داهاتوو دادەنێن. زۆرینەی ئەم فاکتەرانەش بەرهەمهێنەری توڕەیی خەڵکن و دەوڵەت ترسی هەیە خەڵک وەک هەلێک بڕوانێتە هەڵبژاردنەکانی هەینی و بە دەنگنەدان رەوایەتی و کۆی سیستەمەکە ڕەتبکەنەوە و سەرەتای کردنەوەی دەرگایەکی لێژبوونەوە بێت و چیدی دانەخرێتەوە.

رەوایەتیی هەڵبژاردن و هەڵکشانی ڕوکەشانەی ئوسوڵگەڕاکان

چەند مەسەلەیەک، سەنگی پارلەمان و دەستەڵاتەکانی لاوازکردووە:

١. سیستەمی سیاسیی ئێران، سیستەمێکی تایبەتی تێکەڵە، ئاوێتەیەکی سیستەمەکانی سەرۆکایەتی، پارلەمانی و پابەندی مەزهەبیە، لە چەندین جومگەی سیستەمەکەشدا سیستەمێکی تاکڕەوی دینگەرایە و لوتکەی دەستەڵاتەکەی (رێبەر) بە پێی دەستووی ئێران هەم تا کۆتایی ژیانی رێبەرە هەم دەستەڵاتی ڕەهای ناپابەندی هەیە لە هەمبەر پارلەمان و خەڵک و یاسادا.

پێویستە لەوە تێبگەین، هەڵبژاردنی پارلەمان و دەستەڵاتەکانی پارلەمانی ئێران، لوتکەی هەرەمی دەستەڵات نین و تەنها چاودێریکاری حکومەت و لایەنێکی سەرەکی دەرکەری یاساکانن، بەڵام ڕێنمایی رێبەر و دامەزراندنەکانی و دەستەڵاتەکانی، بە جۆڕێک لە جۆرەکان بە پێی دەستووری ئێران، حوکمی یاسایییان هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ پارلەمان. پارلەمان ناتوانێت نە لێپێچینەوە لە رێبەری باڵای شۆڕش بکات و نە لە هەڵبژاردن و لادانیدا ڕۆڵی هەیە. جیا لەوەش پارلەمان ناتوانێت یاسایەک دەربکات پێچەوانەی بنەما و ئەحکامە مەزهەبییەکانی شیعەی دوانزە ئیمامی بێت کە تاکە مەزهەبی دەوڵەتە (بنەمای ٧٢ی دەستوور).

٢. فلتەرەکانی شورای پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان کە ١٢ ئەندامن و شەشیان راستەوخۆ رێبەر دایان دەنێت)، کێشەیەکی ترن، ئەم دەزگایە ئێستا کاندیدەکان لە فلتەر دەدات و تۆمەتبارە بەوەی کە کاندیدەکان بە پێی لاگیریی ڕەوتە سیاسیی، مەزهەبیەکان پەسەند دەکات، گەرچی لە بنچینەدا بۆ چارەسەر و ڕاگرتنی پێگە و سیستەمی سیاسیی ئیرانە و لە ١٢ ئەندامی نیوەبەنیوەی یاسایی و شەرعزانی مەزهەبی پێکهاتووە و بە هەڵبژاردن دانانرێن، بەڵام ساڵانێکە خودی ئەم دەزگایە کێشەی رەوایەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی پارلەمان، ئەنجومەتی شارەزایان، پارێزگاکان و سەرکۆماری درووستکردووە، چونکە ئەم دەستەیە بووەتە هۆکاری ڕەتکردنەوەی کاندیدەکان، بە جۆرێک کە لە ١١ ساڵی رابردوودا، وەک نەریتێکی خراپی سیاسیی بە هۆی ئەم دەزگایەوە رێژەی کاندیدە رەتکراوەکان چەند هێندەی کاندیدە پەسەندکراوەکانن. تەنانەت لە چەندین بازنەی هەڵبژاردندا، تەنها ئەو باڵە بناژۆخوازە نزیک لە رێبەری شۆڕش (وەلائی) پەسەندکراون، لە زۆر بازنەش تەنها یەک کاندیدی بناژۆخوازی وەلائیبوونیان هەیە، بەمەش ئەو کاندیدانە پێشوەخت سەرکەوتوون.

٣. مەسەلەی پێکهاتە ئاینی-مەزهەبی و نەتەوەیییە جیاوازەکان لە شیعەی ئیمامی و غەیرە فارسی وەک کورد، بەلوچ، عەرەب و ئەرمەن، کە ئەمانە لە ناو دەستوور و پێکهاتەی پارلەمانی ئێراندا یان جێگەیان نییە، یان جێگەیان زۆر لێژە، وایکردووە، هەرکاندیدێک دەربچێت بە پێی دەستوور و مەرجەکانی پەسەندکردنی وەک کاندید، لە دەرچەی پرۆسەکەدا (Output) یان دەچێتە ناو مەکینەی نەتەوەی سەردەستەوە، یان دەبێتە خزمەتکاری مەزهەبی سەردەست. ئەمەش وایکردووە، تا ڕادەیەک پێگەی خەڵکیبوونی پارلەمانی لای وڵاتییانی ئێرانی لاوازتر بنوێنێت.

ئامارەکانی کاندیدانی ڕەتکراوە و لیستی کاندیدە پەسەندکراوەکان، نیشاندەری ئەوەن کە چەند ڕوداوێکی ئەنقەست و داکەوتەی سیاسی، هاوکار و هەلێکی لەباریان داوەتە ئوسوڵگەڕاکان تا جارێکی تر زۆرینەی ڕەهای پارلەمانی بکەنەوە دەستکەوت و نزیک ببنەوە لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار: یەکەم، کۆبوونەوەیان لە دەوری ئایەتوڵا ڕئیسی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کە ١٦ ملیۆن دەنگی دەستکەوت و جارێکی تر زۆرینەیانی کۆکردەوە، ئەوە هەنگاوی یەکەمی کردەیی ئوسوڵگەڕاکان بوو. هەنگاوی کوشتنی قاسم سولەیمانی بوو، کە پرسەکەی هەڵۆکان، سوپا و ئوسوڵگەڕاکان توندتر و کۆوەتر دەکات و جەماوەرەکەیان وەک تۆڵە گەرموگوڕتر دەکات و ئوسوڵگەڕاکانیش لە ماوەی یەک هەفتەیی هەڵمەتەکدا هیچ سڵیان لە بەکارهێنانی ناوی قاسم سولەیمانی بۆ دڵگەرمیی دەنگدەرانیان نەکردەوە.

هەنگاوی سێیەم: هەلی راستەقینەی بەردەمیان ئەو فلتەرە ناڕوون و ئاڵۆزەیە کە شورای پاراستنی دەستوور لەسەر کاندیدەکانی دانا و بە جۆرێک زۆرینەی ئەوانەی ڕیفۆرمخواز یان ناتەبابوون لەگەڵ هێڵی وەلائیدا ڕەتکرانەوە و زۆرێک بازنەکانی دەنگدانیان بە چۆڵی بۆ بناژۆ خوازان چۆڵکرد.

هەرچی هەڵبژاردنی دووەمیشە کە یەکلاکردنەوەی حەوت کورسی ئەنجومەنی شارەزایانە کە بە دڵنیایی جێنشینی رێبەری ئایندەی ئێران دیاریدەکات، زۆر کێبرکێی کەمترە و بە جۆرێک دیزاینی کاندیدەکان کراوە، کە ئەم دەزگایە لە داهاتوودا خاڵی بێت لە دەنگی دژە بناژۆخواز. هەندێک لە بازنەکان تەنها یەک کاندید بوونی هەیە. کە دیسان ئەمەش هەلی باش دەداتە ئوسوڵگەڕاکان کە نەک لە پارلەمان بەڵکو رێبەری ئایندەش لە مەشرەب و دڵخوازەکانی ئەم تەوژمەوە نزیک بێت.

—- —- —– —- —- —- —– —- —- —-

* ئامارەکان نیشاندەدەن کە: کە ٥٧,٩١٨,١٥٩ مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ڕێژەیە ٢٨,٨٧٩,٠٠٦یان ژنن، ٢٩,٠٣٩,١٥٣یان پیاون.

کێبرکێی هەڵبژاردنی پارلەمانیی لەسەر ٢٩٠ کورسی پارلەمانە (کە پێنجیان کۆتای ئەرمەنی، زەردەشتی، عیسایی، ئاشوریی و کلدانین)، دابەشکراوە بەسەر ٢٠٧ بازنەی دەنگداندا، چوارساڵ جارێکە و تەمەنی هەر خولێکیش چوار ساڵە. دەنگدان بە کارتی نیشتمانییە. هەر کاندیدێک لانیکەم یەک لەسەر پێنجی دەنگی بازنەکەی نەبات ئەوا کەس بە سەرکەوتوو دانانرێت و هەر بازنەیەک بەم شێوەیە بێت دەچێتە خولی دووەمی دانگدانەوە. (بنەمای ٦٥ی دەستووری ئێران و هەروەها یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئیران٢٠١٩)

لەڕووی پەسەندکراوی و ڕەتکرانەوەوە: ١٦٠٣٣ کەس خۆی بۆ ئەندامێتی پارلەمان کاندید کردووە، بەڵام تەنها ٧١٥٧ کەس لەلایەن شورای پاراستنی دەستوورەوە پەسەندکراوون. لەڕووی جێندەرییەوە: ٦٣٧٥یان پیاون و تەنها ٧٨٣ کەسیان ژنن. لەڕووی بڕوانامەوە: ١٠٢١یان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران، ٥٣٠٨کەسیان هەڵگری بڕوانامەی ماستەرن، ٤٢٢یان دەرچووی حەوزە مەزهەبیەکانن، ٤٠٤یشیان بەکالۆریۆس و ٢ کەسیشیان ئامادەییان تەواوکردووە. لەڕووی تەمەنەوە: ٢٥٢٣یان تەمەنیان ٣٠-٤٠ساڵە، ٢٣٩٠یان ٤١-٥٠ساڵە، ١٨٢٧یان ٥١-٦٠ ساڵە و ٤١٧ کاندیدیشیان لە سەروو ٦٠ ساڵەوەن.

هەرچی هەڵبژاردنی ناوەراستینەی ئەنجومەنی شارەزایانە (چونکە تەنها بۆ حەوت کورسیی ئەو ئەنجومەنە دەکرێت) ، ئەوا ٣٠٣ کەس بۆ حەوت کورسی شارەزایان (کە ئەرکی دیاریکردنی رێبەری ئاییندەی ئێرانە-خبرگان-) خۆیان پاڵاوت کە ١٢٤ کەسیان ڕەتکرانەوە، ١٥٠ کەسیشیان لە نیوەڕێدا کشانەوە، ئێستا تەنها ٢٩ کەس ماونەتەوە بۆ کێبرکێی ٧ کورسییەکەی شارەزایان، کە ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنی نێوانیی ئەو ئەنجومەنە ناسراوە نەک هەموو ئەندامانی.

بەشکردن: