یاسین تەها
لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو محەمەد عەلاوی هەڵوێستی لایەنەکانی هەرێمی كوردستانی خستۆتە بازنەیەكی ئیحراجەوە و پێداگرییەكانی نێوان هەردوولا لەسەر دانانی وەزیرەكان چڕدەبنەوە. عەلاویی پێداگرە کابینەیەک دور لە کاندیدی دڵخوازی حیزبە سیاسییەکان پێکبهێنێت، هیچ مشتومڕ و بەرچاوڕونییەكیش لەبارەی ئەو كارنامەیەوە لەبەردەستدا نییە كە حكومەتی نوێی لەسەر پێکدێت. حیزبە سیاسییە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سوننەکان، جارێکی تر دەیانەوێت بە میکانیزمە تەقلیدییەکانی کابینەکانی پێشوتر، وەزیرەکان لەسەر بنەمای بەرکەوتەی سیاسیی و حیزبیی دابنرێن بەو پێیەی پێیان وایە دانانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو خۆی لەسەر ئەو بنەمایەیە.
شەڕ لەسەر کاندیدەکان چڕدەبێتەوە
محەمەد تۆفیق عەلاوی (55 ساڵ) جێگرەوەی حكومەتی دەستلەكاركێشاوەی عادل عەبدولمەهدییە بەپێی رێككەوتنی لیستەكانی فەتحی حەشدی شەعبیی و سائیرونی موقتەدا سەدر. ئەو هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی كاندیدی لیست و حیزبە سیاسییەكان قبووڵ نەكات لە حكومەتەكەی، لەناو ئەوانەشدا هی حیزبە كوردییەكان، ئەمەش جگە لەوەی پارتی و یەكێتی خستۆتە شەڕێكی میدیایی لەگەڵ بەرنامەی كابینەی نوێ، پەرتەوازەییشی خستۆتە ناو ئەو لیست و پارلەمانتارە كوردانەی لەژێر ناوی “گروپی 15” کوبوبونەوە، چونكە سەرەتا لارییان نەبوو لەو پێداگرییەی عەلاوی، بەڵام دواتر هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوی ئیسلامیی و کۆمەڵەی ئیسلامیی لەو بەرەیەدا بینرانەوە كە پێداگرە لەسەر دانانی وەزیرە كوردەكان لە هەرێمی كوردستانەوە.
هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ محەمەد عەلاوی دەتوانێت پێداگرییەكەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بباتە سەر لەكاتێكدا حیزبە حوكمڕانەكانی كوردستان داوای “رەچاوكردنی تایبەتمەندێتیی هەرێم” دەكەن وەك قەوارەیەكی سیاسیی و دەستوریی، چونكە جگە لە ئەگەری قبوڵكردنی جۆرێك لە نەرمیی بەرامبەر هەرێم و ئەگەری دروستبوونی گوشاری دەرەكیی، هەندێ سیناریۆش لەبارەی بەبەتاڵی هێشتنەوەی پۆستە وەزارییەكانی كورد لە ئارا دان تا ئەو كاتەی رێككەوتنی گونجاو لەبارەیانەوە دێتە ئارا، جگە لەمانەش هەندێ دەرچە و چارەسەری مامناوەند دەشێت لە چركەكانی كۆتایییدا بێنە ئاراوە بەپێی ئەزموونی چارەسەرییەکانی قەیرانە هاوشێوەكانی كابینە پێشووەكانی بەغداد.
حیزبە كوردییەكان لەڕێی شاندێكەوە لە بەغداد لە هەوڵی رازیکردنی عەلاوی یدان بە قبوڵكردنی پێدانی مافی پڕكردنەوەی وەزارەتەكانیان، بەڵام بەپێی ئاماژە و زانیارییەكان هێشتا دڵنیایییان وەرنەگرتووە. لە چەند رۆژی رابردووشدا لایەنگرانی كابینەی نوێ و تەنانەت لەناو خۆپیشاندەرانی عێراقیشەوە لەڕێی میدیای فەرمی و سێبەر و سۆشیال میدیاوە، هەڵوێستی كوردییان خستە بەر هەڵمەتێكی راگەیاندن و ئیحراجی كە گوایە رێگرە لە توانەوەی بەستەڵەكی هاوپشكی سیاسی و حیزبی و طائیفیی و ئێثنیکیی کە داوایەکی خۆپیشاندەران بوە بۆ سنوردارکردن و کۆتاییپێهێنانی. لە ناوخۆی كوردستانیش هێشتا بەرچاوڕوونییەك نییە لەسەر ئەوەی ئاخۆ جگە لە پرسی وەزیرەكان كارنامەی حكومەتی نوێ دەربارەی بەشە بودجەی هەرێم، پێشمەرگە، كەركوك و سەرژمێری گشتیی دانیشتوان و زۆر پرسیتر چی دەبێت، بەتایبەت كە گرەوكردن لەسەر كەسایەتییەكان و وەزارەتەكان لەدوای 2003 تا ئێستا بە پۆستی سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆک پارلەمانیشەوە نەبوونەتە هۆكاری كردنەوەی گرێكوێرەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و هەمیشە كێشەكان بە چارەسەری كاتی بەڕێكراون و دواخراون. حیزبە حوکـڕانەکان لە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێککەوتن لەسەر پۆستەکان لە کابینەکانی بەغداد خستۆتە پێش رێککەوتن لە رێککەوتن لەسەر کارنامەی حکومەت.
شیعەكان رازین و بەدیلیان هەیە
سەرچاوە سیاسییەكان و هەڵوێستە راگەیەنراوەكان باس لەوە دەكەن سەرجەم لیستە شیعەكان ـ جگە لە دەوڵەتی یاسای نوری مالیکیی ـ ناچاربوون بە رواڵەت و ئاشكرا بە دوورخستنەوەی كاندیدەكانیان لەلایەن محەمەد عەلاوییەوە رازیی بن لەبەر دووهۆكار: یەكەمیان، گوشاری شەقامی راپەڕیوی عێراقیی و بەتایبەت شیعە ترسە لە توڕەكردنی مەرجەعیەتی نەجەف، دووەمیان پشت بەستنیانە بەو نفوز و پێگەیەی لەناو وەزارەتەكانی بەغداد هەیانە لەڕێی بەرێوەبەری نووسینگە و بەرێوەبەرە گشتییەكانەوە كە زۆرجار كۆت و بەند بۆ وەزیر دروستدەكەن ئەگەرچی تەكنۆكرات یان سەربەخۆش بێت و وەزارەت هەر لە چوارچێوەی نفوزی حیزبەكاندا دەهێڵنەوە بەتایبەت سوودی ئابووریی پرۆژەكانی. لەبارەی هۆكاری ئەو ئاڵۆزییەی لەنێوان مالیكی و عەلاویشدا هەیە، وا دەردەكەوێ هۆكاری شەخسییە لەنێوان هەردوو كەسایەتی و باوەڕ وەهایە تا ئەوكاتەی لێكگەییشتن لەنێوان هاوپەیمانێتیی حەشدی شەعبیی و سائیرونی سەدردا هەبێت، هیچ رێگری و لەمپەرێكی شیعیی بۆ پرۆسەكە دروستنەبێت.
دوو بەرەیی سوننەكان و ئەگەر ملكەچكردن
هەرچی سوننەكانن لەبارەی عەلاوییەوە بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، بەرەی یەكەم سەرۆكی پارلەمان محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات و بە هەمان شێوەی كورد داوای دانانی پاڵێوراوەكانیان دەكەن لە پۆستی وەزاری و بۆ ئەم مەبەستە هاوئاهەنگییان لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا هەبووە، بەڵام لە دەرەوەی ئەوان بەرەی ئوسامە نوجێفی و ئەو سوننانەی سوودمەند نین لە كابینەی ئێستای عەبدولمەهدی و ئەم خولە پارلەمانییە، كێشەیان نییە ئەگەر لەبەر زەرەركردنی ركابەرەكانیشیان بێت كە زیاتر بنەماڵەی كەربولییەكان و حەلبوسی و ئەبو مازنی پارێزگاری سەلاحەدینن. لەم میانەیەدا باس لە رەزامەندیی دەوروبەری ٣٠ لە کۆی ٧٠ پارلەمانتاری سوننە لە هەیە بە دانانی كەسانی “ناحیزبیی” لە پۆستە وەزارییەكانی تایبەت بە سوننەكان و ئەمەش لە بەرژەوەندی عەلاوییە. سەبارەت بە زەمینەی بەردەوامیی هەڵوێستی حەلبوسیش گومانی زۆر هەیە، چونكە زۆرینەی شیعە دەتوانن بەئاسانی لەسەر سەكۆی سەرۆكایەتیی پارلەمان بیهێننە خوارەوە و كەسایەتییەكی تری سوننەی هاوكاری خۆیان بخەنە جێگای بەتایبەت لە بازنەی حیزبی ئیسلامیی عێراقیی و لە خولەكانیتردا جێگۆڕكێی سەرۆكایەتیی پارلەمان ئاسان بووە.
لەمپەرەكانی بەردەم عەلاوی
عەلاوی پێداگرە لەسەر دورخستنەوەی خەڵكی سیاسی و حیزبی لە كابینەكەی، بەڵام هێشتا دابەشكردنی وەزارەتەكانی بەپێی نەخشەی تایفی و نەتەوەیی سەردەمی بریمەرە (شیعە، سوننە، كورد، توركمان)، جگە لەوەش گومان و دردۆنگی زۆر لەسەر باكگراوەندی ئەو كەسایەتیانە هەیە كە عەلاوی كاندیدیان دەكات چونكە لەئەزموونی كۆمسیۆن و دادوەرانیشدا گومانی زۆر لەسەر ئینتیمای پشت پەردەی كەسایەتییە دەستنیشان كراوەكان دروست بوو. جگە لەوەش هێشتا چانسی سەركەوتنی لەگەڵ شكستهێنانی لە پێكهێنانی كابینەكەی نزیكن بەهۆی ناڕوونیی هەڵوێستی راستەقینەی هێزە سیاسییەكان و پارلەمانتاران كە ئێستا لە پشووی زستانەدان و بەشی زۆریان لە دەرەوەی عێراقن.
لە دەرەوەی ئەم ململانێ سیاسییەش محەمەد عەلاوی كێشەی گەورەی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا هەیە بەو پێیەی لە خولەكانی پێشوو وەزیر و پارلەمانتار بووە، رەگەزنامەی بیانیی هەیە و سەربە چینی ئەریستۆكراتی شیعەیە و لە بەرەی حیزبوڵڵای لوبنان ئەژمار دەكرێت كە ملكەچی نفوزی ئێرانییە.
هەموو ئەو پێشهاتانەشی لەبەردەم عەلاویدان بڕیارە تا دووشەممەی داهاتوو یەكلاییببنەوە كە وادەی پێشكەشكردنی كابینەكەیەتی بە پارلەمان كە دەگوترێت تا ئێستا تەنها 10 وەزارەت یەكلاییكراونەتەوە لە كۆی 22 وەزارەتی بڕیارلێدراو كە هەندێكیان رەهەندی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییان هەیە لەوانەش بەرگری و ناوخۆ و نەوت و دارایی و دەرەوە.
چانسەكانی سەركەوتن
هاوكات لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانەشدا عەللاوی بڕێك چانسی باشیشی لە سەركەوتن هەیە لەوانە، شەكەتبوونی ناوەندی سیاسیی بە دەست رەتكردنەوەی كاندیدەكانی سەرۆك وەزیرانەوە هەر لە ئیبراهیم بەحرلعلومەوە تا شیاع سودانی و ئەسعەد عیدانی، جگە لەوەش زانیارییەكان باس لەوە دەكەن تاران و واشنتۆن هەردووكیان خۆیان بە نزیك دەزانن لە محەمەد عەلاوی لەڕێی جیاجیاوە، ئەمە جگە لەو پاڵپشتییەی كە دەگوترێت لەلایەن محەمەد ڕەزا سیستانی كوڕە گەورەی مەرجەعی باڵای شیعەوە هەیەتی و وەها بڵاوە كە محەمەد عەلاوی نزیكترینە لە نەجەفەوە لە ئێستادا بەتایبەت ئەگەر پاڵپشتی سەدرییەكان لەبەرچاوبگیرێت كە لە یەكەم رۆژەوە بە بەیاننامەی موقتەدا سەدر جەختی لێكرایەوە.
حكومەت كاتییە یان تا سێ ساڵیتر
ئەگەرچی عەلاوی لە گوتارە تەلەفزیۆنییەكەیدا باسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد، كە داوای خۆپیشاندەرانی تشرین ـ یشە، بەڵام وەك گوتارەكانی ئەم دوایییەی مەرجەعی باڵای شیعە ئایەتوڵا سیستانی پەیوەستی كردەوە بە بنبڕكردنی كاریگەریی چەك و پارەوە كە ئەمەش بە واتای دوورخستنەوەی لێك دەدرێتەوە، جگە لەوەش یاساناسەكان باس لەوە دەكەن هیچ بەند و رێوشوێنێك نییە حكومەتی پێكهێنراو بكاتە كاتیی و لەو كاتەی متمانە وەردەگرێت و دەتوانێت تا كۆتایی خولەكە بڕوات. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا نەمانی نیسابی دادگای باڵای فیدراڵیی و هەندێ گرێی پەیوەست بە كۆمسیۆن رێگرن لەوەی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن بەخێرایی بچنە پێشەوە وەك ئەوەی لە شەقام چاوەڕوان دەكرێت و پێداگریی لیستەكانیش لەسەر پشكەكانیان وەها دێتە پێشچاو كە شەڕی حكومەتێكی درێژخایەن بێت، بەڵام چاو و سەرنجەكان زیاتر لەسەر پەرچەكردار و پێشهاتەكانی شەقامی راپەڕیون كە دەشێت هەمان سیناریۆی سەردەمی عەبدولمەهدی دووبارەبكەنەوە.