نەزهەت حالی، سندوقە رەشەکەی دەزگای پاراستن، کوردستانی جێهێشت

بەشکردن:

 

تایبەت، کوردستان تایمز

هەفتەى رابردو لەناکاو روداوێکى سیاسى و ئەمنى گەورەی چاوەڕواننەکراو لەنێو گەورەترین دەزگاى ئەمنیى لە هەرێمى کوردستان رویدا، بەڵام نە لای حکومەت نە لای دامەزراوە چاودێریییەکانى وەکو پارلەمان، تەنانەت لای میدیای کوردییش، نەبوە روداوێکی گرنگ. لەپڕێکەوە نەزهەت حالى، بەرپرسى ئاژانسى پاراستنى هەرێمى کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەڕەسمیی بەرپرسێکی حکومەتییە، بەڵام لەلایەن مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتىی دیموکراتیی کوردستان، دورخرایەوە.

نەزهەت حالى، راوێژکارى ئەنجومەن

ئاژانسى پاراستن، بەناڕەسمیی دەزگاى پاراستنى پارتیی دیموکراتیی کوردستان دەکات، بەشێکە لە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە راوێژکارەکەى مەسرور بارزانیییە کە دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى حکومەت ئەو پۆستەى رادەستنەکردوە. ئەو پۆستە یەکێکە لەو پۆستانە ناکۆکى و بۆچونى جیاوازى لەنێوان ئاراستەى مەسرور بارزانى و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیی لەسەر هەیە.

ئەگەرچى ئەو دامەزراوەیە بەستراوەتەوە بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەڵام واقیعى سیاسیى ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو دامەزراوە ئەمنییە تەواو حیزبى و کەسییە، بۆیە نێچیرڤان بارزانى تاوەکو ئێستا هیچ رۆڵێکى لەو دەزگایە نییە. زۆر کەس لەناو بنەماڵەی بارزانیی چاوی خستۆتە سەر وەرگرتنی پۆستى راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایش، دیاترین ئەو ناوانە مەنسور بارزانى و وەیسى بارزانى براکانى سەرۆکى حکومەتە لەگەڵ هەر یەک لە یوسف بارزانى و رەوان بارزانى، براکانى سەرۆکى هەرێم. هەر بۆیە کەسە بەهێزەکانى ئەو ئاژانسە بە پێدانى پۆست و یاخود بە تەنگ هەڵچین پێیانەوە کێشەو گرفتیان لەلایەن نەوەى تازەى ماڵى بارزانى بۆ دروستدەکرێت.

نەزهەت حالى و رێبەر ئەحمەد کە دو کەسایەتیى بەهێزى ئەو دەزگایە و نزیک لە مەسرور بارزانى بون، یەکێکیان بە وەرگرتنى وەزیرى ناوخۆ ئەوەى دیکە بە دورخستنەوەى لەو دەزگایە کۆتایى بەو شانۆیە هات.

کێشەکە چۆن دروستبو؟

وەیسى بارزانى کوڕى سێییەمى مەسعود بارزانیى سەرۆکى پارتیی لەدواى دامەزراندنى یەکەى دژە تیرۆر لە ئەنجومەنى ئاسایش، بەرپرساییەتى ئەو یەکەیەی وەرگرت. کە رۆڵى زیاتر لە شەڕى داعش و هاوئاهەنگى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان دەرکەوت، بەڵام دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى حکومەت لەلایەن برا گەورەکەى ئێستا لە هەمو کەس زیاتر چاوى لە پۆستى راوێژکارى ئەنجومەنى ئاساییشە. هەر بۆیە لەڕێی سۆشیاڵ میدیاوە هەڵمەتێکى گەورە بۆ ئەو مەبەستە کراوە لە دیاترین هەنگاویش ناونیشانى راوێژکارى دژە-تیرۆر بۆ ناوى وەیسى بارزانى لە سۆشیاڵ میدیاى پارتى بەکارهێندرا، ئەمەش بەوە لێکدرایەوە کە ناوبراو پەلەپەلیەتى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، بەڵام گرفتى گەورەى بەردەمی نێچیرڤان بارزانى ئامۆزایەتى کە راستەوخۆ ئەو دەزگایە بە سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستانەوە بەستراوەتەوە. هەروەها نێچیرڤان بارزانیی هەردو براکەی وەک کاندیدەکانى پۆستەکە، یوسف بارزانى و رەوان بارزانى، ئامادەکردوە. بۆیە پێشبینیدەکرا مەسعود بارزانى بۆ دورخستنەوەى ناکۆکیى لەنێو کوڕو برازاکانى و یەکلاییکردنەوەى ئەو پۆستە، نەزهەت حالى بکاتە راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە ئێستا ئەو بەفیعلى کارەکانى مەسرور بارزانى راییدەکات لەو دەزگایە بەو پێییەى خۆى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستنە. بەڵام پێدەچێت کوڕەکانی مەسعود بارزانی پێش باوکیان مشوری خۆیان خواردبێت.

ناکۆکیی نەزهەت حالى و وەیسى بارزانى

هەر دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى حکومەت لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، وەیسى بارزانى براى لەو ئەنجومەنە دەستى ئاوەڵا بوە، ئەمەش ناکۆکى و ململانێى لەگەڵ نەزهەت حاڵى دروستکردوە و چەند جارێک روبەڕوبونەوە لە سەر هەندێک ئیشوکار و بڕیار لەنێوان نەزهەت حالى و وەیسى بارزانى دروستبوە.

چانسى نەزهەت حالى بۆ پۆستى راوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى بەهێز بو یاخود مانەوەى لە پۆستى بەرێوەبەرى ئاژانسى پاراستن، چونکە ناوبراو جگە لەوەى کوڕى شەهیدێكی پارتییەوە، هاوکات ئەندامى سەرکردایەتیى پارتییشە و لە 10 دەنگە یەکەمەکانى کۆنگرەى 13ى پارتییە، هەروەها لە عەشیرەتێکى گەورەى وەکو دۆڵەمەرییە کە یەکێک لەو حەوت عەشیرەتەیە کە دەڤەری بارزان پێکدەهێنن و خاوەن پێگەیەکى بەهێزى کۆمەڵایەتیى و سیاسییە. لەپاڵ هەمو ئەوانەشدا، جێگاى متمانەى بارزانیى باوک و کوڕ بو و لە ساڵى 2003ەوە یاریدەدەرى مەسرور و بارزانى بو. لەڕوى ئەکادیمیشەوە ماستەرى لە ئاساییشى نیشتمانىی لە بەغداد وەرگرتوە.

رۆژى 31ى 1 کە هاوکات بو لەگەڵ ساڵیادى کۆچى دواى ئیدریس بارزانى، نەزهەت  حالى وتارێک لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبوک بڵاودەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە وتارەکەى ناوى مەسعود بارزانى ناهێنێ، هاوکات ستاییشى زۆرى رۆڵى ئیدریس بارزانى لە دڵنەواییکردنى کادیرانى پارتیى دەکات. هەورەها لە بەشێکى دیکەى نوسینەکەى دەڵێ: “گەر ئەو سەرکردە مەزن و دانا و بەئەزمونە لە ئێستادا لە ژیاندا بوایە حوکمڕانییەکی باشتر و نێوماڵی کوردیشمان یەکگرتوتر و باشتر دەبو”.

 بە هاندان راستەوخۆى وەیسى بارزانى لە غیابى مەسرور بارزانیی، مەسعود بارزانى بڕیارى گۆڕینى نەزهەت حالى دەدات، ئەوەى واشى کردوە زۆربەى عەشیرەتى دۆلەمەرى و کەسوکارى نەزهەت نیگەران بن شێوازى ئاگادارکردنەوە و دەرکردنى بڕیارەکە بو کاتێک نەزهەت حالى لە دەوامى فەرمى خۆى بوە، موحسین گەردیى کە پێشتر لەژێر دەستى ناوبراو کاریکردوە، بە خۆیى فەرمانەکەى بارزانى دێتە دەوام پێى دەڵێن: “بە فەرمانى جەنابى سەرۆک جەنابت بڕۆ ماڵەوە.”

نەزهەت حالى چوتە دەرەوەى وڵات

هەر دواى ئەو روداوە نەزهەت حالى دەستلەکارکێشانەوەى خۆى رادەستى نێچیرڤان بارزانى دەکات چەند رۆژێک لە کوردستان دەمێنیتەوە و پاشان دەچێتە دەرەوەى وڵات ئەمەش دڵەراوکێ و نیگەرانیى زۆر لەنێو بنکەى جەماوەریى پارتى و کادیرانى ئەو حیزبە دروستدەکات بەو پێییە نەزهەت حالى کەسێکى ئاسایی و سادە نییە بەڵکو بە سندوقى رەشى ئاژانسى پاراستن دادەندرێت.

نەزهەت حالى جگە لەوەى لە ساڵى 1989 وەکو کادیرێکى چالاکى پارتیی دەرکەوتوە، لە ساڵى2004 بۆتە بەرپرسی رێکخستنی تایبەت و لەدوای دامەزراندنی ئاژانسی پاراستنی کوردستانیش بۆتە بەڕێوەبەری گشتیی چالاکیی ئەو دەزگایە.

نەزهەت بە پیاوێکى خاوەن دیسپلین و دڵسۆزى ماڵى بارزانى ناسراوە، لەڕوى سکانداڵى گەندەڵى و دەوڵەمەند بون هیچ مەلەفێکى لەناو حیزب لەسەر ئاشکرا نەبوە. لەڕوى جەماوەرى و نزیکبونى لە کادیرانى پارتى زۆرترین کێشە و گرفتى ئەمنیى حیزبیی لەنێو پارتى چارەسەرکردوە کە بە هۆى بەرزکردنەوەى راپۆرتى هەڵەى لقەکانى پاراستن لە سەر کادیرانى پارتیى نوسراون ئەمەش وایکردوە لەنێو کادیرانى پارتى خۆشەویست بێت.

دژە تیرۆرى پارتیى کێشەى ناوخۆى دروستکردوە

سەرچاوەیەک لە پارتیى دیموکراتى کوردستان ئاماژەى بە نیگەرانى و تێوەگلانى یەکەى دژە تیرۆرى پارتیى کرد لە کێشە سیاسییەکانى ناوخۆى حیزب و کوردستان بەتایبەتى. ئەو یەکەیە لە رێگاى پەیجى فەرمییەوە کە راستەوخۆ لەژێر فەرمانى وەیسى بارزانییە، پارتى توشى چەندین کێشە کردوە، ئەو سەرچاوە دەڵێ: “هەر بە هۆى وەڵام و وەڵامکاریی پەیجى دژە تیرۆر بو لەسەر روداوى هۆقەباز و هێرشکردنە سەر کابینەى پێشو، لەگەڵ گوشەنوسێکى رۆژنامەى روداو وایکرد جەنابى سەرۆک تەداخول بکات. ئەو نوسینى ئەو رۆژنامەنوسە بۆ ماوەیەک رابگرێت خەریکى بو ناخۆشى لێبکەویتەوە. لە بابەتى وەڵامدانەوەى حەسەن نەسڕۆڵلاش بەبێ پرس و راوێژ ئەو کارەیان کرد بو.”

لەپاڵ ئەوەی پرسی دورخستنەوەی نەزهەت حالی کێشەکانی ناو بنەماڵەی پارتیی زیاتر روندەکاتەوە، هاوکات ئەوەش زیاتر دەردەخات کە چۆن دەزگا شەرعییەکانی کوردستان لەلایەن حیزبەکانەوە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی یەک کەس و یەک حیزب دان. ئەوەی جێگەی سەرنجە، تەنانەت پارتیی دەستەڵاتەکانی خودی سەرۆکی هەرێمیشی سنوردار کردوە کە باڵاترین دەستەڵاتی جێبەجێکردنەوە و ئەنجومەنی ئاساییشیش سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە.

بەشکردن: