چۆن ناسیۆنالیزم سیاسەتی پەروەردەی هەرێم ئاراستە دەکات؟

 

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب

وەک لە نووسینی پێشتردا گوتم، دەوڵەتداری ئاراستەی سەرەکیی سیاسەتی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمییە لە هەرێمی کوردستان. هەڵبەت کە دەڵێم دەوڵەتداری، مەبەستم لێی فەلسەفە و ماهییەت و پێکهاتە و شکڵ و شێوە و مامەڵەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە. بە شێوەیەکی گشتی، دەوڵەتی مۆدێرن لە هەندێک بنەمای سەرەکیدا لە دەوڵەتی پێشمۆدێرن جودایە. دیارترینی ئەم بنەمایانە ئەو پەیوەندییە خۆبەخۆیەی نێوان سنووری سیاسی و سنووری نەتەوە و فەرهەنگەکەیەتی لە دەوڵەتی مۆدێرندا. ناسیۆنالیزمیش بریتییە لەو گفتوگۆ فەلسەفی و تیۆری و سیاسییانەی باس لە پەیوەندیی نەتەوە و سنوورە سیاسییەکەی دەکەن و دەبنە کۆمەڵێک ئاکار و هەڵوێست و کرداری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ هێنانەدیی هاوئاهەنگیی نێوان سنوورە سیاسییەکە لەگەڵ سنوورە فەرهەنگییەکەی نەتەوەدا. بۆیە وا بڕیارە سنووری سیاسیی هەر دەوڵەتێکی مۆدێرن چوارچێوەی سنوورە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکە بێت.

ئەوەی لەم پێناسە سنووردارەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتداریی مۆدێرندا گرنگن ئەمانەن:

  • جودا لەو بنەما کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییانەی پێشتر دەوڵەتیان لەسەر بنیات دەنرا، دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای یەکبوون و لێکچوونی کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراودا دادەمەزرێت.
  • گەر دەوڵەتی پێشمۆدێرن لەسەر بنەمای هێزی گرۆیەک بەسەر کۆی خەڵکدا دامەزرابێت و بەهانەی ئەم هێزە ماددی یان مەعنەوی بووبێت، وەک بانگەشەی خوێنپاکیی دەستەڵاتدار و پەیوەندیی لەگەڵ خوداوەند و بوونی باڵادا، یان دەستەڵاتی هێزی بازوو و خۆسەپاندنی سەربازیی، ئەوا دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەی نەتەوە وەک یەکەیێکی لێکچوو و یەکگرتوو و دانەبڕاو لە هاوفەرهەنگی و هاوزمانی و هاومێژوویی دادەمەزرێت.
  • ئەو بنەما فەلسەفی و تیۆری و سیاسییەی دەوڵەتی مۆدێرنی لەسەر دادەمەزرێت ناسیۆنالیزمە، واتە کۆی باسوخواس و کردار و هەڵوێستەکانی پەیوەست بە نەتەوەوە.
  • ناسیۆنالیزمیش لە ئەنجامی گۆڕانە مێژوویی و زانستی و فیکرییەکانی سەردەمی ڕێنیسانس و دواتری ئەوروپاییدا سەری هەڵ دا، بەو مانایەی ئەو گۆڕانکارییانە ڕێیان بۆ بەدەستهاتنی هاوئاهەنگییە فەرهەنگی و زمانی و مێژوویییەکان خۆش کرد. بە نموونە، ئاسانبوونی بەریەککەوتنی جڤاک و فەرهەنگە جیاوازەکانی ناوچەیەکی جوگرافی بەهۆی بەردەستبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە یان بەربڵاویی چاپەمەنییەکان وای کرد کە ئەو جڤاک و فەرهەنگانە بەرەو هاوئاهەنگی بچن.

لە ئاشنابوون بە دەرهاوێشتە سیاسییەکانی ناسیۆنالیزمدا ئەوەی گرنگە هێڵیان بە ژێردا بهێنین چەمکەکانی (هاوفەرهەنگی، هاوزمانی، هاومێژوویی)ن. بۆ ئەوەی هێز و گرۆ سیاسییەکانی نەتەوەخواز بتوانن سنوورە سیاسییەکەی دەوڵەت بە دەوری نەتەوەدا بکێشن و ناوی دەوڵەتی لێ بنێن، دەبێت بیسەلمێنن کە هاوئاهەنگی لە فەرهەنگ و زمان و مێژوودا هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا فەرهەنگ و زمان و مێژوو هەر وا بە سادەیی خۆیان بە دەستەوە نادەن و لەوە بزێوترن کە بیری ناسیۆنالیستی دەیخوازێت.  بۆیە پڕۆسەی بنیاتنانی نەتەوە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە. وەک چۆن لەنێو پڕۆسەکەدا چیرۆک و ئەفسانە و مێژووی هاوبەش بۆ خڕکردنەوەی پێکهاتەکانی نەتەوە لە دەوری یەکدی گرنگن، ئاوەهاش پڕۆسەی سیاسی و بیرۆکراسی بۆ هێنانەئارا و لە هەمان کاتدا دەربڕینی هاوئاهەنگیی نەتەوەیی گرنگن. دەستگاکانی دەوڵەتی مۆدێرن وا دامەزراون کە لە لایەکەوە گوزارشتی یەکبوونی نەتەوە بکەن و لە لایەکی دیکەوە گەرەنتیی ئەم یەکبوونەش بکەن، زۆرجار بە پەڕوباڵکردنی فەرهەنگ و زمان و مێژوو. لێرەوە پەیوەندیی خولاو و نەپچڕاوی نێوان نەتەوە و دەستگاکانی دەوڵەت دەبێتە بابەتێکی گرنگی توێژینەوەی پەروەردەیی. هەر ئەم پەیوەندییەیە کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاراستەی سیاسەتی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە.

کە جەخت لەوە دەکەمەوە ئامانجی خوێندنی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنە، مەبەستمە بڵێم کە پڕۆسەکە بۆ هێنانەگۆڕێی بنەما فیکری و سیاسی و فەرهەنگییەکانی ناسیۆنالیزمن بەو شێوەیەی لە دنیای ئێستاماندا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت گرنگن. بۆیە ناتوانین ئامانجە پەروەردەیییەکانی ناسیۆنالیزم (یەکبوون یان هاوئاهەنگیی نەتەوەیی) لە ئامانجە سیاسییەکە داببڕین کە دامەزراندنی دەوڵەتە. هەروەها ناشتوانین وردەکاریی پڕۆسە و دەستگاکانی پەروەردەی مۆدێرن لە پڕۆسە بیرۆکراسییەکان و پرس و گۆڕان و ئەولەوییەتە سیاسییەکان دوور بخەینەوە. پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم وەک فەلسەفەی دەوڵەتی مۆدێرن لەگەڵ دەستگا و پڕۆسە سیاسی و ئیدارییەکانی دەوڵەتدا پەیوەندییەکی دانەبڕاو و تەواوکەرە.

هەڵبەت بەدەستهێنانی هاوئاهەنگیی فەرهەنگی خۆی بە شێوەی جودا دەنوێنێت. لە دامەزراندنی دەستگاکانی پەروەردەدا جەخت لە ناوەندیبوون دەکرێتەوە، جەخت لە تۆکمەیی و توندکردنی یاسا و ڕێساکان دەکرێتەوە، کارێکی بێوێنە دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی ئاستەکانی بیرۆکراسی و بەشکردنی ئەرکەکان و چوارچێوەدارکردنی پسپۆڕیی ئیداری و هتد. سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، کە بەشێکی گرنگی سیستەمی دەوڵەتداریی مۆدێرنە، لەنێو خۆیدا وەک دەستگایەکی میکانیکیی ئاڵۆز کار دەکات بە شێوەیەک هەر پارچەیەکی درشت یان ورد لەگەڵ کۆی پارچە و بەشەکانی دیکە هاوئاهەنگ دەبێت. لە دەستگایەکی وادا هەموو پارچەکان پێکەوە مانا بە دەستگاکە دەدەن و بەرەو ئامانجە گشتییەکەی دەبەن. هەر بەشێکی نێو ئەم دەستگایە تەنها لەنێو کۆی دەستگاکەدا نرخی هەیە و تەنها لەوەدا کەڵکی هەیە کە هاوئاهەنگیی پڕۆسەی دەستگاکە بپارێزێت و جگە لەو ئامانجە هیچی دیکە نەکات. وەک چۆن لە نێوخۆی دەستگای پەروەردەییی مۆدێرندا گشت پارچەکان دەبێت هاوئاهەنگ بن، بە هەمان شێوەش کۆی دەستگای پەروەردەی ڕەسمی وەک یەکەیێک دەبێت لەگەڵ کۆی پێکهاتەکانی دیکەی دەوڵەتدا هاوئاهەنگ بێت و ڕووگەی بەدەستهێنان و بەردەوامیدان بە ئامانجەکانی دەوڵەتی مۆدێرن بێت.

دەوڵەتی مۆدێرن پێویستی بە سیستەم و دەستگای بیرۆکراسی و ناوەندییە وەک ئەوەی لە سەرەوە باس کراوە. سیستەم و دەستگای بیرۆکراسیش هاوئاهەنگیی فەرهەنگی دێنێتە گۆڕێ بەو شێوەیەی کە سیستەم و دەستگاکە دەیخوازێت. بۆیە، بە نموونە، ناکرێت لەڕووی فیکرییەوە دژی ناسیۆنالیزم بیت بەڵام لەگەڵ سیستەمی مۆدێرنی بەڕێوەبردنی پەروەردە یان هەر بەشێکی دیکەی کۆمەڵگە بیت بە تایبەتی ئەو جۆرە سیستەمەی کە جەخت لە بەدەستهێنانی هاوئاهەنگی تا ئەندازەی لێکچوون و یەکبوون دەکاتەوە، چونکە ئەم دووانە (سیستەمی دەوڵەتداریی مۆدێرن و ناسیۆنالیزم) یەکدی تەواو دەکەن و بێ یەکدی نایانکرێت. لەوانەیە لەو وڵاتانەی کە مێژووی هاتنەگۆڕێ و پێشڤەچوونی نەتەوەخوازی تێیاندا لەوەی هەرێمی کوردستان جودایە هەندێ جیاوازیی بنەڕەتی یان لاوەکی هەبن، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەت چەمکی ناسیۆنالیزمی تەقلیدی و پێداویستییە ستراتیجییەکانی تێپەڕاندبێت، بە نموونە ئیدی ترسی لە سنوورە نەتەوەیییەکەی نەمابێت یان هاوئاهەنگیی سنووری سیاسی و نەتەوەیییەکەی تۆکمە و بێکێشە بێت. ئەم بارە زیاتر لەو نەتەوانەدا ڕوونە کە لە پلەی پاشناسیۆنالیزمن یان نەتەوەخوازییەکەیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسییە نەک یەکبوونی فەرهەنگی و ڕەگەزی و ئیتنی. لەم نەتەوانەشدا سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەستگا بیرۆکراسییەکان هێشتا هەر بنەمایەکی سەرەکیی هاوئاهەنگیی نەتەوەیین، بەڵام دەکرێ جەختی زیاتر لە هاوئاهەنگیی سیاسی و یاسایی بکەن لەسەر بنەمای بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان نەک یەکبوونە ڕەگەزی و ئیتنییەکان.

پڕۆسە و دەستگاکانی پەروەردەی ڕەسمی لە دەوڵەتی مۆدێرندا تەواو لە پڕۆسەی پەروەردە و دەستگاکانی سەردەمی پێشمۆدێرن جودان. پڕۆسەی پەروەردە لە دامەزراندن و بەردەوامیدان بە دەوڵەتی مۆدێرندا پشکی شێری هەیە بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە پەروەردە لە هێنانەدیی بنەما و ئامانجەکانی دەوڵەی مۆدێرندا هەیەتی، بە تایبەتی بنەما و ئامانجی هاوئاهەنگیی نەتەوەیی. بۆیە سەرەکیترین ئامانجی سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن دڵنیاکردنەوە و بەردەوامیدانە بە هاوئاهەنگیی فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەو سیستەمەشی کە بۆ پڕۆسەی پەروەردە دادەنرێت دەبێت گوزارشت لەم ئامانجە بکات، ئەگینا لای دەوڵەتی نەتەوەیی ئەرزشی نابێت. دەکرێت لەپەنای ئەم ئامانجەدا ئامانجی دیکەی تەواوکەر یان جوانکەر یان نەخواستراو هەبن، بەڵام لای دەوڵەتی نەتەوەیی و سیاسەتوانانی، هیچ ئامانجێک لە ئامانجی هاوئاهەنگیی نەتەوەیی لەپێشتر نییە. بۆیە بۆ ناسینی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت چاومان لەسەر فەلسەفە و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتاری نوخبە سیاسییەکەی بێت. دەبێت باش لە هەنگاو و مامەڵە و هەڵوێستە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئابوورییەکانی حکومەت بگەین و بزانین چۆن شییان دەکەینەوە تا بتوانین گفتوگۆی ڕاستەقینە لەبارەی ئاراستەکانی پەروەردەی ڕەسمییەوە بکەین. هەروەها دەبێت وردودرشتی کاری دەوڵەتی مۆدێرن و بیری نەتەوەخوازی باش بناسین و، بە هۆشیارییەوە هێڵ بەژێر کارکردە بیرۆکراسییەکانی ناسیۆنالیزم لە پەروەردەدا بهێنین.

بەشکردن: