کەلتوری ترس، چەمکێکی ئامادە لە کۆمەڵگەی کوردیدا

بەشکردن:

سەروەت عەبدوڵا

کەلتوری ترس (culture of fear) یەکێکە لەو چەمکە نوێیانەی هاتۆتە ناو دونیایی ئەکادیمیەوە. سەرەتای ئەم چەمکەش لەلایەن ئەکادیمیستی ئەمەریکا FRANK FUREDI لەساڵی 1990دا بەکاریدەهێنێت و دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لە هاوینی 1997دا CULTURE OF FEAR زیاتر جێگەی خۆی گرت. تا ئەو جێگەی بەندە ئاگاداربم و لە کاتی توێژینەوەکەمدا بە شوێنیدا گەڕام لە ئەکادیمیی کوردییدا هیچ توێژینەوەیەک لەبارەیەوە دەستنەکەوت. بۆیە نامەی ماستەرەکەشم بۆ لێکدانەوە لەم چەمکە و پراکتیزەکردنی لە دونیای سۆشیاڵ میدیادا تەرخانکرد بە ناونیشانی (ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە دروستکردنی کەلتوری ترسدا، بەشیکارکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی داعش لە سوریا و عێراق بڵاویکردنەوە). ئەم وتارەش سەرەتایەکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەم چەمکەو لێکەوتنەکانی.
کەلتوری ترس یەکێکە لەو چەمکانەی سەر بە بواری سۆسیۆلۆجییە لەبەرئەوەی کار لەسەر کەلتور دەکات، لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکی بەهێز و جیانەبوەوەی هەیە بە بواری سایکۆلۆجییەوە لەو کاتەدا کە بابەتەکە دێتە سەر ترس. ئەم دوو بوارەش هەردوکیان لەڕێگەی میدیاوە تێکەڵدەبن و ئەوکات دەتوانرێت کەلتوری ترس دروستبێت. دواتریش سیاسییەکان وەک چەکێک بەکاریدەهێنن. (Samuel Justin Sinclair and Daniel Antonius) لەو بڕوایە دان ترس و قەلەقی لەو بابەتانەن کە لە کۆمەڵگەدا دەردەکەون و بە تێپەڕبوونی کات دەتوانن لە شێوەی کەلتوردا دەربکەون و فۆرم بگرن. ئەمەش لەبەر ئەو تایبەتمەندییەیە کە هەیەتی و لە سەرەتادا لە تاکدا دەردەکەوێت، بەڵام دەگۆڕێت بە بابەتێکی دەستەجەمعی و کاریگەریی لەسەر کەلتوری کۆمەڵگەکە دەبێت. لە زانستی سیاسیدا هەمیشە ترس ئامادەیی هەیە. تۆماس هۆبس و هانا ئارێنت لە کەسە دیار و بەرجەستەکانی ئەم بوارەن. هۆبز دەڵێت: “ترس ئەو تواناییە بە دەوڵەت و دەستەڵات دەدات کە لە ڕێگەی ترساندنەوە ڕووداوەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بارودۆخە کۆنتڕۆڵکراوەکانیش بپارێزێت. ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەی ترس لەیادگەدا دەمێنێتەوە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیباتە ماڵەوە و لە ژووری خەوەکەیشیدا هەست بە بوونی بکات.” ئا لێرەدایە بەو راستییە دەگەین کە هۆبز دەڵێت: “ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ترس برتییە لە لاوازکردنی هەر جۆرە بەرگرییەک لەکۆمەڵگەدا.”
ئەو جەنگە گڵۆباڵییەی لە بەرامبەر تیرۆزمەوە لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە ڕاگەیەنرا، ترسی کردە بابەتێکی گڵۆباڵی و هەموو ئەم ترسانەش سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی دەرەکەوتنیانن بونەتە هۆی ئەوەی دۆخێک لە دڵەڕاوکێی و دودڵی و نادڵنییایییەکی زۆر لە کۆمەڵگەدا. ئەمەش هەمان ئەو روونکردنەوەیە FRANK FUREDI دەڵێت تەنانەت ئەو رەخنەگرانەی کە چەمکی کەلتوری ترسیان قبوڵ نەبوو لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ئەم چەمکە هەردوو بابەتی قەلەقی و نادڵنیایی لەخۆیدەگرێت و دواجار کاریگەری لەسەر رەوشی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەبێت.
ئێستا بۆئەوەی زیاتر لەم چەمکە وردبینەوە، وا باشترە ئاماژە بە تایبەتمەندی و دەرهاوێشتەکانی بکەم. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کەلتوری ترس بریتیە لە ترس لەوانی دیکە. واتە لەو کۆمەڵگانەی کە کەلتوری ترسی تێدا هەیە هەمیشە ترس لەوانی دیکە ئامادەیی هەیە، ئەمەش لێرەدا بەڕونی لە رەفتار و گوتاری سیاسییەکاندا دەتوانیت بیبینیت. سیاسییەکان زۆر هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی ترس لە ئەوانی دیکەوە کاربکەن بۆئەوەی وا دەربخەن دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵدا نییە. دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دیارترین تایبەتمەنی کەلتوری ترسە، کە ئەمیش هەر بریتییە لە ترس لەوانی دیکە. دابەشکردنی هەموو شتێک لەنێوان ڕەش و سپی، باش و خراپ، شەیتان و فریشتە، ئیتر ئا لێرەدا ترس (FEAR) دەگۆڕێت بۆ هەڕەشە (THREAT). سەرەتای ئەم بابەتەش بەتەواوەتی لە 11 سێپتەمبەردا چووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە بەتایبەت ئەو کاتەی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جۆرج بۆش جەنگی دژی تیرۆریزم ڕاگەیاند و لە وتارەکەیدا دونیای بۆ دوو بەرە دابەشکرد “لەگەڵ ئێمەن دژی ئەوان یان لەگەڵ تیرۆرن دژی ئێمە”. بەئاشکرا گوتی “لەم جەنگەدا هیچ ژوورێکمان نییە بۆ بێلایەنەکان.” زۆربەی لێکۆڵەرەوان لەو بڕوایەدان ئەم دەبریینە هیچ نییە جگە لە دروستکردنی کەلتوری ترس. بۆیە دەبینین دواتر ئەم چەمکە دێت لەسەر ئاستە لۆکاڵییەکانیش پیادە دەکرێت و گروپێکی وەک داعش هەموو دونیا بۆ “بەرەی دار الاسلام و دار الکفر” دابەشدەکات و هەرکەسێک لە دەروەی بازنەکەی خۆی بێت بە شەیتانی دەبینێت. لە پروپاگەندە و بەیاننامەکانیاندا دیارە داعشدا بەڕوونی چەندە شارەزایانە کاری لەسەر کردووە.
چەمکێکی دیکە کە دەتوانێت هاوکار بێت لە روونکردنەوەی کەلتوری ترسدا بریتییە لە دۆخی ئاشوبی. Mark Goodman لەو بڕوایە دایە کە دۆخی ئاشوبی بۆ ئەو سیستەمانە بەکاردەهێنرێت کە کۆمەڵگە لە دۆخێکی نادڵنیاییدا دەژی و کەس دڵنیا نییە لەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەری چی هەیە ڕووبدا. ئەم دۆخەیش ترس و ئازارێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ئێستادا تیرۆر زۆر سودی لەم ڕێگەیە بینیوە کە هاووڵاتی هەرگیز هەست بە دڵنیایی نەکات، ئەویش لە رێگەی پرۆپاگەندە و دواجاریش ئاشووب نانەوە بەو پروپاگەندانە. هەستنەکردن بە سەلامەتی، هەستنەکردن بە دڵنیایی لەت ایبەتمەندییەکانی دیکەی کەلتوری ترسن. Holger Mölder لەو بڕوایە دایە کەلتوری ترس لە نادڵنییایی و نەبوونی سەلامەتی و قەلەقیدا خۆی نیشاندەدات. یەکێک لەو ستراتیجیانەی کە گروپێکی وەک داعش لە ناچەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیاندا بەکاریانهێناوە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی قەلەقی، نادڵنیایی و ناجێگری دۆخەکە. لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ کچێکی ڕزگاربووی دەستی داعش، دەیگووت هەمیشە ئەوانەیان دووبارەکردۆتەوە کە ئەگەر بچیتەوە بۆ لای خێزانەکەت تازە تۆیان قبوڵ نییە، خۆ ئەگەر خۆت تەسلیمی سوپای عێراق بکەیت لە ئەوان خراپترت بەسەردێنن “بۆیە تەنانەت پەسەکێکی بۆمبڕێکراویان پێداوم لە کاتی هاتنی سوپای عێراقی بۆ موسڵ لەبەریبکەم و خۆم بتەقێنمەوە پێیاندا.” ئەم جۆرە ترس و قەلەقییە بۆئەوەی بیکەنە بابەتێکی کەلتوری و تاکەکان لەگەڵیدا بژین.
دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرەی دژ بە یەکتر، بەرەی هاوپەیمانان و بەرەی شەیتان، بڵاوکردنەوەی ئاشووب و ناسەقامگیری، نادڵنیایی و نەبوونی هەستکردن بە ئاساییش و قەلەقی، لەو تایبەتمەندیانەن کە کەلتوری ترس پەیوەست بە دونیای کۆمەڵگەی کوردییەوە پێ بناسینەوە. بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لەکوردستان ئامادەیی هەیە و قۆناغی شەڕی تیرۆر -کە تێمان پەڕاندوە- زۆر پێویستە کەلتوری ترس و بڵاوکردنەوەی ترس زیاتر قسەی لەسەر بکرێت. ئەو کەلتوری ترسەی لە شەڕی ناوخۆوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ بەرەی سەوز و زەردەوە بگرە بۆ دابەشکردنی تەواوی سێکتەر و تەنانەت دەربڕینە زمانەوانییەکانیش، دەرخەری ئەو راستییەن کە چۆن ترس لە هەرێمی کوردستاندا بەکەلتورکراوە. بۆ بەکەلتورکردنی ترس و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ترسە، میدیا رۆڵێکی دو-سەرە دەبینێت و دەبێت هەم میدیا بەئاگایییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات، هەمیش خوێنەران و بیسەر و بینەرانیش هۆشیارییان لە گەمەکانی میدیا بەهێزتر بێت. هەوڵدەدەین لە بابەتەکانی ئایندەدا لەسەر رۆڵی میدیا بنووسین.

بەشکردن: