كوردستان تایمز
پاش پێنج ساڵ لە چاوەڕوانی كردنەوەی خوێندن لە ماستەر و دكتۆرا كە وەزارەت ناوی ناوە “گەورەترین تواناسازیی نیشتمانی”، پرۆسەكە دەكەوێتە ژێر گومان و پرسیار و كێشەی جۆراوجۆرەوە. 20 رۆژ تێپەڕیوە هیچ وادەیەكی كۆنكرێتی بۆ راگەیاندنی ئەنجامەكان نییە، زانیارییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن بەهۆی كێشەی پرسیار و تاقیكردنەوەكانەوە ژمارەیەكی زۆر لە كورسییە تەرخانكراوەكان بەبەتاڵی هێڵراونەتەوە بە پێچەوانەی دروشمی “گەورەترین”.
كێشەی تاقیكردنەوەكان و دواكەوتنی ئەنجامەكان
لە كۆتایییەكانی 2019 و لەگەڵ دەستپێكی 2020 وەزارەتی خوێندنی باڵای كابینەی نۆیەم، پرۆسەی پێشكەشكردنی بۆ خوێندنی باڵا راگەیاند (دیبلۆم، ماستەر، دكتۆرا)، ئەم پرۆسەیە كە دروشمە فەرمییەكەی “گەورەترین پرۆسەی تواناسازیی نیشتمانی”یە، بڕیاربوو لە رۆژی 10 شوباتی 2019 وە (رۆژی تاقیكردنەوەكان) لە ماوەی 72 كاتژمێردا ئەنجامەكانی دەربكەون، بەڵام پاش 20 رۆژ تیپەڕبوون بەسەر ئەو وادەیە، هێشتا ئەنجامەكان بەفەرمی ئاشكرا نەكراون، بەم هۆیەشەوە حیزبایەتی و ناسراوی و دۆستایەتی بەگەرمی كەوتوونەتە گەڕ بۆ رەواندنەوەی چاوەڕوانی و ئاشكراكردنی ئەنجامی هەندێ لە خوازیاران بەتایبەت ئەوانەی خۆیان میلاك و موعید و مامۆستای زانكۆكانن یان لە رێكخستنە حیزبییەكانی زانكۆدا كاردەكەن یان لە راگرایەتی و سەرۆكایەتی خەڵك دەناسن.
كوردستان تایمز زانیویەتی، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی وەرگرتن (دیبلۆم، ماستەر، دكتۆرا) بە پێچەوانەی پلانی وەزیر د. ئارام و وەزارەتی خوێندنی باڵایە كە وەرگرتنی (5375) گەنج و خوازیاری خوێندنە بۆ ساڵی 2019-2020، ئەویش بەهۆی كێشەی پرسیاردانان و شێوازی پشكنینی پەڕاوەكانی تاقیكردنەوە لە زانكۆكان و نەبوونی میكانیزمی هاوبەش و گشتگیر لەنێوان زانكۆكاندا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە تەنها چوار پارێزگایە و لە چەند زانكۆیەكی كەمیشدا خوێندنی هەموو بەشەكان كراوەتەوە.
مانەوەی كورسی بەبەتاڵی و زۆری كەوتن
بەدواداچوونەكانی كوردستان تایمز دەریدەخەن لە زۆربەی زانكۆكان ژمارەیەكی زۆر خوێندكار نمرەی پێویستیان بەدەستنەهێناوە كە 15/30 دەكات وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە كێبەركێ، بەم هۆیەشەوە ژمارەیەك كورسی كە تا ئێستا دەشاردرێتەوە لە زانكۆكان بەبەتاڵی دەمێننەوە و پشكی شێری ئەو كورسییانەش لە زانكۆی سلێمانیین كە گیرۆدەی ژمارەیەكی بەرچاو كێشەی جۆراوجۆرە لەوانەش: ناجۆری مامۆستاكان، باڵ-باڵێن، زاڵبوونی گیانی تۆڵەكردنەوە لەگەڵ هەوڵی لێدانی سەرۆك بەش و ڕاگرەكان و سەرۆك زانكۆ لەلایەن هەندێ لە مامۆستایانی زانكۆوە.
ئەم كەوتنەی زۆربەی ژمارەی خوازیاران لە تاقیكردنەوەكان و پێشكەشكاران كە ژمارەیان (11,242) پێشکەشکارە لە سەرتاسەرى کوردستان، لە كاتێكدایە كە سكاڵایەكی زۆر دەربارەی رێوشوێنەكانی وەرگرتن و شێوازی دانانی پرسیار و پشكنین هەن، چونكە پێوەری دانانی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە لە زانكۆكاندا جیاواز و جۆراوجۆر بوون، لە هەندێك كۆلێژ و بەش پرۆگرامی داواكراو بۆ تاقیكردنەوە دیاریی كراوە، لە هەندێكیتر بەكراوەیی و دیارینەكراوی هێڵراوەتەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ هاتنەوەی پرسیاری چاوەڕواننەراو لەو كۆلێژانە كردووەتەوە كە ناوی سەرچاوە یان پرۆگرامیان دیاریی نەكردووە.
جگە لەو ناجۆرییەی سەرەوەش ژمارەیەكی بەرچاو لە خوازیاران، سكاڵا لە قورسی و بەرتەسكی سنوری پرسیارەكانیان هەیە لە كاتێكدا وەها باوە كە تاقیكردنەوەی خوێندنی باڵا زیاتر تاقیكردنەوەی ئاستی توانا و رادەی تێگەیشتن و توانای هەڵسەنگاندن و هەڵهێنجانە، نەك قەتیسكردنی خوازیار لە هەندێ گۆشە و بازنەی بەرتەسك كە ئامانج لێی ئیحراجكردنی خوازیاری ئەزمووندەر بووە بۆ ئەوەی كورسی بەدەست نەهێنێت یان ئاتاجی واستە و پەنابردن بۆ مامۆستاكان ببێتەوە.
سەرۆك زانكۆكان نەگەیشتنە ئەنجام
كوردستان تایمز زانیویەتی لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەزارەت كە 26 شوباتی 2020 بەرێوەچوو دەربارەی رێوشوێنەكانی بەرگرتن لە نەخۆشی كۆرۆنا، مشتومڕی زۆر لەنێوان سەرۆك زانكۆكان و ئەنجومەنی وەزارەت دروستبووە لەسەر چۆنییەتی چارەسەركردنی دۆخی خراپی دەرچوون و وەرگرتن لە خوێندنی باڵا، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەر و رێوشوێنێك لەبەرئەوەی یەكەم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكە بابەتەكە وروژێنراوە، دووەم، هەموو سەرۆك زانكۆكان ئامادە نەبوون و هەندێكیان یاریدەدەریان ناردبوو بۆ كۆبوونەوەكە، سێیەم و كۆتاییش هەندێ رێنمایی پێشوەختی وەزارەت لەسەر قەدەغكردنی كێرڤ (قرار) و ئەژماری نمرە رێگرن لە ئاسانكاریی و پێویستیان بە هەموار و گۆڕانكاریی هەیە. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا وەها راگەیەنرا كە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجامەكان رابگەیەنرێن، بەڵام هەندێ زانیاری تری نوێ بەگومانن لەوە بەتایبەت كێشەكان هەر بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و هێشتا ئەنجامەكان لە وەزارەتەوە پشتڕاست نەكراونەتەوە.
وردبینییەكەی وەزارەت رواڵەتییە
وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلای خۆیەوە جەخت لە پەیڕەوکردنى شەفافیەت و دادپەوەرى لە پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندنى باڵا/دیبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش (ژورى سەرپەرشتیکردنى پرۆسەى خوێندنى باڵا)ی بە سەرپەرشتی وەزیر د. ئارام قادر پێکهێناوە، ئەركی ئەم ژوورەش، ئەنجامدانی وردبینییە لە سیستەمی خاڵبەندی و رێكخستنی پێشبڕكێ، بەڵام خوازیاران و پێشەكەشكاران باس لەوە دەكەن كێشەی بنەڕەتیی ئەوان لە پرسیارەكان و چۆنییەتی پشكنینی پەڕاوی تاقیكردنەوەكانەوە دەستپێدەكات و وردبینییەكەی وەزارەت قۆناغەكانی پاش ئەو پرۆسەیە دەگرێتەوە كە كۆكردنەوەی خاڵەكانن و ئەمەش هیچ لە كێشە بنەڕەتییەكان چارەسەرناكات. بەپێی زانیارییە بەردەستەكانیش وەزارەتی خوێندنی باڵا خواستی ئاسانكاری و چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە، بەڵام میكانیزمە باوەكان رێگرن و كێشەكە لەناو زانكۆكانە كە قابیلی دەستتێوەردانی ئاشكرا و خێرا نین بەتایبەت كە پرۆسەكە لەدوا قۆناغدایەو بڕیاربووە 1ی ئاداری 2020 دەستپێكردنی كۆرسی خوێندن بێت.
زانكۆی سۆران لە قسەی خۆری سوورە
هاوكات لەگەڵ كێشەی پرسیاری بەش و كۆلێژەكان بەگشتی، كێشەیەكی تری بنەڕەتی لەسەر ئاستی زانكۆكان هەیە كە دانانی تاقیكردنەوەی زارەكییە لەلایەن زانكۆی سۆرانەوە كە زیاتر وەك پێگەیەكی پارتی و دەسترۆشتوو لەناو وەزارەت تۆمەتباردەکرێت، لە كاتێكدا ئەم تاقیكردنەوەیە لەلایەك لە رێنمایییەكانی وەزارەتدا نییە و لەلاكەی تر لە زانكۆكانی تری كوردستان نەكراوە، ئەم تاقیكردنەوەیەش رێگە دەكاتەوە بۆ دەرچواندنی ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی نووسینەكیی دەرنەچوون، لە كاتێكدا ئەوە لە زانكۆكانی تری كوردستاندا نین و هەندێ لەو زانكۆیانەش داوادەكەن یان ئەوانیش تاقیكردنەوەی زارەكی لە تەنیشتی توانست دابنێن بۆ دەرچوون لە ئیحراجیی زۆری كەوتن، یان زانكۆی سۆرانیش هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام زانكۆكە سوورە لەسەر رێوشوێنەكانی خۆی و لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتیش سوربونی خۆیان دوپاتکردۆتەوە.
خوێندنی پاراڵێڵ دژ بە قانون
لە عێڕاقدا، خوێندنی باڵا بەخۆڕایییە. لە چەند ساڵی رابردودا، لە پڕۆسێسی بەتایبەتکردنی کەرتەکان، بە بیانوی هەبونی قەیرانی دارایی و دروستکردنی داهاتو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت سیستەمی پاراڵێڵی دروستکردوە کە خوێندکارانی ماستەر و دۆکتۆرا دەتوانن بە پاراڵێڵ بخوێنن و لە بەرانبەریشدا ساڵانە بڕێکی زۆر پارە بدەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دژە بە دەستور و قانونە کارپێکراوەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، رێگایەکیشە بۆ گەندەڵترکردنی سیستەمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا بەوپێیەی ئەو ژمارەیەی کە لە پاراڵێڵ وەردەگیرێن، زیاتر ئامانجی حکومەت دروستکردنی داهاتە نەک پڕکردنەوەی بۆشایی زانستیی و مەعریفیی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کەمکردنەوەی کورسییەکانی خوێندنی باڵا بەخۆڕایی و بەخشینیان بە پاراڵێڵ، مافی ئەو کەسانە دەفەوتێت کە توانای زانستیی و لێهاتویییان لە پێشکەشکارانی پاراڵێڵ زیاترە بەڵام بەهۆی نەبونی توانای دارایییەوە ناتوێنن درێژە بە خوێندن بدەن. خۆ ئەگەر بهاتبوایە خوێندنی پاراڵێڵ دروستنەبوایە، ئەوا ئەوان دەیانتوانی درێژە بە خوێندن بدەن و مافەکەیان بەدەستبێنن.
لە وڵاتانی دونیادا، بۆ نمونە لە زۆربەی ئەوڕوپا، خوێندنی ماستەر و دۆکتۆرا بەخۆڕایییە. بۆ وڵاتێکی وەکو عێڕاق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو مافە نابێت پێشێل بکرێت بەتایبەت کە بودجەی گشتیی عێڕاق و هەرێمی کوردستان سەروی سەدا نەوەدی لەڕێی داهاتی گشتیی گەلەوەیە، نەوت و گاز. چەسپاندنی ئەو سیستەمە، گەورەترین شکستە بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەروەها مەترسییەکی یەکجار گەورەشە بۆ سەر خوێندنی باڵا کە رۆژ-بە-رۆژ سیستەمە زیاتر بەتایبەتدەکرێت. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی دەرگا بۆ پێشکەشکردنی ماستەر و دکتۆرا دوای چەند ساڵێک بە ‘گەورەترین تواناسازی’ ناوناوە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە لە بنەڕەتەوە شکستخواردوە چونکە گۆڕینێکی پۆڵیسیی گەورەیە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بەخۆڕایی و بۆ خوێندنی بە پارە.
١٥٠ هەزار دینار بەناقانونیی وەردەگیرێت
وەرگرتنی ١٥٠ هەزار دینار لە ١١،٢٤٢ پێشکەشکار بۆ خوێندنی باڵا دژ بە قانونە و پێشێلکردنی مافی ئارەزومەندانی خوێندنی باڵایە. ١٥٠ هەزار دینار لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بۆ زۆر لە موچەخۆران نەک هەر قوڕسە، بەڵکو بۆ هەندێکیان مەحاڵیشە. ئەمە رێگرتنە لەو خوێندکارانەی کە توانای ١٥٠ هەزار دیناریان نییە پێشکەشی بکەن بۆ درێژەدان بە خوێندن. وەرگرتنی بڕێک لە پارە لە پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا داهێنانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە و بەزەحمەت لە قوژبنێکی دونیا ئەگەر بیدۆزیتەوە.
هەڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا
لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری فێرخوازی كورد بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا روویان لە وڵاتانی دەرەوە دەكرد، هەندێ لەوانەش لەسەر ئەركی خۆیان و بەتێچوونی زۆر دەچوونە كۆمەڵێك زانكۆ كە كواڵێتییان نزیكە لەوانەی كوردستان بەتایبەت وڵاتی ئێران و سودان و هەندێ زانكۆی توركیا، جگە لە بەفیڕۆچوونی سەرمایەیەكی زۆری نیشتمانی دووچاری چەندین گرێ و كێشەی هەراسانكردنی نەتەوەیی دەبوونەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم كابینەیە دەرگای وەرگرتنی كردەوە بۆ سنوردانان بۆ ئەو دیاردەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری وەرگرتن و دەرفەتی كێبەركێ ئامادەكاریی باشی بۆ نەكراوە و پرۆسەكە ملكەچی خواست و بڕیاری بازنە بەرتەسكەكانی ناو زانكۆیە پلانەكەی وەزیری خوێندنی باڵا تووشی گرێوگۆڵ و ئاستەنگی زۆر بوەتەوە و هێشتا روون نییە چۆن چارەسەردەكرێن.
لە هەندێک شوێن بڕیاری پێشوەختە دراوە بۆ قبوڵکردنی پێشکەشکاری دڵخوازیان. هەندێک کۆلێژ داوای کورسیی زیاتریان کردوە بێئەوەی پسپۆڕیی پێویستیان هەبێت بۆ گوتنەوەی محازەرەکان و سەرپەرشتیکردنی توێژینە و نامەکان. زانکۆکان تەنها نمرەی پێشکەشکارانیان بۆ وەزارەت ناردوە و وەزارەتیش ناتوانێت لێکۆڵینەوە لە پەڕاوی تاقیکردنەوەکانی توانست بکات چونکە زانکۆکان دەڵێن لە کۆلێژەکان لیژنەی پێداچونەوەی خوێندنی باڵا کردویەتی. لیژنەی دانانی پرسیارەکانی توانست لە خودی بەشەکان بونە، کە هەندێک کەس هاوکارییان کراوە.
هەندێك لە شارەزایان لە میانەی گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەت ئۆباڵی ئەمە دەخەنە ئەستۆی وەزارەت خۆی كە بەبێ زامنكردنی لانیكەمی عەدالەت و شەفافیەتی ئامادەكارییەكان، پرۆسەیەكی وەها گەورەی دەستپێكردووە و سپاردوویەتی بە بەش و كۆلێژەكان كە پڕن لە كێشە و گرفت، دەكرا خوێندنی باڵا چاو لە وەزارەتی پەروەردە بكات كە لەدوای راپەڕینەوە بە ساڵانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییشەوە پرۆسەی بەكالۆریای ئامادەیی بە شێوەیەكی ناوەندیی بە كەمترین ناڕەزایی بەڕێوەبردووە و ئەنجامەكانیش هەمیشە لە كات و وادەی خۆیدا راگەیەنراوە، ئەم ئامادەكاریینەكردنەی وەزارەتیش وەهای كردووە “گەورەترین پرۆسەی تواناسازی نیشتمانی” دووچاری كێشەو كورتهێنان و گومان و رەخنە و تانەدان ببێتەوە.