رای کوردستان تایمز لەسەر کابینەکەی مەسڕور بارزانی

7253
0
بەشکردن:

سەروتار، کوردستان تایمز

هەشت مانگ لەمەوبەر، مەسڕور بارزانی پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئامۆزا و زاواکەی، نێچیرڤان بارزانی، وەرگرت. مەسڕور بارزانی تەنها دوای ١٠٠ رۆژ تێپەڕبون بەسەر کابینەکەیدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە حوکمڕانیی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستانی لە قۆناغێکەوە گواستۆتەوە بۆ قۆناغێکی تر، هەر بۆیەش زیاتر بە “حکومەتی من” بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو دەتوانێت ٢٠ ساڵی رابردوی ئیدارەکانی نێچیرڤان بارزانیی پڕ لە گەندەڵیی و فەوزا تێبپەڕێنێت. ئایا بە راستیی مەسڕور بارزانی توانیویەتی قۆناغێکی نوێ بەراورد بە قۆناغی نێچیرڤان بارزانیی دەستپێبکات؟

نکۆڵی لەوە ناکرێت نێچیرڤان بارزانی حکومەتی قەیراناویی بۆ مەسڕور بارزانی جێهێشت، بۆیە؛ ئەرکی مەسڕور بارزانی قوڕس بو و قوڕسە، ناکرێت بەڕەهایی حوکم لەسەر هەشت مانگ بدەین کە هێشتا چواریەکی ئیدارەکەی تێنەپەڕاندوە، بەڵام مەسڕور بارزانی تەنها بە سێ مانگ پێیوابو قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانیی دەستپێکردوە، کۆمەڵێک لە جوڵە و کارەکانیشی بە دەستپێکی ئەو “قۆناغە مێژویییەی سەردەمی مەسڕور بارزانی” پێناسەکردوە.
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی خۆشحاڵیی خەڵکی کوردستان بە دەستاودەستکردنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت لەنێوان دو ئامۆزا لە یەک حیزبی سیاسیی کە بەدرێژایی سێ دەیەی رابردو حکومڕانی هەرێمی کوردستانی عێراقن، شکستی سیاسەتەکانی نێچیرڤان بارزانیی بو، بەتایبەت سیاسەتەکانی نەوت و گاز، بەسەربەخۆ هەناردەکردنی نەوت و تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد. دواتریش پڕۆژەی پاشەکەوتکردنی موچە هەم خەڵکی بەتەواوی هیلاککرد، هەمیش خەڵک بەتەواوی لە نێچیرڤان بارزانیی و ئیدارەکەی بێزار بون، بە پارتییەکانیشەوە. هەروەها باوکی مەسڕور بارزانییش، مەسعود بارزانی، کە لە ٢٠١٧ دەستیلەکارکێشایەوە، کوردستانێکی پڕ قەیرانی بەجێهێشت. پەیوەندییەکانی بەتەواوی لەگەڵ بەغداد بە بنبەست گەیاندن کاتێک ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدا. ئەمە وای کرد، سەرەڕای تێبینیی زۆر لەسەر کەسایەتیی مەسڕور بارزانی کە کەسایەتییەکی وشک، عەسکەرتار، نادیموکراتیک، توڕە ئیستیخباراتیی هەیە، بەڵام، بەتایبەتییش پارتییەکان، خۆشحاڵ بون بە گۆڕانکارییەکە. پارتییەکان پێیانوایە و پێیانوابو ئەو جۆرە کەسایەتییەی “جەنابی برا گەورە” یارمەتیدەر دەبێت بۆ لێدان لە گەندەڵکاران کە لە سێ دەیەی رابردودا دروستبون و کوردستانیان وێران کرد. بەشێک لە راستیی لەو بۆچونانەدا هەیە چونکە گەندەڵکاران لەناو حوکمڕانیی و هەرێمی کوردستاندا، کەسانی خوارەوە نین، بەڵکو کەسانی هەرە باڵا و بزنسمان و کۆمپانیای پیاوانی دەستەڵتدارن، بۆیە لێدان لەو کەسایەتییانە، پێویستییانە بە کەسایەتییەکی رەق و پلەباڵاتر هەیە، بێگومان لە غیابی پارلەمان و حوکمی قانون و دیموکراسییدا. بانگەشەکانی پارتییەکان و مەسڕور بارزانی زۆر بەهێز بون، زۆرێکیش لە دژبەرانی دوێنێی بارزانیی کەوتنە پێداهەڵگوتن بە باڵای کابینەی نوێ و بارزانی، تەنانەت خەڵکیش -تا ئێستاش- چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیە کە هیوای مردویان کەمێک زیندوبکاتەوە.
بەڵام واقیعی ئیدارەی هەشت مانگی رابردوی مەسڕور بارزانی پێچەوانەی خۆشباوەڕیی پارتییەکان و بانگەشەکانی بارزانی و رێککەوتنەکانی گۆڕان-پارتیی و ساویلکەیی یەکێتییەکان لە بەرانبەر کابینەی نوێ وێنەی جیاوازمان نیشاندەدەن. بارزانی خۆی ئیعتیراف بە هەبونی مافیا دەکات، کەچی دەستەوەستانە بەرانبەریان.
لە کارنامەی کابینەی نوێوە دەستپێدەکەین. کابینەکەی بارزانی کابینەیەکە کە سێ لایەنی سەرەکیی تێیدا بەشدارن؛ یەکێتی، پارتی و گۆڕان. واتا حکومەتێکی ئیئتیلافییە. ئەو حکومەتە هێندەی بۆ ئیحتیواکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بو، هەروەک چۆن سەرکەوتوانە بارزانی ئیحتیوای کرد، بۆ هاوبەشیکردن/پارڤەکردنی دەستەڵاتدارێتیی نەبو. هاوپەیمانێتیی یەکێتیی و پارتیی، هاوپەیمانێتییەکی قەیراناوییە، بەڵام هەمیشە بە هاوپەیمان دەمێننەوە چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی هەنوکەیی لە بەرژەوەندییەکانی هەردولا دەدرێت، بۆیە بەهێزبون و مانەوەی ئەو هێزە پەیوەستە بە هاوپەیمانێتیی نێوانیانەوە. هەرچەندە یەکێتی و پارتی دژ-بە-یەک بن و یەکتر بە خیانەتکار تەماشابکەن، بەڵام ئەو دوانە دەزانن دەبێت بەیەکەوە بمێننەوە چونکە سەرچاوە ئاسانەکانی بەدەستهێنانی دارایی برابەش کراون لەنێوانیاندا. ئەوەی کەوتە ناو گەمەکە، یاخود ویستی خۆی بخاتە ناو گەمەکەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بو. گۆڕان نە توانی ببێتە بەشێکی جدیی لەو برابەشییە، نە توانیشی ببێتە هاوبەشێک لە حکومەتە ئیئتیلافییەکەدا. بەڵام گۆڕان ناتوانێت پاشەکشە بکا، ناشتوانێت ویستەکانی بەدەستبێنێت، بۆیە بەوەندە بەشە رازیدەبێت و لەوانەیە لە کۆتایییەکانی کابینەکە کەمێک گوتاری بگۆڕێت. سەرەتای هەستپێکردنی گۆڕان و یەکێتیی لەلایەن مەسڕور بارزانییەوە دەستیپێکردوە، هەربۆیە گۆڕان لە وتارەکانی هەفتانەیان و هەندێک بەرپرس و ئەندام پارلەمان، ئاماژەی قوڵی نیگەرانییەکانیان لە بارزانیی نیشاندەدەن.

جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵه‌بانى به ‌شێوه‌یه‌كى نافه‌رمیى ده‌ستبه‌ردارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بوه‌، هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ستافى نوێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رۆژ-دواى-رۆژ لاواز ده‌بێت. گرینگی پێدان و ده‌وامكردنى ڕۆژانه‌ى وه‌كو جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ باڵه‌خانه‌ى ئه‌نجومه‌ن كه‌مبۆته‌وه‌. قوباد تاڵه‌بانى تازه‌ گه‌یشتۆته‌ قه‌ناعه‌تێك كه‌ نه‌ده‌بوایه‌ له‌ كابینه‌ى نوێ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌رگرێت، هه‌ربۆیه‌ش له‌ ئێستاشدا هه‌وڵه‌كانى به‌و ئاراسته‌یه‌ پێگه‌ى خۆى له‌نێو حزبه‌كه‌یدا به‌هێزبكات و له‌ حكومه‌ت بێته‌ ده‌ره‌وه‌.
ئه‌گه‌رێكى به‌هێز‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتودا، یاخود له‌ دواى دو ساڵ تێپه‌ربون به‌سه‌ر ته‌مه‌نى كابینه‌ى نوێه‌مدا، شوێنه‌كه‌ى چۆڵ بكات و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌شبكات، یاخود وەک جێگری سەرۆکی هەرێم لە سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم دەستبەکاربکات بەوپێیەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیی بەباشی ماونەتەوە.

کارنامەی کابینەی نوێ کارنامەی مەسڕور بارزانییە، هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتیی و گۆڕانەوە نییە سەرەڕای رێککەوتنەکانیان. بۆ نمونە، مەسڕور بارزانی لە ١٧ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بڕی ٤٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ چەند سێکتەرێک راگەیاند. جێگرەکەی، قوباد تاڵەبانی، وەک ئێمە لە تویتەر بینی.
مەسڕور بارزانی لە کارنامەی تایبەتیی خۆیدا، هەرچەندە ئاشکراینەکردوە، بەفیعلیی ئەوەی جێبەجێکردوە کە خۆی دەیەوێت، هەر بۆیەشە، هەمو دەستەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی لە بن دەستی خۆی کۆکردونەتەوە. مەسڕور بارزانی نە پێگەیەک بۆ جێگرەکەی دادەنێت، نە بۆ وەزارەتەکانیش. ئێستا هەر پڕۆژەیەک لە وەزارەتەکان دەربچێت، سەرەتا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەڕوات و دەبێت لیژنەکەی بارزانی بڕیاربدات. وەزارەتی پلاندانان، ئاگاداری هیچ پلانێکی ئەنجومەنی وەزیران نییە.
لەناو کابینەکەی مەسڕور بارزانییدا، هاوبەشیکردنی دەستەڵات نییە، هەر بۆیە نە گۆڕان و نە یەکێتییش ئاسودە نین بە کارکردن لەگەڵ بارزانیی. ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە قوباد تاڵەبانی ئێستا کەمتر لە ئەنجومەنی وەزیران دەوام دەکات.
بارزانی دەیەوێت تاکڕەوانە سیاسەتەکانی جێبەجێبکات، لەوەشدا پشئەستورە بە چەند یارمەتیدەرێک:
مەسعود بارزانی؛ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە و لەناو پارتییەکان و بنەماڵەی بارزانییش رێزلێگیراوترین و بەهێزترین کەسایەتییە. هەر خۆشی بڕیارەکانی پارتیی و پەیوەست بە بەغداد و پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دروستدەکات. ئەو راستە پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی جێهێشتوە، بەڵام هەروەک سەرۆکی هەرێم مامەڵە دەکات. بارزانی بەتەواوی هێزیەوە لەپشتی کوڕەکەیەتی.
پارلەمان؛ پارلەمانی کوردستان سەرۆکەکەی یەکێتییە، بەڵام جێگرەکەی و سکرتێرەکەی پارتیین. پارتییش زۆر ئاسان دەتوانێت ٥٠+١ دروستبکات. کەواتە بارزانی هیچ حیسابێک بۆ پارلەمان ناکات. هەر قانونێکیشی بوێت دەتوانێت دەربازی بکات.
لاوازیی ئۆپۆزسیۆن؛ پێشتر گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو دەیانتوانی پێکەوە کاربکەن و شەقام تا رادەیەک بجوڵێنن، ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە چ بە هۆی لاوازیی پێگەیان لە پارلەمان -گۆڕانیش بەشێکە لە حکومەت-، چ ئەوەی کۆمەڵ و یەکگرتو و نەوەی نوێ ناتوانن بەیەکەوە کاربکەن. کۆمەڵ و یەکگرتوش وەک فراکسیۆن دەنگهەڵدەبڕن و وەک حیزب و سەرکردایەتییش هەڵوێستەکانیان پێشکەشی پارتیی دەکەن.
یەکێتی؛ یەکێتی نە خاوەنی روئیایە، نە سیاسەتێکی جێگیری هەیە. پارتی ئاسان دەتوانێت یاریی لەگەڵ بکات.
هەر بۆیە، ئەو سێ خالانەی سەرەوە دەکرا ببن بە ھاوکارێکی باش بۆ گۆرانکاری و چاکسازی لە حکومەت دا بەلام بە پێچەوانەوە تەنھابووە بە ھاوکارێک بۆ جێگیر بوونی دەسەلاتی تاک رەوی مەسرور بارزانی.
بۆ نمونە، کاتێک ویستی پارێزگاری هەولێر بگۆڕێت، هەر خۆی بڕیاری دا کە قانونی پارێزگاکان هەمواربکرێتەوە، بەمە لێدانێکی گەورە بو لە دیموکراسیی چونکە پێشتر کاندید بۆ پارێزگار دەبوایە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بوایە، بەڵام بارزانی ئەمەی گۆڕی بۆ ئەوەی فەرسەت سۆفیی بکاتە پارێزگاری هەولێر.
بارزانی راستە لە بەرانبەر هەندێک کەس و کۆمپانیا توندە، بەڵام توندییەکەی و جورئەتەکەی هیچ نرخێکی نامێنێت کاتێک پڕۆژەیەک لە کۆمپانیایەک دەسەنێتەوە بە بیانوی گەندەڵیی و دەیداتەوە کۆمپانیایەکی نزیک خۆی. بارزانی پێویستە بە چاوێکی یەکسان تەماشای هەمو کۆمپانیاکان بکات و ئەگەر بازاڕ ئازادە، دەبێت ئازادییەکە بۆ هەموان وەک یەک فەراهەم بێت. یاخود، لەبری دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، بارزانی گەندەڵکارێکی وەک رەشید تاهیری لە زیندان ئازاد کرد.
لەناو کابینەکانی پێشوتری حکومەتی هەرێمدا کۆمەڵێک کێشەی زۆر بنەڕەتیی هەبونە و پێویستییان بە گۆڕانکاریی و ریفۆرمی ریشەیییە، ئەو کێشانە ئێستاش بەخراپتر هەن. کێشەی دو-ئیدارەیی، دو-میلیشیایی، دو-ئاساییشی، کەمیی خزمەتگوزاریی، گەندەڵیی، نەبونی ژێرخان، ناشەفافییەت، نەبونی پۆڵیسی، نەبونی سیاسەتی نیشتیمانیی بۆ پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد، وڵاتانی دەرەوە و دونیا، کێشەی تەندروستیی، پەروەردە، کشتوکاڵ، دارایی، هتد… هەمو ئەو کێشانە لە کابینەکەی مەسڕور بارزانیی بەخراپتر هەن.

راستە پارتیی دیمکوراتیی کوردستان حیزبێکی کۆنزەرڤاتیڤە و سیاسەتە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی پێشکەوتوخوازانە نین، بەڵام مەسڕور بارزانیی دەبوایە لە هەڵەکانی کابینەکانی پێشوتر فێرببێت کە ناکرێت کەرتی گشتیی هەر رۆژ زیاتر بکرێتە تایبەت. کەچی مەسڕور بارزانی تەنانەت بێدەنگیش بو لە بەرانبەر ئەوەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بکرێتە سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر بێئەوەی هیچ تایبەتمەندیێکی هەبێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زانکۆی کوردستان تایبەتە و ناکرێت نێچیرڤان بارزانی دوای جێهێشتنی سەرۆکایەتیی حکومەت وەک موڵکی کەسیی خۆی تەماشایبکات.
ئەوەی کێشەیە لێرەدا، بارزانی هیچ ستراتیژێکی بۆ چاکسازیی لەو بوارانەدا نییە، چاکسازییش لای ئەو و کابینەکەی لێدانە لە ھێزوپێگەی ئامۆزاکەی لە ژێر ناوی چاکسازی و گۆرانکاری ھەروەھا چاکسازی لە شتە بچوکەکان. هەروەها، ئەو چاکسازی بەوە تێگەیشتوە کە هەمو ئەوانیدی لەپێش خۆیی و لە ئێستادا، گەندەڵن و جێی متمانە نین، بۆیە دەبێت تەواوی کاروبارەکان خۆی یان لەڕێی کەسانی نزیکی خۆیەوە راییبکرێن بۆ سەرکەوتن بەسەر گیروگرفتەکاندا. بارزانی ئەوە لەبیردەکات کە بۆ سەرکەوتن، ئەو پێویستی بە متمانە دروستکردنەوە هەیە لەگەڵ وەزارەتەکان و بەشکردنی دەستەلاتی ئیداریی و دارایییشە لەگەڵ پارێزگاکان.
هەر بۆ نمونە، حکومەتی هەرێم کێشەیەکی دارایی و ئابوریی قوڵی هەیە، کەچی لە کابینەکەی بارزانییدا، تەنانەت کەسێکی تێدا نییە پسپۆڕییەکی سەرەتاییشی هەبێ لە دارایی و ئابوریی. یاریدەدەری بارزانییش بۆ کاروباری دارایی و ئابوریی، دیسان کەسێکی بێ ئەزمونی دارایی و ئابورییە.

یەکێک لە کێشە قوڵەکانی سیستەمی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵک و شەفافییەت و حوکمڕانیی چاکەوە، رێکخستنی بودجەیە بە شێوازێکی شەفافانە. هەروەها، داڕشتن و تێپەڕاندنی بودجەیە لەڕێی پارلەمانەوە. بەدرێژایی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، تەنها چەند ساڵێکی کەم بودجە نێردراوەتە پارلەمان، هەربۆیە رێگەخۆشکراوە بۆ گەندەڵیی گەورە. چاوەڕواندەکرا مەسڕور بارزانی وەک یەکەم هەنگاوی چاکسازی بودجە رەوانەی پارلەمان بکات، بەڵام ئەویش نەیتوانی بودجە رەوانەی پارلەمان بکات. بێ ناردنی بودجە بۆ پارلەمان و چالاککردنی دامەزراوەکانی بنبڕکردنی گەندەڵیی و فەراهەمکردنی شەفافییەت، بۆ نمونە چالاککردنی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە، چاکسازییکردن مەحاڵە. کەچی نە بودجە رەوانکراوە و نە ئەو دو دەزگایە گرنگەش چالاکن، تەنانەت ماوەی قانونیی هەردو دەزگاکەش بەسەرچوە و کەوتونەتە بۆشایی قانونیی.

قانونی ناسراو بە قانونی چاکسازیی، هەم مشتومڕێکی گەورەی دروستکرد، هەمیش بانگەشەیەکی گەورە بو بۆ کابینەکەی مەسڕور بارزانی. بەڵام ئەو قانونە نەیتوانی رازیکەر بێت، هەربۆیەشە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ئیمزاکردنی قانونەکەدا حکومەتی راسپارد کە لە ماوەیەکی تر کار لەسەر قانونی خانەنشینیی یەکگرتو بکات.

سەرەڕای ئەوەی هەموان چاوەڕوانییان هەبو کە مەسڕور بارزانیی ئازادییەکان و دیموکراسیی سنوردارتر بکات بە هۆی خراپیی ریکۆردەکەی لەو بوارە، بەڵام چاوەڕوانیشدەکرا هەوڵێک بدات زیاتر بکرێتەوە و زیاتر باسی دیموکراسیی و مافی ژنان و ئازادیی رۆژنامەوانیی بکات. بەڵام کابینەکەی ئازادییەکانی سنوردار کردنەوە، بۆ نمونە، وەزارەتی رۆشنبیریی بڕیاریداوە سیمبۆلە نەتەوەییەکان پیرۆز بن. وەزیری ناوخۆ دەڵێت میدیا رێکدەخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ.
سەرەڕای هەمو تێبینییەکان لەسەر کابینەیە مەسڕور بارزانیی، ئەو دەتوانێت جۆرێکی تر حوکمڕانیی پێشکەشبکات بە رەچاوکردنی ئەو رەخنانەی سەرەوە و رەخنەکانی خەڵکانی تریش، لە هەموشی گرنگتر، چاکسازیی پڕۆسەیەکی گشتگیر و سەرتاپایییە، ئەگەر بیەوێت چاکسازیی ئەنجامی گەورە بەدەستبێنێت و پشتیوانیی خەڵک و میدیای هەبێت، دەبێت لە خۆیی و حیزبەکەیەوە دەستپێبکات.

بەشکردن: