دین و دیموکراسی: ئایا ئیسلام دژی دیموکراسییە؟

بەشکردن:

نەوشیروان حوسێن سەعید

لە پرسی دین و دیموکراسیدا، تێڕوانینێک هەیە کە کە پێیوایە مەزهەبی پرۆتستانت هانی دیموکراسی دەدات، بەڵام مەزهەبی کاثۆلیک و ئۆرثۆدۆکس و ئاینی ئیسلام و بودایی دژی دیموکراسین. بەپێی ئەم تێڕوانینە، جەختکردنەوەی مەزهەبی پرۆتستانت لەسەر بەرپرسیارێتی تاکەکەسی، دەرکەوتنی بەها دیموکراتییەکانی لە باکوری ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا بەهێزترکرد. هەندێکی دیکە، هۆکارەکە دەبەستنەوە بە چالاکییە تەبشیرییەکانی پرۆتێستانتەکان لە سەردەمی کۆلۆنۆڵیالیزم کە هانی خەڵکیان دەدا کتێبە پیرۆزەکان بە زمانی خۆیان بخوێننەوە. ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری لەناو خەڵک و بەدیهێنانی یەکسانییەکی زیاتر لە ناو کۆمەڵگەدا.

لە بەرانبەردا، هەندێک سکۆلار هۆکاری ناتەبایی مەزهەبی کاثۆلیک و دیموکراسی دەبەستنەوە بەوەی کە ئەو مەزهەبە  پێداگری لەسەر بوونی یەک کەنیسە و یەک حەقیقەت دەکاتەوە، لەکاتێکدا قبوڵکردنی بەرانبەر یەکێکە لە سیما دیارەکانی دیموکراسی. خاڵێکی دیکە بریتییە لە پشتگیری کەنیسەی کاثۆلیک بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ڕابردوودا. بۆ نموونە، کەنیسەی کاثۆلیک بە تەواوەتی پشتگیری فاشیزمی مۆسۆلینی لە ئیتالیا و دیکتاتۆری فرانکۆ لە ئیسپانیا بوو، ئەمە جگە لە پشتگیری بۆ دیکتاتۆرەکانی ئەمریکای باشور و ئاسیا.

ڕایەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئاینی ئیسلام و بودایی زیاتر لە مەزهەبی کاثۆلیک، دژە دیموکراسین. ڕەنگە ساموێل هینتینگتۆن دیارترین بانگەشەکار و داکۆکیکاری ئەم تێڕوانینە بێت. بە بڕوای هینتینگتۆن ئێمە لە سەردەمی پێکدادانی شارستانیەتەکاندا دەژین. ئەو پێیوایە کە چەمکەکانی ڕۆژئاوا جیاوازییەکی ڕیشەییان هەیە لە گەڵ چەمکە باوەکانی شارستانیەتەکانی دیکە، چونکە ئایدیاکانی وەکو تاکگەرایی، لیبراڵیزم، مافی مرۆڤ، یەکسانی، ئازادی، سەروەری یاسا، دیموکراسی، بازاڕی ئازاد، جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت بە گشتی دەنگدانەوەی کەمیان لەناو ئیسلام و کۆنفۆشیۆسیزم و شارستانیەت و کلتوری یابانی هیندی و بودی و ئۆرثۆدۆکسدا هەیە.

بەڵام ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە سەبارەت بە ناتەبایی دیموکراسی و دین بە گشتی و ئیسلام بەتایبەتی، چەند گرفتێکی هەیە:

یەکەم: ئەو ئارگیومێنتانە، زیاتر پشت بە سەردەمێکی دیاریکراو دەبەستن. بۆ نموونە، ئەو تێڕوانینانەی کە گوایە پرۆتستانت زیاتر لە کاثۆلیک لەگەڵ دیموکراسیدا دەگونجێ، زیاتر لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە ئەو وڵاتانەی زۆرینەی خەڵکەکەی پرۆتستانت بوون دیموکراسی بوون، بەپێچەوانەی وڵاتانی زۆرینە کاثۆلیک کە نادیموکراسی  بوون. واتە ئەو تیۆر و تێڕوانینانە لە  پاش تەماشاکردنی واقیعی سیاسی وڵاتانەوە سەرچاوەی گرتووە.  بە مانایەکی دیکە، کاتێک بینیویانە زۆرینەی وڵاتانی کاثۆلیک یان بودی یان موسوڵمان، نادیموکراسین، ئیتر ئەوەیان بەستۆتەوە بە خودی دین و مەزهەبەکەوە.

بەڵام دادگاییکردنی دین و مەزهەبێک لەسەر بنەمای سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویی، دوو گرفتی سەرەکی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە  دین تەنها فاکتەرێکە، لەکاتێکدا چەندین فاکتەری دیکە ڕۆڵیان هەیە لەوەی وڵاتێک بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێ یان بە دیموکراسی بمێنێتەوە. دووەم، واقیعی سیاسی قابیلی گۆڕانە، ئەو تێڕوانینەی کە کاثۆلیک و دیکتاتۆریەتی پێکەوە دەبەستەوە، چی دیکە ڕاست نییە، بەتایبەتی پاش ئەوەی  کەنیسەی کاثۆلیکی ڕۆڵێکی گرنگی گێرا لە پرۆسەی گۆڕانکاری بەرەو دیموکراسی لە  وڵاتانی وەکو شیلی و پاراگوای و فلیپین و پۆڵەندا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم.

سەبارەت بە ئیسلامیش، بۆچی ناکرێت هەروەکو چۆن وڵاتانی زۆرینە کاثۆلیک وردە-وردە بەرەو دیموکراسی چوون، هەمان پرۆسە لە وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانیش ڕووبدات، بەتایبەتی کە ئاماژەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن؟ بۆ نموونە، تونس تا ساڵی ٢٠١١ یەکێک بوو لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان، کەچی ئێستا بە وڵاتێکی دیموکراسی دادەنرێ. خۆ ئەگەر بە هۆی چەندین فاکتەری ناوخۆی و دەرەکییەوە بەهاری عەرەبی لەبار نەبرایە، دەکرا میسر و لیبیا و سوریاش ئێستا وەکو تونس بونایە. جگە لەوەش، شارسانیەتی ڕۆژئاوا هەمیشە تەبا نەبووە لەگەڵ دیموکراسی، بڵاوبوونەوەی فاشیزم و نازیزم لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم ودووەم لە ئەوروپا، ئەوەمان پێدەڵێت کە ناکرێت لەسەر زەمەنێکی دیاریکراو حوکم بدەین. کەواتە، پەیوەندییەکی سەبەبی ڕاستەوخۆ لە نێوان دین و دیموکراسیدا نییە.

دووەم: لێکۆڵەرانی ئەم بوارە باس لەوە دەکەن کە بەنزیکەیی لە هەر ئاینێکدا چەند بنەمایەک هەیە کە لەگەڵ دیموکراسیدا دەگونجێ و چەند بنەمایەکی دیکەش لەگەڵیدا ناگونجێ. ئەمە تەنانەت بۆ مەزهەبی پرۆتستانتیش ڕاستە. کەواتە وێناکردنی دین و مەزهەبێک بە دۆستی دیموکراسی و دین و مەزهەبێکی دیکە بە دژە دیموکراسی، لە باشترین حاڵەتدا وێناکردنێکی ناتەواوە، ئەگەر نەڵێین هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی پێشوەختە.

سێیەم: لە ناوەندی ئەکادیمیدا، ڕای زاڵ و باو ئەوەیە کە ناسنامە و کلتور شتێکە کە گۆڕانی بەسەردا دێت، دەتوانرێت دابهێنرێت و دروستبکرێت نەک ئەوەی کە لە یەک دۆخی چەقبەستودا بمێنێتەوە و بواری گۆڕانکاری تێدا نەبێت. واتە، ناکرێت دین و شارستانیەتیێک وا ببینین کە لەگەڵ دیموکراسی ناتەبایە و بۆ هەمیشەش هەر بەو جۆرە دەمێنێتەوە.

چوارەم: لەبەرئەوەی دەقە دینییەکان بەگشتی زیاتر لە یەک ڕاڤە و لێکدانەوە و تێگەیشتن هەڵدەگرن، بۆیە  دەتوانرێ لەگەڵ زۆر سیستەمی حکومڕانیدا بگونجێنرێت، هەر لە تاکڕەوی و دیکتاتۆری و پاشایەتییەوە تا کۆماری و دیموکراسی. ئەمە نەک بۆ ئیسلام، بۆ دینەکانی تریش ڕاستە، ئەگەرنا، بۆچی هەندێک لە کۆمەڵگە کۆنفۆشیۆسییەکان دیموکراسین، وەکو یابان وکۆریا باشور و تایوان، هەندێکیان نیمچە دیکتاتۆرین وەکو سەنگاپورە، هەندێکی دیکەیان دیکتاتۆرین وەکو بۆرما و چین و کۆریای باکور؟

پێنجەم: هەڵوێستی دین بەرانبەر دامودەزگا سیاسییەکان کەمتر پشت بە ناوەڕۆک و دەقەکانی دینەکە دەبەستێت، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندی ڕێبەر و سەرکردە دینییەکانەوە هەیە. بە مانایەکی دیکە، دید و تیروانینی دەستەبژێری دینی بۆ واقیع و سیاسەت و دەسەڵات شتێکە و خودی دینەکە کە خۆی لە دەقەکانیدا دەبینێتەوە، شتێکی دیکە.

شەشەم: لە ڕووی سیاسییەوە، بەگشتی بەدرێژایی مێژووی ئیسلام ئەوە دەستەبژێری سیاسی بوون حوکمیان کردووە، نەک سەرکردە دینییەکان. ڕەنگە ئەزموونی ئاخوندەکانی ئێران و ئەڤغانستانی سەردەمی تالیبان دوو نموونەی جیا بن لەمڕووەوە. لەم سەردەمەشدا، هەزاران موسوڵمان بەبێ گرفت لە سایەی دەوڵەتە دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا دەژین. جگە لەوەش، چەند وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمان هەیە کە بە وڵاتی دیموکراسی دادەنرێن، وەکو ئەلبانیا و ئەندۆنیسیا و مالی و نایجیر و سەنیگال و تورکیا (سەرەڕای هەموو سەرنجەکان) و تونس. ئەمە جگە لە داواکاری هەزاران و ملیۆنان موسوڵمانی دیکە بۆ بەدیهێنانی حکومڕانییەکی دیموکراسیانە و کۆتایهێنان بە تاکڕەوی  ستەمکاری و دیکتاتۆریەت.

حەوتەم: قورئان جەخت لەسەر بنەمای ‘شورا- ڕاوێژ’ دەکاتەوە. تەنانەت خودی پێغەمبەریش لە مەسەلە دونیایییەکاندا پابەند بووە بە بنەمای ڕاوێژەوە. موسوڵمانانیاش داوایان لێکراوە لە نێو خۆیاندا پرس و ڕاوێژ بە یەکتر بکەن. ئەم بنەمایە دەکرێت وەکو بنچینەیەکی گرنگ لێیبڕوانرێت بۆ تەبایی ئیسلام لەگەڵ دیموکراسی، چونکە نزیکییەکی زۆری هەیە لەگەڵ هەڵبژاردن و پەرلەمانی ئەم سەردەمە. تەنانەت کەسێکی وەکو راشد الغنوشی، ئیسلام و دیموکراسی لە ڕوانگەی هەردوو بنەمای تەوافوق و شوراوە وەکو ‘دوانە’یەک دەبینێت . غەنوشی و هاوڕاکانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکرێت ئیسلام وا وێنا بکرێت وەکو ئەوەی دژی حوکمی گەل بێت، چونکە ئەوە دیکتاتۆری و تاکڕەوی و خۆسەپاندنە کە لەمپەر و ڕێگرە لەبەردەم ئیسلامدا، نەک ئازادی. جگە لەوەش، بەڕای هەندێک سکۆلاری ڕۆژئاوا، دەکرێت چەند بنەمایەکی وەکو (ئیجماع و ئیجتیهاد و مەسڵەحەت) لە ئوسوڵی فیقهدا، وەکو فۆرمێکی ئیسلامی تەماشابکرێت لە بەرانبەر حکومڕانیی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی.

هەشتەم: هەندێ ڕەخنەگری موسوڵمان کرۆکی دژایەتی ئیسلام و دیموکراسی لەوەدا دەبینن کە لە ئیسلامدا، خوا سەرچاوەی یاساکانە، لە کاتێکدا دیموکراسی یانی حوکمی گەل. ئەمە ڕەخنەیە لە فەلسەفەی دیموکراسی، بەڵام گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان دیموکراسی وەکو فەلسەفە و دیموکراسی وەکو میکانیزمی حکومڕانی. یان دەوترێت کە دیموکراسی و عەلمانیەت دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، بەڵام لە تیۆری دیموکراسیدا، مەرجێک بونی نییە کە دەوڵەت دەبێت هەر عەلمانی بێت. ڕاستە لەم سەردەمەدا زۆرینەی دەوڵەتە دیموکراتەکان لە هەمان کاتیشدا عەلمانین، بەڵام عەلمانیبوون بژاردەیە نەک ئەوەی لە خودی خۆیدا مەرجێکی سەرەکی تیۆری دیموکراسی بێت.

نۆیەم:  دەکرێت پەیمانی مەدینە وەکو یەکەمین دەستوری مەدەنی لە مێژووی ئیسلامدا، بە کۆنترین و بەهێزترین بەڵگەی مێژووی دابنرێت بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە خودی پێغەمبەر شەرعیەتی لە خەڵکی مەدینەوە وەرگرتووە، بە موسوڵمان و جولەکە و گروپەکانی دیکەوە، نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن خواوە دیاریکرابێ. واتە مەدینە وەکو دەوڵەتێکی تەوافوقی ئەم سەردەمە وابووە کە پێغەمبەر بە ڕەزامەندی هەموو لایەک بووەتە سەرۆکی.

بە زاراوەی ئەمڕۆ، پەیمانی مەدینە وەکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی وابووە کە تیایدا هەموو لایەک لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتوون، پێغەمبەریش بەشێوەیەکی دیموکراتیانەی دوور لە تاکڕەوی و ستەمکاری و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت مەدینەی بەڕێوە بردووە. لە دەستوری مەدینەدا، بنەماکانی فرەیی و یەکسانی و شەرعیەت و ڕەزامەندی بەڕوونی دەردەکەوێ کە تەواو تەبایە لەگەڵ سیما سەرەکییەکانی دیموکراسی لەم سەردەمەدا.

شایانی باسە، لە سەدەی ٧ی زاینیدا پەیمانی مەدینە نوسراوە، ئەوکاتەی کە ئەوروپا لە سەرەتای چاخە تاریکەکاندا دەژیا. چاخە تاریکەکان یان سەدەکانی ناوەڕاست تایبەتە بە مێژووی ئەوروپا کە هەزار ساڵ بەردەوام بوو. لە سەدەی پێنجی زاینییەوە دەستیپێکرد تا سەدەی پانزەی زاینی. بە مانایەکی دیکە، ئەوکاتەی ئەوروپا لە سەرەتای چاخە تاریکەکانی خۆیدا بوو، دونیای ئیسلام لە ڕێنینسانس و ڕۆشنگەری و بەرەوپێشچووندا بوو. بەڵام دواتر بەهۆی چەندین فاکتەر کە ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە، هاوکێشەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات تا ئەوەی کە کار گەیشتووە بەوەی بە گومانەوە باسی ئەوە بکرێت کە داخوا دەکرێت ئیسلام و دیموکراسی پێکەوە بگونجێت!

پەیمانی مەدینە ساڵی ٦٢٢ی زاینی نوسراوە، ئێستا ساڵی ٢٠٢٠ە. واتە پێش ١٣٩٨ ساڵ ئەو پەیمانە لە شێوەی دەستورێکدا نوسراوە کە بۆ سەردەمی خۆی بێوێنە بووە. کەواتە ئەگەر نزیکەی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا پێغەمبەرێک توانیبێتی دەستورێکی بەوجۆرە بنووسێ کە شتێکی نامۆ بووە بۆ ئەو سەردەمە و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە، ئەی بۆچی لەم سەردەمەدا شوێنکەوتوانی نەتوانن میکانیزمەکانی دیموکراسی قبوڵبکەن کە بووەتە دیارترین سیمای حکومڕانی لە جیهاندا؟

شایانی باسە، لەناو کورددا، عەبدوڵا ئۆجەلان جیاواز لە هێزە چەپگەرەکانی دیکە و تەنانەت ناسیۆنالیستەکانیش پێیوایە ئیسلام و دیموکراسیی دژ بە یەک نین، هەر بۆیە لە پڕۆسەی ئاشتیی ٢٠١٣-٢٠١٥ داوایکرد کە پەیمانی مەدینە بکرێتە بناغەی ئاشتی لەنێوان کورد و تورکیا، دواتریش لەسەر بنەمای قسەکانی ئۆجەلان، هەدەپە کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی بەست. لەکاتی بانگەشەش بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە بایەخەوە باسی ئەو پەیماننامەی کرد و گوتی ‘پەیمانی مەدینە بەڵگەنامەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی و برایەتی بونیادبنێین، ناتوانین ئەم بەڵگەنامەیە فەرامۆش بکەین.’

دیارە دیموکراسی لەخۆوە بەدینەهاتووە، بەڵکو بەرئەنجامی ئەزمون و گەشەیەکی مێژوویی دوور و درێژە.  ڕەنگە کەسێک بپرسێت: بۆچی دیموکراسی، لەکاتێکدا ڕوونە کە چەندین دیوی تاریک و کەموکوڕی هەیە؟ وەڵامەکە بە کورتی ئەوەیە کە بە بەراورد بە بەدیلەکانی، دیموکراسی تا ئێستاش باشترین شێوازی حکومڕانییە. ناکرێت ئیسلام (وەکو دین) دۆستی دیکتاتۆری و دژی دیموکراسی بێت.

 

بەشکردن: