بەڵگەکانی بوونی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان

بەشکردن:

عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب 

لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد. لەو دەمەوە تاکو ئێستا ئەم یاسایە سێ جار هەموار کراوەتەوە. ئەو شێوە پەسەندکراوەی ئێستا کارایە، بنەما و بوارە یاسایی و ئامانج و ڕوانگە و ئەرکە گشتی و تایبەتەکانی کار و پێکهاتەی وەزارەت و قوتابخانەکان و خوێندنی باخچەی ساوایان تا پۆلی دوازدە لە هەرێمی کوردستان دیار دەکات. ماددەی سێیەمی هەمواری دووەم، ساڵی ٢٠٠٦، ئامانجی وەزارەتی پەروەردە دیار دەکات: (پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێندەوار و هۆشیار و نیشتیمانپەروەر، دەستپێک بە بیرکردنەوەی زانستی و، گۆشکراو بە زانست و مەعریفە و ئاکاری باش و لەخۆگر بۆ دەرهاوێشتەکانی پەرەسەندنی شارستانی و، زانا بە مافەکانی مرۆڤ و، بڕوادار بە سەرەتاکانی دیمۆکراسی و هاووڵاتیبوون و ئەرکەکانی و، تێگەیشتوو بۆ سەربەستی و بەرپرسێتی لە کەمەرەی کۆمەڵگەدا و، فەراهەمکردنی هەلی فێربوون بۆ هەرکەسێک ئارەزوومەند بێ یان پێویستی پێی هەبێت). ئەم یاسایە بە ڕوونی دەستەڵات و بەرپرسیارێتی دەداتە وەزارەتی پەروەردە لە هەمبەر کار و چالاکی و پێداویستیی قوتابخانەکان لە فەراهەمکردنی کادیر و کارمەندی پێویست و ژێرخان و پێداویستییە فێرکارییەکانەوە تا یاسا و ڕێکار و ڕێنمایی و بەرنامەی خوێندن.

لە ساڵی ٢٠١٢ پەرلەمانی کوردستان یاسای قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراقی دەرکرد. لە پەراوێزی ئەم یاسایەدا هاتووە کە هۆکاری پێویستبوونی ئەم یاسایە (لەبەر زێدەبوونی ڕووکردنە دامەزراندنی قوتابخانە و پەیمانگای ناحکومی لە هەرێمدا و بە مەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا لە گشت تەوەرەکاندا و، لە پێناو هاندانی ململانێی زانستی و وەبەرهێنانی نیشتیمانی و بیانی لەم بوارەدا و دابینکردنی دەرفەتی فێرکردن بۆ هەمووان و باشترکردنی ڕۆڵی ئەم قوتابخانە و پەیمانگەیانە لە گەشەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، ئەوا ئەم یاسایە دەرچوێندرا). لە ماددەی دووەمی ئەم یاسایەدا ئامانجەکانی قوتابخانە و پەیمانگای ناحکومی دیار کراون، لەوانە: (ڕەخساندنی بواری نوێی زیاتر بۆ پەروەردە و فێرکردن، وێڕای تواناکانی حکومەت، بە مەبەستی پەرەپێدان و یارمەتیدان و گەیشتن بە ئامانجەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی نیشتیمانی؛ دابین و ئامادەکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی مۆدێرنکردنی پەروەردە و فێرکردن لەڕێگەی پڕۆگرام و ڕێکاری مۆدێرن…گرنگیدان بە فێربوونی زمانە بیانییە زیندووەکان لەپاڵ پڕۆگرامە فێرکارییە بڕیاردراوەکان؛ ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ کێبەرکێ لە بواری پەروەردە و فێرکردن بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاراستەی گەشەپێدانی مرۆیی و داهێنانی زیاتر لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی بەرنامە و سیستەمێکی نوێدا (مۆدێرن)…) ئەم یاسایە وردەکاریی کاری قوتابخانە و پەیمانگا ئەهلییەکان دیار دەکات و چوارچێوەیەکی یاسایییان دەداتێ لەسەر بنەمای ئەو مەرجانەی بۆیان دیار کراوە. بە نموونە، یاساکە چوارچێوەیەکی نیشتیمانی و فەرهەنگی بۆ ناونانی قوتابخانە ئەهلییەکان دادەنێ، داوایان لێ دەکات وردەکاریی کار و سیستەمی بەڕێوەبردن و پێکهاتەی قوتابخانەکان دیار بکەن. هەروەها دەبێت لە بازنەی (پرنسیپەکانی پێکەوەژیانی ئاشتەوایی یان ئاینی یان نەتەوەییی گەلی کوردستان) دەرنەچن. یاساکە بە هەمان شێوە چوارچێوەی بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندن و وەرگرتنی خوێندکار و دامەزراندنی مامۆستا و کارمەندەکان دەکێشێت.

یاسای خوێندنی باڵا و لێکۆڵینەوەی زانستی لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا دەرکرا کە ڕاستەوخۆ بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەسترابوو. لە ماددەی سێیەم و پێنجەمدا ڕێکار و ئەرک و ئامانجەکانی ئەم ئەنجوومەنە باڵایە دیار کراوە: داڕشتنی سیاسەت و پلانی خوێندنی باڵا و لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان، یەکخستنی نەخشەی کار و جێبەجێکردنی پڕۆژە و پڕۆسەکانی سیاسەتی پەروەردەیی و پلاندانان و پەیوەندییە ئەکادێمی و ڕۆشنبیرییەکان و هتد. لەم یاسایەدا پێناسەی دەستگاکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوە دەکرێت و بنەما بیرۆکراسییەکانی دەستگاکان و مەمەڵە و پۆستە کارگێڕی و ئەکادێمییەکان و بەرپرسیارێتییەکانیان دیار دەکرێن. ئەم یاسایە دەرفەتی دابووە ستافی ئەکادێمی لە زانکۆکان کە بتوانن سەرۆکی زانکۆکان، ڕاگری کۆلێژ و سەرۆکی بەشە ئەکادێمییەکان هەڵبژێرن. بەڵام لە هەمواری ساڵی ١٩٩٧دا ئەم دەرفەتە لە مامۆستایان وەرگیراوەتەوە و، بڕیار دراوە کە پۆستەکان لە سەرەوەی هەڕەمی کارگێڕیی خوێندنی باڵاوە دیار بکرێن.

یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ساڵی ٢٠٠٤ دانراوە بۆ جێگرتنەوەی یاسای ساڵی ١٩٩٣. دانەرانی ئەم یاسایە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕیان وا بوو کە بوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگە تا بتوانرێت بە شێوەیەکی تایبەت بەشدار بێت لە پێشخستنی پڕۆسەکانی خوێندنی باڵا و چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوە و پێشڤەچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا پشکی هەبێت. بەپێی ماددەی سێیەم و چوارەمی ئەم یاسایە، (ڕەنگڕشتن و بەکارخستنی سیاسەتی هەرێم لە بواری فێرکردنی باڵا و لێکۆڵینەوەی زانستیدا) و (وەدیهێنانی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە بزاڤی زانستیی خوێندنی باڵا و بەرزکردنەوەیان تا ئاقاری پێویست لە بواری زانستی و هونەری و تەکنەلۆجیدا) لەگەڵ چەندین ئامانجی دیکەی ئیداری و مرۆیی لە ئامانجەکانی وەزارەتن، کە زۆر لە ئامانجەکانی یاسای خوێندنی باڵای ساڵی ١٩٩٣ جودا نین. بەڵام، لە زۆر ڕووەوە، ئەم یاسایە لەوەی ١٩٩٣ زیاتر جەخت لە زیادکردن و توندکردنی ڕێکارە بیرۆکراسییەکان دەکاتەوە، بەمەش دەستەڵاتی کەمتر دراوەتە زانکۆکان و پلەبەندیی زیاتر بۆ بڕیاردان دانراوە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ یاسایەکی دیکە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا پەسەند کرا. بەپێی بۆچوونی یاسادانەران، ئەم یاسایە دانراوە تا پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە (فەلسەفەی خوێندنی باڵا و ستراتیجییەکەی) وەزارەتدا ڕەنگ بداتەوە. هەروەها، گوایە ئەم یاسایە پشتی بە بنەمای (ناسێنتڕالی بۆ دەستگاکانی خوێندنی باڵا لەلایەنی دارایی و کارگێڕییەوە و چڕکردنەوەی لەسەر بەشەکانی زانستی لە زانکۆکان وەکو ناوکی بنچینەیی و…کەمکردنەوەی کەلێن لەنێوان دەستگاکانی خوێندن لە هەرێمدا لەگەڵ زانکۆکانی جیهانی و خۆگونجاندن لەگەڵ پەرەسەندنەکانی جیهانی لە مەیدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لاکردنەوە لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان) بەستووە. لە ماددەی دووەمدا ئامانجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دیار کراون: (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادە کراوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پەسند کراوە). جودا لە یاساکانی پێشتر، لەم یاسایەدا بۆ یەکەمجار (دروستکردنی کەسایەتیی مرۆڤ بە شێوەیەک کە پشت بە بیرکردنەوەی ئازاد و کارکردنی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و گەشەدار) وەک ئامانج لە خوێندنی باڵادا دیار کراوە. هەروەها لەم یاسایەدا (پاراستنی کەلەپوری گەلی کوردستان) و گرنگیدان بە (مێژوو و بەهاکانی کۆمەڵگە) و (ڕۆشنبیریی گشتی و بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتیمانی) و زمانی کوردی بۆ خوێندنی زانستە مرۆیییەکان بوونەتە ئامانج.

بەڵگەنامە و وردەکاریی کۆنفرانس و کۆنگرە پەروەردەیییەکان پڕن لە باسی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی و وردەکارییە یاسایی و ئیدارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و ڕاپۆرت و پێشنیازە گشتی و تایبەتەکان و بڕیارەکان، کە بە هەموویان فەلسەفە و سیاسەت و ڕوانگە و ئەرک و پێکهاتەی دەستگاکانی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمی لە قوتابخانە و پەیمانگاکانی هەرێمدا دیار دەکەن. یەکەم کۆنفرانس لە ساڵی ١٩٩٣ و پاش دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم ڕێک خرا و، دواهەمین کۆنفرانسیش لە ساڵی ٢٠١٥ بوو. لە ئەرکەکانی کۆنفرانسی ساڵی ١٩٩٣ (داڕشتنی نەخشە و پڕۆگرامێکی لەبار و گونجاو بۆ گەشەپێدانی بواری پەروەردە و فێرکردن بە گشتی و پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەکانی کوردستان، قوتابیانی ئەمڕۆ و مامۆستا و ڕۆشنبیرانی داهاتووی گەلەکەمان، بە خووڕەوشتی بەرز و ڕێبازی ڕەسەنی کوردایەتی و زانست و زانینی هاوچەرخ و بنەماکانی ژیانی دیمۆکراتی)ن. کۆنفرانسە پەروەردەیییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە دەمێکدا بەسترا کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئەمنی و ئابووریدا تێدەپەڕی و حکومەتی هەڕێمی کوردستان بە بۆشاییی یاسایی و کێشەی سیاسییەوە گیرۆدە بوو. بەستنی ئەم کۆنگرەیە لەم کاتەدا بۆ سەرکردە سیاسی و پەروەردەیییەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم گرنگ بوو تا جەخت لە کاراییی و تۆکمەییی دەستگاکانی بکەنەوە. لە بەڵگەنامەی (ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی و ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە بۆ داهاتوو) ئاماژە بە فەلسەفە و ئامانجی سیستەمی فێرکاریی هەرێم کراوە: (بەدەستهێنانی زانست و بەها مرۆڤایەتییەکان، وەک بەهاگەلی دیمۆکراتی و ئاشتیخوازی و پیرۆزیی ژیان و یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و جۆرەکانی بەربەستی تاکایەتی و یارمەتیدانی ئەوانەی یارمەتییان پێویستە، پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزی و دژایەتیکردنی فیکرەی تونڕەوی).

هەڵبەت بەڵگەنامە و نموونەی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا زۆرترن لەوەی لێرەدا ئاماژەیان پێ کراوە. بەڵام ئەمانە نموونەی گرنگن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەلسەفە و سیاسەتێکی ڕوون و بە پلان و ستراتیجی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ڕێوە دەبات. ئەوەی دەبێت لامان گرنگ بێت ئەوەیە: فەلسەفە و سیاسەتەکە چین و پلان و ستراتیجییەکان لە کوێوە هاتوون و بەرەو کوێ دەمانبەن.

بەشکردن: