پێگەی پەتا کوشندەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا

بەشکردن:
هاوڕێ حەسەن حەمە
نەخۆشی و پەتا کوشندەکان چۆن بوون بە بابەت و پرسێکى گرنگ لە کایەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟
تا کۆتاییهاتنى جەنگى سارد لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتى سۆڤیەتى پێشوودا، نەخۆشی و پەتا کوشندەکان بە شێوەیەکى گشتى وەک مەترسی و هەڕەشە لەلایەن دەوڵەتانەوە سەیر نەدەکران. تێگەیشنى باو بۆ هەڕەشە و مەترسی لە بوارى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئەو لۆجیکە بونیادنرابوو کە تاکە هەڕەشە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بریتییە لە هەڕەشە و پەلامارى سەربازى دەوڵەتێک بۆ سەر دەوڵەتێکى تر. لێرەوە، ئەم تێگەیشتنە کە بە تێگەیشتنى کۆن بۆ ئاسایش پێناسە دەکرێت دەوڵەتى وەک ئاکتەرى سەرەکى دەبینى، هەڕەشەى سەربازیشی وەک تاکە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت دەبینى، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنگرانى ئەم تێڕوانینە لەدژى هەر هەوڵێک بوون بۆ فراوانکردنى چەمکى ئاسایش بە شێوەیەک کە ئاکتەر و هەڕەشەى نوێ لەخۆبگرێت. ئەم تێڕوانینە سەربازییە دەوڵەت-سەنتەرییە بە تێڕوانینى ڕیالیزم دەناسرێت، کە لە سەردەمى جەنگى سارد باڵى بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کێشابو. هەروەها کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو لەسەر سیاسەتى نێودەوڵەتى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە هەمان کاتیشدا، بەرپرسانى تەندورستىی گشتیى جیهانیى لە 1970کاندا بەوپەڕى متمانەوە پێیانوابوو مەترسی نەخۆشییە کوشندەکان کەمبوونەتەوە و بەم هۆیەوە ناکرێت وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانى دەوڵەت سەیربکرێن. بەگشتى تێگەشتنێکى باو بۆ مەترسییە تەندروستییەکان لەم قۆناغەدا بوونى هەبوو کە پێیوابوو چارەسەرە نوێیەکان، ڤاکسین و ئامڕازە پێشکەوتووەکان ڕێگەخۆشکەربوون بۆ لەناوبردنى نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە هۆکاری سەرەکى گیان لەدەستدانن، بەم هۆیەشەوە ئەو نەخۆشییانە مەترسیی جدی نین. یەک دەیە دواتر، ئەم گەشبینیە هەڵە دەرچوو بە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى ئایدزو نەخۆشی مەلاریاو چەندین پەتاى کوشندەى ترەوە.
لە ساڵانى 1990کاندا ، هۆشیارییەک دروستبوو بەوەى نەخۆشی و پەتا کوشندەکان مەترسین بۆسەر تەندروستى هاووڵاتییان و سەقامگیریى سیاسی و ئابوورى وڵاتانى ڕۆژئاوا، بەم هۆیەشەوە وڵاتانى ڕۆژئاوا وەک بەشێکى سەرەکى لە ئاسایشى نیشتیمانییان ڕێوشوێنى ڕووبەڕوونەوەى نەخۆشییە کوشندەکانیان گرتەبەر. بەتایبەتى لەدواى ڕووخانى یەکێتى سۆڤیەت، مەترسی و هەڕەشە ناسەربازییەکان گرنگیەکى زۆرییان پێدرا لە سیاسەتى گشتى وڵاتاندا. ئەوەى کە کاریگەری گەورەى هەبوو لە گرنگیدان بە پرس و مەترسییە تەندروستییەکان وەک پرسێکى نێودەلۆەتى، ڕاپۆرتى دەزگاى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو  بە ناوونیشانى “ڕەهەندە نوێیەکانى ئاسایشى مرۆیی” کە لە ساڵى 1994دا بڵاوبویەوە. ئەم ڕاپۆرتە وەرچەرخانێکى گەورەبوو لە بوارى ئەدەبیاتى ئاسایش لە دوو ڕووى سەرەکییەوە: یەکەم، ڕاپۆرتەکە بە پێچەوانەى تێگەیشتنى کۆن بۆ ئاسایش، گرنگى گەورەى بە ئاسایشى مرۆیی دەدا لەبرى گرنگیدان بە ئاسایشى دەوڵەت. دووەم، بە پێچەوانەى  تێگەیشتنى کۆنى ئاسایش کە تەنها هەڕەشەى سەربازى بەهەند وەردەگرت، ڕاپۆرتەکە  زۆر بەوردى باسى لە حەوت هەڕەشە کردبوو بۆ سەر ئاسایشى مرۆیی و سێ لەو هەڕەشانەى وەک هەڕەشەى سەرەکى بۆ بەسەر ئاسایشى مرۆیی پۆڵین کردبوو کە بریتی بوون لە: ئاسایشى ئابوورى، ئاسایشى خۆراک، ئاسایشى تەندروستى. ئەوەى تایبەت بوو بە ئاسایشى تەندورستى، ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیە باسى لێوەرکردبوو:
” نەخۆشیە گوازاوەکان هۆکارى سەرەکى مردنن لە وڵاتانى دواکەوتوو، ساڵانە 17 ملیۆن کەس بە هۆی ئەم نەخۆشییانەوە گیان لەدەستدەدەن. هۆکارى سەرەکیی گیان لەدەستدان پەیوەندى هەیە بە خراپی خۆراک و نالەبارى ژینگە و ئاوی پسیبووەوە. بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ساڵانە نزیکەى 5.5 ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن بە هۆى ئەو نەخۆشییانەى کە زیاتر پەیوەندییان هەیە بە شێوازى ژیانى و سیستمى خواردنى ڕۆژانەى خەڵکەوە”. ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکى سەرەکى هۆکارى گیان لەدەستدانى ئەو ژمارە زۆرەى دەگەڕاندەوە بۆ نەبوونى پزیشکى پێویست لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، بەپێى ڕاپۆرتەکە لە وڵاتانى دواکەوتوو یەک پزیشک هەیە بۆ  هەر 7000 کەسێک، لەگەڵ ئەمەشدا کەرەستە و پێداویستى پزیشکى پێشکەوتوو بوونى نییە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆش لە وڵاتانى دواکەوتوو بە بەراورد بە وڵاتانى پێشکەوتوەوە. هۆکارێکى تر، وڵاتە هەژارەکان بێتوانان لە دابینکردنى بوودجەیەکى پێویست بۆ بوارى تەندروستى و بەم هۆیەشەوە کەرتى تەندروستییان لاوازە.  لەئەنجامدا، ئەو وەرچەرخانەى کە لە تێگەییشنى گشتى ئاساییشدا دروستبوو وایکرد دەوڵەتانى جیهان پاراستنى ئاسایشى مرۆیی بکەنە بەشێک لە ئەجێنداى سیاسەتى گشتییان، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دروستبوونى هەوڵی نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو مەترسییانەى کە ڕەهەندی تەندروستیان هەیە بەتایبەت لە چوارچێوەى ڕێکخراوى نەتەوە  یەکگرتووەکاندا.
جگە لەو بەرەوپێشچوونەى کە لەبوارى ئاسایشدا هاتەکایەوە، جیهانگیرى ڕۆڵێکى گەورەی هەبوو لەوەى کە پەتاو نەخۆشییە گوازراوەکان ببن بە پرسێکى گرنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. جیهانگیرى زۆر بەسادەیی، بەواتاى کرانەوەى وڵاتان بە ڕووى یەکتریدا و، زیادبوونى پشتبەیەکبەستن و زیادبوونى تێکەڵاوى و کاڵبوونەوەى سنورە نەتەوەیییەکان دێت. ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەی هەبوو لەسەر گۆڕینى سروشتى کێشە و مەترسییەکان لە کێشە و مەترسی ناوخۆیییەوە بۆ کێشە و مەترسی نێودەوڵەتی. لە سەردەمى جیهانگیریدا، نەخۆشییە گوازراوەکان، ناسەقامگیرى سیاسی و ململانێ سەربازى و قەیرانى ئابوورى و دارایی چیتر سروشتێکى لۆکاڵیان نییە، بەڵکو نێودەوڵەتى و بەئاسانى سنوری نێودەوڵەتى دەبڕن.
لێرەوە دەوڵەتان ناچاربوون مەترسییە تەندروستییەکان بەتایبەت پەتاو نەخۆشیە کوشندەو گوازراوەکان بکەن بە بەشێک لە ستراتیجى بەرگری نیشتیمانییان، کە ئەمەش خۆى بۆخۆى بەرەوپێشچوونێکى گەورە بوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕیزى یەکەمینى ئەو وڵاتانەبوو بۆ یەکەمین جار پەتاو نەخۆشیە گوازراوە و کوشندەکانى کرد بە بەشێک لە ستراتیجى بەرگرى وڵاتەکەى، ئەمەش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکى بوو: یەکەم، ترسی ئەمریکا لە تیرۆری بایەلۆجی، ویلایەتە یەکگرتووەکان ترسی ئەوەى هەبوو کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هەستن بە بڵاوکردنەوەى ڤایرۆس لەنێو شار و ڕاڕەوە و سینەما و شوێنە گشتییەکاندا، بەم هۆیەوە ئەم پرسە بوو بە بەشێک لە ستراتیجى سەربازى ئەمریکا و ڕەهەندێکى سەربازیى وەرگرت. دووەم، ترسی بڵاوبونەوەى نەخۆشییەکان لە ڕێگەى ئەو گەشتیارانەى کە سەردانى ئەمریکا دەکەن، جیهانگیرى و زیادبوونى تێکەڵاویی لەنێو وڵاتاندا ئەو تێگەیشتنەى لەنێو دروستکەرانى بڕیارى ئەمریکییدا دروستکرد کە زیادبوونى پەیوەندی لەنێوان گەشتیارانى وڵاتانى دواکەوتوو وڵاتانى دەوڵەمەند مەترسی بڵابوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکانى لێدەکرێت. زۆرێک لە نەخۆشییەکانى وەک مەلاریا و نایلی دواى ئەوەى کە تەشخیسکران لە ئەمریکا دەرکەوت لە ڕێگەى خەڵکى بیانیەوە بۆ ئەمریکا هاوردەکراون و گوازراونەتەوە. سێهەم،  ویلایەتە یەکگرتوەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشى نیشتیمانیى ئەمریکا نەخۆشییە کوشندەکانى دەرەوەى وڵاتەکەی پێناسەکرد بەهۆى ئەو مەترسییانەى کە نەخۆشییە کوشندەکان لەسەر سەقامگیرى سیاسی و ئابوورى ئەمریکا و دورستیاندەکرد.  لەگەڵ ئەمەشدا، بەرپرسانى ئەمریکا پێیانوابوو پەتا و نەخۆشییە کوشندەکان دەبنە هۆى لەناوچوونى ژیانى ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەى کە خاوەنى شارەزایی و پسپۆڕیى دەگمەنن، بەم هۆیەشەوە مەترسی لەسەر ئاسایشى نیشتیمانى ئەمریکا دروستدەکات.
بەشکردن: