نیاز نەجمەدین
زیاتر لە دوو سەد ساڵە بەشێك لە ئابوریناسان و سیاسەتمەداران بە گوێی كۆمەڵگە و حكومەتەكاندا دەقیژێنن “رێ لە موسافیرەكان مەگرن با سنورەكان ببەزێنن، ئەوان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان كەوتون، بەڵام هەر ئەمەیە ئێوەش لە هەژاریی رزگار دەكات”. بۆ بەدبەختیی بێت یان خۆشبەختیی، چیتر موسافیر جێی متمانە نییە.
بە رای گروپی یەكەم، بڕێكی زۆر لە چەوسانەوە و ئیستیغلال لە خۆداخستندا دروستدەبێت. پیاوە دواكەوتووەكان دەیانەوێت قفڵ لە دەرگای ماڵەكانیان بدەن تا كۆنتاكت و لەمیشەوە ئاستی زانیین و زانیاریی ژن و منداڵەكانیان سنوردار بكەن و كۆنتڕۆڵیان بكەن. جڤاک و كۆمەڵگە دواكەوتووەكان نایانەوێت پێشوازیی موسافیر بكەن، چونكە زانیاریی و زانین و كاڵای نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت كە بە دەوری خۆیان سەرلەنوێ پەیوەندییەكان دادەڕێژنەوە و لەم داڕشتنەوەیەشدا دەشێت سیحری زۆر دەستەڵاتداری بێكەڵك و نەفام بەتاڵ بكاتەوە.
رەوتی كۆمەڵگەكان بە چەشنێكە هەرگیز نەیهێشتووە بانگەشەی پشتیوانانی كرانەوەی لە رادەبەدەر سەركەوتوو بێت. هەمیشە لە دوای كرانەوەی بێسنور و بێسەرپەرشت بە روی یەكتردا قەیران و ئافات هاتووە. بونی ڤایرۆسەكان لە هەموو پنتێكی ژیانماندا، لە كۆمپیوتەرەكانمانەوە تا بە لەشمان دەگات، جارێكی تر كرانەوە دەخاتەوە ژێر پرسیار. ڤایرۆسەكان ئاسان وەردەگیرێن، بەڵام گران دەكەوێت لەسەرمان تا ئەنتی ڤایرۆسەكەی بەدەستماندەگات.
موسافیرێك كە هەڵگری نەخۆشییەكی گواستراوەی ترسناكە دەتوانێت بەخێرایییەك بڵاویبكاتەوە كە ژیان لە كۆمەڵگەی خاوەن سیستمێكی پێشكەوتوش بخاتە مەترسییەوە، ئەی چی بە وڵاتێك دەكات بە گۆچان بە رێوە دەڕوات؟
كەواتە پرسیارەكە ئەوە نییە داخراویی باشە یان كرانەوە، بەڵكو ئەوەیە تا كوێ سنورەكان بكرێنەوە؟ ئەی لەگەڵ كێ تا كوێ پەیوەندیی دروستبكەیت و ئاڵوگۆڕ روبدات لە نێوانتاندا؟
لە كرانەوەدا رەچاوكردنی دادپەوەریی گرنگە. تەنانەت لە نێوان دوو كەسدا، لایەنێك هەرچی رێگا هەیە بۆ بەرامبەر بكاتەوە تا بێتە ناوییەوە و بەرامبەرەكەی كەمترین زانیاریی لەگەڵ پارڤە/شێیەر بكات، ئەوا شكت نەبێ لەوەی لایەنی یەكەم بەشخوراو دەبێت. شكت نەبێ لەوەی هەندێك وەك مەعشوق دێن و لە ناوەرۆكدا هیچی تر نیین جگە لەوەی موسافیرێكی ڤایرۆساوین، توشت دەكەن و دەڕۆن. ئەم قسەیە چۆن بۆ دوو كەس راستە، بە هەمان شێوەش بۆ دوو حكومەت و دوو نەتەوە. ناكرێت ئەو دەرگاكانی سنورەكانی دابخات و ناچارت بكات تۆ دەرگای سنورەكانت بكەیتەوە. ئیشی لەم چەشنە تەنها لە حكومەتی لاواز و سەركز دەبینرێت، لاواز بەو مانایەی هەرچی هەڵدەستێ بڕیارێكی بەسەردا دەسەپێنێت.
لەگەڵ كێ دەكرێیتەوە و بوار بە كێ دەدەیت ئاڵوگۆڕ بكەوێتە نێوانتان؟
ناسینی بەرامبەر هێجگار گرنگە بۆ ئەوەی تێبگەیت هەتا كوێ بكرێیتەوە. ئەوەی بەرامبەر چۆن بیردەكاتەوە، چی سیستم و رژێمێكی هەیە لە فەرمانڕەواییكردن و تەرخانكردنی سەرچاوە و سامانەكانیدا پێت دەڵێت تا كوێ ئاڵوگۆڕی زانیاریی و كاڵا و بگرە هەست و سۆزیشی لەگەڵدا بكەیت. لەسەر ئاستی نەتەوەكان، دراوسێ بەشێك لە چارەنوست دیاریدەكات. دراوسێی باش لێت تێدەگات، لە دیزاین و جێبەجێكردنی پلانەكانتدا هاوكارت دەبێت، دراوسێی خراپ رێك و راست پێچەوانەكەی دەكات. ئەمەش واتای ئەوەی كاتێك سنورەكانت بە روی دراوسێی خراپدا گەمژانە واڵاكرد، چاوەڕێ بكە گێژت بكات.
ڤایرۆسەكان دەشێت فێری پاكوخاوێنیی و خۆپاراستنمان بكەن، بەڵام متمانە لەناودەبەن. متمانەش پردی ئاڵوگۆڕی كاڵا و خزمەتگوزاریی و لەمانیشەوە چالاكیی ئابورییە. دەشێت ڤایرۆسەكان هاریكاریی نێودەوڵەتیی بەهێزبكەن، بەڵام لە ئاڵوگۆڕدا دنیا بەرەو داخران و ئابوریی بەرەو هەڵكشان و داكشانی لەناكاو دەبەنەوە بەتایبەت كە هێشتا نە تەكنۆلۆجیا و نە گەشەی زانستی پزیشكیی توانای كۆنتڕۆڵیانی نییە. بە هەر بارێكدا بڕوات، هەر نەتەوەیەك ناچارە بیربكاتەوە لەوەی تا كوێ پێویستی بە جیهانی دەرەوەی خۆی هەبێت، چۆن بچێتە پەیوەندییەكەوە و تا كوێ پشت بە خۆی ببەستێت؟