رۆڵی میدیای کوردیی لە بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆرۆناڤایرۆس

بەشکردن:

سەروەت عەبدوڵا

لە سایەی ڤایرۆسێكی مەترسیداری بەجیهاندابڵاوبو و میدیاگەلێک کە ناتوانن لە مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی ترس تێبگەن، دۆخێکی شڵەژاو و نادڵنیایان هێناوەتە پێش. نادڵنیایی و قەلەقی لەو دوو تایبەتمەندییە سەرەكییەن كە دەكرێت ئێمە هەمیشە كەلتوری ترسی پێبناسینەوە. واتە، كاتێك لە كۆمەڵگەیەكدا تاكەكانی لە بارودۆخێكی ئاوادا دەژین دەتوانین بڵێن: ئەو كۆمەڵگەیە كەلتوری ترسی بەسەردا زاڵە و ڕۆژانە لەگەڵیدا مامەڵە دەكەن..!

فرانك فرێدی، لە نمونەیەكدا بەم شێوەیە بابەتی نادڵنیایی و قەلەقی ڕووندەكاتەوە، دەڵێت: “ئێستا دایكان و باوكان لە دۆخێكی سەرتاپا قەلەقی و نادڵنیایی ترساودا دەژین. بۆ نمونە لە بابەتێكی وەك بەركەوتنی تیشكی خۆردا بۆ جەستەی منداڵ، دكتۆرە پڕۆفیشناڵەكان بۆ دوو دەستەی تەواو جیاواز لە بۆچووندا دابەشبوون. دەستەیەكیان هەمیشە دێن و قسە لەوە دەكەن، كە ئاگاداربین لەوەی منداڵەكانمان بخەینە بەر تیشكی خۆر، چونكە تیشكی خۆر هۆكاری سەرەكی توشبوونە بە شێرپەنجەی پێست  (لێرەدا وەك زانیاری لە وڵاتێكی وەك ئوسترالیا شێرپەنجەی پێست لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، زۆربەكەمی كەسێك دەتوانێ بگاتە تەمەنێكی گەورە و دوچاریی ئەو نەخۆشییە نەبێت، كە هۆكاری سەرەكی تیشكی خۆرە)

دەستەی دووەم، پێماندەڵێن كە دەبێت زۆر ئاگاداربین، منداڵەكانمان ڕۆژانە ببەینە بەر تیشكی خۆر، چونكە تیشكی خۆر سەرچاوەی سەرەكی ڤیتامین دییە، بە نەبوونی ڕێژەی پێویستیی منداڵ تووشی ئێسكە نەرمە دەبێت”. ئەم دوو بۆچوونە دژ بەیەكە لە ئاساییترین دۆخدا، ئێمە دوچاریی قەلەقی و نادڵنییایییەكی زۆر دەكەنەوە، كە ئەنجامەكەی واتە ژیان لەناو ترسدا، بە جۆرێك بە كەلتوری ترس باسی لێوەدەكرێت.

ئەگەر بێین ئەم بابەتە لە دۆخی ئێستایی كۆمەڵگەی كوردیدا تەماشابکەین، دەبینین هەندێك لە میدیای كوردی لە رێگەی هەواڵ و ڕاپۆرت و شیكردنەوەكانیانەوە هەمان دۆخیان بۆ تاكی كوردی سازاندووە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسیی ڤایرۆسەكە، ئاستی قەلەقی و نادڵنیاییش بەرز دەبێتەوە، چونكە لە ئاوا دۆخێكدا وەك Dr Michael Sinclair ی ڕاوێژكاری دەروونی دەڵێت: مرۆڤ هەوڵدەدات خۆی سەربەخۆیانە ڕێكارەكانی خۆپارێزی بگرێتەبەر، چونكە مێشكی ئێمە بە جۆرێك كاردەکات كە تەركیز دەكاتە سەر ترس و نارەحەتییەكان، چونکە مێشك بەردەوام لێیدەداتەوە تاوەكو دەگات بەوەی ڕێگەچارەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ بەردەوامی بەژیان و خۆپارێزی. بۆیە دەبینین هەرچەند پزیشكەكان دەڵێن ماسك ڕۆڵێكی بەرچاوی نییە لەپارێزگاریكردن لە توشبوون، بەڵام خەڵكی هەر بەردەوامە لە كڕین، چونكە ئەوان شوێن ئەوە دەكەون و بە گوێی ئەوە دەكەن كەمێشك پێیان دەڵێت. لەبەر ئەمەشە سایكۆلۆجیست Silva Neves دەڵێت: لەم بارودۆخانەدا نابێت گوێ بۆ مێشكمان بگرین و ئەوە بكەین کە ئەو داوامان لێدەكات. لێرەدا قسەكە لەو دۆخە ناڕوون و پڕ لەقەلەقی و نادڵنییاییە كە هەیە. ئەوەی ئێمە تێبینی دەكەین بەداخەوە هەندێك لەمیدیاكارانی كوردستان ئاستی نائارامی و قەلەقییەكەیان بەرزتر كردۆتەوە. بەم شێوەیەش بەردەوام بن، دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت لەكۆنتڕۆڵ دەربچێت. ئەوەی جێگەی سرنجە بۆ ئێمە، کە وەك دروستكردنی كلتوری ترس تەماشا دەكرێت ئەوەیە، كە دەبینین هەندێك لەمیدیاكان زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكەن جیهان ئێستا دابەش بووە بۆ دوو بەشی زۆر مەترسیدار، ئەوانیش توشبووان و مردوان، لەهەمانكاتدا ئاماژە بە چاكبووەكانیش دەكەن. جا كاتێك میدیایەكی كوردی دێت لە گۆشەی چەپی شاشەكەیەوە بە سور دابەشكاری كردووە و بەردەوام ژمارەی تووشبوان، مردوان و چاكەوەبووان بڵاودەكاتەوە. بەم كارەی بییەوێت و نەیەوێت كار لەسەر دروستكردنی دۆخێكی ترساو دەكات و بەجۆرێك تاكەكان تەنانە لەماڵیشەوە لەناو ترسدا بژین. هەروەك وتمان زۆرێك لەو بڕوایەدان بەم هەواڵەی كە ڕێژەی چاكبوونەوە لە مردن زۆرترە دەیانەوێت دڵنیایی و ئارامی بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە مێشكی مرۆڤ تەنها دوو بەشی سەرەکی مردن و تووشبوان دەبینێت و بەتایبەتی مردن، چونكە ئەویان زیاتر جێگەی مەترسییە. لەلایەكی دیكە دێن قەلەقی لەسەر شێوازی خزمەتگوزاری و شوێنی خزمەتگوزاری و جێگەتایبەتەكان بڵاودەكەنەوە بەجۆرێك هاووڵاتی هەست بەوە بكات، کە ڕێوشوێنەكان لەئاستی پێویستدا نیین! ئالێرەدایە ئیتر دەگەینە ئەوەی كە بوونی میدیایەكی نیشتمانیی لەدەرەوەی حیزب و ئایدۆلۆژیایەكی بەرتەسك چەنێك پێویستە!

میدیا نیشتمانییەكان لەئاوا ڕووداوێكدا، هەوڵدەدەن دۆخەكە لەچوارچێوە كۆنتڕۆڵكراوەكەی خۆیدا بهێڵنەوە. ئەو جوداكردنەوەی ئێستا گیراوەتە بەر لەگەڵ توشبووان، یان ئەوانی سەردانی دەرەوەیانكردووە تاكە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی دۆخەكەیە، بۆیە میدیا دەبێت هاوكاربێت بەوەی بەردەوام ئەوە لەخەڵكی بگەیەنێت كاتێك كەسێك جودا دەكەنەوە بەمانای ئەوە نییە لەكۆمەڵگە دایدەبڕن و حاڵەتێكی زۆر مەترسیدارە، بەڵكو ئەم ڕێوشوێنە لەهەموو دونیادا گیراوەتە بەر و زۆریش ئاساییە و جیهانییشە. هەرچەندە بەپێچەوانەوە، میدیای كوردی كارێكیانكرد ئێستا ئەوانەی گەڕاونەتەوە نایەن پشكنینیان بۆبكرێـت و بخرێنە ژێرچاودێرییەوە. ئەویش لەبەر ئەو ترس و قەلەقییەی بۆیان دروست بوو. لەسۆشیال میدیاشەوە هەندێك ڤیدیۆ بڵاودەكرێنەوە، كە گوایە ئەوە تووشبووی ڤایرۆسەكەیە لەپڕ دەكەوێت و دەمرێت و شێت دەبێت، یان پۆلیس بەزۆر دەیانبات، كەزۆرێك لەو گرتانە ڕاست نین و پەیوەندی بەم دۆخەوە نییە. بۆیە حكومەت و میدیاش دەتوانن بۆ ئاساییكردنەوەی دەروونی هاووڵاتییان لەو بارەیەوە قسەبكەن و ڕونكردنەوەی بەردەوامیان هەبێ.

بۆئەم دۆخە میدیا ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت، بۆیە پێویستی بەوە هەیە میدیاكاران شارەزایانەتر مامەڵە بكەن. ئەو دۆخەی کە لەترس دروستبووە، بەرەو ئارامی ئاِراستەی بكەن و دوركەونەوە لەوەی هەر هەواڵێكی بچوكتریان دەستكەوت لەسەر ئەم ڤایرۆسە بڵاوبكەنەوە و بە هەواڵی بەپەلە و لە دامێنی شاشە و بە گوێچكەكانیاندا بگەیێنن، ئەوەنییە دكتۆر Silva Neves دەڵێت: “لە ئەگەری قەلەقی هەوڵبدە سەیری تەلەڤزیۆن و هەواڵەكان نەكەیت! بڕیاربدە ڕۆژی یەكجار وەك وەرگرتنی نوێترین پێشەوەچوون لەم بوارەدا گوێ بۆ هەواڵەكان بگریت … ئێمە ناتوانین ڤایرۆسەكە كۆنتڕۆڵ بكەین (تەنها كۆمەڵەی پزیشكی دەتوانێت)، بەڵام هەمووان دەتوانین هاوكاری یەكتری بكەین، بەوەی بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقاندن ڕابگرین”. ئەمەش تەنها بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی قەلەقییە، بۆیە زۆر گرنگە میدیاكانیش لەم بابەتی كۆنتڕۆڵكردنی قەلەقییەدا هاوكاری هاووڵاتیان بن!

بەشکردن: